Accessibility links

زیاد جەبار: هیچ ئومێدێک نابینم هه‌تا بڵێم که‌ی لێبڕینی مووچه‌ کۆتایی پێدێت، پاره‌ له‌ به‌غدادیشه‌وه‌ بێت ئێمه‌ کێشه‌ی دارایمان هه‌ر ده‌بێت


زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ‌

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم وتووێژەدا باس لە دۆخی ئابوری و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەکە دەکات و دەڵێت" هیچ ئومێدێک نابینم هه‌تا بڵێم که‌ی لێبڕینی مووچه‌ کۆتایی پێدێت تەنانەت ئەگەر پاره‌ له‌ به‌غدادیشه‌وه‌ بێت ئێمه‌ کێشه‌ی دارایمان هه‌ر ده‌بێت، ڕه‌نگه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ماوه‌یه‌ک بتوانێت مووچه‌ بدات به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌ر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، دەربارەی گەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە" داهاتەکان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و دەشڵێت" خۆ ئێمه‌ له‌ دیوه‌خان ئیش ناکه‌ین و سه‌رده‌می به‌رد نییه‌ که‌ پاره‌ بکرێته‌ گوێنیه‌وه‌ و بنێردرێت بۆ ئه‌ملاو لادا هەتا وەزیری دارایی لە کۆبونەوەی پەرلەمان پێی وتین کە هەموو داهاتی سلێمانی دەگەڕێتەوە سەر حساباتی وەزارەتی دارایی. "

"لێبڕینی مووچه‌ و دواکه‌وتنی مووچه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نایاسایین "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی" له‌م کابینه‌یه‌ به‌ لێبڕینی مووچه‌ و دواکه‌وتنی مووچه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نایاسایین واته‌ پشتی به‌ هیچ یاسایه‌ک نه‌به‌ستووه‌ که‌ لێبڕینی مووچه‌ بووه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان که‌ ئه‌مه‌ نایاساییه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردوویه‌تی به‌ڵام هه‌موو ده‌زانیین حکومه‌تیش له‌کاتێکدا ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ به‌پێی خۆگونجاندن و ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستیایه‌تی به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا لێبڕینی مووچه‌ به‌رده‌وامه‌."

"ئێستا سێ لیژنه‌ی دارایی، سامانه‌ سروشتیه‌کان و یاسایی ڕاسپێدراون"

زیاد جەبار باسی لەوەشکرد" هه‌فته‌ی پێشووش دانشیتنێک له‌ په‌رله‌مانی کوردستان کرا وه‌زیری دارایی و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان و وه‌زیره‌کانی تر تێیدا به‌شداربوون ڕاگه‌یه‌نرا و ڕوونکردنه‌وه‌یاندا به‌ڵام ڕوونکردنه‌وه‌که‌یان جێی باوه‌ڕ نه‌بوون له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا سێ لیژنه‌ی دارایی، سامانه‌ سروشتیه‌کان و یاسایی ڕاسپێدراون له‌م هه‌فته‌یه‌ داواده‌کرێت ڕاپۆرتێکی باش ئاماده‌ بکه‌ین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و داواکاریانه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یانه‌ ڕووبه‌ڕووی حکومه‌تی بکه‌ینه‌وه‌ تا بتوانێت جێبه‌جێی بکات."

"هیچ ئومێدێک نابینم هه‌تا بڵێم که‌ی لێبڕینی مووچه‌ کۆتایی پێدێت "

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت "بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی قسه‌ بکه‌ین ئێمه‌ پێشتر ڕاگه‌یاندراومان بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت به‌بێ لێبڕین مووچه‌ دابه‌ش بکات به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ی کۆتایی پێدێت؟ ئه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت وه‌ڵامی ئه‌مه‌ بداته‌وه‌، هه‌تا ئێستا من بۆخۆم هیچ ئومێدێک نابینم هه‌تا بڵێم که‌ی لێبڕینی مووچه‌ کۆتایی پێدێت! کاتێک ئێمه‌ هه‌موو ئه‌مه‌ ده‌زانیین که‌ داهات زیادی کردووه‌ و ڕۆژانه‌ 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، حکومه‌ت لاری له‌مه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵام گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان تا بینه‌قاقای سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی کوردستانی گرتووه‌ هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و حکومه‌ته‌ له‌ژێری ده‌رناچێت له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستی به‌وه‌ بووه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ ئیراده‌یه‌کی هه‌بێت بۆ چاکسازی له‌ سه‌رچاوه‌کانی داهاتدا. "

" 822 کۆمپانیای نه‌وتی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا کار له‌ بواری نه‌وتدا ده‌که‌ن "

