Accessibility links

قادر نادر: لەسەر کەیسی زیندانی کراوانی بادینان له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید دێته‌ په‌رله‌مان


قادر نادر چالاکوانی کورد لەوڵاتی سوید

قادر نادر چالاکوانی کورد لەوڵاتی سوید کەهاوکات بەرپرسی لقی سویدی ڕێکخراوی حەڤدەی شوباتە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دەڵێت" لەسەر کەیسی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی زیندانی کراوانی بادینان له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید بۆ یه‌كه‌مجار دێته‌ ناو په‌رله‌مانی سوید، دەشڵێت" لەهەوڵی ئەوەداین کاتێک پاپا سەردانی عێراق و کوردستانی کرد لەسەر کەیسی زیندانی کراوانی بادینان ئاگاداری بکەینەوە"

"کەیسی زیندانی کراوانی بادینان دەبرێتە ناو پەرلەمانی سوید"

لەسەرەتای وتوێژەکەدا قادر نادر وتی"دیاره‌ مێژووی ئه‌و دۆسییه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ نییه‌ درێژكراوه‌ی شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌ هه‌مان ئه‌و دۆسییه‌ بووه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری و مافی مرۆڤ، وه‌ دژ به‌ئه‌شكه‌نجه‌دان هه‌ر سێ بوار چونكه‌ هه‌ر ڕێكخراوێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌،وه‌ ئێستاش له‌سه‌ر هێڵین له‌په‌رله‌مانی سوید له‌سه‌ر هێڵین، وه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید بۆ یه‌كه‌مجار دێته‌ ناو په‌رله‌مانی سوید پەرلەمانتار ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری لێده‌كات وه‌یه‌كه‌مجاره‌ وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپی دێت له‌سه‌ر مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان قسه‌ و باس ده‌كرێت."

"لەهەوڵی ئەوەداین کاتێک پاپا سەردانی عێراق و کوردستانی کرد لەسەر کەیسی زیندانی کراوانی بادینان ئاگاداری بکەینەوە"

ئەو چالاکوانە ڕونیکردەوە" له‌سه‌ربابه‌تی ئه‌و پێنج شه‌ش ڕۆژنامه‌نووسه‌ و چالاكوانه‌یه‌ له‌سه‌رمادده‌ی 156 كه‌ وه‌كو مه‌ترسیه‌ك باسكراوه‌ هەروەها له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌هه‌رێمی كوردستان خۆی قوربانی سیسته‌مێكی دیكتاتۆری بوو ئێستا هه‌مان هه‌نگاو ده‌نێت هه‌مان ئه‌و نامه‌یه‌ی ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ من بڵاویشم كرده‌وه‌ له‌ماڵپه‌ری په‌رله‌مان بڵاوبۆته‌وه بیست خولەک په‌خشده‌كرێت له‌میدیای سویدی له‌كه‌ناڵی 24 ی سویدی به‌ دۆكیومێنتیش ده‌كرێت كه‌ ئابڕوچونێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دیاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی بكات."

قادر نادر ئەوەشی وت" ئێمه‌ داوامان له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید كردووه‌ به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ین هەروەها نامه‌ بۆ زۆر شوێن نێردراوه‌ لەئێستاشدا هه‌وڵی گه‌وره‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاپا ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ 7-3 دێته‌ عێراق و كوردستان پاپاش یه‌كێك له‌مینبه‌ره‌ باڵاكانی جیهانه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌."

"هەموو شتەکانمان وەرگێڕاوەتە سەر زمانە بیانیەکان و باسی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی-شی تێدایە وەک ئامڕازێک بۆ دانپێدانان بەزۆر"


سەبارەت بە بۆچونی فەرمی حکومەتی سویدی، چالاکوانە کوردەکە دەڵێت" ئێمه‌ دوامانكردووه‌ له‌گه‌ڵیان دابنیشین هێشتا شته‌كان ته‌واو نه‌بووه‌ ڕۆتینیاتی ئه‌وروپا به‌ڕۆژێك و دوو ناكرێت و كات داده‌نرێت به‌ڵام خه‌تی گشتی هه‌مووی دڵنیام دژی زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانە، میدیای سویدیش پێرێ گه‌وره‌ترین ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی سویدی باسیكرد كه‌ ئه‌وه‌ش شكستێكی دیكه‌یه‌."

