Accessibility links

دزەیی: ئێستا داربڕین لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە ئەگەر دەستپێبکرێتەوە هەڵوێستمان دەبێت


سه‌فین دزه‌یی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم
سه‌فین دزه‌یی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان- عێراق دەڵێت" " بە دڵنیاییەوە ئەوە کارێکی زۆر زۆر ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین ڕێگای تایبەت و فەرمی ئاگاداری لایەنەکانی تورکی کردۆتەوە لە هەمان کاتیشدا ئەوەی کە لێی ئاگادار کراینەوە دیارە هەندێک ڕێگای سەربازی بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشن یاخود ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسان بێت، ئەو قۆنتەراتچییانەی کە ئیشەکان دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە، وە ئیستغلالیشیان کردووە داری تریش ببڕن بۆ ئەوەی کە سوودی لێوەربگرن، داربڕینەکە وەک وتم ڕاگیراوە و بڕیاریشە لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزگای دهۆک و شرناخ دابەزێت و بەدواداچوونێک بۆ ئەو کارە بکەن."

"هۆکاری ڕوودانی گرژییەکە .... ئەوە قابیلی قبوڵ نییە ئەمەش گرژی دروست کردووە"

لە سەرەتای وتووێژەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە ڕایگەیاند" هەموو لایەک باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەتی لە سەرەتای شەڕی داعشدا هەتا ئەمڕۆ دووچاری کۆمەڵێک کێشە بووە و شەڕێکی بەرفراوانی هەزار کیلۆمەتری ڕووبەڕووی داعش بووەوە و هەزار و 800 شەهیدمان هەبووە و 10 هەزار بریندارمان هەبوو، وە دوای شەڕی داعش ڕاستە مەترسیەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەی داعش هەتا ئێستاش لە ئارادایە و جموجۆڵیان زۆرە بەڵام بەو شێوەی جاران نەبووە، تۆزێک نەفەس هاتەوەبەر هێزەکانی پێشمەرگە ، ئەو شوێنانەی پێشتر ناوچەکانی سنور و ئەو ناوچانانەی کە پێشمەرگەی لێـیبوو بەهۆی شەڕی داعش بەشێکی زۆر لەو پێشمەرگانە کشێنرابوونەوە کە بچنە بەرەی جەنگ لە خوارووتر ڕووبەڕووی داعش ببنەوە کاتێک کە ئەو جموجۆڵە دەستیپێکرد ئەو کاتە هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگە بەجێی هێشتبوون پەکەکە داگیریکرد و بووە مایەی ئەوەی پێکدادانان لە نێوان پەکەکە و لەشکری تورکیا بێت و بوویە مایەی ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە دەڤەرەکە بەجێبهێڵن."

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری گرژی نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی پێشمەرگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێزەکانی پێشمەرگە ویستوییانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر چۆڵیان کردبوو، لەو ڕوەوە دزەیی وتی" بە تایبەتی لە شەش مانگی ڕابردوو ئەو ئۆپراسیۆنانەی سنووری ڕوو لە زیادبوودایە و کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی لێ ڕوویدا بەڵام کاتێک کە بڕیاردرا لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش پێشمەرگەکان لە هەندێک شوێن بکشێنرێنەوە و بچنەوە شوێنەکانی خۆیان بەداخەوە پەکەکە ئاستەنگی دروستکرد لە زۆر شوێن بەو مانای کە ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە و ڕێگە نادەن کە پێشمەرگە بچێت، وە زۆر جاریش باس لەوە دەکەن بەبێ ئاگاداری ئێمە جموجۆڵیان کردووە بێ ئاگاداری ئێمە دێنە ناوچەکانی ئێمە، بە ڕاستی ئەوە قابیلی قبوڵ نییە ئەمەش گرژی دروست کردووە."

" هێزەکانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕو پێکدادان نەبوون "

سەفین دزەیی زیاتر ڕونیکردەوە" پێشمەرگە هەوڵیداوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕوونەوە و توندوتیژی نەبێت بەڵام لە چەندین حاڵەت بووە کە پەکەکە تەقەی لە پێشمەرگە کردووە و بۆسەی داناوەتەوە و ڕێگاکانی مین ڕێژ کردووە و دەستدرێژی کردۆتە سەر ئەفسەری ئاسایش، لە پارەوە هەتا ئێستا چەندین شەهیدمان هەبووە، ئەوەش بۆتە مایەی ناڕەزایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ و پێکدادان نەبوون بەڵام لە هەمان کاتیش ئەو جۆرە دەستدرێژیانە قبوڵ ناکەن."

"هەندێک هەواڵ هەبوو کە ئەو ڕێگایە مینڕێژکراوە "

لە ڕاستیدا ئەو دەڤەرە ڕێگای هاتوچۆی هەندێک گوندی بە سەرەوەیە هاوڵاتی هاتوچۆی پێدا دەکەن هەندێک هەواڵ هەبوو کە مینڕێژ کراوە و ئەو تیمەی کە چووبوون تیمی پێشمەرگە تیمی ئەندازیاری بوون و تیمی شەڕکەر نەبوون ئەو ئوتومبێلەی کە تیای بوون خۆی ئوتومبێلەکە ئامێر و دەزگای پشکنینی مینی هەیە و هەڵگرتنەوەی مینی تێدایە و ئوتومبێلەکە تایبەت بووە بەو ئامانجە بەپێی ئەو هەواڵەی کە هەیانبووە چوون ڕێگەکە پاک بکەنەوە دیارە لە نزیک ئەو شوێنە پەکەکە تەقەی لێکردوون و دوای ئەوەش بە ڕۆکێتێک لەو ئوتومبێلەدایە و ئوتومبێلەکەش خۆی درعە، ئەو ڕۆکێتەی کە لە ئوتومبێلەکەدا بوو ئەوە بووەتە مایەی شەهیدبوونی ئەو ژمارەیە و بریندابوونی ئەوانی تر."

هەرچەندە چەند جارێک پەکەکە لە بەیاننامەکاندا جەختییان کردۆتەوە کە بە تەقەی ئەوان ئەو پێشمەرگانە گیانیان لەدەست نەداوە بەڵکو بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بووە.

بەڵام سەفین دزەیی جەختیکردەوە کە تەقە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بە ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و ئەو قوربانیانەی لێکەوتۆتەوە، لەو ڕوەوە دزەیی دەڵێت" بەڵی لە بەرزایەکەوە لە ئوتومبێلەکەیانداوە، وە بەپێی ئەو زانیاریانەی هەواڵگری و ئەو تیمەی کە چوون کەشفیان کردووە، دوای ئەوەش تەقەکردن بەردەوام بووە و سێ تەرمی پەکەکەش لەوێ بەجێماوە، پەکەکە دەڵێت ئێمە تەقەکردنی ئینزارمان داوە کە زیاتر نەیەنە پێش بەڕۆکێت تەقەیانکردووە نەک بە چەکی تر."

لە نوێترین بەیاننامەدا دوێنێ (کەجەکە) ڕەتیکردەوە کە پێشمەرگەکان بە تەقەی ئەوان گیانیان لەدەستدابێت."

بەڵام دووبارە سەفین دزەیی دەڵێت" خۆیان (کەجەکە) ئازادن چیان نوسیووە لە بەیاننامەکە پێشتریش شتی ناڕەوایەیان خستۆتە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ بنەمایەکی نەبووە بەڵام لە بەیاننامەکەی خۆیان دەڵێن ئێمە تەقەی ئینزارمان بەرامبەر پێشمەرگە کردووە کە زیاتر نەیەنەپێش لە ناوچەکانی ئێمە، ئەمە خۆی ئەوەیە کە دەڵێن "عوزر لە قەباحەت گەورەترە" ناوچەکانی ئێمە مانای چی؟! ئێرە هەرێمی کوردستانی عێراقە بەپێی دەستور و بەپێی یاسا هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقدایه پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی هەیە و حکومەتێکی خۆی هەیە، ناکرێت ڕێگە بدرێت هەر هێزێک بێت و ناوچەیەک بۆخۆی داببڕێت و بڵێت ئەوە ناوچەی منە و هیچ کەسێک بۆی نییە بێتە ئێرە! لە بەیاننامەی یەکەمیان زۆر بە ڕوونی باس لە دەستدرێژیەکەی ئەوان دەکات کە تەقەیان ڕووبەڕووی پێشمەرگە کردۆتەوە و زیاتر نەچنە پێش چونکە ئەوە ناوچەی ئەوانە کە ئەوە بەیانی خۆیانە."

"حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ و پێکدادان و گرژی نیین، بەڵام دەبێت پەکەکەش بەخۆیدا بچێتەوە و خۆی بەخاوەن ماڵ نەزانێت "

دەربارەی دەنگۆی مەترسی هەڵگیرسانی (شەڕی کورد و کورد- هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان موکەلەفە لەوەی کە گیان و سەروماڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان ئاسایش و سەقامگیری لێ بەرپا بکات. ئەوە هەموو دەڤەرەکە دەگرێتەوە بەڵام بەمانای ئەوە نایەت کە هێزی پێشمەرگە بیەوێت بچێت شەڕی هیچ لایەنێک بکات خۆی هەر خۆی بایی خۆمان شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و برینداربوون و ماڵوێرانیمان بینیووە بەسە ئیتر خەڵکی کوردستان بێزاربوون لە شەڕ و کوشتن و دەربەدەری."

"دەبێت پەکەکەش دان بە خۆیدا بنێت و بەخۆدابچێتەوە خۆی بەخاوەن ماڵ نەزانێت، پەکەکە لە باکورەوە هاتۆتە ئێرە و دەیەوێت ئیدارە و ئیرادەی خۆی فەرز بکات"

سەفین دزەیی ئەوەشی وت "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ و پێکدادان و گرژی نیین بەڵام دەبێت پەکەکەش دان بەخۆیدا بنێت و بەخۆدا بچێتەوە خۆی بە خاوەن ماڵ نەزانێت چونکە پەکەکە خاوەن ماڵ نییە لێرە بەڵکو پەکەکە لە باکورەوە هاتۆتە ئێرە و دەیەوێت ئیدارە و ئیرادەی خۆی فەرز بکات لەسەر هەرێمی کوردستان، لە ناوچەی قەندیل کۆمەڵێک گوند لەو ناوچانە هەیە لێناگەڕێت خزمەتگوزاریان پێبگات، پەکەکە ئیدارەی خۆی فەرز کردووە، دادگا و زیندانی خۆی داناوە و ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لەوێ لە قوتابخانەکان بڵاودەکاتەوە ئەوانە بە ڕاستی قابیلی قبوڵ نییە."

" بەداخەوە خەڵکی مەدەنی زەرەرمەندی یەکەمن چ لەدەست پەکەکە چ لەدەست ئەو لەشکرکێشیانەی لە تورکیاوە دەکرێت "

دزەیی دەشڵێت " بەداخەوە خەڵکی مەدەنی زیانمەندی یەکەمن چ لەدەست پەکەکە چ لەدەست ئەو لەشکرکێشیانەی لە تورکیاوە دەکرێت لەسەر ناوچەکە، بۆیە لێپرسراویەتی ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنیەکان یەکەم بەرامبەر خەڵکی خۆمانە، خەڵکی مەدەنییە کە دەیانەوێت ژیانێکی ئاسودە و سەربەرزانە بژین، ئەو گوندانە لەو ناوچانە کە خەڵک مەڕداری دەکات و باخچە و بستانیان هەیە بۆ ڕێگەیان لێبگیرێت بچن ژیانی خۆیان دابین بکەن، مادەم ئەوان بە ژیانێکی ئاوا ساکار ڕازیین بۆ ڕێگریان لێبکرێت و بۆ ببنە مایەی تێکدانی ژیانی ئەو خەڵکە."

