Accessibility links

ڕێباز حەملان: دەستدەکرێت بەدەستگیرکردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قاچاخچێتی ده‌كه‌ن لەخاڵە سنورییەکان


ڕێباز حەملان -یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان -عیراق

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لەوەدەکات پاش پێکهێنانی بڕیاری هێزێکی هاوبەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ خاڵە سنورییەکان لەمەولا دەستدەکرێت بەدەستگیرکردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قاچاخچێتی ده‌كه‌ن لەخاڵە سنورییەکان لەو ڕوەوە دەڵێت "به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران" جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ده‌بێت یه‌كه‌مجار له‌ ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و ئه‌و گومرگانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ئینجا بچنه‌ باشماخ و په‌روێزخان و خاڵه‌كانی دیكه‌، وه‌ ئه‌و هێزه‌ هێزێكی هاوبه‌شه‌و به‌ده‌سه‌ڵاته‌ و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قاچاخچێتی ده‌كه‌ن و كه‌ كاری نایاسایی و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سنوره‌كان ڕێیان لێده‌گیرێت و ، كێ-ش به‌رده‌ست بكه‌وێت ده‌گیرێت، دەشڵێت"ئەوانەی ڕاستەوخۆ قاچاخچێتی دەکەن کەسانی گەورە لەپشتیانن، سەبارەت بەچارەنووسی مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕێژەی لێبڕین لەمووچەکانیان، ڕێباز حەملان وتی" لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزارەتی پلاندانان و دارایی سەبارەت بە چارەنووسی مووچە نەدراوەکان ."

"ساڵێكی باشتر ده‌بێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی کرد بە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ساڵی (2021)، لەو ڕووەوە وتی" پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، یه‌كه‌م "ته‌ركیز" كردنه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021 ڕاگه‌یاندووه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و وه‌فده‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی "به‌ڕێز قودباد تاڵه‌بانی" سه‌ردانی به‌غدادی كرد و پێی ڕاگه‌یاندوون كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بده‌ین به‌به‌غداد، وه‌ نیوه‌ی داهاتی گومرگی خاڵه‌ سنوریه‌كانیش بده‌ین به‌به‌غداد به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان."

هەروەها ئەوەشی وت" "به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران" و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی پلان دانانی ڕاسپاردووه‌ كه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابنێن بۆ ساڵی 2021 به‌پێی ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش "ته‌ركیز"كردنێكی ته‌واوی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌سه‌ر دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌و بودجەیەی كه‌ له‌به‌رده‌ستی هه‌رێمی كوردستاندایه‌، ئینجا ئایا له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكبكه‌وین به‌شێوازێك ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غداد پاره‌ نه‌نێرێت به‌شێوازێكی دیكه‌ ده‌بێت."

"حکومەتی عیراقی خۆی داوای لە 50% داهاته‌كه‌ی كردووه‌"

ڕێباز حەملان ڕوونیکردەوە" به‌غداد خۆی داوای نیوه‌ی داهاتەکە ده‌كات له‌به‌ر یاسای بەڕێوەبردنی دارایی كه‌ له‌غیابی بودجه‌دا حكومه‌تی عێراقی پشت ده‌به‌ستێت بەیاسای بەڕێوەبردنی دارایی كه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌رچووه‌، ده‌ڵێت هه‌موو پارێزگایه‌ك بۆی هه‌یه‌ 50% ئه‌و داهاته‌ی خۆی كه‌په‌یدای ده‌كات له‌باج و له‌ ڕسوماتی وه‌زاره‌ته‌كان و گومرگ خۆی به‌كاری بهێنێته‌وه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری یاخود بۆ خزمه‌تكردنی پارێزگاكه‌ی خۆی بۆیه‌ ئه‌وه‌ یاسایه‌ خۆ ئێمه‌ دامان نه‌ناوه‌، حكومه‌تی عێراق خۆی داوای لە 50% داهاته‌كه‌ی كردووه‌."

