Accessibility links

مستەفا چاو ڕەش: هاوپەیمانان زۆرمان لێده‌که‌ن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، به‌ڵێنی هه‌موو شتێکییشییان پێداوین


مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەموتووێژەدا باس لە هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت" دەربارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستە وەڵامی هاوپەیمانان بدەینەوە کە زۆرمان لێده‌که‌ن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، به‌ڵێنی هه‌موو شتێکیان پێداوین ئەو شتانەی بەڵێنییان پێداوین ڕه‌نگە هه‌ر ده‌بابە و فڕۆکه‌ی تێدا نه‌بێت."

"ئه‌مە ئیشی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە به‌ڵکو ئه‌مەکاتی زۆری ده‌وێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەربارەی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وتی" ئێمە خۆمان ده‌مێکە خه‌ریکین، کۆبونه‌وه‌کانی هه‌موومان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کان کە هاتوون کۆبوونه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووین، خۆمان به‌جیا کۆبوونه‌وه‌مان کردووە ئێمە له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانه‌وە ده‌مێکە هه‌ر به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وە مه‌به‌سته‌ش ئێمە هیچ "ئیعتراز" و شتێکی ئه‌وتۆمان نییە به‌ڵام ئه‌مە ئیشی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە به‌ڵکو ئه‌مە کاتی زۆری ده‌وێت هه‌تا هاوپه‌یمانه‌کانیش ده‌ڵێن ئه‌مە به‌رده‌وامی ده‌وێت چونکە کە هێزه‌کان یه‌کده‌گرێته‌وە کۆمه‌ڵێک موسته‌لزه‌ماتی خۆی هه‌یه‌، باره‌گای ده‌وێت و شتی زۆری ده‌وێت به‌ڵام ئێمە مه‌بده‌ئیه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزی خه‌ڵکی کوردستانیین و له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ین."

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت" ئه‌و کۆبونه‌وانه‌ی کە ئێمه‌ش کردومانە ئێستا ناوی هه‌موو ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵ و هاوپه‌یمانه‌کانم له‌به‌ر نییە کێ و کێ هاتوون، ئه‌مه‌ریکی، هۆڵه‌ندی، به‌ریتانی ئه‌مانە هه‌مووی له‌گه‌ڵماندا دانیشتوون به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هاوسه‌رۆکه‌کان و له‌گه‌ڵ هێزی ئێمه‌ش کۆبوونه‌وه‌یان کردووە، ئومێد ده‌که‌ین لەداهاتوویه‌کی نزیکدا ئێمه‌ش بتوانیین ئه‌و بڕیاره‌ی داده‌نرێت له‌داهاتوودا قۆناغ به‌قۆناغ جێبه‌جێی بکه‌ین."

"ئه‌وان کردوویانە هه‌نگاوێکی باشە و ده‌ستیان خۆش بێت "

بەڵام لە ماوەکانی ڕابردوو (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا هێزەکانی هەشتای پێشمەرگە-ی پارتی دیموکراتی کوردستان بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەی بۆچی یەکێتی تا ئێستا ئەم کارەی نەکردووە؟ لە وەڵامدا مستەفا چاو ڕەش دەڵێت" خۆ هێزی پێشمه‌رگە کە یه‌کده‌گرێته‌وە لیوایه‌ک و دووان و فه‌وجێک و دووان نییە به‌ڵکو هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌یە له‌به‌ر ئه‌وە، ئه‌وه‌ی ئه‌وان کردوویانە هه‌نگاوێکی باشەو ده‌ستیان خۆش بێت ئێمه‌ش هیوادارین له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا بتوانیین ئه‌و شتانه‌ی کە پێویستە بۆی جێبه‌جێی بکه‌ن."