زیاد جەبار ئەوەشی وت" 822 کۆمپانیای نه‌وتی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا کار له‌ بواری نه‌وتدا ده‌که‌ن، به‌هه‌ده‌ردانێکی زۆر هه‌یه‌، دەبێت چاکسازی له‌مانه‌دا بکرێت له‌ خاڵه‌ سنورییه‌کاندا ئێمه‌ سه‌ردانی هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌کانمان کردووه‌ و ڕاپۆرتی تایبه‌تمانداوه‌ به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ هه‌موو ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی ئێستا له‌هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌کان له‌ حاجی هۆمه‌رانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ په‌روێزخان کارده‌کەن به‌هه‌ده‌ردانێکی زۆر له‌ سامانی گشتی ئه‌م وڵاته‌دا به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی بۆ به‌رێت و چاکسازی بکات، پێویسته‌ حکومه‌ت که‌ خۆی بڕیار ده‌دات بڕیاره‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ نه‌کات من دڵنیام حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر به‌و عه‌قاره‌دا ده‌ڕوات و هه‌ر کێشه‌ی دارایی له‌م وڵاته‌دا ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت حکومه‌ت ئیراده‌یه‌کی هه‌بێت بۆ چاکسازی کردن ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌بێت هێزه‌ سیاسیه‌کانیش پشتیوانی بکه‌ن."

"پاره‌ له‌ به‌غدادیشه‌وه‌ بێت ئێمه‌ کێشه‌ی دارایمان هه‌ر ده‌بێت "

سەرۆکی لیژنەی کار و باری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدووری زانی ئەگەر بەغداد بەشە بودجەی هەرێمیش بنێرێت کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەگەر چارەسەریش بێت کاتیە و دواتر دووبارە دەبێتەوە، لەو ڕوووەوە وتی" ده‌بێت چاره‌سه‌ر ببێت، هه‌رچۆنێک بێت ده‌بێت ئه‌م وڵاته‌ له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رباز بکرێت ئه‌مه‌ش به‌م چاکسازییانه‌ ده‌کرێت چاکسازییه‌ک که‌ ئیراده‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ بێت، به‌ بۆچونی من چاکسازییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانی داهاتی هه‌رێمی کوردستان نه‌کرێت پاره‌ له‌ به‌غدادیشه‌وه‌ بێت ئێمه‌ کێشه‌ی دارایمان هه‌ر ده‌بێت، ڕه‌نگه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ماوه‌یه‌ک بتوانێت مووچه‌ بدات به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌ر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌."

"خۆ ئێمه‌ له‌ دیوه‌خان ئیش ناکه‌ین و سه‌رده‌می به‌رد نییه‌ که‌ پاره‌ بکرێته‌ گوێنیه‌وه‌ و بنێردرێت بۆ ئه‌ملاو لادا "

دەربارەی ئەو لێدوانانەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێن داهاتی سلێمانی ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەمەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، زیاد جەبار سەۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕونکردنەوەیدا و وتی" دیاره‌ وه‌زاره‌تی دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆمه‌ڵێک بانکی هه‌یه‌ له‌ سلێمانی، پێنجوێن، سۆران، زاخۆ، هەروەها له‌ دهۆک و له‌ خانه‌قینیش هه‌یه‌تی ئه‌مانه‌ هه‌مووی بانکی حکومه‌تن، سیسته‌مێکی بانکییە به‌م شێوه‌یه‌ کارده‌کات، ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ نموونه‌ له‌ ده‌روازه‌یه‌کی سنوریی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ گومرگی لێیه‌، ئه‌و پاره‌یەی گومرگه‌ به‌ سیسته‌مێکی ئه‌لکترۆنی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگه‌وه‌، خولەک به‌ خولەک ده‌زانرێت داهاتی ئه‌و سنوره‌ چه‌نده‌، حساباتی ده‌چێته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی، خۆ ئێمه‌ له‌ دیوه‌خان ئیش ناکه‌ین و سه‌رده‌می به‌رد نییه‌ که‌ پاره‌ بکرێته‌ گوێنیه‌وه‌ و بنێردرێت بۆ ئه‌ملاو لادا، واته‌ ئه‌مه‌ ته‌نها شتێکه‌ بۆ چه‌واشه‌کاری به‌کارده‌هێنرێت."

