Accessibility links

د.ڕێواز فایەق: خوله‌كانی تری په‌رله‌مانی كوردستان چییان كردووه‌ تا ئه‌م خوله‌ نه‌یكردبێت؟


د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمەوە.

بەشی یەکەم:


"بەهیچ شێوەیەک پێشبینی ئەوەم نەدەکرد کە ژن بوون کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن کارەکانی پەرلەمان وەکو دامەزراوە هەڵدەسەنگێنرێت "

لە سەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەزموونی وەک یەکەم خانم لەو پۆستەدا وتی" لە ڕاستیدا لە سەرەتاکانی کە بووم بە سەرۆکی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ئەوەم نەدەکرد کە ژن بوون کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن کارەکانی پەرلەمانی کوردستان وەکو دامەزراوە هەڵدەسەنگێنرێت بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆم دەرکەوت کە بەڵێ ژن بوون کاریگەری هەیە لە سەر ئەوەی پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی کوردستان بە گشتی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک لە دووفاقی و بێویژدانیشی تێدایە بەوەی کە بە بەردەوامی خەریکی بەراوردکردنی کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانم لەگەڵ کاری خولەکانی تری پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئاستە جیاوازەکان، بە بەردەوامی لەگەڵ نزیکترین خول کە خولی چوارەمە بەراوردی دەکەم لەگەڵ خولی سێ بەراوردی دەکەم کە بابڵێین ئەو کاتە ئۆپۆزیسیۆن بەهێزبوو لەگەڵ خولی یەک و دووش بەراوردی دەکەم کە ئەو کاتە یەکێتی و پارتی بە تەنها خۆیان بوون ئەرکی سەرۆکی پەرلەمان تا ڕادەیەک دەتوانم جگە لەو ماوەیەی شەڕی ناوخۆ بوو ئاسان بوو، هەستدەکەم ئەو پێوەرانەی ئێستا پەرلەمانی کوردستانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت زۆر جیاوازە لەو پێوەرانەی کاتی خۆی پەرلەمانی کوردستانی پێهەڵدەسەنگێنرا."

د. ڕێواز فایەق سەبارەت بە بەشێک لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێم دەکرێت؟ وتی" بە بەردەوامی گوێم لەو قسەیە دەبێت کە خەڵکی دەستەبژێر، خەڵکی ئاسایی هەرچی دەڵێت، دەیڵێت لە موعاناتی خۆی و لە خەمەکانی خۆی لەوەی کە فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان لە ئاست و خواستی ئەودا نییە هەرچی دەڵێت ئەم بەشەی ئاساییە بەڵام لەسەر ئاستی دەستەبژێر گوێم لەوە دەبێت کە ئەمە لاوازترین خولی پەرلەمانی کوردستانە بەبێ ئەوەی بڵێت بۆ لاوازترین خولی پەرلەمانی کوردستانە چونکە کە یەکێک بە بەهێز ئەژماردەکرێت و یەکێکی تر بەهێزتر ئەژمار ئەکرێت و یەکێک بە لاواز ئەژماردەکرێت دەبێت پێوەرێک هەبێت و بوترێت ئەمە پێوەرەکەیە. بێگومان پێوەرەکان جیاوازن."

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکرێت ڕوونکردنەوەی دا ؟ لەو ڕووەوە وتی" دەمەوێت پۆلێنی بکەم بۆ پۆلێنەکان جیاوازە، بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، ئێمە سوپایەک لە خەڵکی با بڵێین خەڵکمان نییە کە بە دەورمانەوە بێت و نووسەری دەرباربێت یان با بڵێین چەپڵە لێدەرو ئەوانە بێت بڵێت فڵان کەس زۆر گرنگە و پاڵەوانە و دەسەڵاتی بۆ گەل گەڕاندنەوە و ئەوەی تۆ کردووتە کەس نەیکردووە نیمە و بڕواشم پێی نییە بەوەی کە پارە خەرج بکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم جۆرە لە پشتیوانییە موزەیەفە فەیکە چونکە پێموایە بە تێپەڕبوونی کات هەموو ئەو پاڵەوانانەی شێرە بەفرینەی کە خەڵکی تر دروستیکردوون لە بنەڕەتیشدا ناوەرۆکیان وانیین ڕۆژێک دێت دەتوێنەوە."

