Accessibility links

بترۆس: ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌كوردستان ڕۆژ به‌رۆژ به‌ره‌ و خراپتر ده‌ڕوات گه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كرێت دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و مه‌ترسیدارتر ده‌ڕوات


زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان

زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌م وتووێژه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌كاری ده‌سته‌كه‌یان ده‌كات له‌سه‌ر چاره‌نووسی ڕۆژنامه‌نووس(شێروان شێروانی) كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی عیراق بێ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، هه‌روه‌ها باسیش له‌ده‌ستگیركردنی شڤان سه‌عید و چه‌ند چالاكوانێكی مه‌ده‌نی له‌شاری دهۆك له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌كات هه‌روه‌ها ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕینیش به‌خراپتر و مه‌ترسیدار باس ده‌كات.

"به‌پێی یاساكان ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنی شێروان شێروانی و چه‌ند چالاكوانێك له‌شاری دهۆك وتی " ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری ئه‌م بارودۆخه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی شێروان شێروانی، وه‌ ئاگادار بووین و ویستمان بزانیین به‌ چ ڕێكارێكی یاسایی گیراوه‌، ئه‌وه‌ بوو په‌یوه‌ندییان كرد به‌ ده‌سته‌وه‌ به‌ڕاستی وتمان ئێمه‌ پێویستمان به‌سكاڵایه‌كه‌ له‌یه‌كێك له‌كه‌سوكاری بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین ڕێكاری یاسایی خۆمان بگرینه‌به‌ر، ئه‌وه‌بوو پێش سێ ڕۆژ هاوسه‌ره‌كه‌ی هات بۆ ده‌سته‌ و سكاڵای پێشكه‌ش كرد به‌فه‌رمی له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ نوسراوێكی فه‌ریمان كردووه‌ بۆ ئاسایشی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی بزانیین چاره‌نوسی چیه‌ چونكه‌ داواكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌نازانن له‌ كوێیه‌، وه‌ باسی ئه‌وه‌یان كرد كه‌ڕفاندوویانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زانیاریمان كۆكردبۆیه‌وه‌ ، نه‌خێر هێزێكی فه‌رمی له‌ئاسایش و هێزه‌كانی ناوخۆ به‌فه‌رمانی دادوه‌ر چوونه‌ته‌ ماڵیان ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 4:30 ئێواره‌ بووه‌ كه‌گرتوویانه‌ به‌ڵام تائێستا چاوپێكه‌وتنییان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌ به‌پێی یاساكان ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ به‌لایه‌نی زۆری ده‌بێت 72 كاتژمێر كه‌سوكاری یاخود پارێزه‌ریشی هه‌بێت ئه‌مانه‌ یه‌كێكن له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ، بۆیه‌ پێویسته‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاگاداری كه‌سوكاری ئه‌م كه‌سه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ چ شوێنێكه‌ بۆئه‌وه‌ی دڵنیابن ، دووه‌میش ڕێگه‌ بدرێت به‌تایبه‌تی پارێزه‌ره‌كه‌ی له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ چونكه‌ زۆر گرنگه‌ پارێزه‌ری هه‌بێت پێویسته‌ مه‌جالی هاوسه‌ره‌كه‌شی بدرێت بۆ بینینی."

"ئێستا شێروان شێروانی له‌ئاسایشی گشتییه‌ "

