Accessibility links

حسێن یەزدان پەنا: نە هێزمان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەر بردووە و نە هێزیشمان بۆ شەڕی پەکەکە بردووە


حسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانیان بەرەو سیدەکان بردبێت بۆ شەڕی پەکەکە. هەورەها جوڵاندنی هێزەکانیشیان بەرەو سنوری شەنگال ڕەتدەکاتەوە، بەڵام سەبارەت بە ناردنی بەشێک لە هێزەکانی بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکانی گوێر، دەڵێت"خەڵک و سنوری هەرێم، سەرچاوە سروشتیەکانی بکەوێتە بەر هەڕەشە، ئێمە ئامادەین بۆ پاراستنیان."

دەقی وتووێژەکە

* حسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، من دڵشاد ئەنوەرم لە دەنگی ئەمەریکا، دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، هێزەکانی ئێوە پێشتر لە ڕۆژاوای کەرکوک بوون، بەڵام دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر لەوێ نەماون، ئێستا هێزەکانتان لە کوێ یە؟

حسێن یەزدان پەنا: زۆر سوپاس کاک دڵشاد، پارتی ئازادی کوردستان بوون بە سوپایەکی ڕێک و پێک، ئێستا سوپای میللی کوردستانن، هێزەکانی ئێمە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر لە پردێ دامەزران، نەبەردی مێژوویی 20 ی ئۆکتۆبەرمان تۆمار کرد، ئێستا بەشێک لەو هێزانە لە شوێنی خۆیانن لەپردێ، خۆیان بەرامبەر هەر هێزێکی تیرۆرستی هێرشکار بۆ سەر هەرێم ئامادە کردووە، بەشێک لە هێزەکانیشمان لە میحوەرەکانی تری وەکو باشیکن.

* ئاماژەتان بەوەکرد، بوون بە سوپای میللی کوردستان، بەڵام ژمارەی هێزەکانتان کەمترە لە هەزار چەکدار، ئایا بەو ژمارەوە دەتوانن ببن بە هێزی میللی کوردستان؟

حسێن یەزدان پەنا: ناوەڕۆک گرنگە، بونیاتنان گرنگترە، تا ژمارەی هێزەکان، ژمارەی هێزەکانی سوپای میللی زۆر لەهەزار چەکدار زیاترە، بەڵام ئەو هەزار کەسە تەنها لەباشوری کوردستانن. ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێگەیەکی بەهێز و جەماوەرێکی زۆرمان هەیە، گەر توانای مادی و چەک و تەقەمەنی گەورەمان هەبووایە، دەتوانین لە قۆناغی یەکەمدا، ژمارەکە بگەیەنینە 5 هەزار کەس و لەقۆناغی دووەمدا، ژمارەکە بۆ دە هەزار کەس زیاد بکەین.

* باسی ئەوەتکرد، لە ڕووی داراییەوە تواناتان سنوردارە، بەڵام دەوترێت لەڕووی دارایی و دابینکردنی کەرەستە سەربازیەکانەوە، پارتی دیموکرات هاوکارتانە، یاخود بودجەی هێزەکەتان لەسەر هەرێمە؟

حسێن یەزدان پەنا: ئەوە تەنها پڕوپاگەندەیە دژی ئێمە و هەرێم دەکرێت، با ڕوونی بکەمەوە، پێویست دەکات حکومەتی هەرێم پاڵپشتیمان بکات، پێویستە هاوپەیمانان پاڵپشتی دارایی و تەقەمەنی ئێمە بکات، بەڵام بەداخەوە، بەهۆکاری سادە، هاوکاری ئێمە ناکرێت، چونکە هێزەکانی ئێمە هەڵقوڵاوی دوو شەڕی گەورەن، شەڕی داعش، شەڕی مێژوویی پردێ، کاتێک سوپای عێراق و ئێران بەرەو پردێ هاتن، ئێمە یەک لەو هێزانە بووین، ڕۆڵمان لە تێکشکاندنیان هەبوو، بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، بابەتی هاوکاری ئێمە، بەشێکی بۆ دژایەتی هەرێم و بەشەکەی تری بۆ دژایەتی ئێمەیە.

* هاوپەیمانانان بۆ هاوکارتان نابن؟ قسەتان لەگەڵ کردوون؟

حسێن یەزدان پەنا: تازەترین کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتی هاوپەیمانان، ئەو بابەتەمان خستەڕوو، ئەوان دەڵێن: ئێمە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، چەک و تەقەمەنی و هاوکاری دەدەین، لەدەرەوەی ئەوە ناتوانین، پێمانوایە پاساوێکی بەهێز نیە. ئەوان نابێت بیر لەو ڕۆتیناتە بکەنەوە، ئێمە هێزێکین هەم هەرێم ڕۆڵی ئێمەی بینیووە و سوپاسی کردووین، هەم هاوپەیمانانیش خۆیان، دەوڵەت نیە لە نێو هاوپەیمانان سوپاسی ئێمەی نەکردبێ یان سوپاسنامەی بۆ ئێمە نەناردبێت، سەبارەت بەڕۆڵمان لەشەڕی داعشدا، باشە وەختێ ڕۆڵمان هەبووە، چ پێویست دەکات بەشێک بین لە وەزارەتی بیشمەرگە تا چەک و تەقەمەنیمان پێبدەن.