" کەس لە سەرۆکی پەرلەمانێکی ژن ناترسێت لەوەی هەرچی پێ بڵێت "

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێوەری ڕەخنەکان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان زیاتر وتی" بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کەس لە سەرۆکی پەرلەمانێکی ژن ناترسێت لەوەی هەرچی پێ بڵێت کە ڕەنگە کاردانەوەیەکی بەرامبەری هەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کە زیانی پێدەگات لەبەر ئەوە هەرچی بە دڵی بێت دەیڵێت ئەوەش بەلای خۆمەوە هەر ئاساییە، بەشێکی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەناو حیزبە سیاسیەکاندا و لەناو خەڵکیش ڕەنگە ئاسان بێت قسە وتن بە ژنێک لە پێگەیەکدایە خۆشی ڕەنگە بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە نایانەوەێت ژنێک سەرکەوتووبێت لەو پێگەیەدا جارێکی تر ژنێکی تر بیر لەوە نەکاتەوە کە داوای ئەو پۆستە بکات هەرچەندە خۆم پێم وانییە کەسێکی سەرکەوتوونیم ئەگەر کاریگەرییەک لەسەر پەرلەمانی کوردستان هەبێت لە ئاستی خواستی خەڵکدا نەبێت ئەمە پەیوەندی بە کەسەکانەوە نییە، پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندی هێزە سیاسیەکان، پەیوەندی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و میدیاوە هەیە."

"ڕەنگە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە نایانەوەێت ژنێک سەرکەوتووبێت لەو پێگەیەدا جارێکی تر ژنێکی تر بیر لەوە نەکاتەوە کە داوای ئەو پۆستە بکات یا حەسادەت بێت

د. ڕێواز فایەق ئەوەشی وت" ئەم هەموو دامەزراوەیە و ئەنجوومەنی دادوەری یان قەزا لە هەرێمی کوردستان هەمووی خراپە هەمووی بە یەکەوە خراپە ئێمە لە ناو فەزایەداین خۆ من لە ئاسمانەوە نەهاتووم یان کەسێکی جیاواز نیم لە هەمان ئەو ژینگەیە ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانماندا ئیش دەکەین لەبەر ئەوە ڕەنگە لە ئاستی خواستی خۆمان نەبێت بەڵام لەبەر ئەوە نییە ئێمە خراپین لەبەر ئەوەیە کە ژینگەکە خۆی لە ڕووی سیاسی و لە ڕووی ئابوری لە پەیوەندی نێوان حیزبەکان ژینگەیەکی نادروستە، بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بە حەسادەتەوە هەبێت، خەڵکێک هەبێت بڵێت بۆ ژنێک بەو تەمەنەوە لەو شوێنەیە ڕەنگە بە تایبەتی سیاسیەکانی جیلی پێشوتری ئێمە هەموویان نا بێگومان ئەمە ڕەها نییە پێیان وابێت هەر دەبێت ئەوان لە پۆستە باڵاکاندابن ئەوانیش ئیشمان لەسەردەکەن و ئیتر ڕەنگە بەشێک لە ژنان ئیشمان لەسەربکەن و شتەکە وایلێهاتووە لاوازترین حەڵقە بۆ ئەوەی ئیشی لەسەر بکرێت ئەو حەڵقەیەیە کە هیچ کاردانەوەیەکی نییە یان ئەو پێگەیەیە کە هیچ کاردانەوەیەکی نییە خۆشم بڕیارم نەداوە هیچ جۆرە کاردانەوەیەکم هەبێت بە بێدەنگی و بە ئارامی ئیشی خۆم دەکەم."

" خولەکانی تری پەرلەمانی کوردستان چیان کردووە تا ئەم خولە نەیکردبێت؟

سەبارەت بەبەراوردکردنی ئەم خولەی پەرلەمان کە دەوترێت لاوازترین خولی پەرلەمانە؟ لە وەڵامدا د. ڕێواز دەڵێت" بێگومان دەبێت پێوەر هەبێت وەکو لە سەرەتای قسەکانمدا وتم واتە بۆ ئەوەی بوترێت ئەمە لەوە جوانترە دەبێت پێوەر هەبێت، ئەمە لەمە باشترە دەبێت پێوەریان هەبێت، من نازانم پێوەرەکانی ئەو بەڕێزانە چییە ڕەنگە بە پەیوەندی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت بە شێوەیەکی گشتی وەکو لە سەرەتاوە وتم با بەراورد بکەین خولەکانی تری پەرلەمانی کوردستان چیان کردووە تا ئەم خولە نەیکردبێت؟! ئەگەر بۆ نموونە بڵێین پەرلەمانی کوردستان لەناو سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پەراوێزترین دامەزراوەیە دروستە، بوترێت کەمترین ڕۆڵی هەیە لە ڕەسمی سیاسەتدا دروستە بەڵام ئەوە نەک بۆ ئەم خولەی پەرلەمان."

