Accessibility links

ئازاد هەمەوەندی: پێشبینی ده‌که‌ین له‌ڕۆژانی داهاتوودا نرخی بەنزین دابه‌زین به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت


ئازاد هەمەوەندی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئازاد هەمەوەندی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەم وتووێژەدا باس لە هۆکارەکانی گرانبونی نرخی بەنزین وە هەوڵەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکات و دەڵێت "داوامانکردووه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ده‌بێت چاره‌سه‌ری گرفتی به‌زبوونه‌ی نرخی بەنزین بکرێت، وەک خۆمان(ئەنجومەنی پارێزگا) داوامانکردووه‌ نرخی بەنزین بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نرخی پێش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخەکەی ئێستای، پێشبینی ده‌که‌ین نرخی بەنزین له‌ڕۆژانی داهاتوودا دابه‌زین به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت" دەشڵێت" حکومەت خۆی دەتوانێت لە دوو ڕێگاوە نرخی بەنزین دابەزێنێت."ڕونکردنەوەی زیاتر لەدەقی وتووێژەکەدایە"

"هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی بەررز بونەوەی نرخی بەنزین وتی" کێشه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌موو پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانی گرتۆته‌وه‌، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی زیاد نرخه‌که‌ی ڕووی له‌ هه‌ڵکشان کردبوو، ئێستا نزیکه‌ی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک داکشانێکی که‌می به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و ئومێد ده‌که‌ین له‌ داهاتوودا داکشانه‌که‌ زیاتر بێت بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نرخێک که‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیان بێت."

ئازاد هەمەوەندی ڕونیکردەوە" گرفتی سه‌ره‌کی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی به‌تایبه‌تی به‌نزین زۆرن یه‌کێک له‌ گرفته‌کان ئه‌وه‌یه‌ بازاڕی هه‌رێمی کوردستان بۆ سوته‌مه‌نی بازاڕێکی بازرگانی ئازاده‌ و زۆربه‌ی سوته‌مه‌نییه‌کان هاورده‌ ده‌کرێن له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ دێن، هه‌روه‌ها له‌هه‌موو حاڵه‌تێکی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی بۆرسه‌ی نه‌وت و له‌هه‌موو حاڵه‌تێکی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاردا کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی و به‌نزین له‌ هه‌رێمی کوردستان، وه‌ ئه‌و سوته‌مه‌نیه‌ی یان ئه‌و به‌نزینه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان دێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ حکومه‌تیش باج و ڕسوماتێکی خستۆته‌سه‌ری ئه‌ویش هه‌ر کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌که‌ی هەیە."

"بەڵام هەوڵێکی جدی دراوە "

هەمەوەندی دەشڵێت" هه‌وڵێکی جدی دراوه‌ ئێمه‌ خۆمان وه‌کو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و به‌نده‌ش وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بووین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان قسه‌مان کرد بڕیار وابوو ئه‌و باج و ڕسوماته‌ی له‌سه‌ر سوته‌مه‌نیه‌ یان به‌ته‌واوه‌تی لاببرێت یان که‌مبکرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌کانی به‌ڕێز وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بڕیاربوو ڕۆژانه‌ ملیۆنێک لیتر به‌نزین له‌ حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵه‌وه‌ بێته‌ هه‌رێمی کوردستان و دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکاندا به‌داخه‌وه‌ تائێستا هیچ بڕێک له‌و سوته‌مه‌نیه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ پارێزگای سلێمانی و ئه‌م سنوره‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، نەک تەنها سلێمانی تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ ئێمه‌ زانیاریمان نییه‌ ئەو بڕە بەنزینەی بەغداد گه‌یشتبێته‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانی سوته‌مه‌نی یان پاڵاوگه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ پێنج تانکه‌ر به‌نزین دێته‌ سلێمانی له‌ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانه‌وه‌ واته‌ ئه‌مه‌ ڕێگه‌یه‌کی فه‌رمی نییه‌ ده‌درێت به‌چه‌ند به‌نزینخانیه‌ک له‌ پارێزگای سلێمانی تاڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ریه‌کی که‌می هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی سوته‌مه‌نی."

