Accessibility links

د.هێرش: پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆمان بۆ هیچ شوێنێك نه‌كردووه‌ چونكه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هیچ له‌بارودۆخی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا ناگۆڕێت


د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت" تا ئه‌م ساته‌ش زیاتر سه‌رنجمان له‌سه‌ر خود پارێزی و تاكپارێزی كردۆته‌وه‌ به‌بڕوای من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هیچ له‌بارودۆخی كۆرۆنا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا ناگۆڕێت بگره‌ ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرنگ بێت داخستنی هه‌ندێك شوێنه‌ له‌وانه‌ كافتریاكان، ئه‌گه‌ر بابه‌تی كۆرۆنا زیاتر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ ڕێ و شوێنیان له‌گه‌ڵ بكرێت هه‌ندێك شوێن دابخرێت و هه‌ندێك شوێنیش له‌ژێر چاودێری چڕی خۆپارێزیدا بن وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی ڕێنماییه‌كانیان كرد ده‌توانرێت ئه‌و شوێنانه‌ش دابخرێن، ده‌شڵێت" ناكرێت له‌ ئێستاوه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكرێت و بارودۆخه‌كه‌ش نه‌خوازێت به‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، هاوكات ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ وه‌ك لایه‌نی ته‌ندروستی پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان كردبێت بۆ لایه‌نی ئیداری وه‌ك وه‌ڵامێكیش بۆ وته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ڕایگه‌یاند" له‌پێشتریشدا كه‌بارودۆخی سلێمانی هه‌ر سه‌خت بوو نه‌مان وتووه‌ ده‌بێت هه‌ولێر و دهۆكیش قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆی تێدا بێت، وتومانه‌ باشتر وایه‌ نه‌مان وتووه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیجرائات بكه‌ن."

"سلێمانی له‌ڕووی ژماره‌ی تووشبوونه‌وه‌ تائه‌م ساته‌ش خۆی له‌پارێزگاكانی هه‌رێم كه‌مترینه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت"سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی تووشبوون به‌كۆرۆنا له‌سلێمانی ئێمه‌ به‌روارد ناكه‌ین له‌گه‌ڵ هیچ شوێنێكی تردا به‌ڵام سلێمانی له‌ڕووی تووشبوونه‌وه‌ تائه‌م ساته‌ش خۆی له‌پارێزگاكانی هه‌رێم كه‌مترینه‌ ئێستا به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سلێمانی ڕێژه‌ی مردن تێیدا به‌به‌راورد به‌هه‌ولێر و دهۆك و زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق زۆرترین ژماره‌ی مردوو به‌ر سلێمانی كه‌وتووه‌، ئێمه‌ تائێستا نازانیین هۆكاره‌كان چییه‌، پێویستی به‌دیراسه‌كردن هه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ر زیادبوونی ژماره‌ی مردن، ئێمه‌ هه‌فته‌ی پێشوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجام داوه‌."

"لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ تابزانین هۆكاری به‌رزی ڕێژه‌ی مردن به‌كۆرۆنا له‌سلێمانی چیه‌ "

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ئه‌وه‌شی وت" گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكار بگرینه‌به‌ر بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی هۆكاری مردنه‌كان له‌به‌رچی زیادی كردووه‌ و لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی."

ڕونیشیكرده‌وه‌" ئێمه‌ خۆمان لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ و كه‌س داوای لێ نه‌كردووین، یه‌كه‌م دانیشتمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ پسپۆڕانی هه‌ناوی ئه‌مه‌ پێویستی به‌كات هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین چ لایه‌نی چاره‌سه‌ركردن، وه‌ لایه‌نی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له‌ نه‌خۆشخانه‌كان، لایه‌نی پێداویستی پزیشكی،هه‌روه‌ها لایه‌نی ئه‌وه‌ش كه‌په‌یوه‌ندیداره‌ به‌خودی نه‌خۆشه‌كان خۆیانه‌وه‌ كه‌زۆربه‌ی هۆكاره‌كان ده‌توانم بڵێم نه‌خۆش ڕۆڵی تێدا هه‌یه‌ ئایا به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌یه‌ یان به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیاندایه‌ یاخود به‌هۆی دره‌نگ كه‌وتنی چاره‌سه‌ركردنیانه‌ كه‌ كاتێكی دره‌نگ ده‌گه‌نه‌ لای ئێمه‌ یاخود شێوازی هه‌ڵه‌ی چاره‌سه‌ركردنیانه‌ له‌ملاو له‌ولا چ له‌ڕێگه‌ی نۆرینگه‌ لاكۆڵانه‌كانه‌وه‌ بێت چ له‌ڕێگه‌ی خه‌ڵكانێكه‌وه‌ بێت كه‌ پسپۆڕ نین به‌بواری چاره‌سه‌ری كۆرۆنا، چاره‌سه‌ر بۆ خه‌ڵك داده‌نێن ئه‌و خه‌ڵكانه‌ زیاتر له‌ماڵه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و به‌ بارودۆخێكی ته‌ندروستی دژواردا ده‌گه‌نه‌ لای ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ش چاره‌سه‌ركه‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت بۆ ئێمه‌."