ئایا هاوپەیمانان فشارتان لێدەکەن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پەشمەرگە؟ وەڵامەکەی مستەفا چاوڕەش بەمجۆرەبوو" فشار نییە به‌ڵام داوامان لێده‌که‌ن و ڕێنماییمان ده‌که‌ن ده‌ڵێن پێویستە ئێوە ئه‌وە بکه‌ن ئێمه‌ش پێداویستیه‌کانتان بۆ جێبه‌جێ ده‌که‌ین بێجگە له‌وە فشاری تیرۆریستان و داعش کەئه‌گه‌ر ئێمە یه‌کگرتوو نه‌بین ڕه‌نگە دوژمنەکانمان زیاتر بتوانن زه‌فه‌رمان پێ به‌رن و له‌و بۆشاییه‌ی کەهه‌بێت ئه‌وان زیاتر ده‌توانن فرسه‌ت بێنن له‌به‌رئه‌وە خۆمان مه‌بده‌ئیه‌ن پێمان چاکە کە لە داهاتوودا بتوانیین ئه‌وه‌بکه‌ین یه‌کڕیزی خه‌ڵکی کورد کۆبکاته‌وه‌."

" بە تەنها هێزی پێشمه‌رگە نییە پێش هه‌موو شتێک پێویستە یه‌کێتی و پارتی دڵی خۆیان چاک بکه‌ن "

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە ئەوەشی وت" مه‌سه‌له‌کە هه‌ر یه‌کڕیزی هێزی پێشمه‌رگە نییە پێش هه‌موو شتێک پێویستە یه‌کێتی و پارتی دڵی خۆیان چاک بکه‌ن و هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسیه‌کان دابنیشن بڕیاری سیاسی لای ئه‌وانه‌وە بیده‌ن، شته‌کان ئاسایی بکه‌نه‌وە ڕه‌نگە ئه‌م ئۆباڵە گه‌وره‌یە نه‌خه‌نەسه‌ر هێزی پێشمه‌رگە کە بۆچی یه‌کناگرێته‌وە ئه‌وانە هه‌ردوو لا به‌رپرسن به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ساڵ و نیوێکە دانیشتن نه‌کراوە له‌نێوان دوو حیزبدا که‌ هه‌ردوولا هێزی چه‌کداری هه‌یە و هێزی هه‌یە له‌به‌رئه‌وە من ڕووده‌که‌مە هه‌موو لایه‌ک ئه‌گه‌ر چاکه‌مان کردبێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵە هه‌بێت پێویستە خۆمان دابنیشین لەئاستی باڵاتردا چاره‌سه‌ری بکه‌ین کە هاتەسه‌ر مه‌سه‌له‌ی هێزی پێشمه‌رگە ئه‌وا پێشمه‌رگە لەهه‌موو که‌سێک دڵسۆزترە و ئاماده‌یە بۆ هه‌موو یه‌کخستن و ته‌باییه‌ک."

"یەکێتی و پارتی بەو هێزانەوە دەناسرێن ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌مان نه‌بێت که‌س حسابمان بۆ ناکات "

مستەفا چاوڕەش ئەوەشی وت" ئاخر هه‌ردوولا (پارتی و یەکێتی) به‌و هێزانه‌وە ده‌ناسرێن ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌مان نه‌بێت که‌س حسابمان بۆ ناکات له‌به‌رئه‌وە هێزی پێشمه‌رگە هێزی خه‌ڵکی کوردستانە ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزە نه‌بێت عێراق و هه‌موو ئه‌وانه‌ی کە ته‌ماحی تێماندایە ئه‌وه‌ی کەهه‌شە لێمان قبوڵ ناکه‌ن له‌به‌رئه‌وە ئه‌و هێزە پێویستە یه‌کڕیز بێت ته‌با بێت، وەسه‌رکرده‌ی سیاسی بریاری سیاسی یه‌کگرتوویی هه‌بێت، خۆ یه‌کگرتنه‌وە هی ئه‌مڕۆ نییە دوانزە، سیانزە، لیوا هه‌یە لەوه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، من خۆشمی تێدابووم لەکۆبوونه‌وه‌کاندا فه‌رمانده‌یه‌که‌ی ئێمه‌ی هێزی پێشمه‌رگە 2006 و 2007 ئینجا توانیمان بەچه‌ندین کۆبوونه‌وە له‌لای مام جه‌لال و له‌لای کاک مه‌سعود هێزه‌کانی خۆمان لەیه‌کێتی پارتی کەدانیشتین ئینجا توانیمان ئه‌وەبکه‌ین."