"پرسیارە ئەساسیەکە ئەوەیە ئێمە سێ چوار ئیشمان هەیە، ئەساسی سێ ئیشمان هەیە و ئیشی تریشمان هەیە، بۆ نموونە دیپـلۆماسیەتی پەرلەمانی یەکێکە لە ئیشەکان لەناو پەرلەماندا بەو شێوەیە ڕەسم نەکراوە یاسادان و پەسەندکردن و چاودێریکردن کراوە لە چ خولێکی پەرلەمانی کوردستاندا چ وەزیرێک بۆ نموونە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە و نێردراوەتەوە ماڵەوە کە لەم خولەدا ئێمە نەمانتوانیبێت بیکەین لە چ خولێکی پەرلەماندا، پەرلەمانی کوردستان لە کاتی 17 ی شوبات بە ڕێکەوتنی نێوان پەرلەمان و حکومەت، وە کاک بەرهەمیش جۆرێک لە مرونەتی هەبوو بە ناوی لێپرسینەوە هاتە پەرلەمانی کوردستان." د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وای وت."

"ئەسڵ ئەوەیە گومان لەسەر متمانەی خەڵک بە کابینە دروست بوو باشترین بیرکردنەوە ئەوەیە کابینە بهێنرێتەوە بەردەمی پەرلەمان "

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەر لەسەر بابەتی چاودێریکردنی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە وتی" ئەگەر لە من بپرسرێت ئەگەر من حیزبی سیاسی یەکەم بم، ئەگەر من زۆرینەی پەرلەمانی بم و حکومەتم دروستکردبێت بە بەردەوامی لە کاتی قەیراندا بیر لەوە دەکەمەوە کە سەرۆک وەزیران و کابینەکە بهێنمە بەردەمی پەرلەمان بە ناوی پرساندنەوە جارێکی تر متمانەیان پێبدەمەوە ئەگەر عەقڵیەتی سیاسی ئێمە کراوەبێت و بیەوێت مامەڵە لەگەڵ قەیراندا بکات بە عەقڵیەتێکی کراوە، ئەسڵ ئەوەیە گومان لەسەر متمانەی پەرلەمان وە متمانەی خەڵک بە کابینە دروست بوو باشترین بیرکردنەوە ئەوەیە کابینە بهێنرێتەوە بەردەمی پەرلەمان لە کاتێکدا زۆرینەی زەمانە لەبەر ئەوە پێویست ناکات بەو دوودڵیەوە وەربگیرێت، ئەمە بە دوودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە جگە لەو حاڵەتە."

د. ڕێواز فایەق دەشڵێت" بە دیاریکراوی باسی کابینەی نۆ دەکەم ، کابینەی نۆ زیاتر لە 89-90 دەنگ واتە بە زۆرینەیەکی ڕەها کابینەکە متمانەی وەرگرتووە، وە هەر ساتێک کابینەکە بخرێتە بەر پرساندن و بهرێنەتەوە ناو پەرلەمانی کوردستان کابینەکە متمانە وەردەگرێتەوە، وە باوەڕی خۆم وایە ئەو سەرۆک وەزیرانە یان جێگری سەرۆک وەزیرانە یان ئەو وەزیرەی دوای ئەوەی گومانی لەسەر دروست دەبێت و قسەی لەسەر دروست دەبێت و دێتە پەرلەمان جارێکی تر متمانە وەردەگرێتەوە عەدادەکەی سفر دەبێتەوە واتە ڕیفرێش- تازە دەبێتەوە وەکو وایە جارێکی تر متمانەی وەرگرتبێتەوە لەبەر ئەوە ئەسڵ ئەوەیە کە ئێمە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پەرلەماندا بکەین بەڵام نەبۆتە عادەت لە سی ساڵی ڕابردوودا یان لە بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا جگە لەو حاڵەتەی دکتۆر بەرهەم هاتووە بە ناوی پرساندن هیچ کەسێکی تر نەهاتووە پەرلەمان."