زیاد جەبار ئەوەشی وت" بۆ نموونه‌ له‌ سنوری پارێزگای دهۆک چی داهاتی هه‌یه‌ به‌ گومرگی ده‌وازه‌ سنورییه‌کانیه‌وه‌، به‌ باج و رسوماتی داموده‌زگاکانه‌وه‌ هه‌مووی ده‌چێته‌ بانکی دهۆکه‌وه‌ له‌وێ فه‌رمانگه‌ هه‌یه‌ ناوی گه‌نجینه‌ی وه‌زاره‌تی داراییه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ باسده‌کرێت ئه‌مه‌ بۆ ته‌مویلی مووچه‌یه‌ ته‌نها بۆ پشتیوانیکردنی پاره‌ی مووچه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا هه‌موو ئه‌م داهاتانه‌ به‌ دوو شێوه‌یه‌ به‌شێکی بۆ مووچه‌ به‌کارده‌هێنرێته‌وه‌ بۆ پشتیوانی کردنی پاره‌ی مووچه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌ نه‌وته‌ی که‌ ده‌فرۆشرێت له‌گه‌ڵ داهاته‌کاندا به‌شێکیشی له‌ڕێگه‌ی گه‌نجینه‌کانه‌وه‌ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هیچ که‌سێک ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ ته‌نها ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی نه‌بێت که‌ بڕیار ده‌ده‌ن بۆ خه‌رجی سنوری پارێزگاکه‌ و داموده‌زگاکانی سنوری پارێزگاکه‌."

"ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ ده‌چێته‌ ناو بانکه‌کانی سلێمانیه‌وه‌ هه‌ر بانکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ "

زیاد جەبار زیاتر وتی" ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ ده‌چێته‌ خه‌زێنه‌ی سلێمانییه‌وه‌ و ده‌چێته‌ ناو بانکه‌کانی سلێمانیه‌وه‌ هه‌ر بانکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌، داموده‌زگاکانی سلێمانی داموده‌زگای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن،ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن 30 ملیار دینار نه‌هاتۆته‌وه‌ ، مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌لێبڕینی 21%، 750 ملیار دیناری پێویسته‌ واته‌ هه‌ر ئه‌م 30 ملیار دیناره‌ په‌کی بودجه‌ی خستووه‌! نه‌خێر وانییه‌."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم جەختی لەوەشکردەوە" به‌ڵێ هه‌موو داهاتی سلێمانی ده‌چێته‌وه‌ ده‌ست حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، مووچه‌ی سلێمانی300 ملیار زیاتره‌، بڕێک له‌ پاره‌ی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌خرێته‌ سه‌ری که‌ بریتییه‌ له‌ 80 ملیار ئه‌وی تری له‌ پاره‌ی نه‌وت ده‌ڕوات نزیکه‌ی 200 ملیاری له‌ پاره‌ی نه‌وت ده‌ڕوات ئێ باشه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌پێی زانیاری من 54 ملیاری له‌و بڕه‌ی نه‌وت بۆ مووچه‌ خۆرانی سنوری پارێزگای سلێمانییه‌ و 54 ملیاری تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ست گه‌نجینه‌کانی پارێزگای سلێمانی بۆ مووچه‌ واته‌ ئه‌مه‌ به‌ته‌نها بۆ شاردنه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا هه‌موو پاره‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو گومرگه‌که‌ی سنوری پارێزگای سلێمانی چ باشماخ و چ په‌روێزخان، من خاوه‌نی ئه‌م قسه‌یه‌ی خۆمم به‌ سیسته‌مێکی گومرگی به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌."

"وەزیری دارایی لە کۆبونەوەی پەرلەمان پێی وتین کە هەموو داهاتی سلێمانی دەگەڕێتەوە سەر حساباتی وەزارەتی دارایی "

بۆ پاڵپشتی لە قسەکانی، زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی" من له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئه‌م پرسیاره‌م له‌ وه‌زیری دارایی کرد که‌ ئایا هه‌موو ئه‌م داهاتانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر حساباتی وه‌زاره‌تی دارایی؟ وه‌ڵامێکی ڕوونی دایه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر حساباتی وه‌زاره‌تی دارایی."

"ئه‌گه‌ر شه‌فافیه‌ت هه‌بێت و به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی تێدا نه‌بێت به‌ئاسانی ده‌توانرێت مووچه‌ دابین بکرێت "

زیاد جەبار دەشڵێت" گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی داهات له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ئێستادا که‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ پاره‌ نایه‌ت داهاتی فرۆشتنی نه‌وته‌، ڕۆژانه‌ 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، ئێستا نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌که‌ که‌ هه‌موو مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان مانگانه‌ به‌لێبڕینی 21% 750 ملیار دیناره‌ واته‌ ده‌گاته‌ 500 ملیۆن دۆلار ، ئه‌گه‌ر شه‌فافیه‌ت هه‌بێت و به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی تێدا نه‌بێت به‌ئاسانی ده‌توانرێت مووچه‌دابین بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:30 0:00


XS
SM
MD
LG