Accessibility links

عەلی عوسمان: بەغداد ئیعترافێکی تەواوەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە


عەلی عوسمان پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە

ئەمڕۆ 33هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی پارێزگای هەڵەبجەیە، عەلی عوسمان پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە لەموتووێژەدا باس لەچەند پرسێکی تایبەت بەپارێزگای هەڵەبجە دەکات.

"بەدەستێکی زۆر بەهێز لەهەڵەبجە دراوە، دەبێت بەدەستێکی زۆر بەهێزیش ئاوەدانی بۆ بکرێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا عەلی عوسمان سەبارەت بەدۆخی هەڵەبجە وتی" ئەوەی تایبەتە و من حەزدەکەم وەکو پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە بۆتان بدوێم کە چی کراوە بۆ هەڵەبجە؟ چی دەبێت بکرێت بۆ هەڵەبجە، وەکو دەزانرێت بەدەستێکی زۆر بەهێز لەهەڵەبجە دراوە، دەبێت بەدەستێکی زۆر بەهێزیش ئاوەدانی بۆ بکرێت، دەتوانیین بڵێن لەساڵی 2016 وە بۆماوەی پێنج ساڵە کەوتۆتە جموجوڵی بەپارێزگابوونەکەی، وە بەکارهێنانی بەپارێزگا بوونەکەی بەڕاوێژکردن لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوکاتە ڕاوێژمانکرد بۆئەوەی چی بکەین بۆ هەڵەبجە و سێ پڕۆژەی ستراتیژیمان دانا بۆئەوەی بەرەو ئاوەدان بوونەوەیەکی باش بڕوات."

"بەغداد ئیعترافێکی تەواوەتی کردووە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە "

لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە بڕیاری بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە دراوە بەڵام پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە وەڵامی نیگەرانی هەندێکی دایەوە و دەڵێت" هەندێک کەس دەڵێن حساب بۆ هەڵەبجە ناکرێت یان دەڵێن بەغداد تائێستا ئیعترافی پێنەکردووە، بەڵێ بەغداد ئیعترافێکی تەواوەتی کردووە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چونکە ئەگەر ئیعترافی بەغداد نەبێت بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، لەسەردەمی مندا ڕۆیشتوومەتە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەکردنی پلاکی ئۆتۆمبێلم هێناوەتەوە لەگەڵ خۆمدا کە نوسراوە عێراق- هەڵەبجە، فەرمانی دروستکردنی پاسپۆرتم هێناوەتەوە کەنوسراوە ڕەزامەندین بەکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی پارێزگای هەڵەبجە، پۆلیسی فیدڕاڵیم هێناوەتەوە ناو هەڵەبجە لەبەرئەوە ئەم فەرمانگە فیدڕاڵیانەی کەسەر بە حکومەتی عێراقین، حکومەتی عێراقی وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ کردوون، حکومەتی هەرێمیش ئەوە کاری خۆیەتی لەپەرلەماندا لەساڵی 1999 ئەوان بڕیاریان لێداوە هەڵەبجە وەکو پارێزگا بێت و وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، وە هەر کاربەدەستێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەشێوازێک لە شێوازەکان ئەگەر مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە نەکات ئەوە دەچێتە بابی شەخسیەوە ئەگەرنا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ هەڵەبجەدا کردووه."

‌ هەروەها وتیشی " خۆشبەختانەش دەتوانم بڵێم ئەگەر ئەم قەیرانی دارایی و ئەم ئاڵۆزیە سیاسیانەی هەندێکجار کەدێن نەبووایە زۆر شتی هەڵەبجە بەرەو پێشتر دەڕۆیشت لەوەی کە ئێستا هەیه. "

"چارەنوسی نەخۆشخانەکەی هەڵەبجە تایبەت بەبریندارانی کیمیابارانەکە "

پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە بۆچی تائێستا ئەو نەخۆشخانەیەی کە بڕیاربوو بۆ قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەشارەکە بکرێتەوە بەڵام هێشتا نەکراوەتەوە؟ دەڵێت " لەسەردەمی من ویسترا ئەو نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە بکرێت بەڵام من نەمهێشت، پێشتریش ئاماژەم پێدا تاوەکو ئەو نەخۆشخانەیە بەتەواوەتی تەواو نەکرێت و پێداویستییە تەندروستیەکانی بۆ دابین نەکرێت لەشوێن و ئامێری پشکنیینی پزیشکی و ئەوانە، وە دواتر تاوەکو دکتۆری تایبەتمەند لەئەوروپا بێت یاخود لەئێران بێت کەشارەزای نەخۆشیەکانی چاو و سنگ و پێست نەبێت، ئەمانە نەبێت ڕێگە بەکردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە نەدەین، خۆشبەختانە دوو قۆناغیمان بڕیووە ئێستا هاتوینەتە سەرئەوەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ وەزارەتی شەهیداندا هەتا ئەو نەخۆشخانەیە دکتۆری لەدەرەوە بۆ نەهێنرێت بەبڕوای من ئیکتیفای زاتیمان نییە کە ئەو نەخۆشخانەیە تەنها بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە نییە بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی سەرجەم کوردستانە هیوادارم لەسەردەمی مندا توانیبێتم ئەو دوو قۆناغە ببڕم، لەم قۆناغەدا دکتۆرەکانیان بۆ دابینکردبێت."