"ئەی خولی چوار بۆ خولێکی بەهێزە لە کاتێکدا کە نەیتوانیووە پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات؟! نەشیتوانیووە هیچ لە بەرامبەر کابینەی هەشتدا بکات... ئیشکردن لە خولی چوار ئاسانتربووە "

د. ڕێواز فایەق ئاماژەی بە پێوەرێکی تری بەراوردی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێم کرد کە پێوەری دارایی (بودجەیە) لەو بارەیەوە وتی" دووەم پێوەری پەسەندکردنی بودجە هەر لەم خولەی پەرلەماندا کە بودجە پەسەندنەکراوە یان لە ساڵی2012 وە کە کۆتا بودجە پەسەندکراوە و ئیتر دوای ئەوەی هیچ پرۆژە بودجە پەسەند نەکراوە، ئەی خولی چوار بۆ خولێکی بەهێزە لە کاتێکدا کە نەیتوانیووە پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات؟! نەشیتوانیووە هیچ لە بەرامبەر کابینەی هەشتدا بکات؟! بە مەرجێک هەموو حیزبەکانی کە لە ناو پەرلەماندا کورسیان هەبووە و هەموویان بەشداربوون لە حکومەت واتە ئۆپۆزیسیۆن نەبوون ئیشکردن لە خولی چوار ئاسانتر بووە هەتا ئەو قەیرانە سیاسیەی دروستبووە لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم."

"لەم خولەدا وەزیرەکان ئەوەندە هاتوونەتە پەرلەمان دەتوانم بڵێم هەموو هەفتەیەک وەزیرێک لە پەرلەمانە "

د. ڕێواز ڕاشیگەیاند" بابەتێکی تر مەسەلەی چاودێری و هاتنی وەزیرە، وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم لەسەر داوای پەرلەمانی کوردستان هەم بە دەستپێشخەری خۆیان لە سەرۆک وەزیرانەوە بۆ وەزیرەکان ئەوەندە هاتوونەتە پەرلەمان وایلێهاتووە دەتوانم بڵێم هەموو هەفتەیەک وەزیرێک لە پەرلەمانە یان لە لیژنەکانە یان لە ناو هۆڵی پەرلەمانە، لە چ خولێکی پەرلەماندا ئەوەندە وەزیر هاتۆتە ناو پەرلەمانی کوردستان، ئیشکالیەتی ئەمە لە چیدایە؟"

"پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبە سیاسیەکان پەیوەندیەکی باش و تەندروستە، کەی پێویست بێت دەتوانم قسەیان لەگەڵ بکەم "

لە ڕووی مامەڵەی حیزبەکان و سەرکردەی حیزبەکانەوە مامەڵەیان چۆنە لەگەڵ خانمێک لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان؟ ئایا ئەوانیش هەمان مامەڵەیان هەیە؟ لە وەڵامدا د. ڕێواز وتی" لە ئاستی سەرۆکایەتیەکان و لە ئاستی سەرکردایەتی حیزبی سیاسی بۆ نموونە حیزبەکەی خۆم و هەتا حیزبەکانی تریش ئەو جۆرە کێشەیەم نییە چونکە لە ڕووبەڕوو کە پێکەوە ئیش دەکەین ڕێزێکی زۆر زۆر تایبەتم لێدەگرن. من سوپاسی هەر هەموویان دەکەم. بەڵێ گوێشم بۆ دەگرن و ڕاوێژیشم پێدەکەن لە هەندێک لە بابەتە گرنگەکاندا، وە لە پەیوەندی بەردەوامین هیچ حیزبێکی سیاسیش وەکو خۆم ئەو هەستەم لەلا دروست نەبووە کە ڕووبەڕوو یان بە ئاشکرا دەیەوێت دژایەتی سەرۆکی پەرلەمان بکات لەبەر ئەوەی ژنە یان بۆچوونی وەرنەگرێت یان پەراوێز بخرێت یان یەکێک لەمانە، وە یەکێتی نیشتیمانیش کە کاندیدی کردووم و خستومەیەتە ئەو شوێنەوە کەواتە بڕوای بەوە هەیە ژنێک لە پۆستێکی سیادیدا بێت. ڕەنگە خەڵک هەبن لەناو یەکێتی نیشتیمانیدا خۆمیان خۆش نەوێت کەسی (ڕێواز) یان خۆش نەوێت ئەمە ئاساییە، بەڵام وەکو باوەڕ بەڵێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان باوەڕی بەوە هەیە کە ژنێک دەتوانێت پۆستێکی سیادی وەربگرێت بۆیە ئێمەی لەو شوێنەدا داناوە بۆیە من لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆم هەردووکمان کە کاندیدبووین هەردووکمان ژن بووین کەواتە یەکێتی باوەڕی بەوە هەیە. "

