Accessibility links

سیروان بارزانی: هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر بۆ فشارکردنە لەهێزەکانی هاوپەیمانان تا لەهەرێم و عێراق بکشێنەوە


سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری(6)ی هێزەکانی پێشمەرگە

سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە( گوێر و مەخمور) دەربارەی دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گوێر دۆزرایەوە کەڕاگەیەنرا موشەکەکانی ئاڕاستەی هەولێر کرا بەو ئۆتۆمبێلە بووە دەدوێت دەشڵێت"هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر بۆ فشارکردنە لەهێزەکانی هاوپەیمانان تا لەهەرێم و عێراق بکشێنەوە خۆ ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان خوانه‌خواسته‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن عێراق به‌جێ بهێڵن ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ماڵوێرانیه‌كی ته‌واو بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ. "

"ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌زێی گه‌وره‌ په‌ڕیبێته‌وه‌"

لەسەرەتای وتوێژەکەدا بەرپرسی میحوەری شەش (گوێر و مەخمور) سەبارەت بەوەی ڕاگەیەنرا ئەو ئۆتۆمبێلەی موشەکەکانی لێوە ئاڕاستەکرا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەتێکشکاوی لە (گوێر) دۆزراوەتەوە، وتی" هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌زێی گه‌وره‌ په‌ڕیبێته‌وه‌ چونكه‌ ئێستا ئاو زۆر زۆر كه‌مه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ زێی گه‌وره‌ كه‌به‌وێدا ڕه‌تده‌بێت ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ به‌ڵام تائێستا پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ئوتومبێله‌ له‌وبه‌ری زێ دروستكرابێت و له‌وێوه‌ په‌ڕبێته‌وه‌ بۆ ئه‌مبه‌ر، له‌و شوێنانه‌ی كه‌ كه‌سی لێ نییه‌ یاخود خه‌ڵكی ئه‌و دێهاتانه‌ی لێیه‌."

"بۆیه‌ تۆزێك به‌دووری ده‌بینم كه‌ تیرۆریستانی داعش ئه‌مكاره‌یان ئه‌نجامدابێت"

سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد" ئه‌و هێزە چه‌كداره‌ی له‌وبه‌ری گوێرە هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراقین به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌، واته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێن وه‌كو جاران به‌و قورساییه‌ هێزی تیرۆریستانی داعشی لێ بێت، ئه‌م كاره‌ به‌ڕای من كارێكی ئاسان نییه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر تیرۆریستانی داعش ئه‌مكاره‌یان ئه‌نجامدابێت ناكرێت بڵێن له‌وێوه‌ بیپه‌ڕێننه‌وه‌ شوێنی تر هه‌یه‌، ئامانجی گرنگنتر هه‌یه‌ له‌وبه‌ر یان له‌نه‌ینه‌وا ئیشه‌كه‌یان ده‌كرد بۆیه‌ تۆزێك به‌دووری ده‌بینم كه‌ تیرۆریستانی داعش ئه‌مكاره‌یان ئه‌نجامدابێت."

بارزانی ئەوەشی وت" هه‌تا پشتڕاست نه‌كرێته‌وه‌ ناتوانیین بڕیاربده‌ین ئیشی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌ به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ گروپێكی گێره‌شێوێنن، تیرۆریستن كه‌ئه‌مكاره‌ تیرۆریستانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن."

"ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان خوانه‌خواسته‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن عێراق به‌جێ بهێڵن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ماڵوێرانیه‌كی ته‌واو بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان "

بەبڕوای بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە هێرشە موشەکیەکە بۆ سەر هەولێر بۆ فشارکردنە لەهاوپەیمانان تا بکشێنەوە لەو ڕوەوە دەڵێت" به‌ڕای من ئەو هێرشە بۆ ئه‌وه‌یه‌ فشار ده‌كه‌ن له‌هاوپه‌یمانان كه‌لێره‌ (هەرێمی کوردستان) یاخود له‌عێراق نه‌مێنن چونكه‌ ئه‌مه‌ جاری دووه‌مه‌ هه‌ردوو جاره‌كه‌ ئاراسته‌ده‌كرێت زیاتر به‌ره‌و بنكه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان خوانه‌خواسته‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن عێراق به‌جێ بهێڵن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ماڵوێرانیه‌كی ته‌واو بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان، واته‌ ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌خراپتریش به‌رای من وه‌ تیرۆریستانی داعشیش كه‌ ڕۆژ نییه‌ له عێراق هێرشێكی تیرۆریستانه‌ ئه‌نجام نه‌درێت چ به‌رامبه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان یاخود به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و سیڤیل كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بڵاونه‌كرێنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌ وه‌ربگرین ڕۆژانه‌ هێرشی تیرۆریستی هه‌یه‌ له‌عێراق به‌گشتی."

