Accessibility links

بێگەرد تاڵەبانی: دروستکردنی 9 به‌نداوی ستراتیژیمان ڕاگەیاندووە... ئێران بەنداوی لەسەر سەرچاوەی ئاوی دەربەندیخان و دوکانیش دروستکردووە


بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە کاریگەری وشکەساڵی لەسەر کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم دەکات، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات پلانی دروستکردنی بەنداو و دەریاچەی گەورەیان هەیە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم.

"له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ وشکه‌ساڵی بوونی هه‌یه‌، وه‌ له‌هه‌ندێک ناوچه‌ ڕێژه‌ییه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەبارەت بە وشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بابه‌تی وشکه‌ ساڵی له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌مساڵ به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی ئێمه‌ کردوومانه‌ له‌ناوچه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌کی هه‌رێمی کوردستان جیاوازی هه‌یه‌، له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ به‌ڵێ وشکه‌ساڵی بوونی هه‌یه‌، وه‌ له‌هه‌ندێک ناوچه‌ ڕێژه‌ییه‌، واتە بابه‌تی وشکه‌ساڵی له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕێژه‌ییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌پێی به‌دواداچوونه‌کانی خۆمان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانی هه‌رێمی کوردستان دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونمان کرد بۆمان ده‌رکه‌وت له‌شوێنه‌که‌وه‌ بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هه‌یه‌ هه‌م له‌ ڕێژه‌ی بارانبارین هه‌م له‌ ڕێژه‌ی توشبوونی ناوچه‌کان به‌ وشکه‌ساڵی."

"بەشێک لە هەولێر و گەرمیان وشکەساڵی گرتویەتەوە، سلێمانی و دهۆک باشترە "

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد" گه‌رمیان یه‌کێکه‌ له‌و ناوچانه‌ی که‌ ئاستی ڕێژه‌ی بارانبارین زۆر زۆر تێیدا که‌مه‌ به‌ڕێژه‌یه‌ک که‌ کاریگه‌ری زۆری کردۆته‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵیه‌کان و خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌کان، هەروەها ڕێژه‌یه‌کی زۆر جوتیار توشی زیان بووه‌، له‌هه‌مانکاتیشدا به‌شێکی پارێزگای هه‌ولێر به‌هه‌مان شێوه‌ی گه‌رمیان حاڵه‌تی وشکه‌ساڵی گرتۆته‌وه‌ به‌ڵام له‌سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان زۆر باشتره‌، وه‌ دوای ئه‌ویش دهۆک دێت که‌ باشتره‌ هه‌تا ئێستا ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ ده‌کرێت بڵێم دیارده‌ی وشکه‌ساڵی تیایاندا که‌متره‌."

" ڕێژه‌ی به‌رهه‌می گه‌نم به‌ڕێژه‌ی 50% زیاتر که‌می کردووه‌ جگه‌ له‌وه‌ش کواڵتیه‌که‌ی له‌جێگه‌ی خواستی ئێمه‌ نییه‌ "

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان جەختی لەوەکردەوە کە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کردووە، لەو ڕووەوە وتی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیانی زۆر گه‌وره‌ی داوه‌، وه‌کو ده‌بینرێت ئه‌مساڵ له‌ ڕێژه‌ی به‌رهه‌می به‌روبوومه‌ کشتوکاڵییه‌کان به‌تایبه‌تی دانه‌وێڵه‌ی گه‌نم که‌ یه‌کێکه‌ له‌ دانه‌وێڵه‌ سه‌ره‌کیه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ساڵانه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر جوتیاره‌کانمان به‌رهه‌میان ده‌هێنا له‌ به‌شێکی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌توانراوه‌ به‌رهه‌م بهێنرێت، له‌ به‌شێکی تری ناوچه‌کانی تریش دیارده‌ی وشکه‌ ساڵییه‌که‌ به‌ ئاستی ڕێژه‌یی تێیدا که‌متره‌ کواڵتی ئه‌و به‌رهه‌مەی که‌ به‌رهه‌م هاتووه‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو جۆره‌که‌ی له‌جێگه‌ی خواستی ئێمه‌ نییه‌ بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێم ڕێژه‌ی به‌رهه‌می گه‌نم به‌ڕێژه‌ی 50% زیاتر که‌می کردووه‌ جگه‌ له‌وه‌ش کواڵتیه‌که‌ی واته‌ جۆری گه‌نمه‌که‌ که‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌."