هەروەها وتیشی " پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبەسیاسیەکان پەیوەندیەکی باش و تەندروستە، وە کەی پێویست بێت دەتوانم قسەیان لەگەڵ بکەم و ڕاوێژیان لەگەڵ بکەم لە گەورەترین حیزبی کوردستانەوە بۆ ئەو حیزبانەشی کە لەناو پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان نییە واتە هیچ جۆرە کێشەیەکم لەگەڵ نییە واتە ژن بوون نەبۆتە ڕێگر لەوەی کە پەیوەندیەکی تەندروستمان هەبێت لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان و لەگەڵ دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان."

"" تێکچوونی پەیوەندی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەکان و بە دیاریکراوەیی هەندێک هەڵچوون و داچوون کە لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە لە ئێمە گەورەترە "

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وتی" خۆی ئەسڵ ئەوەیە کە ئێمە دەبێت ڕۆڵەکەمان ڕۆڵێکی کاریگەربێت لەو بوارەدا ئێمە سەرەتاکانی کە سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وەرگرت وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەوڵێکی چڕوپڕمان دا سەردانی هەموو حیزبە سیاسیەکان و کەسی یەکەمی حیزبە سیاسیەکانمان کرد و ئامانجمان ئەوە بوو یەکەم لەسەر بابەتی دەستور ڕێککەوتنێک واتە سازانێک لەناو هێزە سیاسیەکانی لە پەرلەمان ئامادەییان هەیە دروست بکەین، دووەم ئەوە بوو کە ئیشەکانی لانی کەم پەرلەمان ئەگەر خۆشی نەبێتە چەتری کۆکردنەوەی لایەنە سیاسیەکان نەبێتە هۆکاری زیاتر لێک دورکەوتنەوە و لێکدابڕانی هێزە سیاسیەکان، لە ڕاستیدا ئیشی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە ئەم ئیشە بکات چونکە پەرلەمانی کوردستان شوێنی جیاوازییەکانە خۆی لە بنەڕەتدا پەرلەمانی کوردستان شوێنی خستنەڕووی جیاوازییەکانە، ئێمە هەوڵماندا پێکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت ئەم پەیوەندیانە ئاسایی بکەینەوە بەڵام هەست دەکەم تێکچوونی پەیوەندی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەکان و بە دیاریکراوەیی هەندێک هەڵچوون و داچوون کە لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە لە ئێمە گەورەترە."


ئایا بیرت لەوە نەکردۆتەوە وەک لایەنێکی نێوەندگیر کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە دیاریکراوی پارتی و یەکێتی؟ لە وەڵامدا د. ڕێواز وتی" بیرم لێنەکردۆتەوە چونکە دەزانم سەرکەوتوو نابێت."

ئەی ڕۆڵتان چی بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بۆچی لە پێش ڕێککەوتندا بۆچوونی پەرلەمان لەسەر ڕێککەوتنەکە وەرنەگیرا؟ وەڵامەکەی د. ڕێواز بەم جۆرە بوو" ئەو زانیارییە دەمەوێت ڕاستبکەمەوە لیژنەی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێمە پێمانوایە دەسەڵاتی دانوستان بە دیاریکراوەیی لەسەر مەسەلەی بودجە چونکە ئیلتیزام و ئەرک و مافیش دروست دەکات لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خۆیانە و خۆیان دەچن بۆ دانوستانکردن تەنها سەرۆکی وەفدی دانوستانکار بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە ئێمە کردبوو کە ڕێگە بدەین بە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی سەر بە پەرلەمانی کوردستانە هاوەڵیان بکات لە وەفدی دانوستکاردا، ئێمەش ڕاستەوخۆ ڕازی بووین بۆ ئەوەی هاوەڵیان بێت سەبارەت بەوەی چەندجار هاتوونەتە پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە پێنج جار سەبارەت بە بابەتی دانوستان حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتونەتە پەرلەمانی کوردستان جارێک لە لیژنەی دارایی دووجار لە ناو هۆڵی پەرلەمان هاتوون جارێکی تر هاتوون بۆ لیژنە پێش ئەوەی کە ڕێککەوتن بکەن لە سەرەتای مانگی یەکدا بوو، دوای ئەوەش ڕێککەوتنیان کردووە هاتوون، واتە وەفدی دانوستکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاگادارکردنەوەی پەرلەمان لە بەڕێوەچوونی دانوستان زۆر زۆر ئێمە لێیان ڕازین و سوپاس و ستایشیان دەکەین لەبەر ئەوەی لە هیچ قۆناغێک نەبووە ئێمە داوایان لێبکەین بێنە پەرلەمان و باسی ئەو بابەتە بکەن و نەیەن."

