Accessibility links

"ئه‌گه‌ر كورد یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز له‌گه‌ڵیدابن ڕه‌نگه‌ بایدن بتوانێت گۆڕانكارییه‌ك بكات بۆ نموونه‌ عێراق ببێته‌ كۆنفیدڕاڵی"


محەمەدی حاجی مەحمود

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی كورد كه‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مریكا پێشبینی ده‌رچوونی جۆ بایدنی كردبوو له‌م وتووێژه‌دا باس له‌هۆكاره‌كانی پێشبینیه‌كه‌ی هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كان له‌ جیهان و كاریگه‌ری ده‌رچوونی بایدن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كورده‌كان ده‌كات له‌ ئیداره‌ی نوێی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا

"پێشبینی ده‌رچوونی بایدن"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌رباره‌ی پێش بینی پێش وه‌خته‌ی بۆ ده‌رچوونی (جۆ بایدن) له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی سه‌رۆكایتی ئه‌مریكا-دا وتی" له‌ڕاستیدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌چوار ساڵی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك كاری كرد ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێك بوو بێت بۆ ئه‌وه‌ی من بتوانم له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ پێشبینی بكه‌م، یه‌كێك له‌وانه‌ كێشه‌كانی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا خۆی بۆ نموونه‌ كوشتنی ڕه‌شپێسته‌كان و جیاوازی كردن چه‌ند ساڵه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵده‌دات مه‌سه‌له‌ی جیاوازی ڕه‌نگه‌كان و ئایینه‌كان و ئه‌مانه‌ نه‌هێڵێت له‌ئه‌مه‌ریكا به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دروستبوو، ڕه‌شپێسته‌كان هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانیان كرد كه‌ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ خاڵێكی گرنگ بێت، خاڵێكی تر مه‌سه‌له‌ی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌سه‌له‌ی بڕینی پاره‌ له‌ته‌ندروستی جیهانی، ئه‌مانه‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا خۆیه‌وه‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌دا مه‌سه‌له‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا زیاتر له‌230 هه‌زاركه‌سی كوشتووه‌ له‌ناو ئه‌مه‌ریكا ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ هۆكاره‌كه‌ی بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و بۆ سه‌رۆك كه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ئه‌مه‌ریكا نۆ ملیۆن تووشبووی كۆرۆنای تێكه‌وتووه‌."

هه‌روه‌ها وتی" له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش، بۆ نموونه‌ (یه‌مه‌ن) ی به‌جێهێشت بۆ حوسیه‌كان سوریای ڕاده‌ستی توركیا و ڕوسیا و ئێران كرد ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ تاڵیبان كۆده‌بێته‌وه‌ ئه‌وان مه‌رجیان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئه‌فغانستان هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌مریكاش گوێی نه‌ده‌گرت له‌ڕاوێژكار و وه‌زیره‌كان و گۆنگرێس."

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی دایه‌وه‌ له‌حاڵه‌تی ده‌رنه‌چوونی پێشبینیه‌كه‌ی بۆ ده‌رچوونی بایدن هه‌ڵوێستی چی ده‌بوو وتی"من خۆم به‌ڕاستی قه‌ناعه‌تم وابوو ڕه‌نگه‌ هه‌موو شته‌كانیش وه‌كو خۆی ده‌رنه‌چێت به‌ڵام من قه‌ناعه‌تم وابوو ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی كه‌من به‌دواداچوونم بۆ كرد له‌چوار ساڵی ڕابردوودا، وه‌ ئه‌زموونیشم هه‌یه‌ به‌مانه‌ هه‌مووی من بڕوام وابوو له‌ 100% بایدن ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ڕه‌نگه‌ كه‌سایه‌تی نێوان بایدن و تڕه‌مپ جیاوازی هه‌بێت به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا من دڵنیا بووم كه‌بایدن ده‌یباته‌وه‌ من دڵنیابووم حیزبی كۆماری نایباته‌وه‌ ئه‌وه‌ هاتۆته‌ دی و كۆتایی هاتووه‌."

