Accessibility links

هێمن قادر:حكومه‌تی عیراقی ده‌بێت به‌فه‌رمی هه‌ڵوێستی خۆی دیاری بكات و وه‌ڵامی ئێمه‌ بداته‌وه‌ له‌سه‌ر هاویشتنی ئه‌و مووشه‌كانه‌ی دوێنێ شه‌و


مافپه‌روه‌ر هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ موشه‌كیه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو بۆ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی شاره‌كه‌ ده‌ڵێت" حكومه‌تی عیراقی ده‌بێت به‌فه‌رمی هه‌ڵوێستی خۆی دیاری بكات وه‌ وه‌ڵامی ئێمه‌ بداته‌وه‌ له‌سه‌ر هاویشتنی چه‌ند موشه‌كێك له‌شه‌وی ڕابردوو بۆ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، چونكه‌ ئه‌و مووشه‌كانه‌ له‌ قه‌زای حه‌مدانه‌ی سه‌ر به‌پارێزگای موسڵ كه‌له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراقه‌ ئاڕاسته‌كراوبوون، ده‌رباره‌ی هاتنی باڵوێزی ئه‌مریكا بۆ هه‌ولێر، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت" ئێمه‌ش له‌ میدیا عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان گوێ بیستی ئه‌و بابه‌ته‌ بووین به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئێمه‌ وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت" بۆ ئاماده‌كاریش ئێمه‌ له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌ كه‌ كێشه‌مان هه‌بێت و ئه‌منیه‌تی خۆمان تۆكمه‌تر بكه‌ین، ئێمه‌ ئه‌منیه‌تی خۆمان و پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیانی خۆمان و دانیشتوان و هاوڵاتیانی خۆمان له‌ شاری هه‌ولێر پاراستووه‌ و ده‌شیپارێزین، ئه‌وه‌ی له‌ توانای ئێمه‌دا بێت ده‌یانپارێزین، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ كه‌بیانپارێزین."

"گومانمان هه‌یه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری پارێگاری هه‌ولێر وتی" به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ شه‌و ڕوویدا كه‌چه‌ند موشه‌كێك ئاڕاسته‌ی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كرا، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئێمه‌ توانییان ئه‌و شوێنه‌ دیاری بكه‌ن كه‌مووشه‌كه‌كانی لێوه‌هاویژراوه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی له‌قه‌زای حه‌مدانیه‌ی سه‌ر به‌پارێزگای موسڵ نزیك شاری هه‌ولێر نزیكه‌ی 40 كم له‌و شوێنه‌ی كه‌ موشه‌كه‌كانی به‌ركه‌وتووه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ له‌وێوه‌بووه‌ و له‌وێوه‌ هاویشتراوه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی كراوه‌ كه‌ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكرێت وه‌ حكومه‌تی عیراقی هه‌ڵوێستی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ دیاری بكات و به‌رپرسیارێتی له‌و بابه‌ته‌دا هه‌ڵگرێت چونكه‌ له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ موشه‌كه‌كان هاویژراون، بۆیه‌ تائێستا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی خۆیان ڕانه‌گه‌یاندووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌."

گومانتان له‌چی هه‌یه‌؟ له‌وه‌ڵامدا مافپه‌روه‌ر هێمن قادر وتی" گومانمان هه‌یه‌ له‌و میلیشیا چه‌كدارانه‌ی ناو حه‌شدی شه‌عبی وه‌ له‌و چه‌كدارانه‌ی كه‌له‌سنوری حكومه‌تی فیدراڵی عیراقیدان."

"حكومه‌تی عیراقی ده‌بێت به‌فه‌رمی وه‌ڵامی ئێمه‌ بداته‌وه‌ "

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت" حكومه‌تی عیراقی ده‌بێت به‌فه‌رمی وه‌ڵامی ئێمه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ چ به‌دواداچوون و ڕێ و شوێنێك ده‌گرنه‌به‌ر له‌سه‌ر هاویشتنی ئه‌و مووشه‌كانه‌، وه‌كو باسم كرد له‌سنوری ئیداره‌ی حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ موشه‌كه‌كان هاویژراون نه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم ."