"له‌و پشکنینانه‌ی که‌ ده‌کرێت ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ گه‌نمی ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو هه‌م به‌حوکمی ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشی و سن و کیسه‌ڵه‌ له‌ گه‌نمه‌که‌ی داوه‌ و به‌پێزیه‌که‌ی وه‌کو گه‌نمی ساڵانی ڕابردوو نییه‌ "

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی وت" له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی کوردستان له‌ سایلۆکان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه‌ گه‌نم وه‌رده‌گرن، له‌و پشکنینانه‌ی ده‌کرێت ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ گه‌نمی ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو هه‌م به‌حوکمی ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشی و سن و کیسه‌ڵه‌ له‌ گه‌نمه‌که‌ی داوه‌ و به‌پێزیه‌که‌ی وه‌کو گه‌نمی ساڵانی ڕابردوو نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا گله‌یی و گازنده‌یه‌کی زۆر له‌لایه‌ن جوتیارانی خۆشه‌ویست دروست بوو که‌ له‌ پشکنیندا گه‌نمه‌که‌یان وه‌کو ساڵانی ڕابردوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناکرێت بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ کاریگه‌ریه‌کی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و زیانی زۆری به‌ جوتیاران گه‌یاندووه‌."

" وابڕیاره‌ که‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیارێک بدات له‌سه‌ر دیاریکردنی بڕه‌ بودجه‌یه‌ک هه‌م بۆ پارێزگاکان و هه‌م بۆ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ"

"یه‌کێک له‌ گرفته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی به‌هۆی بوونی قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا و هیچ بودجه‌یه‌کمان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ هه‌تا ئێمه‌ بتوانیین پاڵپشتی جوتیاری پێبکه‌ین وه‌کو وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رک کردنمان به‌بوونی وشکه‌ساڵی له‌ناوچه‌کان، وه‌ له‌دوای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ڕاوێژکاری وه‌زاره‌ت بڕیارماندا ڕاپۆرتێکمان به‌تێر و ته‌سه‌لی ئاماده‌ کرد بۆ به‌رده‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ڕاپۆرته‌که‌مان برده‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و لیژنه‌یه‌کی باڵا له‌ئاستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌سه‌رۆکایه‌تی جه‌نابی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و ئه‌ندامێتی ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی دارایی، له‌ سه‌رۆکایه‌تی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پارێزگار و سه‌رۆکی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان پێکهاتووه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ دراسه‌ی ته‌واوه‌تی هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی کردووه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی ناوچه‌ جیاوازه‌کان ده‌بنه‌وه‌ له‌ بوونی وشکه‌ساڵی، وابڕیاره‌ که‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیارێک بدات له‌سه‌ر دیاریکردنی بڕه‌ بودجه‌یه‌ک هه‌م بۆ پارێزگاکان و هه‌م بۆ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ، وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانیش بڕیاردرا که‌ دوو ملیار و نیو ته‌رخان بکرێت بۆئه‌وه‌ی پێداویستی ئاوی خواردنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی وشکه‌ساڵی بوونه‌ته‌وه‌ دابین بکات بۆیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێی دوابڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانین به‌ ته‌خمین کردنی بڕی ئه‌و بودجه‌یه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاکان."بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێمی کوردستان وایوت"

" دروستکردنی 9 به‌نداوی ستراتیژیمان ڕاگه‌یاندووه‌ "