" له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، خه‌ریكبوو ئه‌مه‌ریكا وه‌كو كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی لێده‌هات "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌ئه‌مریكا سیسته‌مێك هه‌یه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كه‌سایه‌تیه‌كان بتوانن ڕاڕه‌وه‌كه‌ بگۆڕن و دوای بخه‌ن و پێشی بخه‌ن و به‌لایدابه‌رن، سیسته‌می ئه‌مریكا سیسته‌مێكه سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ وه‌كو یه‌ك ده‌ڕوات، واته‌ هێڵێك هه‌یه‌ كه‌ پاراستنی ئه‌مریكا گرنگه‌ بۆی، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌مریكا خه‌ریكبوو وه‌كو كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی لێده‌هات، بۆ نموونه‌ سندوقه‌كانیان برد و ده‌نگه‌كانیان نه‌ئه‌ژمارد ئه‌مه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا دووره‌، ئه‌مه‌ریكایه‌ك داوای دیموكراتیه‌ت بۆ هه‌موو جیهان بكات و خۆی به‌و شێوه‌یه‌بێت، من خۆم پشتیوانیم له‌بایدن كردووه‌ ڕه‌نگه‌ بایدن هه‌م خۆی هێمن ترو له‌سه‌رخۆتربێت هه‌م حیزبه‌كه‌ی، خۆ حیزبه‌كه‌ی ترامپیش خزمه‌تی كوردی زۆركردووه‌ له‌كاتی ڕووخاندنی سه‌دام كه‌ ئه‌وان كاریگه‌ریان هه‌بووه‌. به‌ڵام بایدن كه‌سێكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوردا هه‌یه‌ كورد ده‌ناسێت و تێكه‌ڵی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان و هاتوچۆی كوردستانی كردووه‌. له‌شه‌ڕی داعش دا هاتووه‌ بۆ كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری كردووه‌ ته‌نات خاوه‌نی پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عێراقه‌."

"بایدن یه‌ك خول سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌بێت "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وه‌ك ده‌وترێت بایدن دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ كورده‌كاندا هه‌یه‌ ئایا پێت وایه‌ دوای سوێندی ده‌ستوری و وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ی وه‌ك جاران ده‌مێنێته‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی" له‌ڕاستیدا هه‌میشه‌ لێپرسراوان له‌ئه‌مه‌ریكا پێش لێپرسراوێتی و دوای لێپرسراوییه‌تیه‌كه‌یان هه‌م داوای دابه‌شكردنی عێراق ده‌كه‌ن هه‌م داوای به‌رگری له‌ كوردیش ده‌كه‌ن به‌ڵام كاتێك لێپرسراویه‌تی وه‌رده‌گرن هه‌ندێك جار ئه‌وه‌ له‌بیرده‌كه‌ن به‌ڵام من پێم وایه‌ بایدن جیاواز بێت له‌وان، بایدن ڕه‌نگه‌ ته‌نها ئه‌م خوله‌ بتوانێت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت من باوه‌ڕ ناكه‌م خولێكی تر بتوانێت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت، یه‌ك خول سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌ن یارمه‌تی نه‌دات من وای بۆ ده‌چم كه‌ ئه‌مه‌ كۆتا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بایدنه‌ كه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌وره‌ بكات له‌ناو ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌و ناوچه‌یه‌ش كه‌ كوردیش یه‌كێكه‌ له‌ نزكترین دۆسته‌كانی بایدن."

"بایدن زۆر تێكه‌ڵ و نزیكی كورده‌ "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وت" بایدن زۆر تێكه‌ڵ و نزیكی كورده‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر كورد یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز له‌گه‌ڵیدابن بایدن بتوانێت گۆڕانكارییه‌ك بكات بۆ نموونه‌ ده‌توانرێت عێراق ببێته‌ كۆنفیدڕاڵی كه‌ كێشه‌كانی نه‌مێنێت، عێراق ئێستا له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وته‌ ئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراقی چه‌ندێكه‌ مووچه‌ی نه‌داوه‌ و داوای قه‌رز ده‌كات، په‌رله‌مان بواری نادات كه‌ زۆر قه‌رز بكات، واته‌ ئێستا عێراق نه‌ماوه‌ وه‌كو عێراق ئه‌وه‌ی كه‌بایدن وتویه‌تی 2007-2008ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌توانێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی عێراق بكات."