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" "جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- "جه‌نابی كاك مه‌سرور بارزانی" خۆی له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكات به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی فیدراڵی تا هه‌ڵوێستی خۆیان دیاری بكه‌ن تا بزانرێت كێن ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئارامی شاری هه‌ولێر تێكبده‌ن."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند پێتان وایه‌ هێرشه‌ موشه‌كیه‌كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ده‌نگۆی هاتنی باڵوێزی ئه‌مریكا له‌عیراق و كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌كه‌ بۆ شاری هه‌ولێر؟

له‌وه‌ڵامدا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر وتی" ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكه‌ ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت یاخود ڕه‌نگه‌ بابه‌تێكی تر هه‌بێت كه‌ له‌مێژه‌ به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژراو بێت چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ شاری هه‌ولێر شارێكی پێشكه‌وتووه‌ له‌ڕووی ئه‌منی و بازرگانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكانی تر له‌میلشیاكان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئارامیه‌ تێكبده‌ن پێیان وابێت به‌چه‌ند موشه‌كێك ده‌توانن ئارامی شاری هه‌ولێر تێكبده‌ن یاخود ئه‌و "سومعه‌ ئه‌منیه‌ی" كه‌له‌ناو شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ له‌كه‌داری بكه‌ن، ئه‌وانه‌ هه‌مووی ئه‌گه‌رن، بۆیه‌ ئێمه‌ پێش ڕووداوه‌كان ناكه‌وین تابتوانین بزانرێت هۆكاره‌كه‌ چی بووه‌ وه‌ مه‌به‌ستیان چی بووه‌؟."

ده‌رباره‌ی داخستنی ڕێگای نێوان هه‌ولێر و موسڵ له‌پاش هه‌ڵدانی موشه‌كه‌كان؟ جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت" له‌هه‌ر كارێكی نه‌خوازراودا ڕێ و شوێنی ئه‌منی ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی تاده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بۆیه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی كاتی-ن واته‌ داخستنی شوێن و ڕێگاكان به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ و گه‌یشتن بووه‌ به‌ڕاستیه‌كان بووه‌ پاشان دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌."

"به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئێمه‌ وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی هاتنی باڵوێزی ئه‌مریكا بۆ شاری هه‌ولێر له‌پاش هۆشدارییه‌كه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌داخستنی باڵوێزخانه‌كه‌ی له‌شاری به‌غداد به‌هۆی هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر وتی" ئێمه‌ش له‌ میدیا عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان گوێ بیستی ئه‌و بابه‌ته‌ بووین به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئێمه‌ وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكی له‌وجۆره‌دا له‌ناو شاری هه‌ولێر كونسڵی ئه‌مریكا و كونسڵی زۆربه‌ی وڵاتانی تر هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان 34 كونسوڵگه‌ری ده‌بێت به‌دبلۆماتكاری وڵاتانی ئه‌وروپی و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ به‌حكومی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌. باڵوێزخانه‌كان به‌پێی عورفی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت له‌ پایته‌خته‌كاندابن به‌ڵام كونسڵگه‌ریه‌كان له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان ده‌بن."

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر ده‌شڵێت" هه‌تا ئێستا ئێمه‌ به‌فه‌رمی ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان دێن ئه‌گه‌ر ئه‌وان (باڵوێزی ئه‌مریكا) ڕوویان له‌ شاری هه‌ولێر كرد هه‌رده‌چنه‌ ناو بینای كونسوڵگه‌ریه‌كانی خۆیان و ده‌وامی فه‌رمی خۆیان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی ئاساییه‌."

"تائێستا شتێكی فه‌رمی نییه‌ بڵێن هاتبێتن داوای شوێنیان له‌ ئێمه‌ كردبێت ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ بیانپارێزین

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر دووپاتیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ هه‌تا ئێستا ئاگادارنین كه‌ كه‌سیان (باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا) هاتبێتن، خۆ ئه‌گه‌ر هاتبێتن له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌وه‌ هاتبن، هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وامیش سه‌ردانی شاری هه‌ولێر ده‌كرێت ، سه‌ردانی "جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم" ده‌كرێت، سه‌ردانی "به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران" ده‌كرێت، بۆیه‌ تائێستا شتێكی فه‌رمی نییه‌ بڵێن هاتبێتن داوای شوێنیان له‌ ئێمه‌ كردبێت."