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو" کاک خالد شوانی خۆی دووجار هاتووە کە خۆی وەزیری تایبەتمەندە بەو بوارە، وەزیری هەرێمە بۆ ئەو بوارە، وە کاک قوباد خۆی و کۆی ستافەکە دووجار هاتوون جارێک پێش ڕێککەوتن و جارێک دوای ڕێککەوتن، وە لە هاتنی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و ستافی کابینەکەی بۆ پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە تەوەرەکانی سەرەکی باسیانکرد لە بەردەم پەرلەمانی کوردستاندا تەوەری دانوستان بوو لەبەر ئەوە ئێمە بێ ئاگا نیین لە دانوستانەکان قۆناغ بە قۆناغ بەئاگابووین."

"پەسەندنەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە هەرێم بۆ چەند ساڵێک ئەوپەڕی یاسا شکێنیە"


سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە "کەواتە پێشبینی دەکەیت ئەمساڵ پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم بێتە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان؟ لە وەڵامدا د. ڕێواز فایەق وتی" بۆخۆم پێموایە و ڕۆژی دووشەممەش ئەوەمان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتووە لەبەر ئەوەی شەش حەوت ساڵە پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندنەکراوە کە ئەمە تا ئەوپەڕی نایاساییەو تا ئەوپەڕی یاسا شکێنیە لە هەرێمی کوردستاندا کراوە هەم بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە دەستکەوت و دەبێتە سەرەتایەک بۆئەوەی جارێکی تر حکومەت دەست بە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بکات و لای ئێمەوە گفتوگۆ بکرێت و پەسەند بکرێت چونکە تەنانەت لە خراپترین دۆخی هەرێمی کوردستاندا پرۆژە یاسای بودجە هەبووە و پەسەندکراوە ئەگەر شکڵیش بوو بێت."

" ڕێگاکانی نەمانی لێبڕینی مووچە"

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە لە فەرمانبەرانی هەرێم وتی" زیاتر لە ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەمە، ڕێگەیەکیان ئەوەیە کە ئێمە قسەی خۆمان بکەین، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان قسەی خۆیان بکەن لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان قسەی خۆی وتووە بە حکومەت لەو بارەیەوە کە ئێمە پێمان باشە لێبڕینی مووچە لاببرێت و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بێگومان ئەوە لیژنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەو قسەیان کردووە لەگەڵ زیادبوونی داهاتەکان و لەگەڵ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق دەبێت ئەم لێبڕینە نەمێنێت ئەمە ئالیەتێکە."

" حکومەت پێیان وتین یەک وەزارەت ماوە داتاکانیان لێوەربگیرێت پاشان پڕۆژەیاسا دەنێرنە پەرلەمان "

د. ڕێواز وتیشی" ئالیەتێکی تر بۆ نەمانی لێبڕینی مووچە ئەوەیە پرۆژە یاسای بودجە بێتە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە کە ڕۆژی دووشەممە جەختیان لێکردینەوە تەنها یەک وەزارەت ماوە داتاکانیان لێوەربگیرێت و پرۆژە یاسای بودجە دێتە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئێمە ئەو کاتە بەیەکەوە دادەنیشین و گفتوگۆبکەین و موناقەشە بکەین و هەماهەنگی بکەین و دەنگی بۆ کۆبکەینەوە لەسەر ئەوەی کە لێبڕینی مووچە نەمێنێت کە ئەمە دوو ئالیەتە، ئالیەتێکی دانوستانی سازانە لەگەڵ حکومەت، ئالەتێکیان ئەوەیە کە لەناو پرۆژە یاسای بودجە وەکو ئەوەی کە بۆ نموونە لە عێراق هەیە کە نابێت دەست ببرێت بۆ مووچە لەناو پرۆژە یاسای بودجەکەدا دابنرێت، ئێمە چاوەڕێی هاتنی پرۆژە یاسای بودجە دەکەین، وە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی و کوردستان و عێراق دەکەین."