"با پەکەکە ئەو بەهانەیە نەداتە دەست تورکیا... مۆدەی ئەو جۆرە خەباتە نەماوە "

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی" لە ڕاستیدا ئەگەر لە ساڵی 1992 وە تەماشا بکرێت هەبوونی پەکەکە و ئەو شەڕە فراوانەی کە لە ناو تورکیای دەکرد ئەو کاتە ئێستا بوونی نەماوە لەوانەیە 95% ی تورکیا توانیبێتی کۆنتڕۆڵی بارودۆخی ناوخودی تورکیا بکات، شەڕەکە ئێستا لە تورکیا سنوری بەزاندووە هاتۆتە هەرێمی کوردستان، بەپێی بەیاننامەی فەرمی دەوڵەتی تورکیا هۆکاری هەبوونیان لە هەرێمی کوردستان پەکەکەیە، با پەکەکە ئەو بەهانەیە نەداتە دەست تورکیا، با پەکەکە لەو ناوچانە دوور بکەوێتەوە مادەم بەردەوام نییە لە شەڕی چەکداری جار و بار تەقەیەک لەوێ و تەقەیەک لەملا دەکرێت."

هەروەها ڕاشیگەیاند" لە بنەڕەتدا مۆدەی ئەو جۆرە خەباتە نەماوە چونکە تەکنەلۆژیای سەردەم وایکردووە بە کامێرا و بە درۆن و ئەوانە خاڵ بەخاڵ کەشف دەکرێت بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتن بەدەست نایەت زیاتر لەماڵوێرانی و ئاوارەیی و گیان لەدەستدانی ئەو گەنجانەی بە باوەڕەوە ڕوویان لە چیا کردووە و چەکیان هەڵگرتووە ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن."

بەڵام دەوترێت لە قەتەر و چەند وڵاتێکی تر خۆ پەکەکەی لێ نیە بەڵام تورکیا هەر لەشکرکێشی کردۆتە سەر ئەو وڵاتانەش. لە وەڵامدا سەفین دزەیی دەڵێت" دەوڵەتی قەتەر خۆی کاتێک کە گرژیان لەگەڵ سعودیە هەبوو داوای لە تورکیا کرد کە هێزەکانی بنێرێتە ئەوێ و بەپێی ڕێککەوتنێک لەوێ دەمێنن یان نامێنن ئەوە تابعی خۆیانە، سەبارەت بە لیبیاش بە هەمان شێوە دوو حکومەتی جیاواز لەوێ هەیە یەکێک لەو حکومەتانەی کە نزیک بووە لە تورکیا داوایانکرد کە هاوکاریان بکەن، ئەوەی سوریا ئەوە بابەتێکی ترە بەڵام ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەهانەی بوونی هێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەنها و تەنها پەکەکە بێت با پەکەکە ئەو بەهانە نەداتە دەست تورکیا."

"تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش هەمان قسەیان کردووە پـێـیان وتووە.... "

ئایا ئێوە وەک هەرێمی کوردستان بڕوا بەو پاساوەی تورکیا دەکەن بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان- عێراق؟ وەڵامەکەی سەفین دزەیی بەم جۆرە بوو "مەسەلە لێرە بڕوا نییە خۆیان لەگەڵ بەغدادیش هەمان قسەیان کردووە وتویانە فەرموو حکومەتی فیدراڵی ئەو ناوچانە لە پەکەکە پاکبکەنەوە یاخود کۆنتڕۆڵ بکەن یان بەلایەنی کەمەوە ڕێگە نەدەن پەکەکە هێرشمان بکاتە سەر ئەو کاتە پێویست ناکات کە ئێمە لەوێ بین ئەوە قسەی تورکیایە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ بەغداد و لەگەڵ ئێمەش. با ئێمە ئەو بەهانەیان نەدەینێ، بۆ نموونە ناوچەی مەخمور200 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە دوێنی بە درۆن هێرشیان کردۆتە سەر ئەوێ و بەپێی سەرچاوەکانی فەرمی تورکیا باسی لێکراوە کە چەند کادیرێکی پەکەکەیان لەوێ کوشتووە، پەکەکە ئیشی لە مەخمور چییە! یاخود لە خانەقین یان لە شارەزوور و گەرمیان و کەرکوک بۆیە ئەوەی ئێمە دەیڵێن ئەو بەهانە لەدەست ئەوان بێتەدەر ئەو کاتە دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی زۆر ڕێگەی تر هەیە فشار بکرێت کە ئەو هەبوونە لە هەرێمی کوردستان یان لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی نەمێنێت."

