Accessibility links

ئەندازیار تاھیر عەبدوڵا: بەھۆی کۆرۆناوە داھاتی فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ نزیکەی لە 35% دابەزیووە


 ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی
ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت" بەهۆی کۆرۆناوە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو داهاتی فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی زۆر دابەزیووە هەم ژمارەی گەشتیاران کەمبۆتەوە هەم ژمارەی گەشتەکان کەمبۆتەوە ئەگەر سەیری ژمارەکان بکرێت ئەگەر کۆمپانیایەک خشتەکەشی جێبەجێ بکات بەپڕی ناڕوات و بەپڕی نایەتەوە بۆیە داهاتی فڕۆکەخانە تا 30% بۆ 35% دابەزیووە بەبەراورد بەساڵانی پێشوو، ئیتر هەمووی دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕی بکاتەوە بۆ خەرجیەکانی فڕۆکە، دەشڵێت"بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر نزیکەی55% بۆ 60% گەشتەکان دەستی پێکردۆتەوە ."

"هەتا ئەمڕۆش گەشتەکان نەگەیشتۆتە باری ئاسایی خۆی"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند" لەوکاتەی کە کۆرۆنا بڵاوبوویەوە لە هەموو دنیا و هەروەها لەعێراق و لە کوردستانیش وردە وردە کاریگەریە نەرێنیەکەی دەرکەوت لەسەر بواری گەشتیاری و گواستنەوەی ئاسمانی وەکو هەر بوارێکی تری ناو کۆمەڵگە بەتایبەتی لە فڕۆکەخانەکان ڕێکاری پێویست وەرگیرا کە زۆرکەس نەتوانێت سەفەری ئاسایی بکات بۆ وڵاتان بۆیە بەڕێژەیەکی زۆر گەشتیاران کەمبویەوە، گەشتەکان چوونە ئاستێک کە بەڕاستی لانی کەمی گەشت دەستی پێکردبوویەوە دەتوانم بڵێم لەفڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەوە بوو کە عێراق هەموو ئاسمانی خۆی داخست بەڕووی گەشتەکاندا تەنها گەشتی ئەو فڕۆکانە نەبێت کە وەفدی کورد و عێراقی لەدەرەوە ئەویش بەڕێژەیەکی کەم بەڵام دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان لە 1-8-2020 وردە وردە گەشتەکان دەستی پێکردەوە هەتا ئەمڕۆش گەشتەکان نەگەیشتۆتە باری ئاسایی خۆی."

"بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر نزیکەی55% بۆ 60% گەشتەکان دەستی پێکردۆتەوە "

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا زیاتر ڕونیکردەوە" ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ ساڵی 2016 و 2017 و 2018 هەروەها 2019 ش، دەتوانم بڵێم نزیکەی55% بۆ 60% گەشتەکان دەستی پێکردۆتەوە چونکە بەڕاستی ئێستا خەڵکانێکی کەم گەشت دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات چ بۆ گەشتیاری بێت یان بۆ هەر بابەتێکی تر بێت بێجگە لەوانەی کە ئیقامەیان هەیە لە دەرەوە یان کاری بازرگانی دەکەن یان بۆ نەخۆشی دەچن بۆ دەرەوە بەڵام بۆ بواری گەشتیاری دەتوانم بڵێم وەکو جاران فڕۆکە ناڕواتە دەرەوەی عێراق."

" بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو داهاتی فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی زۆر دابەزیووە "

سەبارەت بەکاریگەری دۆخی کۆرۆنا لەسەر فڕۆکەخانەکان لەڕووی ئابوری و داهاتەوە؟ ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا وتی" ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو فڕۆکانە بکەین لەڕابردوودا کە هاتووچۆی فڕۆکەخانەیان کردووە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا زۆر کەمی کردووە داهاتی فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی زۆر دابەزیووە هەروەها هەندێک کۆمپانیا هەیە نوسینگەکانی خۆیان داخستووە لەناو فڕۆکەخانە یان نوسینگەکەیان داخستووە یان کارەکەیان هەڵدەپەسێرن بۆیە بەڕاستی بابەتی کۆرۆنا زیانی گەیاندووە بە کەرتی فڕۆکەخانە زۆر زۆر."