"داوامانکردووه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ده‌بێت چاره‌سه‌ری گرفتی به‌زبوونه‌ی نرخی بەنزین بکرێت "

دەربارەی ئەوەی هەوڵە جدییەکەی ئێوە چی بووە لەسەر دابەزاندنی نرخی بەنزین؟ لە وەڵامدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی" هه‌وڵه‌ جدییه‌که‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان قسه‌مانکردووه‌ و ڕاپۆرتێکی دوورودرێژمان که‌ لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سامانه‌سروشتیه‌کانی ئه‌نجوومه‌ن ئاراسته‌ی کردووین ته‌واوی گرفته‌کانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ و ته‌واوی چاره‌سه‌ره‌کانی دابه‌زاندنی نرخی سوته‌مه‌نیمان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان و وه‌زاره‌تی دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ و ڕاسته‌وخۆش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ندێکیان له‌ سلێمانی دانیشتووین به‌هه‌مان شێوه‌ داوامانکردووه‌ که‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ده‌بێت چاره‌سه‌ری گرفتی به‌زبوونه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی بکرێت، ناکرێت به‌مشێوه‌یه‌ نرخی بەنزین بڕوات نرخه‌که‌ زۆر زیاد به‌رزده‌بێته‌وه‌."

"حکومەت دەتوانێت لە دوو ڕێگاوە نرخی بەنزین دابەزێنێت "

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زیاتر وتی" ئه‌رکی سه‌ره‌کی و ئه‌رکی یه‌که‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ هه‌وڵی دابه‌زاندنی نرخی بەنزین بدات ئه‌وانیش له‌ دوو ڕێگه‌وه‌یه‌، ڕێگه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ یه‌کێک له‌ کۆمپانیاکان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ڕۆژانه‌ پێنج تانکه‌ر سوته‌مه‌نی ده‌نێرێته‌ سلێمانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆی پاڵپشتی سوته‌مه‌نی هه‌رێمی کوردستان بکات له‌ڕێگه‌ی پاڵاوگه‌کانه‌وه‌ ئه‌ویش به‌پێدانی نه‌وتی خاو به‌پاڵاوته‌گه‌کان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی و دابه‌شکردنی به‌سه‌ر به‌نزینخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ کاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی به‌نزین و سوته‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی کوردستان."

" ئێمه‌ داوامانکردووه‌ نرخی بەنزین بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نرخی پێش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخەکە "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی وەک ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیارتان کردووە نرخی بەنزین ببێتە چەندە؟ لە وەڵامدا ئازاد هەمەوەندی وتی" ئێمه‌ نرخه‌که‌مان دیارینه‌کردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕ ئازاده‌ و هه‌م بازرگانییه‌ به‌ڵام له‌ڕابردوودا نرخه‌کان باشبوو له‌نێوان 500-600 دینار بوو که‌ ئه‌مه‌ نرخێکی تاڕاده‌یه‌ک گونجاو بوو، ئێمه‌ داوامانکردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نرخی پێش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین واته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نرخی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌وکاته‌ی به‌رز نه‌بوو ئه‌ویش ته‌نها به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆی پاڵپشتی بکات، به‌رده‌وام له‌ 500- 600دیناردا دا له‌و نێوه‌ندایه‌ بوو به‌ڵام به‌زۆریی له‌ 500 و550 و 575دینار بوو، به‌ڵام ئێستا نرخی نۆرماڵ ته‌نها له‌و به‌نزینخانانه‌ی ئه‌و پێنج تانکه‌رانه‌ی بۆ دێت به‌ 730 دیناره‌."

"پێشبینی ده‌که‌ین نرخی بەنزین له‌ڕۆژانی داهاتوودا دابه‌زین به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت "

بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە رۆژانی داهاتوودا نرخی بەنزین داببەزێت، لە ڕوەوە ئازاد هەمەوەندی دەڵێت" ئێمه‌ پێشبینی ده‌که‌ین نرخی بەنزین له‌ڕۆژانی داهاتوودا دابه‌زین به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریه‌که‌ی زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ حکومه‌ته‌وه‌ هه‌م به‌ که‌مکردنه‌وه‌ یان لادانی باج و ڕسومات، وه‌ ئه‌و سوته‌مه‌نییه‌ی حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ به‌ڵێنی داوه‌ بگاته‌ هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆشی بڕێک پاڵپشتی سوته‌مه‌نی بکات به‌دڵنیاییه‌وه‌ نرخی سوته‌مه‌نی تاڕاده‌یه‌کی زۆرباش داده‌به‌زێت و دێته‌ ئاستی پێش به‌رزبوونه‌وه‌."