"من پێم وایه‌ له‌ شه‌ڕی داعشه‌وه‌ بایدن كورد ده‌ناسێت، وه‌ له‌دروستبوونه‌وه‌ی عێراقیشدا كورد ده‌ناسێت، كورد هێزێكه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، باوه‌ڕی به‌دیموكراتی هه‌یه‌، واته‌ كورد ته‌نها هێزێكه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌دیموكراتی هه‌یه‌ كه‌هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ باوه‌ڕی به‌دیموكراتی نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت هێزێك هه‌بێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دیموكراتی هه‌زم بكات یان باوه‌ڕی به‌دیموكراتی هه‌بێت كه‌ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ته‌نها كورد ده‌توانێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێبه‌جێی بكات، وه‌ بایدن خۆیشی پیاوێكی دیموكراتییه‌، له‌م هه‌موو هه‌رای هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆر به‌نه‌رمی قسه‌ی كرد، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژووی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوووی به‌ڕێوه‌چووه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دیموكراتی به‌هێزتر بێت ته‌نها كورده‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بتوانێت دیموكراتی هه‌زم بكات."محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وای وت"

" كورد ده‌بێت ئه‌و كه‌ره‌سته‌ خاوه‌ی كه‌هه‌یه‌تی پێشتر بتوانێت كۆی بكاته‌وه‌ و بیمه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌م چوارساڵه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بایدندا بیگونجێنێت."

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ڕاشیگه‌یاند" كورد ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ بایدن دا هه‌یه‌تی له‌بواری دبیبلۆماسیدا كورد ده‌بێت زۆر چالاكتربێت له‌جاران له‌بواری دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا ئه‌و كه‌ره‌سته‌ خاوه‌ی كه‌هه‌یه‌تی پێشتر بتوانێت كۆی بكاته‌وه‌ و بیمه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌م چوارساڵه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بایدندا بیگونجێنێت."

" پێم وایه‌ بایدن له‌و چوار ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ده‌كات كه‌ پێشبینی ناكرێت "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌شڵێت: من پێم وایه‌ بایدنیش و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی تریش له‌ئه‌مه‌ریكا زۆربه‌یان له‌سه‌ر بارودۆخی كورد ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵات زۆربه‌یان ناڕازی بوون له‌تیوته‌ری خۆیان قسه‌یان كرد، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بایدن یه‌كێك بوو له‌وانه‌، سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌تی كوردی پێم وایه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌كورد خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ئایا كورد چه‌ندێك ده‌توانێت پێداگری بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ڵام من پێم وایه‌ بایدن له‌و چوار ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ده‌كات كه‌ پێشبینی ناكرێت، پێم وایه‌ پشتیوانی له‌ كورد ده‌كات پشتیوانی له‌گه‌لانی ژێرده‌سته‌ ده‌كات، حیزبه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان ده‌كه‌ن نه‌ك له‌گه‌ڵ میلله‌تان به‌ڵام من پێم وایه‌ بایدن جیاوازه‌ له‌وان."

"گۆڕانكارییه‌كان "

به‌بڕوای محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود دوای هه‌ڵبژاردنی بایدن، گۆڕانكاری به‌گشتی له‌جیهاندا ڕووده‌دات، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی بایدن یان ئه‌مه‌ریكا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت له‌گه‌ڵ ڕوسیا و له‌گه‌ڵ چین به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی ئابوری له‌گه‌ڵ چین- دا بڕوا ناكه‌م به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێت، هه‌روه‌ها ڕه‌نگه‌ ئێران بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 5 +1 ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاو ئێران، وه‌ ڕه‌نگه‌ چاو به‌ مه‌سه‌له‌ی سوریا بخشێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی عێراق و زۆربه‌ی وڵاته‌كانی تر ئه‌مانه‌ من پێم وایه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت بێجگه‌ له‌ناوخۆی ئه‌مریكاش كه‌هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵێك جیاوازی دینی و مه‌زهه‌بی كه‌ له‌م چوار ساڵه‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ نه‌هێڵێت.شتێك دروست بووه‌ له‌نێوان ڕه‌شپێسته‌كان و سپی پێسته‌كان ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ نه‌هێڵێت. وه‌هه‌وڵده‌دات ئابوری خه‌ڵك و ژیانی خه‌ڵك به‌ره‌و باشترببات، هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ئاشتی و هێمن كه‌ره‌وه‌ی پێوه‌ دیاربێت هه‌وڵیش ده‌دات وڵاتانی سه‌رده‌ست و به‌هێز گه‌لانی ژێرده‌سته‌ له‌ناو نه‌به‌ن و نه‌یچه‌وسێننه‌وه‌ وه‌كو ئه‌و چوار ساڵه‌ی كه‌كرا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:14 0:00


XS
SM
MD
LG