" هه‌ندێك به‌رپرس له‌خۆیانه‌وه‌ قسه‌كه‌یان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زاییان هه‌بێت چونكه‌ مه‌دای موشه‌كه‌كه‌ زۆر ڕوونه‌ "

لەدوای هێرشەکە بەشێک لەبەرپرسان و میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوییان کردەوە کە مووشەکەکان لە قەزای دوبزەوە ئاڕاستەی هەولێر کراوە، بەڵام دوێنێ بڵاوکرایەوە کە لەنزیک ناحیەی گوێری سەر بەپارێزگای هەولێر موشەکەکان ئاڕاستەی هەولێر کراون.

بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە (مەخمور و گوێر) دەڵێت" كه‌ له‌دوبزه‌وه‌ له‌ناحیه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ سه‌یری شوێنه‌كانم كردووه‌ بێگومان هه‌ڵه‌ بوو، هه‌ندێك به‌رپرس له‌خۆیانه‌وه‌ قسه‌كه‌یان كرد وتیان موشەکەکان لە دوبزەوە هاتوون به‌بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زاییان هه‌بێت چونكه‌ مه‌دای موشه‌كه‌كه‌ زۆر ڕوونه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ی كه‌باسیان لێوه‌كرد 60 كیلۆمه‌تره‌ ئه‌مجۆره‌ موشه‌كانه‌ ئامانج ناپێكێت و ناگاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌دوبزه‌وه‌ واته‌ چه‌ند به‌رپرسێك له‌خۆیه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن یاخود چاوه‌ڕێ بكه‌ن بزانن ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان چین بڕیاریاندا و قسه‌یانكرد و وتیان ڕووناكیمان بینیووه‌ به‌ئاسمانه‌وه‌ ئه‌و وه‌خته‌ش تۆزێك شڵه‌ژابوون وتیان هێزی زیاتر هاتۆته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دوبز و ئه‌وانه‌ ئه‌گەرنا خۆی بێ بنه‌مابوو."

"دز حه‌زی له‌بازاڕی شێواوه‌"

سیروان بارزانی ئەوەشی وت کە مووشەک بارانکردنەکەی هەولێر تەنها پەیام نەبوو بۆ هاوپەیمانان بەڵکو پەیام بوو بۆ کورد و سەرکردایەتیەکەی "به‌رای من پەیامەکە بۆ هه‌ردووكیه‌تی (هاوپەیمانان و سەرکردایەتی کورد) چونكه‌ نایانه‌وێت ئه‌م پارچه‌یەی عێراق كه‌هه‌رێمی كوردستانه‌ سه‌قامگیری ته‌واوی هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ ناحه‌ز و گروپه‌ تیرۆریستانه‌ به‌و شێوه‌ كارانه‌یان ده‌یانه‌وێت ئه‌م بارودۆخه‌ تێكبده‌ن بێگومان بۆئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان ئاسانتربێت په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت "دز حه‌زی له‌بازاڕی شێواوه‌" ئینجا ئه‌مه‌ بۆ هه‌ردووكیه‌تی هه‌م بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌م بۆ هاوپه‌یمانانیش كه‌ بڵێن عێراق و به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ به‌جێبهێڵن به‌ڵام ئاراسته‌كه‌ی زیاتر كه‌ده‌وترێت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناوی زیاتره‌ بۆ خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ش و هه‌روه‌ها چونكه‌ بنكه‌كانی هاوپه‌یمانانیش هه‌ر له‌وێن بۆیه‌ په‌یامه‌كه‌ بۆ هه‌ردووكیانه‌."

" خه‌ڵكی عێراقن "

سیروان بارزانی دەربارەی ناسنامەی ئەنجامدەارانی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر دەڵێت " به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌كردوویانه‌ خه‌ڵكی عێراقن هه‌ر لایه‌نێك بێت به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ عێراقین خه‌ڵكێكی بیانی ئه‌مكاره‌ی پێناكرێت و نه‌یكردووه‌ به‌ڵام سه‌ر به‌چ گورپێكن تائه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رنه‌چێت ناتوانیین ئێمه‌ تۆمه‌تی لایه‌نێك بكه‌ین به‌ڵام به‌دڵنییایه‌وه‌ و به‌پشتڕاستی ده‌ڵێم هه‌ركه‌سێك ئه‌نجامی داوه‌ عێراقین سه‌ر به‌چ لایه‌كن و كێ هانیداون ئه‌مه‌ شتێكی تره‌."

