Accessibility links

ئاری:زیاتر 70% ی ئه‌و هاوڵاتیە عێراقیانەی لەمساڵدا لە وڵاتانی ئه‌وروپا داوای مافی په‌نابه‌رییان پێشکه‌ش کردووه‌ هاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان بون


ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت" لەمساڵدا 35 هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە لەو ڕێژەیەش زیاتر لە %70 ی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، دەشڵێت" خراپی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزاری وایکردووە کە خەڵک بەتایبەت چینی گەنجان پەنا بۆ کۆچ ببەن کە بەداخەوە ڕێژەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانە لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان و لیتوانیا لە دۆخێکی خراپی گوزەرانن بەشێکیش لەناو زیندانەکانن یا بێ سەروشوێنن و لە کوردستان وەک دەزگای لوتکە نمونەی DNA مان لە کەسوکارییان وەرگرتووە تا بیاندۆزینەوە کە هەندێک لەوانە پاش ماوەیەک تەرمەکانیان لە گۆڕستانەکانی ئەو وڵاتانە دەۆزینەوە کە لەوێ نێژراون."

"ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوتری کۆچبەران له‌ماوه‌یه‌کی کاتی زۆر که‌مدا له‌که‌ناراوه‌کانی تورکیاوه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ به‌ که‌ناراوه‌کانی ئیتاڵیاوه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان وتی" دیاره‌ به‌هۆی ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و به‌تایبه‌تی ئابوری له‌ناوچه‌که‌ و له‌ عێراق به‌تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان جارێکی تر هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو کۆچکردنی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان به‌تایبه‌تی گه‌نجان له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌ستی پێکردۆته‌وه‌ به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌وپێیه‌ی له‌ئێستادا که‌شوهه‌وا له‌باره‌ بۆئه‌وه‌ی په‌نابه‌ران که‌ به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی له‌تورکیاوه‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌نن به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، ساڵی پار به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی کۆرۆناوه‌ ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانی و زه‌مینییه‌کان ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م گه‌یشتن به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوتر له‌ماوه‌یه‌کی کاتی زۆر که‌مدا له‌که‌ناراوه‌کانی تورکیاوه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ به‌ که‌ناراوه‌کانی ئیتاڵیاوه‌."

"زیاتر 70% ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا داوانامه‌ی مافی په‌نابه‌رییان پێشکه‌ش کردووه‌ هاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان بوون "

دەربارەی ئامارەکانی ئەمساڵی کۆچکردن؟ ئاری جەلال وتی" به‌ڵێ به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی که‌ به‌رده‌ستی ئێمه‌ که‌وتووه‌ هه‌تائێستا زیاتر له‌ 35 هه‌زار که‌س خۆی گه‌یاندووه‌ به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا داوانامه‌ی مافی په‌نابه‌رییان پێشکه‌ش کردووه‌ به‌ده‌ر له‌وانه‌ی له‌ئێستادا جارێ یه‌کلانه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌ وڵاتانی به‌ڵقانن ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاون، هەروەها جگە له‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ئێستادا له‌ تورکیان به‌نیازن بڕۆن ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ڕه‌نگه‌ هه‌تا کۆتایی ساڵ ڕێژه‌که‌ زۆر زۆر له‌مه‌ زیاتر بێت."

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕونیکردەوە" ئه‌م ئاماره‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان نییه‌ بۆ سه‌رجه‌م عێراقه‌، هیچ هاوڵاتیه‌کی هه‌رێمی کوردستان به‌ناوی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا تۆمار ناکرێت،سه‌رجه‌میان به‌عێراقی تۆمارده‌کرێت به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، وه‌ک ده‌زگای لوتکه‌ له‌ماوه‌ی 6-7 ساڵی ڕابردوو که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌تانه‌ و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کاندا بووه‌ دیاره‌ پۆلێنکراوه‌ زیاتر 70% ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا داوانامه‌ی مافی په‌نابه‌رییان پێشکه‌ش کردووه‌ هاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان بوون."