ئایا لەهەرێمی کوردستان ناتوانرێت پزیشکی تایبەتمەند بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین بکرێت وەک خۆت دەڵێی تەنها ئەو قۆناغەی ماوە؟ لەوەڵامدا عەلی عوسمان وتی " بۆ نمونە ئێستا وڵاتێکی وەکو ئێران کە چەندەها شوێنی هەیە کیمیاباران کراوە، ئەوانە دەوڵەتن واتە توانیوییانە بۆخۆیان نەخۆشخانەی تایبەتیان هەبێت سەبارەت بەبریندارانی چەکی کیمیایی لەبەرئەوە ئێستاش نەخۆشەکانی ئێمە هەر سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن هەندێکجار بۆچارەسەرکردن لەبەرئەوە هەروڵاتێک کەخۆی بەوشێوازە کیمیاباران کرابێت یاخود پێشینەیەکی ئەوەی هەبێت نەخۆشخانەی تابیەتی دروستکردووە بەڵام بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیووە تاوەکو ئێستا ڕێز لەپزیشکانی خۆمان بگرین، وە سیاسەتی ئەوەمان نەبووە کەپزیشکانی خۆمان بەرەوپێش بەرین و بتوانیین ئیکتیفای زاتی زیاتری نەخۆشخانەکانی خۆمان بکەین بەڵام نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە پێویستی بەکۆمەڵێک دکتۆر هەیە لەو بوارەدا شارەزاییەکی باشیان هەبێت ئیتر چ لەئێرانەوە بێت یاخود لەئەوروپاەوە بێت. "

سەبارەت بەهاوکاری بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە، پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە دەڵێت " لەڕاستیدا هاوکاری کراون لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەتوانایدا بووبێت بۆنموونە کەسوکاری شەهیدان یاخود ناردنەدەرەوەی بریندارەکان ئەوەی کردووە بەڵام وەکو پێویست نەبووە و لەئاستی پێویستدا نەبووە واتە وەکو سەردانکردنێکی یەکجاری بووە وەکو کەسێک بنێردرێت بۆ سەردانی دکتۆر ئەگەرنا ئەو نەخۆشخانەی کیمیابارانە بۆیە دروستکراوە بۆئەوەی کەبتوانرێت بەبەردەوام لەمانگێکدا برینداری چەکی کیمیایی لەمانگێکدا بتوانێت 3-4 جار بێتە ئەوێ، بەداخەوە دەڵێم لەسەرەتادا کۆمپانیایەک ئەو نەخۆشخانەی گرتبووە دەست لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەیتوانی بیخاتە قۆناغی کۆتایی، بەهەوڵی وەزارەتی تەندروستی لەساڵی 2017 و 2018 دا واکرا کە ئەو کۆمپانیایە ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بکات، وە دواتریش ئامێرەکانی بۆ بهێنرێت، لەقۆناغی سێیەم وەکو ئاماژەم پێدا من لەپارێزگای هەڵەبجە نەمام بۆئەوەی بتوانیین گرێبەست لەگەڵ دکتۆرەکاندا بکەین."

"دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی خەمی بخۆن لەگەڵ وەزارەتی شەهیداندا بەڵام بەداخەوە دەتوانم بڵێم کەمتەرخەمیەکی زۆریان نواند "

پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە زیاتر ڕونیکردەوە " بەداخەوە کەرتی تەندروستی لەوڵاتی ئێمە بەڕاستی بەشێوازێک بەڕێوەدەبرێت کە هەر مەسەلەی برینداری چەکی کیمیایی نییە لەهەموو کوردستاندا کەرتی تەندروستی دەتوانم بڵێم لەقەیرانێکی قوڵدایە لەبەرئەوە کۆمەڵێک هۆکار هەیە تاوەکو ئێستا ئێمە لەسەر ئەو سیستەمی بەڕێوەبردنە دەڕۆین ئەمە دەبێت قابیلی چارەسەرکردن بێت، هیوادارین لەچەند ساڵی ئایندەدا وەزارەتی تەندروستی بتوانێت فۆڕمێکی تازەتر پەیڕەوبکات بۆ بەڕێوەبردنی سێکتەری تەندروستی لەهەرێمی کوردستاندا، وە بەداخیشەوە تاوەکو ئێستا ئەگەر لەهەڵەبجە نەخۆشخانەیەکی زۆر پێشکەوتووی ئەو بوارە هەیە، نەخێر نییە ئەو نەخۆشخانەیەی کیمیاباران هەیە دامەزراندنمان بۆ کردووە بەڵام وەکو وتم یەک کەموکورتی ئەو نەخۆشخانەیە تەنها ئەوەیە دەبێت دکتۆر لەدەرەوە بهێنرێت و لێرە بەڕێوەبردنی ئەو نەخۆشخانە بکرێت ئەوکاتە دەتوانیین بڵێن خزمەتێکی باش کراوە. "

ئەی بۆچی گرێبەست ناکرێت بۆ هێنانی پزیشک وەک خۆت دەڵێی تەنها ئەو قۆناغە ماوە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بەبریندارانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەوەڵامدا پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە دەڵێت " ناکرێت لەبەرئەوەی چەندجار پێشنیارکراوە، ئەو بڕیارە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی خەمی بخۆن لەگەڵ وەزارەتی شەهیداندا بەڵام بەداخەوە دەتوانم بڵێم کەمتەرخەمیەکی زۆریان نواند. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:35 0:00


XS
SM
MD
LG