" بڕیار به‌ده‌ست ئێمە نییە ئێمە له‌سه‌رو خۆمانه‌وە هاوسه‌رۆکه‌کان هه‌یە...په‌لە په‌لی ناوێت"

چاوڕەش باسی لەوەکرد" هه‌ر ئێمە28 لیوامان هه‌یەوه‌کو یه‌کێتی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بێت ناحه‌زه‌کانمان و دوژمنه‌کانمان ئه‌وه‌تا عێراقیش چه‌ند ساڵە فیشه‌کێکی نه‌داوە بەهێزی پێشمه‌رگە و مووچه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نادات له‌به‌رئه‌وە ئێمە ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین یه‌کڕیزی بکه‌ین ، وە من هه‌میشە له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزی خه‌ڵکی کوردستان و یه‌کگرتووی هێزی پێشمه‌رگه‌م."

مستەفا چاوڕەش زیاتر وتی" بڕیار به‌ده‌ست ئێمە نییە ئێمە له‌سه‌ر و خۆمانه‌وە هاوسه‌رۆکه‌کان هه‌یە ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کان هه‌نگاوی باشیان ناوە من خۆم له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا بووم له‌گه‌ڵیاندا، کاک بافڵ و کاک لاهور ئه‌وانیش به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوە کە هه‌وڵبدرێت وه‌کو باسمکرد له‌سه‌ره‌تاوە په‌لەپه‌لی ناوێت، وە ده‌بێت عه‌داله‌تێکیش هه‌بێت له‌هه‌موو ئه‌م ئیشانه‌ی کە ده‌کرێت هیچ لایه‌ک مه‌غدور نه‌بێت."

" کە ڕاپه‌ڕینمان کرد یه‌کڕیز بووین هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان له‌ گه‌ڵمان بوو چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌داین به‌ڵام ئێستا خه‌ڵک هه‌مووی گله‌یمان لێده‌کات له‌ هه‌ردوولا "

مستەفا چاوڕەش کە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، زیاتر وتی" با هه‌ردوو سه‌کردایه‌تی سیاسی دابنیشن و خۆشه‌ویستیه‌ک دروست بکه‌ن له‌ نێوان هه‌ردوولادا و واز له‌و قسە نابه‌جێیانە بهێنن کە لە فه‌یسبوک هه‌رلایه‌ک بەلاکه‌ی تری بڵێت ئه‌و کاتە دڵی خه‌ڵک خۆش بکه‌ن چونکە خه‌ڵک ژیان و مووچە و بارودۆخی خراپە له‌به‌رئه‌وە ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمە وه‌کو ڕابردوو ده‌بێت یه‌کڕیز و یه‌کگرتوو بین کە ڕاپه‌ڕینمان کرد یه‌کڕیز بووین هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵمان بوو چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌داین به‌ڵام ئێستا خه‌ڵک هه‌مووی گله‌یمان لێده‌کات له‌هه‌ردوولا (پارتی و یەکێتی)."

"هاوپەیمانان به‌ڵێنی هه‌موو شتێکیان پێداوین ڕه‌نگە هه‌ر ده‌بابە و فڕۆکه‌ی تێدا نه‌بێت "

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە ئاشکرایکرد هاوپەیمانان بەڵێنیان پێداون لە حاڵەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری پێشمەرگە بکەن، لەو ڕوەوە وتی" له‌به‌رئه‌وە من هیوادارم بتوانین شتێک بکه‌ین بتوانیین خه‌ڵکه‌که‌مان دڵخۆش بکه‌ین و وه‌ڵامی هاوپه‌یمانایش بده‌ینه‌وە کە زۆرمان لێده‌که‌ن و به‌ڵێنی زۆر شتیشیان پێداوین و هه‌ندێک شتیشیان ناردووە هیوادارین ئێمه‌ش کارێک بکه‌ین کە بێبه‌ش نه‌بین له‌و شتانه‌، به‌ڵێنی هه‌موو شتێکیان پێداوین ڕه‌نگە هه‌ر ده‌بابە و فڕۆکه‌ی تێدا نه‌بێت ئه‌گه‌رنا چه‌ک و ئه‌و پێداویستیانه‌ی کە بۆ پێشمه‌رگە پێویستن داویشیانە خۆمان بینیومانن لەڕۆژانی پێشوودا بای سێ ملیۆن دۆلار پێویستی و چه‌کیان هێناوە و داویانە بەهێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و لیوایانه‌ی کەله‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تدایه‌."