* ئێوە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانین، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری ئێران، لە کۆیەو زرگوێز و ناوچەکانی ترن، بەڵام ئێوە هاوشێوەی پیشمەرگەی هەرێم، لەسنورەکانن، ئەمەش وایکردووە زۆرجار وەکو پاشکۆی پارتی دیموکرات ناوتان بهێنرێت، ڕات چی یە لەسەر ئەمە؟

حسێن یەزدان پەنا: ئەمە هەڵەی گەورەیە، ئێمە خەریکی ئەنجامدانی ئەرکی نەتەوەین، کاتێک مەلا مستەفای بارزانی لە ناوەڕاستی ساڵانی چلەکان ڕۆیشت بۆ کۆماری کوردستان و بووە جەنەراڵ و گەورەترین ڕۆڵی لەپاراستنی ئەو کۆمارە بینی، ئایا بووە پاشکۆ؟ نە، گەر پاشکۆیەتی بریتی بێت لەگیانبازی بۆ پاراستنی نیشتیمانمان، جا لەهەرکوێ بێت و لەهەر پارچەیەک بێت، پاشکۆیەتی جێی شانازیە، کوردستان بەیەک نیشتیمان و کورد بەیەک نەتەوە دەبینین، لەهەرکوێ نیشتیمان پێویستی بە ئێمە بێت، باکمان بەقسە و قسەڵۆک نیە، بەئەرکی خۆمان هەڵدەستین.

* دەوترێت لەکاتی گرژی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا، بەشێک لە هێزەکەی ئێوە براوە بۆ گوێر، بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکان؟

حسێن یەزدان پەنا: ئێمە ئەرکمان هەیە، خاکی هەرێم، سنوری هەرێم، پایتەختی هەرێم، خەڵکی هەرێم، سەرچاوە مادی و سروشتیەکانی، لەهەر کوێ و لەلایەن هەر هێزێکەوە بەر هەڕەشە بکەوێت، ئێمە لەوێین.

* لەکاتی گرژیەکانی شەنگال دا، هەندێک زانیاری بڵاو بوونەوە، گوایە هێزەکانی ئێوە ئامادە کران، تا بەرەو شەنگال ببرێن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی پەکەکە؟

حسێن یەزدان پەنا: ئەوە میدیاکانی ئیتیلاعات ئەوەیان بڵاوکردەوە، تا ناوبانگی ئێمە بشێوێنن، ئێمە ڕووبەڕووی ئەو پڕوپاگەندە ناڕاستانە بووینەتەوە، پێشتر پڕوپاگەندە کرا، گوایە هێزەکانی ئێمە چوونەتە هەولێر بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وتراوە براونەتە سیدەکان بۆ شەڕ لەگەڵ پەکەکە، وتراوە براونەتە شەنگال بۆ ئەوەی جەنابت فەرموت، ئەمانە درۆ و ناراستن، ئەوە پڕوپاگەندەی ئیتیلاعاتی ئێرانن، ئەو کارانە ئەرکی ئێمە نیە و داواشمان لێنەکراوە، نە هەریمیش پێویستی بە ئێمەیە تا ئەو ڕۆڵە بگێڕین.

* نێوانتان لەگەڵ پەکەکە چۆنە و چۆن لێیاندەڕوانن؟

حسێن یەزدان پەنا: ئێمە وەکو پەیوەندی، نێوانمان ئاساییە، بەڵام لە دوو شتی گرنگدا، سنورمان تۆخە لەگەڵ پەکەکە، ئەو سیاسەتەی پەکەکە پیادەی دەکات بۆ دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان و بڕوای بە دەوڵەت ی کوردی نیە، پێیوایە نابێت، ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا بەش بکرێن، ئێمە بەڕاشکاوی دژی ئەو سیاسەتەین.

ئێمە لەوەشدا لەگەڵ پەکەکە نین، هێزەکانی خۆی کۆبکاتەوە بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، یاخود بۆ دژایەتی لایەنێکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم، جا هەر لایەنێک بێت، ئەمە ئەرکی هێزی کوردی پارچەکانی تر نیە، ئێمە نابێت ململانێیی یەکتری بکەین، ئێمە دەبێت بەهەموومانەوە، ئەم خانۆچکەیە بپارێزین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:18 0:00


XS
SM
MD
LG