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوەشی وت" هەم ژمارەی گەشتیاران کەمبۆتەوە هەم ژمارەی گەشتەکان کەمبۆتەوە ئەگەر سەیری ژمارەکان بکرێت خۆ ئەگەر کۆمپانیایەک خشتەکەشی جێبەجێ بکات بەپڕی ناڕوات و بەپڕی نایەتەوە بۆیە داهاتی فڕۆکەخانە تا 30% بۆ 35% دابەزیووە بەبەراورد بەساڵانی پێشوو، ئیتر هەمووی دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕی بکاتەوە بۆ خەرجیەکانی فڕۆکە."

"ڕێکارەکان لەفڕۆکەخانە "

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربارەی ڕێکار و مەرجەکانی گەشتکردن لەمکاتەدا لەفڕۆکەخانەکە؟ وتی" سەبارەت بە ڕۆیشتنەوە هیچ گەشتیارێک ناتوانێت سەردانی دەرەوەی وڵات بکات دەبێت پشکنینی پی سی ئاڕ پێبێت و نێگەتیڤیش بێت ئەمە یەکەم مەرجە، دووەم هیچ کەسێکیش نایەتە فڕۆکەخانە بەبێ ماسک و دەستکێش و هەروەها جانتا و خۆیشی پاکژدەکرێتەوە ئینجا دێتە فڕۆکەخانە کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەت هەیە لەناو فڕۆکەخانە پلەی گەرمی دەپێورێت، تیمی تایبەت هەیە شاشەی تایبەت هەیە دەبێت دڵنیابین ئەو کەسە خاڵیە لە نەخۆشی و هیچ نیشانەیەکی نییە ئینجا داخلی فڕۆکەخانە دەکرێت ئەمە سەبارەت بەڕۆیشتن، سەبارەت بەهاتنیش کۆمپانیاکان ناچارکراون کە هەر گەشتیارێک دێتەوە بۆناو فڕۆکەخانەی سلێمانی پێویستە تێستی پی سی ئاڕ پێبێت پێش 48 بۆ 72کاتژمێر پێش گەشتەکەی هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکرێت بێ پشکنینی پی سی ئاڕ، ئەم ڕێکارانە ئێستا جێبەجێ دەکرێت."

"ئێستا وەک جاران کەرەنتین نیە بەڵام کەرەنتین لەماڵی خۆیدا دەکرێت"

سەبارەت بە کەرەنتینی گەشتیاران؟ بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتی" ئێستا وەکو جاران کەرەنتین نییە، حکومەت کەرەنتین ناکات بەڵام کەرەنتین لەماڵی خۆیدا دەکرێت ئەگەر هەرکەسێک گەیشتەوە فڕۆکەخانە تیمی تایبەت هەیە لە فڕۆکەخانە پشکنینی هەموو کەسێک دەکات کە دێتەوە بۆئەوەی کە لەماڵەوە 14 ڕۆژ کەرەنتینە بکرێت، وەچاودێری دەکرێت بۆئەوەی ئەو کەسە تێکەڵاویی کۆمەڵ نەبێت و خۆی بپارێزێت."

هەروەها زیاتر ئاماژەیکرد" کەسێک نیشانەیەکی ڤایرەسی کۆرۆنای هەبێت جیادەکرێتەوە لە گەشتیارەکانی تر، وە دەنێردرێتە ماڵەوە لەژێرچاودێری تیمی پزیشکیدا دەبێت هەتاوەکو 14 ڕۆژ چونکە چاودێری دەکرێت ئەو کەسە دەکرێت و بەڵێنامەی لێوەردەگیرێت کە تێکەڵاویی هیچ کەسێک نەبێت."