زیا بترۆس سه‌باره‌ت به‌دواداچوونی ده‌سته‌كه‌یان له‌سه‌ر كه‌یسی ڕۆژنامه‌نووس شێروان شێروانی، ده‌ڵێت" من په‌یوه‌ندیم كرد به‌چه‌ند لایه‌نێك له‌ئاسایش كه‌ له‌ئاستێكی به‌رزبوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌خۆ و خێرا بزانن بابه‌ته‌كه‌ی چییه‌؟ئه‌وان به‌فه‌رمی وه‌ڵاممان ده‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ زانیم له‌دادگا بڕیاری ڕاگرتنی هه‌بووه‌، وه‌ ئێستا له‌ئاسایشی گشتی هه‌ولێره‌، باسی تۆمه‌ته‌كه‌ی نه‌وت، پاش دوو ڕۆژ دووباره‌ من په‌یوه‌ندیه‌كم كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانم بابه‌ته‌كه‌ی چۆنه‌ و تیمێكی ده‌سته‌ بنێرم و بیبینن ئه‌م كه‌سه‌ (شێروان شێروانی) په‌ڕاوه‌كه‌ی ببینرێت بۆئه‌وه‌ی بزانیین لێكۆڵینه‌وه‌ چۆن كراوه‌ له‌سه‌ری و ئه‌و مادده‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ری گیراوه‌ چ مادده‌یه‌كه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌م زانیاریه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشیكرده‌وه‌" به‌پێی كاره‌كانمان سه‌ره‌تا ده‌بێت ئێمه‌ بزانیین ئه‌م كابرایه‌ (شێروان شێروانی) له‌كوێیه‌ و چۆنه‌ و به‌چی گیراوه‌؟ پاش ئه‌وه‌ تیمی تایبه‌تمان هه‌یه‌ كه‌به‌شی به‌ندیخانه‌ن و به‌شی سكاڵا پێكه‌وه‌ ده‌ڕۆن بۆئه‌وه‌ی بچن بیبینن به‌ڵام هه‌تا ئێستا نه‌ڕۆیشتوون، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی كه‌هه‌مانه‌ له‌ئاسایشی گشتی هه‌ولێره‌."

" مادام له‌ ئاسایشه‌ كه‌واته‌ دیاره‌ دادگا مادده‌یه‌كی بۆ داناوه‌ كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئاسایش "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی، به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌ كاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئاسایش دیاریكراوه‌ له‌و كه‌یسانه‌ی كاری تێداده‌كه‌ن كه‌بریتیه‌ له‌ (تیرۆر، مادده‌ی هۆشبه‌ر، ساخته‌كردنی دراو، وه‌ ڕفاندن) به‌ده‌ر له‌وه‌ كه‌یسه‌كانی تر پۆلیس كاری تێدا ده‌كات، بۆچی له‌كه‌یسی ڕۆژنامه‌نووس (شێروان شێروانی) ئاسایش كاری تێداكردووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ وه‌ك ده‌وترێت له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌كانی ده‌ستگیركراوه‌؟

له‌وه‌ڵامدا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان وتی" ئه‌گه‌ر به‌تۆمه‌تی ئازادی ڕاده‌ربڕین و كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕۆژنامه‌نوسی بێت ئه‌مه‌ مانای وایه‌ ناكرێت له‌ڕێگه‌ی ئاسایشه‌وه‌ بگیرێت، گرتنه‌كه‌ی و مانه‌وه‌ی له‌ئاسایش به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ئاسایشی وڵاته‌وه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێك به‌یاسای ڕۆژنامه‌نووسان و یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ 35ی 2007 بگیرێت. ڕه‌نگه‌ كارێكی كردبێت كه‌ په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ڕۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ كاتێك من زانیاریه‌كی ته‌واوم نه‌بێت ناتوانم بۆ ڕاگه‌یاندنی باس بكه‌م به‌ڵام به‌پێی یاسا، مادام له‌ ئاسایشه‌ كه‌واته‌ دیاره‌ دادگا مادده‌یه‌كی بۆ داناوه‌ كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئاسایش له‌به‌رئه‌وه‌ براوه‌ بۆ ئاسایش به‌ڵام ئێمه‌ هه‌تا كه‌یسه‌كه‌ی نه‌بینیین من ناتوانم به‌ فه‌رمی باسی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌م."