"تەنها لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بوودجە لەگەڵ بەغداد گەیشتوینەتە ڕێککەوتن "

دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عیراق وەک پێشتر (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی" ئامانجی چوونی وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداد له‌سه‌ر دوو خاڵ بوو، خاڵی یه‌كه‌میان ئه‌وان یاسایه‌كیان ده‌ركرد، یاسای قه‌رز بۆسێ مانگ، ئێمه‌ چووین پێمان وتن پابه‌ند ده‌بین به‌یاسای قه‌رزه‌وه‌، وه‌ ئه‌و داواكاریانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین كه‌پابه‌ندبین پێوه‌ی وه‌ نەوت ڕاده‌ست بكه‌ین به‌ڵام ئێوه‌ش شایسته‌كانی خۆمانمان بده‌نێ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان نه‌یان نارد ، خاڵی دووه‌میش له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 بوو كه‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌یان توانرا بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان 12.67% دانراوه‌ له‌وێدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌و ئیلتیزاماتانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمیشه‌ تیایه‌تی، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتووین، ڕێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقه‌، وه‌ ئایا لەپه‌رله‌مان چی به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌."

هەروەها ڕاشیگەیاند" هه‌تا له‌په‌رله‌مانی عێراق ئه‌م بودجه‌یه‌ جێگیرنه‌بێت و ده‌نگی له‌سه‌رنه‌درێت خاڵه‌كان به‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ ئایا بودجه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ر بودجه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رچوو، وه‌ چووه‌ بواری جێ به‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت."

ڕێباز حەملان ڕونیدەکاتەوە" وه‌كو ئاشكرایه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتیان نه‌وته‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو هه‌رێمی كوردستان پشت ده‌به‌ستین به‌و به‌شه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌مانه‌ و ده‌یفرۆشین، خاڵی دووه‌میش پشت ده‌به‌ستین له‌سه‌رگومرگ و باج و داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌نه‌وت هه‌مانه‌ و له‌داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌مانه‌ بودجه‌ی خۆمان جێگیر ده‌كه‌ین، پێم وایه‌ ئه‌مساڵ بە‌شێوه‌یه‌ی ڕێكخستنی داهاته‌كانی خۆمان و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كان و ئه‌و چاكسازیانه‌ی كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌هێشتا له‌ سه‌ره‌تایدایه‌، ساڵێكی باشتر ده‌بێت من ئومێدم زۆره‌ كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ بتوانێت كاری زۆر باشتر بۆ هاونیشتیمانیانی خۆی بكات."

" پێم وایە ده‌توانیین چاكی بكه‌ینه‌وه‌، له‌كاتێكی دیاریكراودا مووچه‌ دابه‌ش بكرێت نه‌ك وەک ئەوەی زۆر دوابكه‌وێت "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی لەڕووی پێدانی مووچەوە پێتان وایە ئەمساڵ جیاواز دەبێت لەساڵی ڕابردوو؟ ڕێباز حەملان وتی" پشت به‌ستنی ئێمه‌ له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆی خۆمانه‌ ئه‌گه‌ر به‌غداد پاره‌مان بۆ نه‌نێرێت، پێم وایە ده‌توانیین چاكی بكه‌ینه‌وه‌ یه‌كه‌م له‌كاتێكی دیاریكراودا مووچه‌ دابه‌ش بكرێت نه‌ك له‌وه‌ی كه‌ زۆر دوابكه‌وێت، هەروەها ڕێكخستنه‌وه‌یه‌تی به‌پێی كاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مووچه‌ خۆرێك بزانێت له‌چه‌ندی مانگدا مووچه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ خاڵێكی زۆر گرنگه‌ كه‌ "ته‌ركیزی بكه‌ینه‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ی تریش ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر بڕی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ست ده‌بێت ، به‌پێی ئه‌وه‌ مووچه‌كه‌ دابین ده‌كه‌ین، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ "جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران" جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ قه‌رزیش بێت بۆئه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌ خۆران دوانه‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌وبه‌شه‌ داهاته‌ی له‌به‌رده‌سته‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ و مووچه‌ی مووچه‌خۆران دابین ده‌كرێت."