"هه‌موو بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ر له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بشێوێنن "

دوای هێرشەکە چەند بەیاننامەیەک بەناوی چەند گروپێکەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە موشەکیەی سەر هەولێر ڕاگەیاند، بەڵام سیروان بارزانی سەبارەت بەو بەیاننامانە دەڵێت" به‌رای من هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ شێواندنی حه‌قیقه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ ده‌كات هیچ جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكات كه‌بڵێت من كردوومه‌ به‌فیعلی، من بڕوا ناكه‌م ئه‌م گروپه‌ تێكده‌رانه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بڵێن كه‌ئێمه‌ كردوومانه‌ چونكه‌ كارێكی تیرۆریستیه‌ و قبوڵكراو نییه‌ چ له‌كوردستان چ له‌عێراق چ له‌هه‌موو جیهانیشدا كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی تیرۆریستیه‌ خه‌ڵكێكی سیڤیل بكرێت به‌ئامانج و به‌موشه‌ك له‌سه‌نته‌ری پایته‌ختێك بدرێت بۆیه‌ ئه‌وه‌ هه‌موو بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ر له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بشێوێنن ئه‌گه‌رنا هیچ بنه‌مای بۆ نییه‌ ئه‌م په‌یامانه‌ی كه‌ ده‌ریانكردووه‌."

"هێزی عێراق به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می له‌ئه‌ستۆیه‌ "

سیروان بارزانی ڕوونیکردەوە" هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ر نییه‌ له‌شوێنه‌كانی تری عێراق تیرۆریستان چ ئێستا و چ پێش ئێستا ئێمه‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار ئاواره‌مان هه‌یه‌ هێشتا وه‌ ڕێگاكان كراوه‌ن،خۆ سنور نییه‌ تابڵێین سنوره‌كانمان داخستبێت وه‌كو هێڵی به‌رگری، خۆ یه‌ك وڵاته‌ شوێنی فه‌راغ هه‌یه‌ بێت و ده‌رباز بێت یاخود له‌شوێنێكدان وه‌كو باسمكرد هێشتا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان، له‌وانه‌یه‌ هه‌ر له‌ڕووباره‌كه‌ په‌ڕبێتنه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و نییه‌ بڵێن ئێمه‌ خه‌تی جه‌بهه‌یمان هه‌بێت ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقدا."

بارزانی بەرپرسیارێتی دزەپێکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە بەموشەکەوە کردە ئەستۆی هێزە عێراقیەکان، لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ خۆی ئه‌گه‌ر هه‌ر خه‌له‌لێك یاخود گروپێكی تیرۆریستی لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ژێر دامودەزگای ئه‌منی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بچێت به‌ره‌و شوێنێكی عێراق و هێرش بكات، ئه‌وه‌ بێگومان ئه‌و وه‌خته‌ هه‌رێمی كوردستان لێی به‌رپرسیاره‌ به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌ئێستا كراوه‌ عێراق لێی به‌رپرسیاره‌، چۆن ده‌بێت ئه‌م هه‌موو گروپانه‌ بێن و بپه‌ڕنه‌وه‌ و ئه‌مجۆره‌ موشه‌كه‌یان ده‌ستكه‌وتبێت، هێزی عێراق به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می له‌ئه‌ستۆیه‌ و له‌سه‌رشانه‌ چونكه‌ وه‌كو وتم ئێمه‌ جه‌بهه‌مان نییه‌ وه‌كو كاتی داعش سه‌رتاسه‌ر هه‌موومان خه‌نده‌ق و پێشمه‌رگه‌مان لێ دانابوو كه‌هیچ كه‌سێك نه‌په‌ڕێته‌وه‌ ئێستا ئێمه‌ یه‌ك وڵاتین و له‌شوێنه‌كان جه‌بهه‌مان نییه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا."

"به‌شێكه‌ له‌شه‌ڕه‌ ئیقلیمیه‌كه‌ "

سیروان بارزانی دەشڵێت" ئاڕاستەکردنی موشەک بۆ هەولێر به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌شه‌ڕه‌ ئیقلیمیه‌كه‌ كه‌ده‌گوزه‌رێت ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نییه‌ له‌وه‌ پارچه‌یه‌كه‌ له‌عێراق به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكه‌ی وه‌كو باسمكرد حه‌زیان له‌سه‌قامگیری نییه‌ و تێكده‌رن پێیان خۆشه‌ عێراق تێك بده‌ن."

"ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان بکشێنەوە بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت و كێشه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستانیش "

بارزانی وتیشی" گواستنەوەی ئەو شەڕە هەرێمیە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانانی دژی تیرۆریستان کەدروستكراوه‌ له‌عێراق و له‌كوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌مان به‌جددی له‌سه‌ر هێڵ بمێننه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی تیرۆریستان سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌ و داعش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق پشتگیری بكه‌ن زه‌حمه‌ته‌ واته‌ ناتوانن شتێكی وابكه‌ن له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت ئه‌وانیش بكشێنه‌وه‌ كه‌ئامانجی ئه‌م تیرۆریستانه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئه‌وكات بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت و كێشه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستانیش."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:43 0:00



XS
SM
MD
LG