ده‌رباره‌ی تێكڕای ته‌مه‌نی مردووان به‌كۆرۆنا له‌سلمانی؟ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ده‌ڵێت" زۆرینه‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌سه‌رو( 60-65 -70-75-80 )و سه‌روو ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌خۆشیشی تێدایه‌ له‌ته‌مه‌نی چله‌كاندایه‌ ئه‌وه‌ی من ئاماره‌كانم وه‌رگرتووه‌، زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كانمان له‌سه‌روو 60-65 وه‌، ئه‌وانه‌ش تێبینیمان كردوون زۆربه‌یان نه‌خۆشی تریان له‌گه‌ڵدابووه‌."

" گه‌یاندنه‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌.. شوێن هه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌..به‌ڵام شوێنی چاودێری چڕ نیه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی نه‌مانی جێگا بۆ تووشبوووانی كۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی؟ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت" ئه‌م گه‌یاندنه‌ گه‌یاندنێكی هه‌ڵه‌یه‌ شوێن هه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشی كۆرۆنا به‌ڵام وه‌كو چاودێری ورد شوێن نه‌ماوه‌ بۆ نه‌خۆش له‌به‌رئه‌وه‌ی "بێده‌كانی" تایبه‌ت به‌چاودێری ورد دیاریكراون له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، دوو نه‌خۆشخانه‌مان هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌چاودێری ورد بۆ كۆرۆنا چوار سه‌نته‌ر به‌گشتی نه‌خۆشی كۆرۆنای تێدا داخل ده‌كرێت له‌و چواره‌ دووانیان چاودێری وردیشی تێدایه‌ وه‌كو نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید دكتۆر ئاسۆ و نه‌خۆشخانه‌ی ئاسا، به‌ڵام ژماره‌ی "بێده‌كانی" ئه‌و دوو شوێنه‌ دیاریكراوه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌و "بێدانه‌" زیادبێت كه‌به‌رده‌وامی ئه‌و دوو چاودێری ورد پڕه‌ له‌نه‌خۆش و جێگا نییه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێك پێویستی به‌چاودێری چڕ هه‌بێت چی ده‌كه‌ن وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت شوێنی چاودێری چڕ نیه‌؟ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" به‌ڕاستی ڕۆژی وا هه‌یه‌ نه‌خۆش له‌چاودێری چڕه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و ده‌چێته‌وه‌ قاوش ئه‌وانه‌ ده‌توانیین نه‌خۆشی تری بكه‌ینه‌ شوێن، خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێكیش گیانی له‌ده‌ستدا ئه‌وه‌ بێده‌كه‌ی چۆڵ ده‌بێت و نه‌خۆشێكی تر ده‌خه‌ینه‌ شوێنی واته‌ ئێمه‌ تائێستا ئاوا هێناومانه‌ به‌ڵام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین ئێمه‌ ژماره‌ی بێده‌كانی چاودێری چڕ زیادبكه‌ین وه‌ به‌گشتی ژماره‌ی بێده‌كانی قاوشی كۆرۆنا به‌گشتی زیاد بكه‌ین، وه‌ هه‌وڵیش ده‌ده‌ین زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌تایبه‌تن به‌كۆرۆنا له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكیان كه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌كاتی گواستنه‌وه‌دا ئاسته‌نگی بۆ دروست نه‌بێت گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ چاودێری چڕ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌باری ته‌ندروستی تێكبچێت، زۆرجاریش نه‌خۆشمان له‌كاتی گواستنه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ست داوه‌."