هه‌روه‌ها وتیشی" ئێمه‌ ئێستا له‌بابه‌ته‌كه‌داین و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ین وه‌ هه‌ركاتێك زانیاریمان ده‌ستكه‌وت ده‌یخه‌یته‌ به‌رده‌م ڕاگه‌یاندن بۆ ڕای گشتی."

"منیش هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌م كرد "

تۆ له‌وه‌ڵامه‌كانتدا ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد كه‌ ئێوه‌ش وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ نازانن ڕۆژنامه‌نووس (شێروان شێروانی) له‌سه‌رچی ده‌ستگیركراوه‌، ئایا ئێوه‌ ئه‌و پرسیارتان له‌ئاسایش نه‌كردووه‌ وه‌ك خۆت وتت له‌وێیه‌ كه‌به‌پێی یاسای (بنه‌ماكانی دادبینی) ده‌بێت له‌كاتی ده‌ستگیركردنی هه‌ر كه‌سێكدا نوسراوی فه‌رمی دادگایان پێبێت بۆ كه‌سه‌كه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌ی وه‌ مادده‌ یاساییه‌كه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌واو بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئاڕاسته‌ی كراوه‌ له‌وكاته‌دا؟

وه‌ڵامه‌كه‌ی زیا بترۆس به‌مشێوه‌یه‌ بوو" من هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌م كرده‌وه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی وتم ئه‌وانه‌ی كه‌هاتن ئایا به‌ ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نی بوون یان سه‌ربازی ،وتی سه‌ربازی بوون و جلوبه‌رگی سه‌ربازیان له‌به‌ردابوو ، ئایا كه‌هاتن هیچ فه‌رمانێكیان پێ بوو؟ وتی به‌ڵێ وه‌ره‌قه‌یه‌كیان پێبوو، وه‌ ئێمه‌ بینیمان كه‌ له‌دادگا ده‌رچوو وو، وتی كاته‌كه‌ 4:30 عه‌سر بوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمانی ده‌ستگیر كردن هه‌بێت، داموده‌زگای ئه‌منی ئیتر به‌هه‌ر شێوازێك بێت بۆیان هه‌یه‌ به‌یانی زووی ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌تا كۆتایی مه‌غریب بۆیان هه‌یه‌ بێنه‌ سه‌ر ماڵ بۆ گرتنی ئه‌گه‌ر ئه‌م كابرایه‌ له‌ماڵ بێت."

"دیاره‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتوون بۆ گرتنی نه‌یان وتووه‌ یان هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌یزانیووه‌ و ئه‌و زانیاریه‌ی نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیان بپرسێت كه‌ ئه‌م كاغه‌زه‌ چییه‌و كام دادوه‌ر فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌ركردووه‌ و له‌سه‌ر چ مادده‌یه‌ك ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌و ڕۆشنبیریه‌مان هه‌بێت پێویست بوو هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌یری فه‌رمانه‌كه‌ی بكردایه‌ به‌چ مادده‌یه‌ك و له‌ چ دادگایه‌ك و كام دادوه‌ر واژووی له‌سه‌ركردووه‌."زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ وایوت"

"پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ كرا له‌ زاخۆ و له‌ دهۆك و شوێنه‌كانی تر بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشت "

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌" ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ ڕۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌ و خراپتر ده‌ڕوات هۆكاره‌كانیشی دیارن بارودۆخه‌كه‌ وایلێهاتووه‌ كه‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌یرانی ئابوری و دارایی و سیاسی و ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا پێی تێپه‌ڕده‌بین، وه‌ هه‌روه‌ها بابه‌تی سه‌روه‌ربوونی یاسا و دادگاكان زۆر كێشه‌مان هه‌یه‌، ئه‌م كێشانه‌ كاتێك كه‌چاره‌سه‌رنه‌كرا هۆكارێكی سه‌ره‌كین بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كانی مافی مرۆڤ به‌ره‌ و خراپتر بڕوات هه‌مان سێكته‌ره‌ كه‌ له‌سێكته‌ره‌كانی تر كه‌ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌نوسان و كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی ڕاده‌ربڕین ، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ كرا له‌ زاخۆ و له‌ دهۆك و شوێنه‌كانی تر بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشت، من چه‌ند جارێك باسم كردووه‌ كه‌هه‌تا كاری ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕێكنه‌خرێت به‌یاسایه‌ك به‌كارنه‌بێت ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌رئاوا ده‌مێنێته‌وه‌، وه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ چه‌ند كه‌یسێك و چه‌ند حاڵه‌تێك ده‌بینین كه‌پێشێلكاری مافه‌كانیان كراوه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان به‌زووترین كات به‌دواداچونێكی جددی بكه‌ن بۆ ڕێكخستنی كاروباری ڕۆژنامه‌نوسی و ڕۆژنامه‌گه‌ری بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن به‌چ شێوه‌یه‌ك كاربكه‌ن واته‌ ئێستا به‌ڕاستی فه‌وزایه‌."

باشه‌ هه‌ڵه‌ له‌كوێدایه‌؟ زیا بترۆس له‌وه‌ڵامدا وتی" هه‌ڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردووكیانه‌وه‌یه‌ (ڕۆژنامه‌وانان و داموده‌زگا ئه‌منیه‌كان) وه‌كو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت هه‌تا ئێستا به‌یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری كارنه‌كراوه‌ وه‌ هه‌وڵێكی وه‌هایان نه‌داوه‌ كه‌ پێناسه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆژنامه‌گه‌ری بكرێت له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان بێته‌ سه‌رخه‌ت ، وه‌هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌نوسان بۆخۆیان هه‌تا ئێستا وه‌كو پیشه‌ی لێنه‌هاتووه‌ وه‌كو هیوایه‌تێكه‌، هه‌ندێك جار ڕۆژنامه‌نوسێك شتێك ده‌نوسێت و به‌یاسای خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا داده‌نرێت، له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌م بارودۆخه‌ ڕێكنه‌خراوه‌، كاتێك كه‌ئه‌مه‌ ڕێكنه‌خرێت، پێشێلكاری به‌دواوه‌ دروست ده‌بێت."

"ده‌ستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك"

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنی شڤان سه‌عید و چه‌ند چالاكوانێكی دهۆك، زیا بترۆس وتی" ئه‌وه‌ی له‌ دهۆك كراوه‌ یه‌كسه‌ر هه‌واڵم داوه‌ به‌به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی دهۆك بۆئه‌وه‌ی به‌خێرایی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و به‌ڕاپۆرتێك ئاگادارمان بكاته‌وه‌ بزانین بارودۆخه‌كه‌ چۆن بووه‌ ، ئه‌وه‌ی كه‌من بینیم براكه‌ی نوسیبووی و دووسێ په‌یج یش بڵاویان كردبوویه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌وانیش هێزێكی ئه‌منی هاتوونه‌ته‌ سه‌ری و ئه‌و گرته‌ڤیدیۆیه‌ش كه‌كچه‌كه‌ی قسه‌ی ده‌كرد، دیاربوو شته‌كانی ماڵه‌وه‌ له‌شوێنی خۆی نه‌بوون دیاره‌ سه‌یاره‌یه‌ك هه‌بوو له‌وێ ئه‌وان باس ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌مامكیان به‌ستبوو وه‌ مه‌ده‌نیش بوون به‌ڵام من ناتوانم بڵێم ئه‌مانه‌ چین هه‌تا ڕاپۆرته‌كه‌م بۆ نه‌یه‌ت له‌ نوسینگه‌ی دهۆك ئنجا ئێمه‌ ده‌توانیین باسی ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین."

