Accessibility links

شادی نەوزاد: سەبارەت بەدەستگیرکراوان لەهەرێمی کوردستان هه‌ندێك له‌هه‌وڵه‌كانمان گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی باش هه‌ندێكیشیان ماون


پەرلەمانتاری سەربەخۆ شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان

لەم وتووێژەدا پەرلەمانتاری سەربەخۆ شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان باس لەڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و دەستگیرکراوان دەکات لەهەڕێمی کوردستان.

"هه‌ندێك له‌ هه‌وڵه‌كانمان گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی باش هه‌ندێكیشیان ماون"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا شادی نەوزاد سەبارەت بەکەیسی دەستگیرکراوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی وتی "ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی مافی مرۆڤ زۆر هه‌وڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌و حاڵه‌ته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ده‌ستگیركراون له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و دۆسێیانه‌ بێت كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستمان بده‌نێ وه‌ك لیژنه‌ی مافی مرۆڤ هه‌ندێك له‌ هه‌وڵه‌كانمان گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی باش هه‌ندێكیشیان ماون بگه‌نه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌رئه‌نجامی ته‌واومان به‌ده‌ست بگات وه‌كو لیژنه‌."

سەبارەت بەو ئەنجامانەی بەدەستیان هێناوە لەبەدواداچوون لەچارەنووسی دەستگیرکراوان لەڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی مەدەنی ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ دەڵێت" كه‌ده‌رئه‌نجامێكی "موقنیع" بێت بۆمان، وه‌ "قه‌ناعه‌تمان" پێ بكات ڕه‌وشیان چۆنه‌ ؟ وه‌ كه‌یسه‌كانیان به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟ و چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟ ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی مافی مرۆڤ به‌رپرسین له‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری هه‌ن له‌به‌رده‌ستماندا بۆ نموونه‌ ئایا ئه‌م كه‌یسانه‌ی كه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین، هه‌موو ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌تۆمه‌تبارن یاخود دادگاكان ده‌یسه‌لمێنن كه‌تاوانبارن یاخود نا. ئێمه‌ به‌رپرسین له‌وه‌ی كه‌ بزانیین ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌حاڵه‌تی ده‌ستگیر كردنیان تا حاڵه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان تاكوێ پارێزگاری له‌ مافه‌كانی مرۆڤ كراوه‌، مافه‌كانی ده‌ستگیر كردن و مافه‌كانی تری مرۆڤ كه‌ پابه‌ندن به‌و خاڵانه‌وه‌ تاكوێ جێ به‌جێ كراون، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ئێمه‌ كاتێك ده‌توانیین ڕایبگه‌یه‌نیین كه‌به‌دواداچوونه‌كانمان ته‌واوببن و بگه‌نه‌ ئه‌نجامی خۆیان."

"كه‌م تازۆر پارێزگاری له‌و مه‌بده‌ئه‌ كراوه‌ "


دوێنێ گوڵستان سەعید جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەوتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە زۆرینە و کەمینە لەناو لیژنەکەیان ڕەنگی داوەتەوە بەجۆرێک کاری کردۆتە سەر ئەوەی نەتوانراوە وەک لیژنەکە کار لەسەر دۆسیەی دەستگیرکراوانی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بکرێت."

بەڵام شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەکە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت" ئێمه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاری لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتووین كه‌ كاركردنمان له‌لیژنه‌كه‌ به‌ده‌ربێت له‌ئه‌جیندای سیاسی و به‌ده‌ربێت له‌کۆمه‌ڵێك ئه‌جیندای حیزبی كه‌هه‌ریه‌ك له‌و ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ئه‌ندامن له‌و لیژنه‌یه‌دا جگه‌ له‌من كه‌ سه‌ر به‌حیزبێكی دیاریكراو نیم و سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كه‌م له‌په‌رله‌ماندا، هه‌موو هه‌ڵگری ئه‌جیندای حیزبی دیاریكراوی خۆیانن به‌ڵام بڕیارمانداوه‌ و ڕێكه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌ئه‌جیندا حیزبیه‌كه‌ی كه‌هه‌مانه‌ كار له‌لیژنه‌كه‌دا بكه‌ین و كه‌م تازۆر پارێزگاری له‌و مه‌بده‌ئه‌ كراوه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی لیژنه‌كه‌وه‌."


