Accessibility links

د.غالب:لەسەر هاوپەیمانی هیوا گۆڕان هیچی به‌ئێمه‌ نه‌وتوه‌ به‌ڵام ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ئیداره‌ی گۆڕان ده‌ده‌ن ده‌ستكراوه‌بن چیان له‌ده‌ست دێت


.غالب محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی گؤران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

د.غالب محەمەد عەلی ئەندامی هاوپەیمانی هیوا کەهەفتەی ڕابردوو لەناو پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنرا لەم وتووێژەدا باس لەڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتیەکە و هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات لەسەر بەشداری کردنی پێنج پەرلەمانتارەکەیان لەو هاوپەیمانێتیە دەکات ."

"پێشووتر ئەم هاوپەیمانێتیە هەبوو "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەبارەت بە پێکهێنانی (هاوپەیمانی هیوا) د.غالب محەمەد وتی" ئێمه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ پێشووتر هه‌مانبوو نزیكه‌ی ساڵێك ده‌بێت گروپێكمان هه‌یه‌ ناومان نابوو گروپی 15 به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ناوه‌كه‌ی گروپ بوو نه‌مانده‌توانی تۆماری بكه‌ین له‌ناو په‌رله‌مان وه‌كو فراكسیۆنێكی ڕه‌سمی له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵماندا ناوه‌كه‌ی بگۆڕین و بیكه‌ین به‌هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی، هاوپه‌یمانی به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراقدا هاوپه‌یمانی پێكهاتووه‌ له‌كۆمه‌ڵێك فراكسیۆن ، فراكسیۆنه‌كان وه‌كو خۆیان ده‌مێنن به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌ش یه‌كده‌گرن و هاوپه‌یمانیه‌ك دروست ده‌كه‌ن."

"ئێمه‌ ساڵ و نیوێك ده‌بێت هیچ ئیلتزامێكمان بەخانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتیەوە نیە "

دەربارەی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەوان وەک پێنج پەرلەمانتاری ئەو بزوتنەوەیە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیەیان کردووە، د.غالب وتی" ئێمه‌ ساڵ و نیوێك ده‌بێت هیچ ئیلتزامێكمان به‌ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و به‌جڤاتی گشتی و نیشتیمانییه‌وه‌ نه‌ماوه‌ هۆكاره‌كه‌شی پێموایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ به‌نوسراوی ڕه‌سمی داوامان له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد بكشێته‌وه‌ له‌حكومه‌ت ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆمان هه‌ڵده‌پسێرین له‌گه‌ڵ شوێنه‌ فه‌رمییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌جڤات و خانه‌ی ڕاپه‌راندن و ئه‌وانه‌یه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئێمه‌ هیچ ئیلتزامێكمان نه‌كردووه‌ به‌ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌هه‌بووه‌ بۆچوونی خۆمان هه‌بووه‌ ئێمه‌ ناوی فراكسیۆنه‌كه‌مان هه‌ڵگرتووه‌ هه‌ر پێنجمان له‌وێن چونكه‌ كه‌سی ترمان نییه‌ بۆچونی جیاوازی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ به‌جێبهێڵین."


د.غالب زیاتر ڕوونیکردەوە" ئێمه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كمان له‌گه‌ڵ جڤات و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندا هه‌ڵپه‌ساندووه‌، واته‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵیاندا نییه‌ وه‌ به‌ نوسراوی ڕه‌سمی ئاڕاستەمانکردوون نوسراوه‌ ڕه‌سمیه‌كه‌شمان له‌ دوو سێ به‌یاننامه‌دا بڵاو كردۆته‌وه‌."