" كاتێك كه‌سێك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بێت یان بانگهێشت كرابێت، كه‌ ئه‌مه‌ كه‌سێكی تیرۆریسته‌، وه‌كو تیرۆرست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن "

زیا بترۆس ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ و چه‌ندجارێكیشه‌ خول و ڕاهێنانیشمان كردۆته‌وه‌بۆ ئه‌فسه‌ر و بۆ كارمه‌ندانی هێزه‌كانی پۆلیس و هێزه‌كانی ئاسایش و نه‌هێشتنی تاوان ، وه‌ چه‌ند جاریش باسمان كردووه‌ پێویسته‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردنی هه‌ر كه‌سێك چه‌ند ڕێكاری یاسایی هه‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌بێ فه‌رمانی داده‌وه‌ر نابێت كه‌س بگیرێت، كاتێك كه‌ ده‌چن بۆ گرتن ده‌بێت ڕه‌چاوی شكۆی ئه‌و مرۆڤانه‌ بكه‌ن نابێت شكۆیان بشكێنرێت، به‌پێی یاسای عێراقی كه‌ ده‌چنه‌سه‌ر ماڵێك لایه‌نی كه‌م ده‌بێت موختاری گه‌ڕه‌ك له‌گه‌ڵیان بێت كه‌موكوڕیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كاتێك ده‌چن بۆ جێبه‌جێ كردنی فه‌رمانێك، بۆیه‌ ئێستا پێویسته‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیس خول و ڕاهێنان بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ و یه‌كه‌مین جار پێیان بڵێن له‌كاتی ده‌ستگیركردنی هه‌ركه‌سێك پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت چونكه‌ هه‌ركه‌سێك كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ تۆمه‌تباره‌ ناتوانیت تۆمه‌ته‌كه‌ی بسه‌لمێنیت هه‌تا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت."

بترۆس زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌" هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌موكوڕیان هه‌یه‌، خۆمان ده‌زانیین بارودۆخه‌كه‌ چۆنه‌ له‌وڵاتی ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م پۆسته‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌ده‌ستگیركردن نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرییان هه‌بێت كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ بكه‌ن هه‌تا ئێستا لایان وایه‌ كه‌ كاتێك كه‌سێك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بێتیان بانگهێشت كرابێت، كه‌ ئه‌مه‌ كه‌سێكی تیرۆریسته‌، وه‌كو تیرۆرست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ ڕه‌چاوبكرێت، ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها له‌كاتی ده‌ستگیركردن كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌ئه‌ركه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ڵكو له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ش، وه‌ ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ داوامان كردووه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ نابێت له‌هێزه‌كانی ناوخۆ بێت پێویسته‌ له‌لێكۆڵه‌ری دادی بێت ده‌بێته‌ بدرێته‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ئه‌ویش لێكۆڵه‌ری دادیی ده‌ستنیشان بكات به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا له‌وڵاتی ئێمه‌ ده‌كرێت پۆلیسه‌ یاخود نائب عه‌ریفێكی ئاسایییه‌، به‌پێی ئه‌و یاداشته‌ی كه‌ده‌نوسرێت بۆ دادگا، به‌داخه‌وه‌ دادوه‌ریش فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت به‌پێی ئه‌م وه‌ره‌قه‌یه‌ی كه‌بۆی دێت هه‌ندێكجار دادوه‌ران ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌چاویش نابینن دوو پرسیاری لێبكه‌ن هه‌تا بزانن ئایا ئه‌مه‌ چیه‌ و چۆنه‌ كه‌ئه‌مانه‌ هه‌مووی هه‌ڵه‌ن."

"پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ چاره‌سه‌رنه‌كران دۆخه‌كه‌ به‌ره‌وخراپتر و مه‌ترسیدارتر بڕوات "

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ره‌و خراپتر بڕوات له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" پێشبینیم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ له‌سیسته‌می حكومڕانی، له‌داموده‌زگاكان، له‌وه‌ی كه‌ ئێستا باسی ده‌كه‌ین و ده‌ڵێن چاكسازی ده‌كه‌ین، نه‌هێشتنی ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌، باشكردنی ڕه‌وشی فه‌رمانبه‌ران و جوڵانه‌وه‌ی بازاڕ و ڕه‌خساندنی هه‌لیكار بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ كاریان نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ڕه‌وشه‌كه‌ به‌ره‌ و خراپتریش ده‌ڕوات، چونكه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ڕه‌وشی ده‌روونی هه‌موو هاوڵاتیه‌ك به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات كه‌ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت."