" پارتی و یه‌کێتی ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی باشی نه‌بێت بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یە، هێزی پێشمه‌رگه‌ی "قوڕ به‌سه‌ر" ئه‌وکاتە هه‌روه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وە و له‌کاتی ناڕه‌حه‌تیدا هه‌رکه‌سه‌و ده‌چێته‌وە لای حیزبه‌که‌ی خۆی "

ئایا پارتی و یەکێتی زیان دەکەن بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟ لە وەڵامدا مستەفا چاو ڕەش دەڵێت" پێموانییە شتێکی ئاسان بێت، وە له‌ قازانجی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستاندایە ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزە هێزێک بێت لەوه‌زاره‌ت بێت هی هه‌موو خه‌ڵک بێت و بەعه‌داله‌ت بێت و جیاوازی نه‌کرێت هیچ عه‌یبی تێدا نییە، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوو هێزی سه‌ره‌کی پارتی و یه‌کێتی ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تیە سیاسیه‌کە به‌رنامه‌ی باشی نه‌بێت بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یە هێزی پێشمه‌رگه‌ی "قوڕ به‌سه‌ر" ئه‌وکاتە هه‌روه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وە و له‌کاتی ناڕه‌حه‌تیدا هه‌رکه‌سه‌و ده‌چێته‌وە لای حیزبه‌که‌ی خۆی له‌به‌رئه‌وە با دڵی خۆمان چاک بکه‌ین ئه‌وسا ئه‌وی تر ئاسانه‌."

"نه‌عله‌ت له‌و که‌سه‌ی یه‌کڕیزی خه‌ڵکی کوردستانی ناوێت و یه‌کڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ناوێت "

بەرپرسی هێزەکانی حەفتا لە وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە کە هەندێک پێیان وایە بابەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نمایشە بۆ بەرچاوی هاوپەیمانان بەتایبەت بۆ بابەتی خەرجکردنی موچەی ئەو هێزانەیە؟

وەڵامەکەی مستەفا چاوڕەش بەمجۆرە بوو "جا خۆ یه‌که‌م مووچە لای ئێمە نییه‌، دووه‌م هیچ نمایشی ناوێت ئه‌وە لە قازانجی خه‌ڵکه‌، نه‌عله‌ت له‌و که‌سه‌ی یه‌کڕیزی خه‌ڵکی کوردستانی ناوێت و یه‌کڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ناوێت، ئازاره‌کان هه‌مووی لای ئێمه‌یە و هه‌موو قۆناغە ناخۆشه‌کانمان تێپه‌ڕکردووە به‌رامبه‌ر یه‌کتر جۆره‌ها شتی ناخۆشمان کردووە فه‌رموو ئه‌وە عه‌رز و ئه‌وە گه‌ز با یه‌کبگرین با ڕێکی بخه‌ین با چاکی بکه‌ین له‌به‌رئه‌وە من له‌و شوێنه‌ی کەئیشی تێدا ده‌که‌م، ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر له‌وەناکه‌مه‌وە ته‌ماشا بکه‌ین بارودۆخی کوردستان وایلێهاتووە هه‌موو وڵاته‌کان ڕم بازێنی تێدا ده‌که‌ن به‌که‌یفی خۆیان دێنە وڵاتی ئێمه‌، ئه‌گه‌ر خۆمان به‌رنامه‌یه‌کی باشمان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆمان به‌هێز بین که‌س ناتوانێت بێت لەوڵاته‌که‌ماندا به‌که‌یفی خۆی خه‌ڵک بکوژێت و په‌لاماری خه‌ڵک بدات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:48 0:00


XS
SM
MD
LG