Accessibility links

کاردۆ محەمەد: بزوتنەوەی گۆڕان پـێچەوانەی ئەو پەیامەی بۆی دروستببوو کاری کرد بۆیە تووشی شکست بوو


کاردۆ محەمەد ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان
کاردۆ محەمەد ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان

کاردۆ محەمەد ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت ” پڕۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا لە کەشێکی نا ئومێدی خەڵکدا ئەنجامدرا، بەڕادەیەک خەڵک پێی وایە پڕۆسەیەکی دووبارەیە و بێ ئومێد بووە لە هەڵبژاردن، هاوکات باسیش لە هۆکاری ”شکستی بزوتنەوەکەی دەکات وەک خۆی ناوی دەبات.”

ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند” گۆڕان و شوناسنامەکەی پڕۆژەی ناڕەزایی خەڵک بوو بەرامبەر ئەو حوکمڕانیەی چەند ساڵە هەیە، کاتێک بە پێچەوانەی ئەم پڕۆژەیەوە کاردەکات بێگومان خەڵک ناچێتە دەنگدان و ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە ڕێژەی دەنگەکانی نەک کەم دەکات بەڵکو شکست دەهێنێت لە پڕۆسەکە.”

پێشتر خوێندنەوەمان هەبوو بۆ پاشەکشە و بایکۆتی خەڵک، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی تر لەبەردەمماندا نەبوو جگە لە بەشداریکردن لەهەڵبژاردن

دەربارەی پێشبینی پێش وەختەیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کاردۆ محەمەد نەیشاردەوە” ئێمە پێشتر لە ڕاستیدا خوێندنەوەمان هەبوو بۆ دۆخە گشتیەکە و پاشەکشەکە و ناڕەزایەتی و بایکۆتی خەڵک، بەڵام پێمان وابووە هیچ ڕێگەیەکی تر نەبوو لەبەردەمماندا جگە لە بەشداریکردن لەهەڵبژاردن، بەتایبەت کورد لە عێراقدا کە کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان و دەستوری هەیە، هەروەها کە نەتەوەی تر لەبەرامبەرمان هەیە و پێمان وابووە نوێنەرانێک بنێرین کە خەمی نیشتمان و خەڵکی کوردستانیان هەبێت.”

ئەگەر لە یەک ڕستەدا کێشەی خۆمان کۆبکەینەوە پەیوەندی بە گوتاری سیاسی گۆڕان و ئەدای سیاسی گۆڕانەوە هەیە

دوێنێ بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوای لێبوردنی لە ئەندامان و لایەنگرانی کرد، بەشێک لە ڕەخنە گرانی بزوتنەوەی گۆڕان و چاودێران پێیان وایە ”هۆکاری سەرەکی شکستی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکان جگە لەبەشداری حکومەت بۆ هەڵوێستەسیاسیەکانی ئەو بزوتنەوەیە لەماوەکانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.”

کاردۆ محەمەد بەرپرسی ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەکەش، ئەو بۆچونە بەتەواوی ڕەتناکاتەوە و دەڵێت” بزوتنەوەی گۆڕان چۆن لە سەرکەوتنەکاندا بەرهەمەکەی دەچنینەوە، ئاواش لە شکستیدا بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین و دەبێت بە خۆماندا بچینەوە، واتە ئەگەر لە یەک ڕستەدا کێشەی خۆمان کۆبکەینەوە هۆکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پەیوەندی بە گوتاری سیاسی گۆڕان و ئەدای سیاسی گۆڕانەوە هەیە بۆ لێکدانەوە و هەڵوێستەکانی لەبەرامبەر ڕووداوەکان. ”

ئەگەر ئیرادەی ئەوەی هەبێت...... ”

کاردۆ محەمەد ئەوەشی وت ” بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر ئیرادەی ئەوەی هەبێت بەردەوامی بەو پڕۆژەیەی سەرەتای دروستبوونی و زەروریەتی دروستبوونی بدات وەک هێزێکی نیشتمانی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، پێویستە بەخۆداچونەوە بکات، هەروەها گۆڕانکاری لە ئەدا و گوتاری خۆیدا بکات، ئەوانە بەرپرسن کە نوێنەرایەتی بزوتنەوەکە دەکەن. ”

ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان بپارێزێت

ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆتایدا جەختیکردەوە” ئیرادەی هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، لەو ڕووەوە وتی” ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان بپارێزێت، ئەوەش پاراستنی هەر هەیکەلەکەی نەبێت، بەڵکو پاراستنی پڕۆژەکەشی بێت، زۆرینەی گۆڕان بەوەی ناڕازییە وە بەوەی کە ئێستا بەردەوامی بە کاری ڕێکخراوەیی دەدات لە گەڵ ئەوەن گۆڕان ئەو تایبەتمەندیەی خۆی بپارێزێت کە خەڵکی کوردستان لە حیزبەکانی تر چەشتوییانە و بێزارن، نایانەوێت ئەزمونی حیزبە تەقلیدییەکانی تربێت، پێویستییان بە هێزی نوێیە، گۆڕان داهێنەری ئەو چەمکانە بووە لە کوردستان، داهێنەری بوێری و خەمی نیشتمانەکەی بووە.”

جێی باسە، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠١٨، بزوتنەوەی گۆڕانزیاتر لە ١٧٧ هەزار دەنگی لەدەست داوە، بەو پێیەش بزوتنەوەکە نەبووە خاوەنی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:19 0:00


XS
SM
MD
LG