"موزایەدەی سیاسی و فشارییە سیاسیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان"

دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی پێشتر باسدەکرا (320) ملیار دینارەکە" کەبەغداد دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان ڕێباز حەملان دەڵێت" پێشتر باسمكرد كه‌خاڵی یه‌كه‌می چوونی وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، به‌غداد نه‌یان نارد به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ده‌كرێت له‌به‌غداد به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ته‌نها سیاسیه‌ و بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانە ده‌نا ئه‌و وه‌فده‌ی هه‌رێمی كوردستان چوو بۆ به‌غداد وتی ئێوه‌ بۆ سێ مانگ قه‌رزتان كردووه‌ به‌پێی یاسای قه‌رز، له‌ناو یاساكه‌شدا باسی هه‌رێمی كوردستانی تێدایه‌ و پابه‌ندبوونی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی تێدایه‌، ئێمه‌ هاتووین پێتان بڵێین ئه‌و ئیلتیزاماتانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ به‌پێی یاسای قه‌رزه‌كه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین، وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریش نوسراوی فه‌رمی بۆ به‌غداد نارد له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانكرد به‌ڕاستی یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكی هه‌ڵبژاردنن و موزایه‌ده‌ی سیاسی نێوان خۆیانه‌، دووه‌م وه‌كو فشارێكی سیاسی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنن ده‌نا هیچ خه‌له‌لێكی دارایی و هونه‌ری له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووی نه‌داوه‌ هه‌تاوه‌كو ئه‌وان ئه‌وه‌مان بۆ نه‌كه‌ن بۆیه‌ ده‌بووایه‌ ئەو بڕە پارەیەیان بناردایه‌."

"ئه‌و فشاره‌ سیاسیه‌ دوو بابه‌ته‌، بابه‌تی یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان (بەغداد) ده‌یانه‌وێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو به‌رن یاخود بچوكی بكه‌نه‌وه‌ یان له‌قاڵبی بده‌ن، خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی كه‌م له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی کوردکە له‌به‌غدادن به‌ڕاستی ڕۆڵێكی خراپ ده‌گێڕن له‌دژایه‌تی كردنی هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانی زیاتر له‌لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك له‌هه‌رێمه‌كه‌ی خۆیان."ڕێباز حەملان وای وت"

" حكومه‌تی عێراقی شه‌ش مانگ مووچه‌ی ساڵی 2020ی لایه‌ كه‌نه‌یناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان"

واتە بەغداد گوێ لەحکومەتی هەرێم و وەفدە فەرمیەکان ناگرێت وەک خۆت دەڵێی گوێ لەچەند پەرلەمانتارێک دەگرێت؟ لەوەڵامدا ڕێباز حەملان وتی" من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر گوێی له‌هه‌رێمی كوردستان بگرتایه‌، ئه‌و وه‌فده‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان چووه‌ به‌غداد به‌سه‌رۆكایه‌تی "به‌ڕێز كاك قوباد تاڵه‌بانی" بووه‌ وه‌كو جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌روه‌ها وه‌كو یه‌كێتی نیشتمانی هه‌روه‌ها وه‌فده‌كه‌ سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی تێدابووه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ وه‌زیری دارایی تێدابووه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌واته‌ سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رێمی كوردستان له‌ناو وه‌فده‌كه‌دا نوێنه‌ریان هه‌بووه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو لایه‌نە سیاسیه‌كه‌ی، وه‌كو لایه‌نی حكومیش وه‌فدێكی باڵا بووه‌ له‌ئاستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیراندابووه‌ ته‌واو ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێبووه‌ كه‌چووه‌ بۆدانوستان، ده‌بووایه‌ گوێیان له‌وان بگرتایه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بگه‌یشتنایه‌ ئه‌نجامێك له‌سه‌ر ئه‌و سێ مانگه‌ی یاسای قه‌رزیش و له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی كه‌حكومه‌تی عێراقی نه‌یناردووە، حكومه‌تی عێراقی شه‌ش مانگ مووچه‌ی ساڵی 2020ی لایه‌ كه‌نه‌یناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان."