سەبارەت بە چارەسەری درێژخایەنی وەزارەتەکەیان تا کشتوکاڵ لە هەرێم بەتەنها ڕاستەوخۆ پشت بە بارانبارین نەبارێت؟ لە وەڵامدا بێگەرد تاڵەبانی وتی " له‌ئێستادا ئێمه‌ وه‌کو وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو دروستکردنی 9 به‌نداوی ستراتیژیمان ڕاگه‌یاندووه‌ کردووه‌ ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ له‌سه‌رووی 60 کۆمپانیای گه‌وره‌ نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیووه‌ ئه‌م به‌نداوه‌ ستراتیجیانه‌ دروست بکه‌ن به‌ سیسته‌می( P.P.P)که‌ سیسته‌مێکی تازه‌یه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند کراوه‌، لیژنه‌یه‌کی باڵا له‌ ئاستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران پێکهێنراوه‌، ئێمه‌ش وه‌کو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار وه‌کو وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار لیژنه‌یه‌کی تر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌یه‌که‌وه‌ پێکمان هێناوه‌ هه‌ردوو وه‌زیر به‌یه‌که‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که‌ پڕه‌وپه‌وزڵی- پێشنیاری خۆیان ناردووه‌ بگه‌ینه‌ جۆرێک له‌ ڕێککه‌وتن."

تاڵەبانی زیاتر ڕونیکردەوە" ئه‌م به‌نداوانه‌ 9 به‌نداوی ستراتیجین له‌ هه‌موو پارێزگاکان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانی هه‌رێمی کوردستان ڕه‌چاوی دروستکردنی به‌نداوه‌کان کراوه‌ جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ "جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران" قسه‌مان کردووه‌ و بڕیاری داوه‌ که‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک پێنج
ئەستێڵک(pond ) دروست بکرێت."

" بڕیارێکمان هه‌بوو بۆ ته‌واو کردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی که‌ نزیکه‌ی 75% ی کاره‌کانیان ته‌واو بوو"

" ده‌ریاچه‌ی گه‌وره‌ له‌سنوری هه‌ر پارێزگایه‌ک دروست ده‌کرێت بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو"

وەزیری کشتوکاڵ و سەڕجاوە ئاوێێیەکانی هەرێم ڕاشیگەیاند" ده‌ریاچه‌ی گه‌وره‌ له‌سنوری هه‌ر پارێزگایه‌ک دروست ده‌کرێت بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، هەروەها دوو پڕۆژه‌ی ئاودێری گه‌وره‌مان ڕاگه‌یاندووه‌، چه‌ند کۆمپانیه‌ک بۆ دروستکردنی پڕۆژه‌ ئاودێرییه‌کان پڕه‌وپه‌وزه‌ڵی- پێشنیاری خۆیان پێشکه‌ش کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ بتوانیین ئاو له‌و سه‌رچاوانه‌ی که‌ ئاوی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ بیگوازینه‌وه‌ سه‌ر زه‌ویه‌ کشتوکاڵیه‌کان، هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان ده‌ستپێکردووه‌، وه‌ له‌هه‌مانکاتیشدا بڕیارێکمان هه‌بوو بۆ ته‌واو کردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی که‌ نزیکه‌ی 75% ی کاره‌کانیان ته‌واو بووه‌، له‌ئێستادا خه‌ریکین له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆئه‌وه‌ی که‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی دابینکراوه‌ نزیکه‌ی 33 ملیار دینار بوو ئه‌مه‌ش بچێته‌بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و به‌نداوانه‌ی وه‌کو وتم ئاستی ته‌واوکردنیان 75% تێپه‌ڕی کردووه‌ بتوانیین ته‌واویان بکه‌ین."

"ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و میکانیزمه‌ گه‌یشتینه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌وکاته‌ ده‌ستپێکردن و دانانی به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوه‌کان ده‌ست پێده‌که‌ین "

بێگەرد تاڵەبانی وتیشی" بابه‌تی دروستکردنی به‌نداو ئاسان نییه‌ بینایه‌ک نییه‌ بڵێین ده‌توانین له‌ماوه‌ی دوو ساڵ ته‌واوی بکه‌ین به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵی جددی خۆمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان له‌سه‌ر ئه‌و میکانیزمه‌ی چۆن ئه‌وان پاره‌یه‌ک خه‌رج ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌که‌ی خۆیان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چیان بۆ ده‌کات ، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و میکانیزمه‌ گه‌یشتینه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌وکاته‌ ده‌ستپێکردن و دانانی به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوه‌کان ده‌ست پێده‌که‌ین و ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌سه‌ر وزه‌ی کۆمپانیاکان که‌ ده‌توانن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ته‌واوی بکه‌ن؟ به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌نگاوه‌کانمان ده‌ست پێبکه‌ین."

"ئێران بەنداوی لەسەر سەرچاوەی ئاوی دەربەندیخان و دوکانیش دروستکردووە "

لەبەشێکی تری وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بێگەرد تاڵەبانی باسی لە کاریگەری وشکە ساڵی کرد لەسەر سەرچاوەئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەسەر هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان لەوڕووەوە وتی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ وشکەساڵی زیانی داوه‌ لەسەرچاوە ئاوییەکان، گه‌وره‌ترین زیان به‌ر زێی سیروان که‌وتووه‌ که‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانی له‌سه‌ره‌ به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌بابه‌تی کشتوکاڵی سامانی ئاویش که‌ ماسی یه‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌ناوچووه‌ و کاریگه‌ریشی کردۆته‌سه‌ر ئاوی خواردنه‌وه‌، کاریگه‌ری کردۆته‌ سه‌ر ڕووبه‌ری ئه‌و زه‌ویه‌ کشتوکاڵیانه‌ی که‌ له‌به‌ر ئاوی سیروان ده‌توانرێت ئاو بدرێن."

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێم دەشڵێت" له‌سه‌ر هه‌ردوو سه‌رچاوه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان و دوکانیش ئێران به‌نداوی دروستکردووه‌، بۆ دوکان ڕۆژانه‌ ئه‌و ئاوه‌ی دێته‌ ناو به‌نداوی دوکانه‌وه‌ ڕێژه‌یه‌ک ده‌کرێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی زێی سیروان که‌ دێته‌ ناو به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌داخه‌وه‌ ڕێژه‌که‌ به‌ڕاده‌یه‌ک که‌مبۆته‌وه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش که‌ هه‌یه‌ ده‌کرێت بڵێم به‌هۆی به‌هه‌ڵم بوونه‌وه‌ ئاوه‌که‌ له‌ناو ده‌چێت."

بێگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران به‌فه‌رمی قسه‌مان کردووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رکونسوڵی وڵاتی ئێران له‌ هه‌ولێر، وه‌ خۆشمان له‌سه‌ردانه‌که‌مان بۆ ئێران به‌فه‌رمی به‌ جه‌نابی ڕاوێژکاری سه‌رۆک کۆماری ئێرانمان ڕاگه‌یاند، ئه‌م بابه‌ته‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کی زۆر زۆری هه‌یه‌ هه‌م له‌سه‌ر خودی هه‌رێمی کوردستان هه‌م له‌سه‌ر ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق چونکه‌ به‌شێکی زۆری ئاوه‌کانی سه‌رچاوه‌ی به‌نداوه‌کانی ئێمه‌ که‌ ده‌کرێنه‌وه‌ نزیکه‌ی 90% ی ده‌چێته‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بۆیه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی که‌ زیانمه‌ند ده‌بێت ته‌نها هه‌رێمی کوردستان نییه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جموجوڵه‌ی ئێمه‌ کردوومانه‌."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لایەنی ئێرانی وەڵامییان چی بوو؟ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێم وتی" لایه‌نی ئێرانی بیانویان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وانیش دوچاری هه‌مان وشکه‌ساڵی بونه‌ته‌وه‌ له‌ڕاستیدا ئێمه‌ خۆمان بینیمان له‌سه‌ردانه‌که‌ماندا بۆ ئێران ئه‌وانیش دۆخیان خراپه‌ له‌ڕووی ئاوه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وان میکانیزمی باشتریان گرتۆته‌به‌ر چونکه‌ ئه‌وان ساڵانه‌ به‌نداوی تازه‌ دروست ده‌که‌ن له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بۆ وڵاته‌که‌ی خۆیان بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ڕاستی وه‌کو هه‌رێمی کوردستان بیرمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی نه‌توانێت بێته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵبستێت له‌ دروستکردنی به‌نداو له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاویانه‌ی که‌ له‌ناو خودی خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا هه‌ن ئێمه‌ ناچارده‌بین به‌پێی ئه‌و سیستمه‌ تازه‌یه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند کراوه‌ هه‌نگاوی جدی بنێین بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بۆیه‌ ئومێد ده‌که‌م له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا بتوانیین له‌گه‌ڵ به‌شێکی زۆر له‌و کۆمپانیایانه‌ی که‌ پێشنیاریان ناردووه‌ بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن."

