Accessibility links

پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەکێتی لە زاری خۆیانەوە باسی گرژی و ئاڵۆزیەکەی ئەمڕۆی نێوانیان دەکەن


ڕۆژی سێشەممە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بە خستنە ڕووی کێشە و گرفتەکانی پارێزگای هەڵەبجە بە مەبەستی چارەسەرکردنیان بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی لە نێو هۆڵی پەرلەمان دروست بوو لەسەر ئەوەی شیرین ئەمین، ئەندای پەرلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان باسی لە سەرکردەیەکی کۆچکردووی یەکێتی نشتیمانی کوردستان کرد و پێی وایە ئەو فڕۆکەوانەی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد لە لایەن جەلال تاڵەبانیەوە ئازادکراوە، بۆیە چەند ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیونی یەکێتی ناڕەزایەتی خۆیان لەمەڕ ئەو قسانەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەربڕی و بەوەش ئاڵوزی لە نێو هۆڵی پەرلەمان دروست بوو.

گوڵستان سەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لەمەڕ ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی نێو هۆڵی پەرلەمان و هەڵویستی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئێمە داوامانکرد ڕەزامەندی بداتە شیرین خان بەردەوام بێت لە دانیشتنەکە و هەستمان کرد ئەوە جۆرێک لە لایەنگیری تێدابوو دەبوایە سەرۆکی پەرلەمان بێ لایەنانە مامەڵە بکات لەگەڵ ڕەوشەکەدا بەڵام بەداخەوە وا نەبوو، ئەگەر وشەیەکی گوتبێت زۆر ئاسایی بوو ئەو وشەیەی پێی ڕاست بکرایا و تەنیا ئەو وشەی لابرابا ئەگەر نا هیچ پێویستی نەدەکرد ئەوان هەستن پەلاماری پەرلەمانتارەکەی ئێمە بدەنو دواتر بەو شێوەیە نائومێد بکەن و وشەکانی لە پرۆتۆکۆڵ بسڕنەوە و دەریشی بکەنە دەرەوە، لە کاتێکدا شیرین خان کچی ئەنفالە و مێردەکەشی شەهیدی ڕۆژنامەنووسە و لە ڕۆژێکدا ئەمەی بەرامبەر کرا کە ڕۆژی شەهیدانی هەڵەبجەیە."

لە لایەکی ترەوە لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" سەرۆکی پەرلەمان خاڵێکی پەیرەوی و ڕێکارێکی پەیرەوی پەرلەمانی گرتووەتەبەر و هیچ سەرپێچیەکی لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان نەکردووە، و سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆران خۆیشی ئەو ڕاستیە دەزانێت کە ئەندامێکی پەرلەمانی فراکسیۆنەکەی کە بە قسەی سەرۆکی فڕاکسیۆنەکەشی نەکرد چونکە بەپێی زانیاریەکانمان پێش وادەی کۆبوونەوەش ئاگادارکرابووە کە ئەم بەڕێزە بە هیچ شێوەیەک تەشهیر بە ڕەمزی گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال نەکات، پەرلەمانتاران ئازادن لەوەی کە بە چ شێوازێک ڕای خۆیان دەردەبڕن بەڵام تا ئەو شوێنەی کە تەشهیر بە یەکێک لە ڕەمز و سەرکردەی گەلەکەمان ناکەن". هەروەها دەشڵێت" کەس هێرشی نەکردووەتە سەر ئەو پەرلەمانتارە بەڵکو وەستێندراوە ئەگەر نا هێرش نەکراوەتە سەر و هەموو ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان لەوێ بوون کەس هێرشی نەکردووە، ئێمە نیەتی هێرشکردنمان نەبووە بەوپەڕی ڕێزەوە ئێمە هەموومان داکوکیمان لە هەڵەبجە کردووە."

جێی باسە ڕۆژی 16ی مانگی سێی هەموو ساڵێک یادی ساڵڕۆژی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بەو هۆیەوە چاڵاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن کە تێیدا بەگشتی باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە دەکرێت کە بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا هێنرا و بووە هۆی گیان لەدەستدان و زامداربوونی خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو شارە.

XS
SM
MD
LG