" ئەم کابینەیە ئەگەر دەیەوێت ئیشێکی جیاواز بکات...... "

د. ڕێواز فایەق جەختیکردەوە" ئەم کابینەیە ئەگەر دەیەوێت ئیشێکی جیاواز بکات لە کابینەکەی پێش خۆی ئەسڵ ئەوەیە کە خەرجی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دووتوێی پرۆژە یاسای بودجەدا بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان، وە هەنگاوێکی جیاواز بنێت کە ڕۆژی دووشەممە جەختیانکردەوە کە بەڵێ پڕۆژە یاسای بودجە دەینێرن باوەڕی خۆشم وەهایە ئەگەر تا ئێستا نەیان ناردبێت ئەگەر بینێرن دەبێتە پرۆژە یاسای بودجەی دوو ساڵ چونکە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ئاسان نابێت و بە ئاسانیش لەناو پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت."

"حەزم لە دووفاقی نییە لە ئۆپۆزیسیۆن بومایە قسەی زۆر جیاوازم دەکرد بەڵام لە ئێستادا ئیحترامی تیمی یەکێتی لەناو حکومەتدا ڕێزی بڕیارەکانیان دەگرم "

دەربارەی بۆچوونی خۆی لەسەر لێبڕینی ڕێژەیەک لە مووچەی فەرمانبەران، د. ڕێواز فایەق وتی" من بۆخۆم حەز دەکەم باسی ئەوە بکەم ئێمە هەڵوێستمان چی دەبێت، بۆخۆم حەزم لە دووفاقی هەندێک گوتاری سیاسی نییە کە ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی بۆ هەفتەیەک سوودی هەبێت و دوای هەفتەیەک دەگەڕێینەوە سەر ئەو دۆخەی چوار گۆشەی یەکەم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشێکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە یەکێتیە، دواجار قسەی یەکێتی لە ناو ئەنجوومەنی وەزیراندا سەبارەت بە لێبڕینی مووچە بڕەکەی کەمە یان زۆرە. تیمەکەی یەکێتی لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا دەبێت قسەی خۆی لەو بارەیەوە هەبێت باوەڕی خۆم وایە هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان ئێستا زۆر زۆر لەوە وشیار ترە کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان قسەیەک بکات و گوتارێکی سیاسی بدات جیاوازبێت لە هەڵوێستی تیمی یەکێتی لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و لێی وەربگرێت بۆخۆم حەزم لە دووفاقی نییە لە ئۆپۆزیسیۆن بوومایە قسەی زۆر جیاوازم دەکرد بەڵام لە ئێستادا ئیحترامی تیمی یەکێتی لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێزی بڕیارەکانیان دەگرم و قسەیەکی جیاواز ناکەم ئەگەر بە دڵیش پێمناخۆش بێت، بەڵام ئەرکی سەرۆک پەرلەمانی خۆم بەجێدەگەیەنم ئەگەر هاتوو پڕۆژە یاسای بودجە هات ئەو کاتە لەسەر پرۆژە یاسای بودجە قسەی خۆم دەبێت."

" لێبڕینی مووچە لەم خولە نییە لە خولی پێشوویش هەبوو کەسیش هیچی پێنەکرا و پەرلەمانیش هیچی پێنەکرا بڕەکەشی زۆر زۆر لە ئێستا زیاتر بوو "

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران کە دەڵێن کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەسەر بابەتی گرنگی وەک لێبڕینی مووچە نیە بەڵکو لەسەر بابەتی ترە، دەڵێت" لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە لەم خولە نییە لە خولی پێشوویش هەبوو کەسیش هیچی پێنەکرا و پەرلەمانیش هیچی پێنەکرا بڕەکەشی زۆر زۆر لە ئێستا زیاتربوو لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان تەنها لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە بێویژدانیەکی گەورەیە پەرلەمانتار کە ئەو قسانە دەکات پەرلەمان هیچی پێناکرێت جارێ بە پلەی یەکەم زیانێکی زۆر لە خۆی دەدات چونکە بەشێکە لەو دامەزراوەیە و هەموومان حەزدەکەین لێبڕینی مووچە نەمێنێت، ئەوەی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە ئەوەیە کە وتم هەموو شتێک لە پەرلەماندا بە دەنگدانە، دەنگدانیش بە ژمارەیە ئیتر زۆر لەسەر ئەو بابەتە ناڕۆم بە ڕاستی دەنگدان بە ژمارەیە و ڕوونیشە نەخشەی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستاندا دەرئەنجامی هەڵبژاردن چۆن بووە، ئەوە من نیم کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانم بەو شێوەیەی ئێستا قبوڵ کردبێت ئەوە حەقیقەتێکە."