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر ئه‌وه‌شی وت"ئێمه‌ ئه‌منیه‌تی خۆمان و پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیانی خۆمان و دانیشتوان و هاوڵاتیانی خۆمان له‌شاری هه‌ولێر پاراستووه‌ و ده‌شیپارێزین، ئه‌وه‌ی له‌ توانای ئێمه‌دا بێت ده‌یانپارێزین، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ كه‌بیانپارێزین."

"خۆیان شاهێدی ئه‌وه‌یاندا كه‌ ئاسایشی شاری هه‌ولێر زۆر گونجاوه‌ و سه‌رسامن به‌و ئه‌منیه‌ته‌ و پێشكه‌وتنه‌ی "

"ئێمه‌ له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ و به‌شاهێدی هه‌موو لایه‌ك شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان ئاسایشێكی تۆكمه‌ی هه‌یه‌ تاوه‌كو ئێستا كێشه‌یه‌كی به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ كه‌ گومان بكرێت، كونسڵی ئه‌مریكاش پێش چه‌ند ڕۆژێك سه‌ردانی ئێمه‌ی كرد له‌پارێزگای هه‌ولێر كه‌سه‌ردانێكی ئاسایی بوو، بابه‌تی بازرگانی باس كرا له‌نێوان وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و "مقاولانه‌" یان ئه‌و خاوه‌ن كۆمپانیانه‌ ئه‌مریكایانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان خۆیان شاهێدی ئه‌وه‌یاندا كه‌ ئاسایشی شاری هه‌ولێر زۆر گونجاوه‌ و سه‌رسامن به‌و ئه‌منیه‌ته‌ و پێشكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر هه‌یه‌، ئێمه‌ پێشتریش ئه‌و ئه‌زمونه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نێردراوی وڵاتانی بیانی و میوان كه‌واته‌ كێشه‌مان نییه‌ له‌و بابه‌ته‌ هه‌ر هێزێكی ئه‌منی ناعێراقی له‌ناو شاری هه‌ولێر هه‌بێت، ئێمه‌ ئه‌منیه‌تیان ده‌پارێزین."مافپه‌روه‌ر هێمن قادر وای وت"

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌شڵێت" پێویست به‌ ئاماده‌كاری ناكات ، ڕاسته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ كه‌ به‌نیازن سه‌فاره‌تی خۆیان له‌شاری به‌غداد دابخه‌ن له‌ماوه‌ی 90 ڕۆژدا ده‌ست به‌ كشانه‌وه‌ بكه‌ن به‌ڵام تا ئێستا بابه‌ته‌كه‌ به‌فه‌رمی نه‌وتراوه‌ و نه‌كه‌وتۆته‌ بواری جێ به‌جێكردن، ئاماده‌كاریش وه‌كو باسم كرد ئێمه‌ له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌ كه‌ كێشه‌مان هه‌بێت و ئه‌منیه‌تی خۆمان تۆكمه‌تر بكه‌ین."

"بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ كۆنتڕۆڵدا نییه‌ به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی تائێستا له‌كۆنتڕۆڵدایه‌ "

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر وتی" ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ گرتومانه‌به‌رله‌ماوه‌ی ڕابردوودا بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش پێشبینی ده‌كرا كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵی هه‌موو لایه‌ك ده‌رچوو. ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكاره‌ خۆپارێزیانه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی شوێنه‌كان وخۆپارێزیه‌كان كه‌ گرتمانه‌به‌ر به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ڤایڕه‌سه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بڵاوبوویه‌وه‌كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌و كۆنتڕۆڵی ئێمه‌ش ده‌رچوو."

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر ئه‌وه‌شی وت" بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌هه‌ولێر له‌كۆنتڕۆڵدا نییه‌ به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی تائێستا له‌كۆنتڕۆڵدایه‌ به‌داخه‌وه‌ هاوڵاتیانیش ئاستی هۆشیاری ته‌ندروستیان وه‌كو پێویست نییه‌ و به‌شێكی زۆریان تائێستا پابه‌ندنه‌بوون."

"ئه‌وانه‌ هه‌مووی مه‌ترسی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ جارێكی تر ته‌شه‌نه‌ بكات."