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌" ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێت به‌ڵێ به‌ره‌و مه‌ترسی ده‌ڕوات چونكه‌ حاڵه‌تی زۆرمان هه‌یه‌ وه‌كو ڕۆژنامه‌نوس یان خه‌ڵكانێكی ئاسایی كه‌ ده‌یه‌وێت ڕای خۆی ده‌رببڕێت له‌سۆشیال میدیا ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕێكنه‌خراوه‌ نابێت ئه‌مانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، پێویسته‌ ئه‌مڕۆ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، لایه‌نی حكومی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌به‌رچاو بگرن، ئێستا پێویستمان به‌ڕۆشنبیرییه‌، تائێستا خه‌ڵكانی ئێمه‌ ڕۆشنبیر نه‌كراوه‌ كه‌ به‌ چ ڕێگایه‌ك ڕای خۆی ده‌رببڕێت."

"شێوازی كاری ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ"

سه‌باره‌ت به‌شێوازی به‌دواداچوونی ده‌سته‌كه‌یان بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ وتی" ئێمه‌ هه‌واڵ له‌ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ وه‌رده‌گرین یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌سكاڵایه‌كی فه‌رمیمان بۆ دێت، ئێمه‌ش ده‌ڕۆین به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین، دوو ڕێگا هه‌یه‌، هه‌ندێك شت كه‌پێشێلكاری به‌مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كرێت كه‌مه‌سه‌له‌یه‌كی گشتییه‌، واته‌ ئه‌مه‌ پێویست ناكات ئێمه‌ سكاڵا وه‌ربگرین، به‌ڵام هه‌ندێك شت هه‌یه‌ تایبه‌ته‌ پێویسته‌ به‌كه‌سانێك تایبه‌ت به‌خۆیان ، ئه‌مانه‌ ئێمه‌ ده‌بێت سكاڵا وه‌ربگرین چونكه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بڕۆین به‌دواداچوون بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین یه‌كێك له‌خزمه‌كانی یان هه‌ر بۆخۆی بڵێت كێ ئێوه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ كه‌به‌دواداچوون بۆ ئیشه‌كانی من بكه‌ن به‌ڵام من كاتێك كه‌ سكاڵام هه‌بێت، ده‌ڵێم ئه‌وه‌تا ئێوه‌ سكاڵاتان پێشكه‌شكردووه‌ و به‌پێی سكاڵاكه‌ی خۆتان به‌دواداچونمان بۆ كه‌یسه‌كه‌ی خۆتان كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانێك كرا، وه‌ له‌ناو خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌ستدرێژی كرایه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران من پێویستم به‌وه‌ نییه‌ 10—20-30 -40 كه‌س له‌خۆپیشانده‌ران بێن سكاڵام بۆ بنووسن ئه‌وه‌تا ئێمه‌ بینیمان بێ ئه‌وه‌ی سكاڵامان بۆ بنوسن دێین و ئه‌گه‌ر هاتوو هێزی ئه‌منی هێرشی كردۆته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و نه‌یان هێشتووه‌ ڕای خۆیان ده‌رببڕن، ئێمه‌ به‌رگری له‌خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین و ده‌ڵێن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵه‌ن و نابێت ئه‌م ئیشه‌ بكه‌ن، واته‌ حاڵه‌ت هه‌یه‌ و هه‌ر حاڵه‌ته‌و ڕێكاری یاسایی خۆی هه‌یه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:14 0:00


XS
SM
MD
LG