"پشکی شێری هاوپەیمانێتیەکە لەسەر ئێمەیە..ڕه‌ئی خانه‌ی ڕاپەڕاندن و جڤاتیش هیچ گرنگ نییه‌ به‌لامانه‌وه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ده‌ن بۆخۆیانی ده‌ده‌ن "

سەبارەت بەدەنگۆی ئەوەی گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لەبزوتنەوەی گۆڕان کردووە کە ئەو پەرلەمانتارانە پاشگەزبکاتەوە لەو هاوپەیمانێتیە یا هەڵوێستی خۆی هەبێت؟ د.غالب محەمەد وتی" هیچ ئاگامان لێی نییه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ده‌یبیستین هه‌ر له‌ده‌می خه‌ڵك و سۆشیاڵ میدیاوه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر بڕیارێك ده‌ده‌ن بۆخۆیان ده‌یده‌ن چونكه‌ ئێمه‌ تازه‌ په‌یوه‌ست بووین به‌م هاوپه‌یمانییه‌وه‌، و "ئیلتزامی" پێوه‌ ده‌كه‌ین، وه‌ پشكی شێری هاوپه‌یمانیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ پێنج ئه‌ندام په‌رله‌مانیین كه‌ له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ین ، ئێمه‌ نوێنه‌ری ده‌نگده‌ری ناڕازیین له‌ پارێزگای سلێمانی به‌و ده‌نگده‌رانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گوڕانیشه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رگری ته‌واو له‌ مافه‌كانیان ده‌كه‌ین ، وه‌ ڕه‌ئی خانه‌ی ڕاپەڕاندن و جڤاتیش هیچ گرنگ نییه‌ به‌لامانه‌وه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ده‌ن بۆخۆیانی ده‌ده‌ن."

"ئه‌م پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌شێكمان په‌یوه‌ستن به‌حیزبه‌كانی خۆیانه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌، یه‌كگرتووه‌، بڕیاره‌كانیان لای حیزبه‌كانیانه‌، له‌وه‌ده‌چێت ده‌ كه‌سی خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌.
ئێمه‌ش هه‌ر له‌ڕاگه‌یاندنه‌وه‌كانه‌وه‌ بیستوومانه‌ و خه‌ڵك باسی ده‌كات ئه‌گەرنا گۆڕان هیچی به‌ئێمه‌ نه‌وتووه‌ به‌ڵام من جارێكی تر ده‌یڵێم ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ئیداره‌ی گۆڕان ده‌ده‌ن ده‌ستكراوه‌ بن چییان له‌ده‌ست دێت بیكه‌ن به‌ڵام یه‌ك شت هه‌یه‌ ده‌بێت بیزانن كه‌ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری مافی خه‌ڵك نابین، ئێمه‌ خۆمان به‌نوێنه‌ری خه‌ڵك ده‌زانیین. هه‌ركه‌سێك له‌وان ببینه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ده‌نگی نه‌هێناوه‌ واته‌ ئێمه‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانیین."د.غالب محەمەد وای وت"

"ئەم هاوپەیمانێتیە پەیوەست نیە بەهەڵبژاردنەوە"

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی هیوا زیاتر ڕوونیکردەوە" ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ هاوپه‌یمانیه‌كی په‌رله‌مانییه‌ هاوپه‌یمانیه‌كی هه‌ڵبژاردن نییه‌، تۆمارمان نه‌كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ئێمه‌ هاوپه‌یمانی له‌ناو په‌رله‌ماندا دروستمان كردووه‌، واته‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ بۆ كاری په‌رله‌مانه‌ و له‌دوای ئەم خولەی په‌رله‌مان هاوپه‌یمانییه‌كه‌ خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ده‌توانێت بۆخۆی هاوپه‌یمانی تر دروست بكات، ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ تاپه‌رله‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ بین، كۆمه‌ڵێك بنه‌مای هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، گه‌نمی جوتیاران، مادده‌ی 140، له‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڕاستی له‌ 2001 وه‌ تائێستا له‌عێراقدا یه‌كێتی و پارتی خاوه‌نی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نی ده‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون ئێستا له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ ئێستا هاوپه‌یمانیه‌كی تر هه‌یه‌ به‌ناوی كوردستانیه‌وه‌ كه‌خاوه‌نی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان وده‌نگی ئۆپۆزیسیۆنن و ئێمه‌ به‌رگری له‌خه‌ڵك ده‌كه‌ین، وه‌ چیتر پارتی ناتوانێت به‌ناوی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ له‌وێ قسه‌ بكات چونكه‌ هاوپه‌یمانیه‌كی تر هه‌یه‌ له‌ پانزه‌ كه‌س پێكهاتووه‌ و به‌رگری له‌خه‌ڵك ده‌كات."