هەروەها وتیشی" به‌داخه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کانیشدا له‌کۆتایی 2015 وه‌ هه‌تائێستا به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی لای ئێمه‌ تۆمارکراوه‌و به‌پێی ئه‌و ته‌رمانه‌ی ئێمه‌ بۆ سه‌رجه‌م عێراق گه‌ڕاندومانه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ بێسه‌روشوێن بوون له‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کان زیاتر 430 که‌سمان هه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاویان ته‌رمه‌کانیان بوونی هه‌بووه‌ و نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ڕاده‌ستی که‌سوکاریان نه‌کراوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێکشیان هه‌یه‌ بێسه‌روشوێنه‌ هه‌تا ئێستا فایله‌کانیان به‌کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین چاره‌نوسیان بۆ که‌سوکاره‌کانیان دیاری بکه‌ین."

"کۆچبەرەکانی وڵاتی لیتوانیا "

دەربارەی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەی لە وڵاتی لیتوانان و لە دۆخێکی خراپدان سەرۆکی دەزگای لوتکە وتی"ئەو کۆچبه‌رانه‌ له‌ئێستادا به‌ڕێگه‌یه‌کی نوێ ده‌یانه‌وێت خۆیان بگه‌یه‌نن به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا دیاره‌ له‌لایه‌ن گروپ و بانده‌ قاچاخچیه‌کانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و نوسینگانه‌ی که‌ کاری پێدانی فیزا ده‌که‌ن بۆ هاوڵاتیان ڕێگه‌ی جۆراوجۆر ده‌دۆزرێته‌وه‌ وه‌ک چۆن له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو له‌تورکیاوه‌ ڕێگه‌ی وشکانی هه‌بوو، ڕێگه‌ی ئاسمانی هه‌بوو، ڕێگه‌ی ده‌ریایی هه‌بوو له‌ئێستادا جۆرێک له‌ ڕێگه‌یه‌کی تر دۆزراوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکانێکی زۆر له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گروپ و باندانه‌وه‌ ده‌ڕۆنه‌ بیلاڕوسیاو دوای ئه‌وه‌ له‌ لیتوانیاوه‌ ده‌یانه‌وێت خۆیان بگه‌یه‌نن به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا دیاره‌ ڕێژه‌یه‌ک ده‌رچوونی هه‌بووه‌ و سه‌رکه‌وتیان بووه‌، وه‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆریش به‌پێی ئه‌و تۆماری گرته‌ڤیدیۆیانه‌ که‌ دێته‌وه‌ بۆ لای ئێمه‌ له‌ بارودۆخێکی زۆر سه‌خت و دژواردان ژیان ده‌گوزه‌ێنن."

ئاری جەلال ئەوەشی وت" دیاره‌ ده‌زگای لوتکه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ قسه‌ی خۆی هه‌بووه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو، وه‌ ئاگاداری حکومه‌تی عێراقی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانمان کردۆته‌وه‌ هه‌تا په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌زگای لوتکه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا نامه‌مان ئاراسته‌ کردوون بۆ وه‌زاره‌ت و ئیمیه‌ڵیان پێداین به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌بووه‌، به‌و پێیه‌ی که‌ سه‌فاره‌ت و کونسوڵگه‌ری نییه‌، وه‌ ده‌زگای لوتکه‌ش نوێنه‌رایه‌تی نییه‌ تۆزێک ڕێکاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و کۆچبەرانە قورستربێت، ڕه‌نگه‌ له‌ئاینده‌یه‌کی زۆر نزیکیشدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ جارێکی دیکه‌ جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان "کاک قوباد ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ وه‌کو حکومه‌ت فشارێکی ته‌واو بخه‌نه‌ سه‌ر حکومه‌تی عێراقی بۆئه‌وه‌ی که‌ بتوانیین هیچ نه‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ هێڵه‌کانی ئاسمانی فڕۆکه‌وانی ڕێکبکه‌وین بۆئه‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌ک بچێته‌ ئه‌وێ و ئه‌و که‌سانه‌ی خوازیارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بتوانیین بیانگه‌ڕێنیینه‌وه‌ به‌ره‌و عێراق."