"سەرۆک وەزیرانی عیراق دەسەڵاتی هەبوو بەشە بوودجە بۆ هەرێم بنێرێت"

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" من ده‌ڵێم "به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق" ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بوو به‌ده‌ر له‌یاسای قه‌رز چونكه‌ یاسای قه‌رز ته‌نها بۆ مانگی 10و11و 12 بوو، ده‌یتوانی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی پێش ئه‌وه‌ بۆ نموونه‌ ده‌یتوانی مانگی 7و 8و 9 بنێرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌پابه‌ندبێت به‌یاسای قه‌رز ، ده‌سه‌ڵاتی خۆی بوو، خاڵی دووه‌میش كوتله‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی شیعه‌كان فشارێكی زۆریان كرد كه‌ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌نێردرێت و ده‌ستی ئه‌وانی تێدابوو، وه‌به‌ئاشكراش به‌وه‌فدی هه‌رێمی كوردستانیان وتووه‌."

بەڵام لەسەرەتای کاندیدبوونی کازمی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بێ مەرج پشتیوانیان لە سەرۆک وەزیرانی عیراق (کازمی )کرد کەوەک خۆت دەڵێیت ئەو دەیتوانی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت بەڵام نەینارد، لەوەڵامدا ڕێباز حەملان وتی" ئه‌وه‌ بابه‌تێكی سیاسیه‌ من نازانم كه‌ هه‌ڵه‌بوون یان هه‌ڵه‌نه‌بوون به‌ڵام له‌كاتی خۆیدا كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرا، به‌ڕاستی هه‌موو كات لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌هه‌ستانه‌وه‌ و دروستبوونه‌وه‌ی عێراقدا، له‌ساڵی 2003 وه‌ له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بوون له‌هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق و دروستبوونه‌وه‌ی عێراق و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئێستا له‌عێراق باڵا ده‌ستن هه‌مووی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕۆیشتنه‌وه‌ به‌غداد، هه‌مووی له‌هه‌رێمی كوردستان پشتیوانیان ده‌كراو باره‌گایان هه‌بوو، هاوکاری ماددی و مه‌عنه‌وی كراون جێگایان بۆ دابین كراوه‌ بەڵام ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌یان بیرچۆته‌وه‌ كه‌ئه‌وان له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ چوونه‌وه‌ به‌غداد كەئێستا بوونه‌ته‌ باڵاده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدار له‌ به‌غداد."

"بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و مووچە "

ڕێباز حەملان وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە کەهەندێک دەڵێن بۆچی لەئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆری له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جیهان زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكراده‌فرۆشرێت و نرخه‌كه‌ی دیاره‌ و بڕه‌كه‌شی دیاره‌، وه‌ هه‌روه‌ها كۆمپانیای سۆمۆ-ش نوێنه‌ری هه‌یه‌ له‌به‌نده‌ری جیهان و ده‌یبینێت چییه‌ هیچ شتێكی شاراوه‌ له‌مه‌دا نییه‌ خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌نرخی نه‌وت به‌رز و نزم ده‌كات ئه‌مه‌ له‌یه‌ك ڕۆژ دا ناخەمڵێنرێت، ده‌بێت ڕێژه‌كه‌ی و تێكڕای ئه‌وه‌ وه‌ربیگیرێت له‌ كۆتایی مانگدا، ناتوانرێت بوترێت مادام ئه‌مڕۆ نرخه‌كه‌ی به‌رزبۆته‌وه‌، مانای وایه‌ نه‌وته‌كه‌ به‌و نرخه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌له‌یه‌ك ڕۆژدا ته‌قدیر ناكرێت نرخی نه‌وت-یش جێگیر نییه‌ به‌رده‌وام به‌رزو نزمی ده‌كات بۆیه‌ هه‌موو مانگێك كه‌داهاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌رج نییه‌ داهاتی ئه‌و نرخه‌ بێت كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌رچووه‌ به‌ڵكو داهاته‌كه‌ به‌تێكڕایی مانگه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت بۆیه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كی تۆزێك ئاڵۆزه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك شاره‌زا نه‌بێت له‌بواری نه‌وتدا تێناگات كه‌ ئه‌و وورده‌كاریه‌ چۆنه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مووی به‌پێی سیسته‌می ستانده‌ر ئه‌م كارانه‌ ده‌كات، هه‌مووی كۆمپانیای ئه‌جنه‌بی سه‌رپه‌رشتیده‌كات و هه‌روه‌ها كۆمپانیای دیلۆیت وردبینی مانگانه‌ی ده‌كات و هه‌موو سێ مانگ جارێكیش ڕاپۆرت بڵاوده‌كاته‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌ست هه‌موو خه‌ڵك و په‌رله‌مانتارانیش، بۆیه‌ ئه‌و شته‌ به‌و شێوازه‌ نییه‌ كه‌نرخه‌كه‌ی به‌رزبێته‌وه‌ یان نزم بێته‌وه‌هه‌ر لێبڕینی مووچە وه‌كو خۆی دەبێت."

