Accessibility links

دواخستنی دادگاییکردنی چوار چالاکوانی بادینان نیگەرانی لێدەکەوتەوە


بڕیار وابوو ڕۆژی دووشەممە لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دادگاییکردنی هەریەک لە چالاکوانانی بادینان مەسعود عەلی و بەندەوار ڕەشید و کارکەر عەباس و شێروان تەها بەڕێوەبچێت بەڵام جارێکی تر دادگاییکردنەکەیان دواخرا و ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری لای کەسوکاری ئەو ڕاگیراوانە دروستکرد.

ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری ئەو چوار چالاکوانە لە پارێزگای دهۆکەوە هاتبوونە دادگای هەولێر بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا و بڕیاری دادگا و کەیسەکە بە گشتی، بەڵام بەهۆی دواخستن و یەکلایی نەکردنەوەی کەیسی ئەو ڕاگیراوانە نیگەران بوون، ڕێنجبەر عەباس برای کارکەر عەباسی ڕاگیراو بە دەنگی ئەمەریکای وت" هەر جارەو بە بیانۆیەک دادگاییکردنەکەیان دوادەخرێت، ئەمانە بێ تاوانن ئەگەر نا بە دوو دانیشتنی دادگا تەواو دەبێت، تومەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە هەستاون بە دروستکردنی هێزێک بۆ کاری تێکدەرانە ئەمانە تۆمەتی بێ بنەما و دروستکراون، لە 5ی مانگی نۆی ساڵی 2020 لە نێو ماڵەکەیدا دەستگیرکراوە تا ئێستا و تەنها بۆ یەک جار براکەم بینیوە".

لە پێش دادگای هەولێر ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و نوێنەری رێکخراوەکان و چاڵاکان بۆ چەند کاتژمێرێک مانیان گرت، سیپان ئامێدی یەکێک لەو پەرلەمانتارانەبوو کە مانی گرتبوو بە دەنگی ئەمەریکای وت" وەکو پەرلەمانتارانی کوردستان بەردەوام لەگەڵ کەسوکاری ئەو ڕاگیراوانە بووین و لە دادگا ئامادەبووینە تا فشارێک دروست بکرێت و پێداچوونەوە بە کەیسی ئەوانەدا بکرێت لەناو پەرلەمانیش داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینانم کردووە".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا یەکێک لە کاربەدەستانی دادگای هەولێر وەربگرێت سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنی ئەو چوار چالاکوانە و ئەو تۆمەتانەشی کە ئاڕاستەی ئەو چالاکوانانە کراوە و سەرنجی ئەوان لەسەر بۆچوون و سەرنجەکانی کەسوکاری ڕاگیراوان و پارێزەران و ئەندامانی پەرلەمان بەڵام بەردەست نەبوون.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دواخستنی دادگاییکردنی ئەو چوار چالاکوانە، هەرێم رفعەت پارێزەری ئەو چالاکوانانە بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئێمە وەکو تیمی پارێزەران و خانەوادەی گیراوان و گیراوانیش لە دادگا ئامادەبووین بەهۆی ئەوەی کەوا دوو لە ئەندامانی دادگای تاوانی دووی هەولێر بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دەرچووبوو دادگا نەیتوانی دادگاییکردنەکەیان تەواوبکات و چارەنوسیان یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەم مەبەستەش دادگاییکردنەکەیان بۆ ڕۆژی 20 ی مانگی دە دواخرا".

سەبارەت بە هەڵویستی پەلەمانی کوردستانی عێراق، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" پەرلەمان ناتوانێت دەستوەردان لە ئیشی دادگا بکات تەنها ئەوەی پێ دەکرێت وەکو چاودێرێک سەیر بکات و دۆخەکە بگێرێتەوە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00


XS
SM
MD
LG