ئێوە وەک دەزگاکەتان چیتان کردووە بۆ ئەوەی لە خەڵکی تێبگەیەنن ئەو ڕێگایە بەو شێوەیە مەترسیدارە؟ لە وەڵامدا ئاری جەلال وتی"سه‌باره‌ت به‌ قه‌ناعه‌ت هێنان به‌هاوڵاتی بۆئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌جێنه‌هێڵن ئێمه‌ ناتوانیین ئه‌وه‌ بکه‌ین چونکه‌ ڕه‌وش و بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان و عێراق به‌گشتی له‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵک هه‌یه‌ که‌می خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان و نه‌بوونی مووچه‌ له‌کاتی خۆیدا و نه‌بوونی هه‌لیکار بۆ گه‌نجان و نه‌بوونی بیمه‌یه‌ی بێکاری بۆ ده‌رچوانی زانکۆ و په‌یمانگاکان ئه‌مانه‌ هه‌مووی کۆمه‌ڵێک هۆکارن، ده‌زگایه‌کی وه‌کو لوتکه‌ ناتوانێت خه‌ڵک قه‌ناعه‌ت پێبکات، له‌به‌رامبه‌ر چ شتێکدا قه‌ناعه‌تی پێبکات؟ کاتێک ئێمه‌ ده‌توانیین قه‌ناعه‌تی پێبکه‌ین که‌ هه‌لی کار هه‌بێت و بتوانیین بیمه‌یه‌کی بێکاریان پێبده‌ین، که‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌رده‌ست بێت بۆیان له‌کاتێکدا حکومه‌ت خۆی وه‌کو پێویست نه‌بێت و عێراق خۆی به‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا تێپه‌ڕبێت، ئیتر ده‌زگای لوتکه‌ چی بکات!"

هەروەها وتیشی" ده‌زگای لوتکه‌ ته‌نها ده‌توانێت له‌کاتی ڕووداوه‌ ناخۆشه‌کان تراژیدیاکان له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕوویداوه‌ له‌جیاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عێراقی بتوانێت نوێنه‌ر بنێرێته‌ شوێنی ڕووداوه‌کان هاوکاری و یارمه‌تی ڕزگاربوان بدات و ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌رمیان هه‌یه‌ ته‌رمه‌کان له‌کیس که‌سوکاره‌کانیان نه‌چێت له‌ وڵاتان شاره‌وانی به‌خاکی نه‌سپێرێت و بتوانیین ڕاده‌ستی که‌سوکاره‌کانیان بکه‌ینه‌وه‌ به‌ده‌رله‌مانه‌ش به‌ده‌یان و سه‌دان هاوڵاتی عێراقی له‌ گرتوخانه‌کان له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ ئازاد کراون که‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نی بوون و به‌مه‌به‌ستی ژیانێکی باشتر و شایسته‌تر ڕوویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا کردووه‌، ئه‌مانه‌ هیچیان هه‌ڵهاتووی گروپێکی تیرۆریستی نیین، ئێمه‌ باس له‌ هاوڵاتیانی خۆمان ده‌که‌ین دوای لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌مانه‌ش ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ڕووداوه‌ تراژیدیایانه‌ بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و قسه‌کردن له‌سه‌ری و ڕێگه‌پێدان به‌ ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌مه‌ خۆی هۆشداریه‌ به‌ هاوڵاتیان که‌ ڕه‌وش و بارودۆخی ڕێگه‌ نایاساییه‌کان خراپه‌."

سەرۆکی دەزگای لوتکە دەربارەی گرتەی ڤیدۆیی چەند گەنجێکی کورد کە لەناو کەشتیەکدا لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەڵێت" ئێمه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌و زانیاریانه‌مان به‌ده‌ست بگات، زۆر گرته‌ ڤیدیۆیی هه‌بووه‌ کاتێک ئێمه‌ لێکۆڵینه‌وه‌مان لێکردووه‌ سه‌یرمان کردووه‌ هی زۆر کۆنه‌، سه‌باره‌ت به‌و گه‌نجانه‌ پێموایه‌ ئیتاڵیا هه‌مووی داگرتن و هیچ که‌سێکیش به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی داوای له‌نوێنه‌رانی ئێمه‌ نه‌کردووه‌، ئێمه‌ نوێنه‌رمان هه‌یه‌ له‌ تورکیا، له‌یۆنان، له‌ ئه‌وروپا به‌گشتی و له‌ ئه‌ڵمانیا و وڵاتی ماڵتا به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی په‌نابه‌ر پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ ژماره‌ ته‌له‌فونه‌کانی ئۆفیسی سه‌ره‌کی هه‌میشه‌ به‌رده‌سته‌ و له‌سه‌ر خه‌ته‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ توشی حاڵه‌تی له‌ناکاوده‌بن یان له‌ ده‌ریادا گیرده‌خۆن به‌ سه‌دان که‌س ڕزگارکراون له‌ماوه‌ی ڕابردوودا خۆمان ڕاسته‌وخۆ نوێنه‌رانمان له‌گه‌ڵ پۆلیسی ده‌ریاوانی له‌و جۆره‌ جێگایانه‌ قسه‌یان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاریان بکه‌ن و ڕێنمونیان بکه‌ن، وه‌ هاوکاریمان کردوون."