وتیشی" ئەگەر کەسێک هەڵگری ڤایڕەس بێت پێویست دەکات ئەوەندە وشیاربێت تێکەڵاوی کەسوکار و خێزان و خەڵکی تر نەبێت بەتێکەڵاوبوونی خەڵکی تر تووش دەکات خۆ ناکرێت 24 کاتژمێر چاودێری کەسێک بکرێت لەماڵەوە بێت یەکەم وشیاری خۆی، دووەم بەرپرسیارێتی ئەو کەسە بەرامبەر خێزان و کەسوکاری و کۆمەڵگە هەروەها تیمی گەڕۆک ناوبەناو چاودێری دەکەن بۆئەوەی بزانن لە ماڵەوە ئایا ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکات یان جێبەجێی ناکات."

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جەختیکردەوە" ئێمە ئەوەی توانیبێتمان ئەوەی کۆرۆنای هەبێت جیامان کردۆتەوە ئەو ڕێکارانەشی ئێستا جێبەجێ دەکرێت ئەو مەرجانەی دامانناوە بەسەر کۆمپانیاکاندا بۆ داخل نەبوونی هیچ کەسێک کە پی سی ئاڕی پێنەبێت ڕێگری کردووە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەتا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبووین لەو بابەتە."

"تا ئێستا نەبووە بەمەرج "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەداهاتوودا لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتە مەرج ئەو کەسەی پێکوتەی ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ڕێگە نەدرێت گەشت بکات؟ وەڵامەکەی ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەمجۆرە بوو "یەکەم ژمارەیەکی کەم خەڵک پێکوتەی یەکەمیان وەرگرتووە نەشبووە بەمەرج بۆ فڕۆکەخانە هەرکەسێک سەفەریکرد پێویستە دەکات ڤاکسینی وەرگرتبێت تەنها پشکنینی پی سی ئاڕ بووە بەمەرج تائێستا، وە هەرکاتێک حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مەرجەی دانا ئێمەش جێبەجێی دەکەین. "

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەشڵێت" ئەو مەرجە شتێکی قورسە بۆ ئەم قۆناغە ئاسان نییە ئەگەر هاتوو هەموو خەڵک ڤاکسینی وەرگرت و پێکوتەی دووەمی وەرگرت ئینجا ئەگەر بشکرێت بەمەرج شتێکی قورس نییە."

" کەی گەشتەکان بەتەواوی دەکرێتەوە؟ "

دەربارەی ئایا گەشتی وڵاتانی تر دەکرێتەوە؟ ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا وتی" ئەوە پەیوەندی هەیە بە ڕێنماییەکانی وڵاتان و ئەو ڕێکارنەی کە لە وڵاتان دەردەچێت بەڕاستی ئێستا ئەگەر ئەوروپا هەموو سنورەکانی بکرێتەوە و ڤیزا بەئاسانی بدرێت بێگومان خەڵکیش زۆر سەفەری دەرەوە دەکات، خەڵکانی ئێمە کە بۆ گەشت دەڕۆن تەنها دەچن بۆ تورکیا و بۆ دوبەی، لەتورکیا ژمارەیەکی زۆر توشی کۆرۆنا دەبێت و کۆرۆنا زۆر بڵاوبۆتەوە ، لە دوبەیش بەڕاستی کۆمەڵێک ڕێکار کە جێبەجێ دەکرێت زۆر قورسە بۆ خەڵکی بۆیە بۆ ئەم قۆناغە خەڵکێکی کەم سەفەردەکات من لەو باوەڕەدام ئەگەر لەئایندەیەکی نزیکدا تەواوی وڵاتان ڤاکسین بەکاربهێنن بتوانن بەرگری لە کۆرۆنا بکەن خەڵکێکی زۆر سەفەر دەکات وگەشتەکان زیاتر فراوان دەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:11 0:00


XS
SM
MD
LG