هەروەها ڕاشیگەیاند" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌ڵێت ئێمه‌ لێبڕینه‌كه‌مان خۆ گونجاندنه‌ به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌سته‌، داهاته‌كه‌ش دیاره‌ چه‌ندی هی ناوخۆیه‌ و چه‌ندی هی نه‌وته‌، حاڵێكی تر كه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا مانگانه‌ زیاتر له‌ 200 بۆ 220 ملیۆن دۆلاری نه‌وتی هه‌بووه‌، 200 ملیۆن دۆلاریشی داهاتی ناوخۆ بووه‌ كه‌ به‌مه‌ نه‌توانراوه‌ مووچه‌ دابین بكرێت چونكه‌ مووچه‌ پێویستی به‌ 755 ملیۆن دۆلاره‌ مانگانه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو بدرێت، واته‌ داهاتی حكومه‌ت نه‌وت و ناوخۆیه‌ ئه‌وه‌ش بڕه‌كه‌یه‌تی، بڕی مووچه‌ زۆر زۆر زیاتره‌كه‌ 80% بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بات."

کەداهات بەمجۆرەیە وەک باستکرد ئەی کەواتە بۆ مووچەی فەرمانبەران بە نزیکەی دوو مانگ دابەش دەکرێت؟ لەوەڵامدا ڕێباز حەملان وتی" ئێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ دوو مانگ، گه‌یشتۆته‌ 40-45 ڕۆژ جارێك به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌مساڵ پلانی هه‌یه‌ كه‌ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ ڕێكبخاته‌وه‌ زۆر به‌شێوازێكی باشتر."

" لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزارەتی پلاندانان و دارایی سەبارەت بە چارەنووسی مووچە نەدراوەکان ."

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە سەبارەت بەلێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی مووچە نەدراوەکانی هەرێم لەو ڕووەوە دەڵێت"ئه‌و ورده‌كاریانه‌ لای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابورییه‌ كه‌چۆن ئه‌وه‌ ڕێكده‌خاته‌وه‌ به‌ڵام ئێستا لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای 2021 ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ دراوه‌ به‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و پلان دانان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، واتە له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی پلان دانان دایده‌نێن بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ورده‌كاریانه‌ لای ئه‌وانه‌."

وتیشی" خۆگونجاندنێك دروست ده‌بێت له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌به‌رده‌سته‌ به‌ڵام من دڵنیام كه‌ ئێمه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌موو پابه‌ندبوونه‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن ئه‌وكاته‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا بێت به‌پێی داواكاریه‌كانی ئه‌وان بێت."

"کە دەوترێت نەوتی هەرێم بۆ پەنجا ساڵی داهاتوو نەفرۆشراوە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە "

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەکە دەڵێت"حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی كه‌ هی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌ داکۆکی لێ دەکات و هه‌موو ئه‌وكارانه‌ی كه‌ ده‌یكات له‌پێناوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ فرۆشتنی نه‌وت نییه‌ بۆ 50 ساڵ به‌ڵكو ئه‌مه‌ گرێبه‌ستی بۆرییەکەیە کە نەوتی پێدا دەنێرێدرێت بۆ بەندەری جیھان لە تورکیا‌، كه‌ پێویستی به‌شێوازێكی فه‌رمی هه‌یه‌ كه‌ نه‌وت بفرۆشرێت به‌م بۆریه‌ نه‌وت ده‌فرۆشرێت، ئه‌و گرێبه‌سته‌ بۆ ماوه‌ی 50 ساڵه‌ بۆ ئه‌م بۆریه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌وته‌وه‌ نییه‌، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ 50 ساڵی داهاتوو نه‌فرۆشراوه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كابینه‌ی حه‌وت ئەنجامیداوە، ئه‌م گرێبه‌سته‌ی كه‌ كراوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌م گرێبه‌سته‌ له‌ڕووی سیاسی و له‌ڕووی دارایی و هه‌یمه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زۆر سوودی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، وه‌ نوێنه‌ری هه‌موو پێكهێنه‌رە سه‌ره‌كیه‌كانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ئاگادارن، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا كه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت به‌پێی گرێبه‌ستی نه‌وت ده‌یفرۆشێت لەگەل کۆمپانیا بیانییەکان هیچ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌م ڕێكه‌وتنه‌ 50 ساڵیه‌وه‌."