"جێگری سەرۆکی حکومەت به‌ڵێنیدا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی چاودێریه‌کی توند له‌سه‌ر کواڵتی به‌نزین و سوته‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی کوردستان داده‌نێن"

بەڵام پێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم بە هۆی دۆخی داراییەوە ناتوانێت وەک حکومەتی ناوەندی عێراقی هاوکار بێت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین"

ئازاد هەمەوەندی لەو بارەیەوە دەڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ وایه‌ به‌نده‌ بۆخۆشم له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراوان له‌ سلێمانی ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌گه‌ڵ "به‌ڕێز کاک قوباد تاڵه‌بانی" جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسکرد و به‌ڕێزیان ئاماژه‌یاندا به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندایه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ بتوانن باج و ڕسومات له‌سه‌ر هاورده‌ی سوته‌مه‌نی و به‌نزین یان نه‌هێڵن یان که‌می بکه‌نه‌وه‌ ئه‌وان ده‌توانن ئه‌مه‌ بکه‌ن، وه‌ حاڵه‌تێکی تر زۆر گرنگه‌ ئه‌وان ده‌توانن چاودێری دوو حاڵه‌تی تر بکه‌ن چاودێری ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ نرخه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ناسروشتی به‌رزده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌هه‌مانکاتدا له‌ هه‌موویشی گرنگتر کواڵتی به‌نزینه‌که‌یه‌ "به‌ڕێزیان" قوباد تاڵەبانی- به‌ڵێنیاندا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی چاودێریه‌کی توند له‌سه‌ر کواڵتی به‌نزین و سوته‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی کوردستان داده‌نێن هه‌نگاوه‌کان نراوه‌ لەو ڕووەوە."

هەمەوەندی ڕاشیگەیاند" له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق ڕێککه‌وتنه‌که‌ ته‌واو بووه‌ دەربارەی بەنزین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بەنزین نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌وه‌شی که‌ ماوه‌ جێبه‌جێ بکرێت باج و ڕسوماته‌که‌یه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ لاببرێت به‌شێوه‌یه‌کی گشتی یان به‌ڕاده‌یه‌ک که‌مبکرێته‌وه‌ که‌ کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر دابه‌زینی سوته‌مه‌نی، هه‌موومان چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیارانه‌ین."

"ڕاسته‌ کۆمپانیایه‌ک ده‌یه‌وێت نرخه‌که‌ی دابگرێت به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا ده‌یه‌وێت به‌ته‌نها خۆی هاورده‌ی سوته‌مه‌نی بکات و به‌ته‌نها خۆی کۆنتڕۆڵی هه‌موو بازاڕی سوته‌مه‌نی بکات "

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بەوەی بۆچی ڕێگا نادرێت کۆمپانیا و بازرگان هەیە دەڵێت دەتوانین بەنزین بەنرخی هەرزان بهێنین؟ وەڵامەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەمجۆرە بوو" به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌کو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ بازرگانه‌کان دانیشتووین چ به‌ کۆمه‌ڵ چ به‌ تاکیش له‌گه‌ڵیان ڕاوێژ و گفتوگۆمان کردووه‌، به‌ڵێ هه‌ندێک له‌ کۆمپانیاکان له‌و کۆمپانیایانه‌ی هاورده‌ی سوته‌مه‌نی ده‌که‌ن که‌ گفتوگۆمان کردووه‌ ڕاسته‌ کۆمپانیایه‌ک ده‌یه‌وێت نرخه‌که‌ی دابگرێت به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا ده‌یه‌وێت به‌ته‌نها خۆی هاورده‌ی سوته‌مه‌نی بکات و به‌ته‌نها خۆی کۆنتڕۆڵی هه‌موو بازاڕی سوته‌مه‌نی بکات ئه‌مه‌ش گرفتێکه‌ ناڕه‌زایی ته‌واوی کۆمپانیاکانی تر و خاوه‌ن به‌نزینخانه‌کانی لێکه‌وته‌وه‌ بۆیه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تاڕاده‌یه‌ک نه‌ماتوانی ئه‌وه‌ بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی یه‌ک کۆمپانیا و یه‌ک بازرگاندا نه‌بێت بۆیه‌ نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین."

XS
SM
MD
LG