هەروەها ئەوەشی وت" بێگومان زۆرینه‌وه‌ و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانی ڕه‌نگده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نها كاری لیژنه‌یه‌ك به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌موو كاری په‌رله‌مانی به‌گشتی، ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵێك "موحاسه‌ساته‌" كه‌ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نێكی دیاریكراو پێی گه‌یشتووه‌، ئێمه‌ ناتوانیین نكۆڵی له‌وه‌بكه‌ین كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا كێ زۆرینه‌یه‌ و كێ كه‌مینه‌یه‌؟ بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ش ده‌كات له‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كان به‌گشتی، ئه‌جینداكانیش زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر كاركردنه‌كاندا به‌ڵام ڕێگری نه‌بووه‌ له‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ كه‌یسێكی دیاریكراو بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، به‌ناڕاسته‌وخۆ ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بوو بێت من لێی ئاگادار نیم به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕاسته‌خۆ شتێك هه‌بێت، هیچ شتێكم نه‌بینیووه‌ كه‌به‌ڕاسته‌وخۆ ڕێگری هه‌بێت بۆ به‌دواداچوون له‌كه‌یسێكی دیاریكراو."

"لیژنەکان "

شادی نەوزاد ئاماژەی بەوەکرد چەند لیژنەیەک بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوان لەڕابردوو لەپەرلەمانەوە پێکهێنراوە لەو ڕوەوە وتی" له‌و لیژنانه‌ی كه‌پێكهێنران له‌ناو لیژنه‌كه‌ی خۆمانه‌وه‌ وه‌كو لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، من سه‌ر به‌لیژنه‌ی به‌دواداچوون بووم بۆ ده‌ستگیركراوان و خۆپیشاندانه‌كانی كه‌لار و كفری و گه‌رمیان به‌گشتی، له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌توانم هه‌موو زانیاریه‌كان بده‌م به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی دابه‌شبوونی كاری لیژنه‌كه‌مان له‌به‌دواداچوونی مندا وه‌كو لیژنه‌ی مافی مرۆڤ بۆ گه‌رمیان به‌گشتی، سه‌ردانی هه‌موو بنكه‌كانی گرتن و گواستنه‌وه‌مان كردووه‌، سه‌ردانی ئاسایشمان كردووه‌ له‌هه‌مان كاتدا كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌ له‌گه‌ڵ چالاكوانانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی بوو بۆمان ئه‌و قسانه‌ی كه‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌پۆلیس و ئاسایش و قایمقامیه‌ت و به‌رپرسه‌كانی تری ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچه‌یه‌دا چییان پێڕاگه‌یاندین و چ زانیارییه‌كیان داینێ، هه‌مان زانیاری گوێ بیست بووین له‌لایه‌نی چالاكوانانی مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندنكاره‌كان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كان كه‌به‌شی زۆریان به‌شداربوون ئاگاداری ڕه‌وشه‌كه‌ بوون له‌نزیكه‌وه‌ به‌واتایه‌كی تر ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه‌من به‌دواداچوونم بۆ كردووه‌ له‌لایه‌نی ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ هه‌رچیمان پێ وترا بێت له‌لایه‌نی به‌رامبه‌ریشه‌وه‌ هه‌مان گوفتار وتراوه‌ته‌وه‌ واته‌ دژیه‌ك له‌نێوان قسه‌كاندا نه‌بووه‌."

"ئه‌و كاته‌ی كه‌خۆپیشاندان هه‌بووه‌ ناتوانیین بڵێن پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ نه‌كراوه‌، بەڵام له‌ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانمان ئه‌وه‌مان بۆ یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ كه‌ به‌ئیعاز یان به‌فه‌رمانی لایه‌نێكی دیاریكراو پێشێلكارییه‌كان ڕوویدابێت."

ئەندامەکەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێم دەشڵێت" بێگومان هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین له‌هه‌رێمی كوردستاندا كه‌م تا زۆر پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ هه‌یه‌ پێشێلكاری بەرامبەر مافه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسان هه‌یه‌، ئێمه‌ ناتوانیین خۆمانی لێ لابده‌ین به‌ڵام ده‌توانیین ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت كه‌له‌م چه‌ند ساڵەی ڕابردوودا یان ته‌نها له‌م خۆپیشاندانه‌ی كۆتایش سه‌یر بكه‌ین ڕێژه‌ی پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان كه‌متره‌ له‌ساڵانی ڕابردوو ته‌نانه‌ت من ئه‌و كاته‌ی كه‌به‌دواداچوونم كرد بۆ خۆپیشاندانه‌كانی له‌ناوچه‌ی كفری و كه‌لار و گه‌رمیان، به‌رپرسانی ئاسایش و قایمقامیه‌ت و هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ی تر كه‌په‌یوه‌ندیداربوون بۆ به‌دواداچوونه‌كان سوربوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌هه‌موو لایه‌نێك ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژی مامه‌ڵه‌نه‌كه‌ن نه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران و نه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بكرێت به‌ڵام ئیتر ئاگرێكه‌ و به‌ربووه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌خۆپیشاندان هه‌بووه‌ ناتوانیین بڵێن پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ نه‌كراوه‌، بەڵام له‌ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانمان ئه‌وه‌مان بۆ یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ كه‌ به‌ئیعاز یان به‌فه‌رمانی لایه‌نێكی دیاریكراو پێشێلكارییه‌كان ڕوویدابێت."

" لایه‌نە حكومیه‌كان له‌م خۆپیشاندانه‌ی دواییدا سووربوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌هیچ لایه‌نێك توندوتیژی به‌رامبه‌رنه‌كرێت "


دەربارەی جیاوازی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و بەراورد لەنێوان نۆ کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق، شادی نەوزاد وتی" ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك بكه‌ین له‌نێوان ئه‌م كابینه‌یه‌ و كابینه‌كانی پێشووتر له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ هێشتا ته‌مه‌نێكی كه‌می هه‌یه‌، له‌كۆتایی كابینه‌كه‌دا ئێمه‌ ده‌توانیین ئه‌و به‌راوردكارییه‌ بكه‌ین له‌نێوان ئه‌م كابینه‌یه‌ و كابینه‌كانی پێشووتر تابزانیین ڕێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌م كابینه‌یه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ یاخود كه‌مبۆته‌وه‌."

" به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌رچاومانه‌ و ئه‌و لێدوانانه‌ی كه‌له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌یه‌ و له‌به‌دواداچوونه‌كانیشمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڵێ هه‌موو لایه‌نە حكومیه‌كان له‌م خۆپیشاندانه‌ی دواییدا سووربوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌هیچ لایه‌نێك توندوتیژی به‌رامبه‌رنه‌كرێت، وه‌به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ر و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بدەنه‌وه‌ كه‌تێكه‌ڵ به‌خۆپیشانده‌ران بووبوون بۆ ڕوماڵكردنی ڕه‌وشی خۆپیشاندانه‌كان و به‌ره‌ و پێش چوونی ڕه‌وشی خۆپیشاندانه‌كان نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنكاره‌كان به‌شێك بن له‌خۆپیشانده‌ران چونكه‌ ئه‌مه‌ جیاوازی هه‌یه‌ و دوو خاڵی زۆر جیاوازه‌. هه‌موویان سووربوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئیعازیان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌ ته‌نانه‌ت قائیمقامی هه‌ندێك له‌ شوێنه‌كان به‌رپرسی یه‌كه‌می هه‌ندێك له‌شوێنه‌كان ماڵه‌كانی خۆیان چۆڵ كردبوو تا ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ر چوونه‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان و سوتانیشیان كه‌س ئازاری پێ نه‌گات وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ نه‌بنه‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تێ بكه‌وێت و ئازار به‌كه‌سێك بگات به‌ڵام له‌كۆتایدا هه‌ر بینیمان چه‌ند گه‌نجێكی جوان و تازه‌ پێگه‌یشتوومان گیانی خۆیان به‌ختكرد كه‌ئه‌مه‌ به‌ڕاستی جێی داخه‌. "شادی نەوزاد وایوت"

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:42 0:00


XS
SM
MD
LG