"یه‌ك ده‌نگی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ بتوانیین به‌شێك له‌نه‌وت ڕادەست بكه‌ین و مووچه‌ی خه‌ڵك بێت"


دەربارەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی هاوپەیمانێتیەکە دەکرێت کە "گوایە یەک دەنگی کورد" تێکدەدەن؟

د.غالب محەمەد وتی" به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ماتماتیكدا (1+1=2)، واته‌ كۆكه‌ره‌وه‌ ئێمه‌ پێنج فراكسیۆنمان كۆكردۆته‌وه‌ به‌چه‌ند براده‌رێكی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ له‌ناو یه‌ك هاوپه‌یمانیه‌تیدا كه‌واته‌ ئێمه‌ ده‌نگی كوردمان كۆكردۆته‌وه‌."

د.غالب محەمەد دەشڵێت" یه‌ك ده‌نگی كورد ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ "هۆشیار زێباری" ببێت به‌وه‌زیری دارایی و دواتر له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌ربكرێت، یه‌ك ده‌نگی كورد ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ 2003 وە لە 20% پۆسته‌كانی عێراق به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌ هه‌مووی گه‌نده‌ڵی تێداده‌كرێت. واته‌ هیچ جیاوازیه‌كیان نه‌بووه‌ له‌وه‌زیره‌ عه‌ره‌به‌كانی تر كه‌حكومیان كردووه‌ یه‌ك ده‌نگی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ بتوانیین به‌شێك له‌نه‌وت ڕادەست بكه‌ین و مووچه‌ی خه‌ڵك بێت، خه‌ڵك پێویستی به‌مووچه‌ هه‌یه‌."


لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەر ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانێتیە پرستان بەحیزبەکەتان کردووە بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانیە؟ د.غالب محەمەد وتی ئێمه‌ پرسمان به‌كه‌س نه‌كردووه‌ ، ئێمه‌ به‌ناوی خۆمانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین ناتوانم به‌ناوی په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م، چونكه‌ وه‌كو باسمكرد ئێمه‌ وەک پەرلەمانتارانی گۆڕان ماوه‌ی ساڵێك ده‌بێت هیچ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سه‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌، وه‌هه‌رچی بڕیارێكمان داوه‌ باش بێت یان خراپ بێت وه‌كو ئه‌و پێنج كه‌سه‌ بڕیارمانداوه‌."

"کار لەسەر ئەوە دەکەین .........."

د.غالب ئەوەشی وت" وەک ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌بڕگه‌یه‌ك بکەینە ناو پڕۆژە یاسای بوودجە ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئیلتیزام نه‌كات و 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ ڕاده‌ست نه‌كات هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌سه‌ربه‌خۆیی تووانی داهاتی فیدڕاڵیه‌كه‌ی ڕاده‌ست بكات مووچه‌ و بودجه‌ی بۆ بێت ئه‌وكاته‌ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كات بابێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕێكبكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌و شوێنه‌ی له‌ژێر ده‌ستی یەکێتیدایە داهاته‌ فیدڕاڵیه‌كه‌ی ڕاده‌ست بكرێت بۆئه‌وه‌ی بودجه‌ی بۆ بێت ئه‌گه‌رنا كه‌واته‌ باكه‌س خۆی نه‌كات به‌خاوه‌نی كورد، كورد خاوه‌نی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، كه‌ هاوڵاتیه‌ك ده‌نگ به‌ من ده‌دات وه‌كو كورد ده‌ڵێت "غالب" بڕۆ شه‌ڕم بۆ بكه‌، بەڵام ئه‌وان ده‌چن له‌وێ خه‌ریكی ڕێكه‌وتنی سیاسین و خه‌ریكی كۆمپانیاكانی خۆیانن و خه‌ریكی ئیش كردنن و خه‌ڵكیش بێ مووچه‌یه‌ ئه‌مه‌ كوردایه‌تی نییه‌ ئه‌مه‌ كوردایه‌تیه‌كی درۆینه‌یه‌".