ڕێباز حەملان ڕەتیکردەوە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی بانگەشە دەکەن ئاگاداری ڕێککەوتنە پەنجا ساڵیەکە نەبن لەو ڕووەوە دەڵێت" نه‌خێر ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كاتێك كه‌ پێكهاتووه‌ نوێنه‌ری هه‌موو حیزبه‌ سیاسیه‌كانی تێدا بووه‌، وه‌ كه‌ واژۆش كراوه‌ نوێنه‌ره‌كانیان ئاماده‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ بوون، بۆ مه‌كته‌بی سیاسیه‌كانیشیان ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چی كراوه‌ و چی نه‌كراوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌."

"لەمەولا خەڵک دەستگیر دەکرێت "

لەبەشێکی دیکەی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا یاریدەدەرەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان (ڕێباز حەملان) سەبارەت بە قاچاخچێتی لەخاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان وتی" له‌مه‌ولا خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كرێت چونكه‌ هێزێكی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری لێدراوه‌ كه‌سه‌ردانی هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌كه‌ن، وه‌ "به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران" جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ده‌بێت یه‌كه‌مجار له‌ ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و ئه‌و گومرگانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ئینجا بچنه‌ باشماخ و په‌روێزخان و خاڵه‌كانی دیكه‌، وه‌ ئه‌و هێزه‌ هێزێكی هاوبه‌شه‌و به‌ده‌سه‌ڵاته‌ و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قاچاخچێتی ده‌كه‌ن و كه‌ كاری نایاسایی و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سنوره‌كان ڕێیان لێده‌گیرێت و ، كێ-ش به‌رده‌ست بكه‌وێت ده‌گیرێت."

"ئەوانەی ڕاستەوخۆ قاچاخچێتی دەکەن کەسانی گەورە لەپشتیانن"

"ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕاسته‌خۆ كاره‌كه‌ (قاچاخچێتی لەخاڵە سنورییەکان) ده‌كه‌ن، كه‌سانی گه‌وره‌ له‌ پشتیانه‌ ورده‌كاریه‌كه‌ی لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ پێكهێنراوه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌بتوانێت ڕێ له‌و كه‌سه‌ باڵاده‌ستانه‌ بگرێت."یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وایوت"

ڕێباز حەملان جەختی لەسەر شێوازی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کردەوە و وتی" به‌ڵێ چونكه‌ داواكاری گشتی ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ركارێكی نایاسایی فه‌رمان بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌ و ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ ده‌ربكات كه‌ به‌پێی یاسا ده‌ستگیربكرێن."

"ئه‌و خاڵه‌ سنوریانه‌ ڕێك بخرێته‌وه‌ بارودۆخی مووچه‌خۆران زۆر باشتر ده‌بێت"

حەملان ئەوەشی وت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و خاڵه‌ سنوریانه‌ ڕێك بخرێته‌وه‌ و خه‌رجی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌باشی ڕێكبخرێته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ نایاسایی مووچه‌ وه‌رده‌گرن ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و له‌ چه‌ندین وه‌زاره‌تی دیكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ مووچه‌كانیان ڕاگیرا و ده‌ستكراوه‌ به‌دۆزینه‌وه‌یان به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كه‌م داهاتی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات، دووه‌م بارودۆخی مووچه‌خۆران زۆر باشتر ده‌بێت، هه‌رچی داهاتێكیش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێدانی مووچه‌ی مووچه‌خۆران به‌كارده‌هێنرێته‌وه‌، هەرچەندە ناتوانم به‌ته‌واوه‌تی ژماره‌یه‌ك بڵێم به‌ڵام به‌ڕاستی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ خه‌زێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

"حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15/1 ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی مووچه‌ "

دەربارەی وادەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم مانگە؟ ڕێباز حەملان وتی"له‌ 15/1 چونكه‌ ساڵی دارایی هه‌یه‌ خۆی له‌ 20/1 ده‌ست پێ ده‌كات تا 20/12 كه‌ حساباتی دارایی داده‌خرێت پێی ده‌ڵێن ساڵی دارایی كه‌ له‌ 20/1 ده‌كرێته‌وه‌ به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15/1 ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی مووچه‌ ، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری لیسته‌كانی ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌."

سەبارەت بەداواکاری لامەرکەزی ئیداری کەباس دەکرێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕێباز حەملان وتی "یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی كابینه‌ی نۆ بریتییه‌ له‌لامه‌ركه‌زیه‌ت، وه‌ ئێستا لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی بۆ پێكهێناوه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی تێدایه‌ كه‌ له‌حكومه‌تدان، سه‌ردانی هه‌ر سێ لایه‌نیش كراوه‌، وه‌ كاری زۆر جددی بۆ كراوه‌ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م ساڵدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌."

هەروەها دەربارەی ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم ڕازی دەبێت بەغداد ڕاستەوخۆ مووچە بداتە فەرمانبەرانی پارێزگایەک یا هەموو هەرێمی کوردستان؟ ڕێباز حەملان ڕایگەیاند " هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمێكی ده‌ستورییه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق ئه‌م هه‌رێمه‌ پێكهاتووه‌ وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بریتییه‌ له‌پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هه‌ولێر، پارێزگای دهۆك، وه‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش ، بۆیه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌موو ئه‌م پارێزگایانه‌ له‌خۆده‌گرێت، وه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق دروست بووه‌ هیچ شتێكی نایاسایی تێدانییه‌ ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داكۆكی له‌مافی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، وه‌ داكۆكی له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌به‌خوێنی شه‌هیدان و قوربانیدانی ئه‌م میلله‌ته‌ دروست بووه‌، هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ئه‌م هه‌رێمه‌ پارچه‌ پارچه‌ بكات یاخود ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌مێنێت مانای وایه‌ دژی ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌ی وه‌ستاوه‌. "

"حكومه‌تی عێراقیش تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ كاتێك باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت ڕاسته‌وخۆ مووچه‌ دابه‌ش بكات به‌سه‌ر مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستان"

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت" ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كه‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین ئینجا له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌وینه‌ ڕێكه‌وتن بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نها بۆ به‌شێكی. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێداگری ده‌كات له‌مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌زاخۆ وه‌ بۆ خانه‌قین، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوری عێراق قه‌واره‌یه‌كی خۆی هه‌یه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عێراق ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامەڵەبكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م مووچه‌یه‌ دابه‌ش بكات، تائێستاش هیچ به‌ڵێنێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ جگه‌ له‌قسه‌ نه‌بووه‌ له‌م بابه‌ته‌، ئه‌مه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك له‌نوێنه‌رانی كورد به‌داخه‌وه‌ ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ دڵنیام نیه‌ته‌كه‌ بۆ مووچه‌خۆران نییه‌ نیه‌ته‌كه‌ بۆ خۆیانە کە به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیان هه‌یه‌، به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سییان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌نه‌ بابه‌تێكی سیاسی و ئه‌ویش به‌كاری ده‌هێنن دژی هه‌رێمی كوردستان و دژی پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گەرنا پێم وانییه‌ له‌پێناو مووچه‌ خۆراندا بێت، حكومه‌تی عێراقیش تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ كاتێك باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت ڕاسته‌وخۆ مووچه‌ دابه‌ش بكات به‌سه‌ر مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ هیچ باسێكی واشی له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم نه‌كردووه‌، وه به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غداد. " و دانوستان بەردەوامە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:33 0:00



XS
SM
MD
LG