هەروەها تاڵەبانی وتی" ئه‌مه‌ بابه‌تێکه‌ سیادیه‌ بابه‌تی هاتنی ئاو له‌ وڵاتێکه‌وه‌ بۆ وڵاتێکی تر به‌پێی قانونی نێوده‌وڵه‌تی مافی هه‌موو وڵاتان پێویسته‌ پارێزراو بێت، وه‌ مافی وڵاته‌ دراوسێکانی له‌سه‌ره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش (حکومەتی عێراقی) له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگی بکه‌ن به‌ڵام ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ که‌متر بووه‌."

" توانیومانه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌ی کارکردندا ده‌کرێت بڵێم بنه‌مایه‌کی گرنگ بۆ سه‌رپێخستنی سێکته‌ری کشتوکاڵ وه‌کو بنه‌مایه‌کی گرنگی ئابوری دابڕێژین "

بێگەرد تاڵەبانی لە کۆتایی وتووێژەکەدا باسی لەکاری وەزارەتەکەیانی کرد لەماوەی دوو ساڵی دەستبەکاربونیدا کرد بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لەو ڕووەوە وتی"گرفتی گه‌وره‌ له‌ پڕۆژه‌ی کشتوکاڵی ئه‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌ کشتوکاڵیه‌کان پێویستیان به‌ مه‌ودای درێژخایه‌ن هه‌یه‌ هه‌تا ده‌گه‌نه‌ سه‌رپێی خۆیان و ته‌واوده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانیین سوودی لێ ببینیین به‌ڵام ئێمه‌ توانیومانه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌ی کارکردندا ده‌کرێت بڵێم بنه‌مایه‌کی گرنگ بۆ سه‌رپێخستنی سێکته‌ری کشتوکاڵ وه‌کو بنه‌مایه‌کی گرنگی ئابوری دابڕێژین ڕۆژانه‌ خه‌ریکی پلان و جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌کانی خۆمانیین بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌م سێکته‌ره‌ ببه‌ینه‌پێشه‌وه‌، من خۆشحاڵم به‌وه‌ی که‌ هه‌نگاوی زۆر زۆر گرنگ و مه‌زنمان ناوه‌ له‌ڕووی هه‌مواری یاساییه‌وه‌ چ له‌ڕووی هه‌نگاوی پراکتیکیه‌وه‌ چ له‌ڕووی پیشه‌سازی کشتوکاڵیه‌وه‌،وه‌ به‌نداو و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کانیش ئه‌گه‌ر "ئینشاڵا" بگه‌ینه‌ ده‌رئه‌نجامی باش له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ مانگێکی تر نه‌خایه‌نێت ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆ و ڕاوێژانه‌مان له‌گه‌ڵ کۆمپانیان یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه‌ و دواتر ئه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی ڕایبگه‌یه‌نیین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:34 0:00


XS
SM
MD
LG