قادر نادر ئەوەشی وت" ئه‌وه‌ ڕۆژێكی ڕه‌شه‌ له‌مێژووی هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ خه‌ڵكێكی سیاسی سزا ده‌درێت به‌شه‌ش ساڵ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چات، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ دادوه‌ر و پارێزه‌كان له‌وێبوون له‌وه‌ش گرنگتر باس له‌ئابڕوچوونێكی زۆر گه‌وره‌ كراوه‌ ئێمه‌ ئه‌و شتانه‌ وەردەگێڕین بۆ سەر زمانە بیانیەکان به‌شێكیشمان ته‌رجوومه‌ كردووه‌ كه‌هه‌وڵی ده‌ستدرێژی سێكسی دراوه‌ وه‌كو ئامڕازێك له‌ ئیعتراف پێكردن، ئه‌شكه‌نجه‌ دراون."

"ئەوە کودەتا بوو بەسەر دادگادا "

بەبڕوای قادر نادری چالاکوانی دیاری مافەکانی مرۆڤ لەئەوروپا بڕیاری دادگا بۆ زیندانی کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان کودەتابوو بەسەر دادگادا، لەو ڕوەوە دەڵێت" سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی دادگا ئه‌وه‌ كوده‌تایه‌ به‌سه‌ر دادگا ئێمه‌ به‌هیواین دادوه‌ره‌كان ڕێز له‌پیشه‌كه‌ی خۆیان بگرن وه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی دادوه‌رییه‌ی كه‌ ئه‌و بەیاننامەیەی پێرێ-ی ده‌ركرد، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بزانیین ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌نجوومه‌نێكی ڕۆتینییه‌ كه‌ ئیشه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات مافی نییه‌ موداخه‌له‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ بكات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه‌شی هه‌بێت ده‌بووایه‌ یه‌كه‌م كه‌س به‌ "مه‌سرور بارزانی-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان" بڵێت بڵێ به‌چ سیفه‌تێك دێت تۆمه‌تێك له‌جیاتی دادگا ده‌رده‌بڕێت."

هەروەها وتی" شكستێكی زۆر گه‌وره‌یه‌، وه‌ ده‌شبیننین چ هاوسۆزییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌یه‌ هه‌موو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گرتۆته‌وه‌ هه‌ر حكومه‌تێك ئه‌گه‌ر شعوری هه‌بێت موراجه‌عه‌یه‌كی جددی خۆی ده‌كاته‌وه‌ من دڵنیام گۆڕانكاری ڕووده‌دات له‌كه‌یسه‌كه‌ له‌دادگای پێداچوونەوە."

دەربارەی بۆچونی ئەو لایەن و ناوەند و ڕێکخراوە ئەوروپیانەی وەک چالاکوانەکان لەگەڵیاندا دانیشتوون، قادر نادر وتی" ئێمه‌ ناتوانیین پێش ڕووداو بكه‌وین باله‌گه‌ڵیان دابنیشین و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ قسه‌ بكات ئه‌وكاته‌ تێده‌گه‌ین به‌ڵام به‌رله‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنور ناوی هه‌رێمی كوردستانی له‌و ناوچانه‌ دانابوو كه‌ له‌لیستی ڕه‌شه‌ له‌ڕاپۆتی ساڵی ڕابردووی، واته‌ دوایین ڕاپۆرتی هه‌موو ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ ئیدانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كردوویه‌تی بینیمان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هاته‌ سه‌رخه‌ت بینیمان مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هه‌موو دیداره‌كانیان لێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌."