"پێشبینیه‌كانی ئێمه‌ بۆ پایز دۆخێكی سه‌ختر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ "

"ئێمه‌ جارێ پێشبینیه‌كان نازانیین چیه‌، بارودۆخی گشتی هه‌موو دونیا و عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی به‌چیدا تێده‌په‌ڕێت چونكه‌ هێشتا وه‌رزی پایز به‌ته‌واوی جێگیر نه‌بووه‌ كه‌بتوانیین به‌راوردێك بكه‌ین چونكه‌ له‌ پایزیشدا كۆمه‌ڵێك په‌تای تر جگه‌ له‌ كۆرۆنا په‌تای ڤایڕه‌سی تر و كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی تر له‌ پایزدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی زیاتر بارودۆخی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ توشی كۆرۆنا ده‌بن، نیشانه‌كانیان قورس تر بێت و به‌بارودۆخێكی سه‌ختردا تێپه‌ڕببن، بۆیه‌ پێشبینیه‌كانی ئێمه‌ بۆ پایز دۆخێكی سه‌ختر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ ئێستاوه‌ ڕێكاری ته‌وامان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین كۆنتڕۆڵی ئه‌و بارودۆخه‌ بكه‌ین یان لانی كه‌م بتوانین بارودۆخی كۆرۆنا به‌سه‌قامگیری یاخود له‌وه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌نێت بیهێڵینه‌وه‌ تا نه‌گه‌ینه‌ ته‌نگژه‌ی سه‌خت و دژوار."د.هێرش سه‌ید سه‌لیم وای وت"

" تا ئه‌م ساته‌ش زیاتر سه‌رنجمان له‌سه‌ر خود پارێزی و تاك پارێزی كردۆته‌وه‌ "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌تان چیه‌ بۆ پایز بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا؟ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی وتی" ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی گشتی سلێمانی هه‌تا ئه‌م ساته‌ش زیاتر سه‌رنجمان له‌سه‌ر خودپارێزی و تاكپارێزی كردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بتوانیین خه‌ڵك وا لێبكه‌ین هه‌مووی ماسك به‌كاربهێنێت هه‌روه‌ك چۆن له‌ئه‌وروپا پیاده‌ ده‌كرێت، پۆشینی ماسك له‌شوێنه‌گشتیه‌كان یان له‌و شوێنانه‌ی كه‌ داخراون، ئه‌مانه‌ هۆكارێكی باشی خۆپارێزیه‌ ئه‌مه‌ جێگره‌وه‌ی هه‌موو ڕێكاره‌كانی تره‌."

" به‌بڕوای من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هیچ له‌ بارودۆخی كۆرۆنا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا ناگۆڕێت "

سه‌باره‌ت به‌ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی گشتی هاتووچۆقه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ئه‌گه‌رێكه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كۆنتڕۆڵه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی هیچ كه‌سێكدا نه‌ما، ئه‌و كاته‌ ده‌توانرێت داوای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكرێت به‌ڵام له‌ دۆخی ئێستادا ده‌بێت به‌پێی قۆناغ بڕۆین، قۆناغی یه‌كه‌م ، ڕێكاری خۆپارێزی باشترین چه‌ك به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌ بێت بابه‌تی به‌كارهێنانی ماسكه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و نه‌مانتوانی كۆنتڕۆڵی بكه‌ین ئه‌وكاته‌ ڕێكاری تر ده‌گرینه‌به‌ر ده‌توانین كۆمه‌ڵێك شوێن هه‌یه‌ دایبخه‌ین كه‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌ن، به‌بڕوای من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هیچ له‌بارودۆخی كۆرۆنا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆناناگۆڕێت بگره‌ ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرنگ بێت داخستنی هه‌ندێك شوێنه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌تی كۆرۆنا زیاتر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ ڕێ و شوێنیان له‌گه‌ڵ بكرێت هه‌ندێك شوێن دابخرێت و هه‌ندێك شوێنیش له‌ژێر چاودێری چڕی خۆپارێزیدا بن وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی ڕێنماییه‌كانیان كرد ده‌توانرێت ئه‌و شوێنانه‌ش دابخرێن."