"ده‌مانه‌وێت كازمیش ببینیین "

د.غالب محەمەد ئاماژەی بەدیداری هاوپەیمانێتیەکەیان دا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق لەو ڕوەوە وتی" ئێمه‌ یه‌كه‌م دیدارمان سه‌رۆك كۆمار نه‌بوو بەڵکو یه‌كه‌م دیدارمان عامری بوو ، شه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عامری دانیشتووین و پێمان ووتون ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هاوپه‌یمانیه‌ك دروست بكه‌ین له‌سه‌ر مووچه‌ و ئه‌و شتانه‌ له‌گه‌ڵیاندا قسه‌مان كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ کۆبونەوەمان لەگەڵ "به‌رهه‌م ساڵح" بووه‌ "به‌رهه‌م ساڵح" ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆك كۆمار مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌، "به‌رهه‌م ساڵح" خۆی مه‌كته‌ب سیاسی یه‌كێتیه‌، فراكسیۆنی هه‌یه‌، فراكسیۆنه‌كه‌ی 20 كه‌سه‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵی بین، واته‌ ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆك كۆمار مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌، وه‌ مه‌وعیدی تریشمان هه‌یه‌ ده‌مانه‌وێت كازمیش ببینیین، وه‌ نوسراوی فەرمیشمان بۆ حه‌لبوسی كردووه‌ پێش ئه‌وه‌ی كه‌" به‌رهه‌م ساڵح" ببینیین وه‌ لایه‌نه‌كانی تریش ده‌بینیین ، كوتله‌كانی تریشمان بینیووه‌ پێش "به‌رهه‌م ساڵح" كه‌ وه‌كو پۆسته‌كه‌ی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌ نه‌ك وه‌كو "به‌رهه‌م ساڵح"، وه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نییه‌ با لای خه‌ڵك ڕوون بێت، من پێم سه‌یره‌ خه‌ڵكی وا هه‌یه‌ نوخبه‌یه‌ ، لێپرسراوی ڕاگه‌یاندنێكی گه‌وره‌ بووه‌ له‌كوردستاندا كه‌چی وا قسه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی پەشیمان کردنەوەی ئەوانی نەداوە؟ د.غالب محەمەد وتی" ئێمه‌ په‌شیمان نابینه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌ڵام به‌ڕاستی ئێمه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ ده‌پارێزین وه‌ گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ یه‌كێك له‌قۆناغه‌كانه‌ كه‌كورد پێی تێپه‌ڕده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌هاوپه‌یمانیه‌كی جیاواز له‌پارتی و یه‌كێتی دروستبووه‌، وه‌ هیوادارم دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش كه‌گه‌ڕاینه‌وه‌ كه‌ئه‌ندام په‌رله‌مانی تر خۆی هه‌ڵبژارد و ده‌رچوو بچن هاوپه‌یمانیه‌كی وا دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی "ته‌فه‌رد" نه‌كرێت به‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتی به‌ته‌نها و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاری بهێنێت، وه‌ خه‌ڵكیش تابێت برسی و به‌دبه‌خت بێت، له‌ 2007 وه‌ تامانگی سێی 2020، یه‌ك ملیار و دووسه‌د و شه‌ست و چوار ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی بیست مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌."

هەروەها وتیشی"له‌ 2020 ته‌نها پێنج مووچه‌ی وه‌رگرتووه‌ له‌ 2019 داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌شت ملیار و نیو دۆلار بووه‌ به‌ڵام سی ملیار هاتۆته‌ ناو خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، پێنج ملیار و نیوی كه‌س نازانێت له‌كوێدا خه‌رج كراوه‌، واته‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری سلبی ده‌بێت، ده‌بێت ده‌نگێكی ناڕازی هه‌بێت و ئیداره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ بدات، نابێت پارتی و یه‌كێتی چیتر وه‌كو خاوه‌نی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن چونكه‌ له‌ماوه‌ی 27 ساڵی حكومڕانیاندا هه‌رێمی كوردستانیان به‌ره‌و خراپی بردووه‌ و به‌ره‌و باشی نه‌بردووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:03 0:00



XS
SM
MD
LG