"به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر خه‌تین بۆئه‌وه‌ی بتوانیین چاره‌نوسی کۆچبەرە بێ سەروشوێنەکان دیاری بکه‌ین "

ئاری جەلال دەربارەی چارەنوسی کۆچبەرە بێ سەروشوێنەکان دەڵێت" ئەوانه‌ی له‌ 2015 وه‌ هه‌تا ئه‌م ڕووداوانه‌ی دوایی ڕوویانداوه‌ له‌ده‌ریای ئیجه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌وه‌ی که‌ ته‌رمیان هه‌بووه‌ ته‌رمه‌کانیان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ته‌رمی بوونی نه‌بووه‌ ده‌زگای لوتکه‌ بۆ سه‌رجه‌م بێسه‌ره‌و شوێنان که‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌ڕێگه‌ی کۆچی نایاسایی، فایلی تایبه‌تیان بۆ کراوه‌ته‌وه‌ به‌پێی ستانداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئه‌وه‌ی داواکراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ نیشانه‌ی جیاکه‌ره‌وه‌ DNAپرۆفایلیان بۆ که‌سوکاره‌کانیان ئه‌نجامداوه‌، وه‌ پاشماوه‌ی که‌سه‌که‌ خۆی پرۆفایلی بۆ کراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی شوێنی ڕووداوه‌که‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کراوه‌، له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو چه‌ند که‌سێک دوای چه‌ندین مانگ ته‌رمه‌کانیان دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌وێ به‌خاک سپێردراون، بۆئه‌مانی دیکه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر خه‌تین بۆئه‌وه‌ی بتوانیین چاره‌نوسیان دیاری بکه‌ین."

"دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ ته‌نها کێشانه‌وه‌ی پاره‌یه‌ له‌که‌سوکاری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ بێسه‌روشوێنن "

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە کۆتای وتووێژەکەدا هۆشداری دا بە کەسوکاری کۆچبەرە بێ سەروشوێنەکان لەو ڕووەوە دەڵێت"زۆرێک لێره‌ و له‌وێ باس ده‌کرێت له‌لایه‌ن گروپ و بانده‌ قاچاخچیه‌کان و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک که‌ مامه‌ڵه‌ و سه‌ودای ته‌واو ده‌که‌ن به‌ که‌یسی ئه‌م قوربانیانه‌ی که‌ له‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کاندا باس له‌وه‌ ده‌که‌ن له‌ گرتوخانه‌ی فڵان وڵاتن ئه‌مانه‌ هه‌مووی دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ ته‌نها کێشانه‌وه‌ی پاره‌یه‌ له‌که‌سوکاری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ بێسه‌روشوێنن ئه‌گه‌رنا ده‌زگای لوتکه‌ خۆی به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی له‌گه‌ڵ وڵاتاندا له‌سه‌رخه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ پۆلیسی ئینته‌رپول له‌سه‌ر خه‌ته‌، ئێمه‌ له‌ یه‌ک دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ پۆلێک له‌ که‌سوکاری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ که‌ بێسه‌روشوێن بوون و ئێمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ئینته‌رپول له‌ پارێزگای سلێمانی دانیشتنمان له‌گه‌ڵدا کردوون و پرۆفایلمان لێوه‌رگرتوون و ڕه‌وانه‌ی شوێنی ڕووداوه‌که‌ و وڵاتی یۆنانمان کردووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:48 0:00


XS
SM
MD
LG