"ناكرێت له‌ ئێستاوه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكرێت و بارودۆخه‌كه‌ش نه‌خوازێت به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ "

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ به‌پێی قۆناغ ڕێ و شوێن ده‌گرینه‌به‌ر ناكرێت له‌ ئێستاوه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكرێت و بارودۆخه‌كه‌ش نه‌خوازێت به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، زیاتر ڕێكاره‌كانی كاریگه‌رن وه‌ك له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، كافتریا بۆ نموونه‌ ده‌بێت به‌ شوێنێك بۆ بڵاو بوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنا پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ دابخرێت ئه‌گه‌ر زانیمان له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌مه‌ش دادمان نادات ئه‌و كاته‌ ده‌كرێت كۆتا ڕێكار قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بێت."

" به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا له‌ سلێمانیین له‌ئێستادا یه‌كسه‌ر بابه‌تی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناخوازین "

ڕۆژی هه‌ینی د.نزار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی له‌وتووێێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند: داوا ده‌كه‌ین كه‌ لانی كه‌م دوو هه‌فته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌ك ته‌نها له‌دهۆك به‌ڵكو له‌ هه‌موو كوردستان ڕابگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانیین به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ ئاستێك بوه‌ستێنیین"

به‌ڵام جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت" له‌وانه‌یه‌ بارودۆخی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ئێستادا له‌دهۆك گه‌یشتبێته‌ لوتكه‌ یاخود به‌ره‌و لوتكه‌ ده‌چێت، له‌هه‌موو دنیادا وایه‌ كه‌هیچ شارێك له‌ شاره‌كه‌ی تر ناچێت له‌نێوان ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكاش دا جیاوازی هه‌یه‌ له‌ جێ به‌جێكردنی ڕێنماییه‌ خۆپارێزیه‌كان، وه‌ له‌ ئه‌وروپاش دا هه‌روایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا خێراتر بێت و كاریگه‌ر تر بێت، ڕێكاره‌كان توندتر ده‌كرێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پارێزگای دهۆك دا ده‌یه‌وێت ڕێكاره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بێت به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا له‌ سلێمانیین له‌ئێستادا یه‌كسه‌ر بابه‌تی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناخوازین."

" ئێمه‌ پێشنیارمان بۆ هیچ شوێنێك نه‌كردووه‌ "

د.هێرش ده‌شڵێت" بۆ ئه‌م قۆناغه‌ وه‌كو وتم زیاتر ده‌بێت ئێمه‌ له‌شتێكه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ بتوانیین پێمان بكرێت نه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌ڵك ببینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا داوا له‌خه‌ڵك بكه‌ین به‌تها ماسك ببه‌سته‌، ئاسانتره‌ له‌وه‌ی كه‌ یه‌كسه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆشی به‌سه‌ردا بسه‌پێنیت. ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ پێویسته‌ مه‌سه‌له‌ی تاك پارێزییه‌، مه‌سه‌له‌ی قه‌ده‌غه‌ كردنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، پاراستی دوری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ئێمه‌ له‌ئێستادا پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆمان نه‌كردووه‌."

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئه‌وان پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان بۆ لایه‌نی ته‌ندروستی كردبێت له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ئێمه‌ پێشنیارمان بۆ هیچ شوێنێك نه‌كردووه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ پێشتریش داوامان كردووه‌ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی دا سنوری ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی داوای ئیجرائاتمان كردووه‌، له‌پێشتریشدا كه‌بارودۆخی سلێمانی هه‌ر سه‌خت بوو نه‌مان وتووه‌ ده‌بێت هه‌ولێر و دهۆكیش قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆی تێدا بێت، وتومانه‌ باشتر وایه‌ نه‌مان وتووه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیجرائات بكه‌ن به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌وان بارودۆخه‌كه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ بێت ئێمه‌ش ڕێكارێكی توندبكه‌ین كه‌ هاوتابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌ی كه‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌، ئه‌وا بۆ ئه‌وانیش بارودۆخه‌كه‌ هێوتر ده‌بێته‌وه واته‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌كمان ئیجرائات بكه‌ین، مه‌رج نییه‌ من وه‌كو ئه‌و ئیجرائات بكه‌م له‌وانه‌یه‌ پێویست بكات ئێمه‌ به‌شێوازێكی تر بیكه‌ین ئه‌و به‌شێوازێكی تر بیكات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:46 0:00


XS
SM
MD
LG