Accessibility links

نەبەز عەبدولحەمید: ناتوانین بڵێین دۆخه‌که‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ڵام دۆخێکی هه‌ستیاره‌ پێویسته‌ ئاگاداری خۆمان بین


نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید-قایمقامی هه‌ولێر‌

چەندین بڕیاری نوێی سەبارەت بەڕێگریکردن لەتەشەنەسەندنی بڵاوبونەوەی کۆرۆنای نوێ لەهەرێمی کوردستان دەرکران، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر کەهاوکات ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنایە لەهەرێمی کوردستان باس لەهۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە نوێیانە دەکات و دەڵێت ."ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌دراوه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێ بکرێت وه‌کو خۆی چ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ چ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ حکومییه‌کانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا هاوکاربن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ دۆخێکی مه‌ترسیدار ناگه‌ینه‌ ئه‌و دۆخه‌ی که‌ترسمان لێی هه‌یه‌، دەشڵێت" ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەهەولێر لە 11% یە."

" بارودۆخه‌که‌ چه‌ند خراپ بێت ئه‌وه‌نده‌ بڕیاره‌کان توندتر ده‌بێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا قائیمقامی هەولێر وتی" بێگومان ناتوانین بڵێین دۆخه‌که‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ڵام دۆخێکی هه‌ستیاره‌ پێویسته‌ ئاگاداری خۆمان بین، ئاگاداری ده‌وروبه‌رمان بین ڕێکاره‌کانی خۆپارێزی پێویسته‌ جێبه‌جێ بکرێت ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌دراوه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێ بکرێت وه‌کو خۆی چ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ چ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ حکومییه‌کانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا هاوکاربن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ دۆخێکی مه‌ترسیدار ناگه‌یه‌نه‌ ئه‌و دۆخه‌ی که‌ترسمان لێی هه‌یه‌ هیوادارین هاوڵاتیانیش به‌ده‌نگ بانگه‌واز و هۆشداریه‌کانی ئێمه‌وه‌ بێن ئه‌و ڕێکارانه‌ی پێویسته‌ جێبه‌جێی بکه‌ن به‌تایبه‌ت به‌ستنی ماسک و دروستنه‌کردنی قه‌ره‌باڵغی."

نەبەز عەبدولحەمید ئەوەشی وت" هه‌موو بڕیارێک که‌ده‌درێت دوای گوێگرتن له‌ڕاپۆرتی ته‌ندروستیه‌، لایه‌نی ته‌ندروستی واقیعه‌که‌ ڕوونده‌کاته‌وه‌ هه‌موو بڕیاره‌کانیش په‌یوه‌ستن به‌واقیعی ته‌ندروستی ئایا چۆنه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ ئارام بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڕیاره‌کان سوکترن بەڵام بارودۆخه‌که‌ چه‌ند خراپ بێت ئه‌وه‌نده‌ بڕیاره‌کان توندتر ده‌بێت بۆیه‌ له‌سه‌ر کات و ساتی ئه‌وکات ده‌وه‌ستێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ دوو ڕۆژی تر سوک بکرێت و له‌وانه‌شه‌ گران بکرێت."

"ڕێژه‌ی توشبوون بەکۆرۆنا لە 11% یه‌ له‌هه‌ولێر "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ڕێکارەکان وەک دەوترێت لەهەولێر توندترە بەڵام ژمارەی تووشبووان لەپارێزگاکانی تر زیاترە؟ لەوەڵامدا قائیمقامی هەولێر وتی" هەموو ڕێنماییەکان له‌هه‌ولێر جێبه‌جێکراوه‌، به‌یانی ژماره‌ 52 که‌ له‌ 24-10-2020 ده‌رچوو باس له‌سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌سه‌رپێچی ده‌که‌ن و ماسک نابەستن ژیان و ته‌ندروستی هاوڵاتیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ پێویسته‌ ڕێکاره‌کان به‌رامبه‌ریان بگیرێته‌به‌ر و سزابدرێن جێبه‌جێ کراوه‌ هه‌تا ئێستا."

نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەشکرد" بڕیاره‌کان که‌ له‌لیژنه‌ی باڵا ده‌رده‌چن بۆ هه‌موو کوردستانه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌هه‌موو کوردستان جێبه‌جێ بکرێت، من باسی هه‌ولێر ده‌که‌م ئێمه‌ هه‌رده‌م هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و بڕیارانه‌ که‌ده‌رده‌چێت له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌کو خۆی جێبه‌جێی بکه‌ین من ئه‌و زانیاریه‌ش ڕاست بکه‌مه‌وه‌، ده‌توانم بڵێم هه‌ولێر ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌ سه‌یری بکه‌ین له‌زۆربه‌ی زۆری شوێنه‌کان که‌متره‌، سه‌یری ژماره‌ ناکرێت که‌ڕۆژانه‌ ئه‌وه‌نده‌ تۆمارده‌کرێت به‌ڵکو سه‌یری ڕێژه‌که‌ ده‌کرێت، ئێستا ڕێژه‌ی توشبوون بەکۆرۆنا لە 11% یه‌ له‌هه‌ولێر به‌ڵام له‌چه‌ند پارێزگایه‌کی تری کوردستان و شارێکی تر کوردستان ڕێژه‌که‌ زۆر زیاتره‌ له‌و ژماره‌یه‌ به‌ڵام ژماره‌ی پشکنین زۆره‌ له‌هه‌ولێر، ئه‌و پشکنینانه‌ی ڕۆژانه‌ ده‌کرێت ژماره‌ی زۆرتره‌ له‌شوێنه‌کانی تر."

" بارودۆخه‌که‌ له‌بارودۆخێکه‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌بکه‌ین "

دەربارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی قائیمقامی هەولێر وتی" وه‌کو باسمکرد هه‌موو شتێک بۆ کات و ساتی خۆیه‌تی و له‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌ ده‌وه‌ستێت هیوادارین هاوڵاتیان هاوکارمان بن، چه‌ندێک هاوڵاتی هاوکار بێت ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانیین باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌که‌ بکه‌ین هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخه‌که‌ له‌بارودۆخێکه‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌بکه‌ین و هه‌موومان ئاگاداری خۆمان و ده‌وروبه‌ری خۆمان بین و ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی که‌له‌وانه‌یه‌ له‌کاتێکی ئاسایی، ئاسایی بێت به‌ڵام ئێستا کاته‌که‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌کو دانانی پرسه‌ و ئاهه‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو ژن گواستنه‌وه‌ و مه‌ولود خوێندنه‌وه‌ و ئه‌و جۆره‌ گردبوونه‌وانه‌، ئێستا ڕێگه‌پێدراو نییه‌ و باشیش نییه‌ بۆ ته‌ندروستی کۆمه‌ڵگه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ هاوڵاتی هاوکارمان بێت بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موولایه‌ک بتوانین بگه‌ینه‌ بارودۆخێکی باشتر یاخود ئه‌و شه‌پۆله‌ نوێیه‌ تێپه‌ڕێنین وه‌کو ئه‌وه‌ی شه‌پۆلی یه‌که‌ممان تێپه‌ڕاند."

"بڕیار سەبارەت بەشوێنە ئاینییەکان "

دەربارەی ئەگەری بڕیاری داخستنی مزگەوتەکان لەمانگی ڕەمەزاندا؟ نەبەز عەبدولحەمید وتی" ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌رچوون بۆ 10 ی مانگ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌دوای 10ی مانگیش کۆبوونه‌وه‌کانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنای هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌پێی پێویست بڕیاره‌کان ده‌درێن."

"وەزارەتی تەندروستی تاکە لایەنن کەبڕیار دەدەن "

دوێنێ چوارشەممە د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵانی فێرکاری لەشاری سلێمانی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی کۆرۆناوە مەترسی ئەوەی هەیە مناڵ دووچاری کۆمەڵێک نەخۆشی دەکات کەکاریگەرییان چەند بەرامبەر زیاتر هەیە لەکۆرۆنا، دەشڵێت"ئێستا من پێموایه‌ دۆخەکە یه‌ک دوو هه‌فته‌یه‌کی ماوه‌ کاتی ئه‌وه‌ بێت پڕۆسەی خوێندنی بۆ ڕابگیرێت به‌ڵام کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌لێره‌ بڕیار ده‌درێت ئیتر بڕیاری داخستنی خوێندنگاکان زۆر ئاسانه‌ به‌ڵام بڕیاری کردنه‌وه‌که‌یان زۆر قورسه‌، کێشه‌ گه‌وره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌."

بەڵام نەبەز عەبدولحەمید کەهاوکات ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنایە لەهەرێم دەربارەی بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لەهەرێمەکە لەلایەن لیژنەکەیانەوە وتی" ئێمه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیمان هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان ئه‌وان تاکه‌ لایه‌نن که‌ بڕیار ده‌ده‌ن یاخود پێشنیاز ده‌که‌ن، لایه‌نی فه‌رمیشن بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ملاو له‌ولا خه‌ڵک قسه‌ ده‌کات به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تاکه‌ لایه‌نی فه‌رمییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ بۆی هه‌یه‌ پێشنیازی ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ بکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00



XS
SM
MD
LG