"وەزیری دەرەوەی سویدیش لەنامەکەیدا دەڵێت پێشتر شێروان شێروانی باسی مەترسیەکانی لەسەر ژیانی بۆ ئێمە کردووە "

ساڵی ڕابردوتر قادر نادر و ژمارەیەک چالاکوانی هاوکاری شێروان شێروانی و چەند کەسێکیان بانگهێشتی سوید کردبوو سەبارەت بەدۆخی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان تا دیدار ئەنجام بدەن لەگەڵ ڕێکخراوە بیانیەکان و ناوەندەکانی وڵاتی سوید.

قادر نادر لەوتوێژەکەدا ئاماژە بەدیدارەکانی ئەوکاتیان دەکات کە شێروان شێروانی ئاگاداری کردونەتەوە سەبارەت بەمەترسی لەسەر ژیان و ئازادییەکانی.

لەو ڕوەوە قادر نادر وتی" من له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رپرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دانیشتم ئه‌و (شێروان شێروانی) تارا حسێن، وتی من به‌مادده‌یه‌ك حوكمدراوم مادده‌ی له‌سێداره‌دانه‌ كه‌زیندانه‌كه‌ی هه‌تا هه‌تاییه‌ هه‌موو چركه‌یه‌كیش ده‌توانن بمگرنه‌وه‌، داواتان لێده‌كه‌م ئاگاتان له‌و كه‌یسه‌ بێت، وه‌ڵامی نامه‌ی پێشووی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌زانیین شێروان هاتووه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌و دۆسییه‌ی باسكردووه‌ واته‌ له‌نامه‌ی فه‌رمی باسكراوه‌، وه‌ له‌نزیكه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ك ئاگاداره‌، وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاش به‌ئێمه‌ی وت، به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق له‌یه‌كێتی ئه‌وروپاش هه‌مان شتیان وت ئێمه‌ ئاگاداربووین و له‌په‌یوه‌ندیدابووین، هەروەها شێروان ئەوەشی به‌ئێمه‌ وت، وتی به‌دواداچوون له‌سه‌رم ده‌كرێت."

"یەکەمجارە حکومەتی هەرێم وەک تورکیا و ئێران لەسەر پێشێلی مافەکانی مرۆڤ ..."

سەبارەت بە کاریگەری بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی سوید بۆ پەرلەمان لەسەر دۆسیەی سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان، قادر نادر دەڵێت" سوید ئه‌ندامێكه‌ له‌ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئەمە یه‌كه‌مجاره‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌كو حكومه‌تی توركیا و حكومه‌تی ئێران له‌سه‌ر پێشێلی مافی مرۆڤ دۆسیه‌كه‌ له‌ناو په‌رله‌مانێك به‌دۆكیومێنت بكرێت وه‌ بیست خولەک له‌میدیای سویدی بڵاوبكرێته‌وه‌، دووه‌م ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ پێشوتر له‌به‌ریتانیا له‌ئه‌نجوومه‌نی لۆرداد باسكراوه‌، وه‌ نامه‌ دراوه‌ته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، ئێمه‌ ئاگامان لێیه‌ له‌ئه‌ڵمانیا و له‌به‌ریتانیایش نوێنه‌ری هه‌رێم پرتستۆكراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ له‌زۆربه‌ی وڵاته‌كان ئه‌و شته‌ كراوه‌."

" ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنور له‌سەر ئەو کەیسە لەنه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سکاڵایان تۆمارکردووە "

لەکۆتایی قسەکانیدا قادر نادر ئەوەشی وت" گرنگه‌ ئه‌وه‌ بڵێم ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنور له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سکاڵایان له‌سەر مه‌سرور بارزانی-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ تۆمار كردووه‌ داوای لێپێچینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌یسه‌ ته‌نها كه‌مێك كاتی ده‌وێت ئه‌و كه‌یسه‌ زۆر بەجیهانی كراوه‌، وه‌ كۆتایی نایه‌ت ئه‌گه‌ر دادگای پێداچونەوە بڕیاری كۆتایی بدات. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:54 0:00


XS
SM
MD
LG