"حکومەتی عێراقی ناتوانێت سەروەری ناوچەی سەوز بپارێزێت لە بەغداد چ جای بگات بە ناوچە سنورییەکان "

دزەیی دەربارەی بۆچونی حکومەتی عێراقی لەسەر پاراستنی خاکەکەی و جێ بەجێکردنی ئەو داوایەی تورکیا دەڵێت"بەڵێ زۆر باسکراوە و هەموو لایەکیش زۆر پەرۆشن بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت بەداخەوە ئەو قسەیە دەکەم، حکومەتی عێراقی ناتوانێت سەروەری ناوچەی سەوز بپارێزێت لە بەغداد چ جای بگات بە ناوچە سنورییەکان، ڕێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ بەغداد لەسەر مەسەلەی شەنگال هەتا ئێستا یەک هەنگاو نەچونەتە پێش بەپێچەوانەوە چەندین هەنگاو چوونەتە دواوە لەگەڵ ڕێزم بۆ حکومەت و بەڕێز کازمی بینیمان لە هەفتەی ڕابردوو بە چ شێوەیەک ڕەفتاریان لەگەڵ حکومەتی عێراقی کرد کە کۆمەڵێک چەکدار و میلیشیا هەڵیان کوتایە سەر ناوچەی سەوز و خەریک بوو کودەتایەک لەسەر حکومەتی ئێستا بکەن."

"دەربارەی بڕینەوەی درەختەکان ئاگادارکراینەوە هەندێک ڕێگای سەربازی بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشن یاخود ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسان بێت، ئەو قۆنتەراتچییانەی کە ئیشەکان دەکەن "

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەواڵی بڕینەوەی درەختەکانی ناوچەی بادینان لە لایەن لەشکری تورکیاوە پرسیاری ئاڕاستەی بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کرد، لە وەڵامدا سەفین دزەیی وتی " بە دڵنیاییەوە ئەوە کارێکی زۆر زۆر ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین ڕێگای تایبەت و فەرمی ئاگاداری لایەنەکانی تورکی کردۆتەوە لە هەمان کاتیشدا ئەوەی کە لێی ئاگادار کراینەوە دیارە هەندێک ڕێگای سەربازی بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشن یاخود ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسان بێت، ئەو قۆنتەراتچییانەی کە ئیشەکان دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە، وە ئیستغلالیشیان کردووە داری تریش ببڕن بۆ ئەوەی کە سوودی لێوەربگرن ئێمە لەگەڵ پارێزگای دهۆک لەگەڵ والی شرناخ لە ڕێگەی کونسوڵیە ئاگاداری لایەنە فەرمییەکانمان کردۆتەوە کە ئەوە قابیلی قبوڵ نییە لایەنەکانی تریش لە بەغداد لە سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان لە حکومەت ئەو ناڕەزاییە دەربڕاوە."

"ئێستا داربڕین ڕاگیراوە، بەڵام ئەگەر دەستپێبکرێتەوە هەڵوێستمان دەبێت"

دزەیی ئەوەشی وت" ئێستا پێدەچێت کە دەست بپارێزن و ئەو کارە (داربڕین) ڕابگیرێت ئەگەر هەروا بەردەوام بێت ڕایبگرن شتێکی باشە بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت بێت و دەستپێبکاتەوە ئەو کاتە هەڵوێستمان دەبێت، داربڕینەکە وەک وتم ڕاگیراوە و بڕیاریشە لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزگای دهۆک و شرناخ دابەزێت و بەدواداچوونێک بۆ ئەو کارە بکەن. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:53 0:00


XS
SM
MD
LG