هەروەها جەختیکردەوە" هیچ بابەتێک نییە گرنگ نەبێت ئێمە بیهێنینە دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ نموونە ئێمە بابەتی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیمان هێنابوویە کۆبوونەوەی پێشوو، پێمان وایە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ بەهێزکردنی ئابوری و بەرهەمهێنی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنیان گرنگە، پێشنیازی یاسای کواڵیتی بەنزین و گازوایل و ئەوانە نەمان هێنابوو دەیان پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووس قسەیان لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەوەی دێتە هەرێمی کوردستان ژەهرە بۆمان گرنگە، پاراستنی ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆمان لە هەرێمی کوردستان هێنایە پەرلەمان پێمان وایە گرنگە، هەموومان دەزانیین تەجاوز لەسەر ئاو دەکرێت لەسەر کارەبا لەسەر ئاوەڕۆ دەکرێت خۆی ئەسڵ ئیشی پەرلەمانی کوردستانە کە ئەم دامەزراوانە بپارێزێت، ئەم ژێرخانە بپارێزێت لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر ئەوەی چی گرنگە و چی گرنگ نییە من جەخت دەکەم خەڵک هەیە بەرنامەی کارەکەی نەخوێندۆتەوە، خەڵک هەیە ئەو پێشنیازە یاسایەی لە بەرنامەی کارەکەدایە نەیخوێندۆتەوە هەر لە خۆیەوە دەڵێت ئەم بابەتە گرنگ نییە."

د. ڕێواز وتیشی" خولی پێشووش کە ئێمە ئەندامی پەرلەمان بووین و پاشەکەوتی مووچە کرا پرۆژە یاسا هەر دەڕۆیشت لە پەرلەمانی کوردستان دواجار کە پەرلەمانتار تەواو دەبێت خەڵک هەڵسەنگاندنی پەرلەمان بەوە دەکات چەند بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا پڕکردۆتەوە چونکە ئەم بابەتی لێبڕینی مووچەیە بە ڕۆژێک کۆتایی دێت خۆ من ناتوانم ئەو کاتە بە خەڵک بڵێم وەڵا کە من سەرۆکی پەرلەمان بووم ئەندامانی پەرلەمان نەیاندەهێشت دانیشتەکانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت ڕێگربوون لەوەی دانیشتن بکرێت، هەرچەندە ئەگەر نەنگیەک بێتە سەر پەرلەمان لەبەرئەوەی نەیتوانیووە هەندێک بۆشاییە یاساییەکان پڕبکاتەوە تەنها بۆ سەرۆکەکەی نییە بۆ ئەو ئەندامانەشە ئەندامی ئەو خولەی پەرلەمانی کوردستان بوون لەبەر ئەوەی ئێمە بڕیارێکی خۆمانداوە لە پاڵ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین لە بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ لە هەمان کاتدا پرۆسەی تەشریع زیاتر پەرەپێدەین و گرنگی پێدەدەین و لە کوێدا بۆشایی یاسایی هەبێت ئەو ئیشەی تری خۆشمان دەکەین چونکە بودجە گرنگە، چاودێری گرنگە، وە دەرکردنی یاساش گرنگە ئێمە دواجار ناومان دەسەڵاتی یاسا دانانە لە هەرێمی کوردستان."

بۆچوونی پەرلەمان لەسەر زیندانیکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان، پرۆژە یاسای دەستور؟

بەشی دووەم و کۆتایی ئەم وتووێژە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە سبەینێ هەینی بڵاودەکرێتەوە کە وەڵامی چەند تەوەرێکی گرنگ لەسەر پرۆژە یاسای دەستوری هەرێم - ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێم و بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:22:33 0:00

*سبەینێ تەواوی وتووێژەکە بە فایلی دەنگی بڵاودەکرێتەوە

XS
SM
MD
LG