"ئێمه‌ش وه‌كو ئیداره‌ بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و دورنه‌كه‌وتنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌كار و كه‌سابه‌تی خۆیان و ده‌وامی فه‌رمیان هه‌موو شوێنه‌كان كرانه‌وه‌ كه‌واته‌ ئێستا تاڕاده‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك پابه‌ندنییه‌، تێكه‌ڵاویه‌كی زۆر هه‌یه‌ قه‌ڵه‌باڵغیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ره‌و ساڵی نوێی خوێندن ده‌چین پێویسته‌ قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی مه‌ترسی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ جارێكی تر ته‌شه‌نه‌ بكات."مافپه‌روه‌ر هێمن قادر وایوت"

"قه‌له‌قیه‌كمان هه‌یه‌ ئایا خوێندن له‌ چ مانگێك و كاتێك بكرێته‌وه‌؟ "

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ داوامان نه‌كردووه‌ پرۆسه‌ی خوێندن دوا بخه‌ن به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌چ شێوه‌یه‌ك بتوانرێت قوتابیه‌كان ده‌وام بكه‌ن، ئێستا پۆلی 12 كه‌كه‌وتونه‌ته‌ ده‌وامی فه‌رمیه‌وه‌ به‌ڵام پێشنیاری ئێمه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر هه‌یه‌ به‌رده‌وامین له‌ ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتری كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانی هه‌یه‌ بۆ قوتابخانه‌كان له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ته‌ندروستیه‌وه‌ و تیمه‌كانی خۆپارێزی و نه‌خۆشیه‌ گواستراوه‌كان كه‌ڕێنمایی مامۆستایان و قوتابیان بكه‌ن كه‌به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌وامی فه‌رمی بكه‌ن، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و سیسته‌می "ئۆنلاین-یشه‌" هه‌یه‌ ئایا چۆن بتوانیین ئه‌و سیسته‌مه‌ پێش بخه‌ین و تۆكمه‌ بكرێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵی خوێندن قوتابیان بتوانن به‌سه‌ركه‌وتووی تێیدا ده‌ربچن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی هه‌تائێستا جێگه‌ی مشتومڕ و ڕاگۆڕینه‌وه‌یه‌، پێمان وایه‌ به‌پێی دۆخه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ له‌ماوه‌ی داهاتوو زیاتر به‌رچاومان ڕوون ده‌بێت ئایا ده‌توانیین قوتابخانه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ و قوتابیانمان له‌هه‌موو ئاسته‌كانی خوێندن ده‌توانن ده‌وامی فه‌رمی بكه‌ن؟ ئایا ده‌توانن بچنه‌ ناو هۆڵه‌كانی خوێندن و ناو پۆله‌كانیان؟ ئه‌وانه‌ هه‌مووی له‌ ڕۆژانی داهاتوو به‌پێی ڕه‌وشه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ بڕیاری لێ ده‌درێت."

مافپه‌روه‌ر هێمن قادر زیاتر ڕونیكرده‌وه‌" دراسه‌ ده‌كرێت و به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تن له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی قه‌له‌قیه‌كمان هه‌یه‌ ئایا خوێندن له‌ چ مانگێك و كاتێك بكرێته‌وه‌؟ وه‌ ئه‌گه‌ر كراشه‌وه‌ چۆن دایك و باوكی قوتابیان چۆن مناڵه‌كانی خۆیان ئاراسته‌ بكه‌ن به‌ڕێكاری خۆپارێزی به‌ چ شێوه‌یه‌ك بێت؟ ئێمه‌ خه‌ریكی ئه‌وه‌ین له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر."

"ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌هه‌ولێر"

سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌شاره‌كه‌؟ جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت" له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی ئێستا ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی به‌ره‌و توندتر ده‌ڕۆن داوای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان نه‌كردووه‌ زیاتر باس له‌وه‌ ده‌كرێت ڕێكاره‌ خۆپارێزیه‌كان به‌دروست نه‌بوونی قه‌ڵه‌باڵغی و به‌كارهێنانی ماسك و ده‌ستكێش و پاكوخاوێنیه‌، ئێمه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی له‌شاری هه‌ولێر به‌پێی ڕه‌وشه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ی داهاتوو ئه‌گه‌ر هاتوو ڤایڕه‌سه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بوو كه‌وا له‌كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت جارێكی تر یان توشبوونه‌وه‌ی دوباره‌ هه‌بێت، كاریگه‌ریه‌كی ته‌ندروستی هه‌بێت كه‌وا خوانه‌خواسته‌ كاره‌ساتی ته‌ندروستی دروست ببێت، بێگومان ئه‌و كات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاده‌گه‌یه‌نیین و ڕێكاری توندتر ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ خۆپارێزی به‌ڵام له‌كاتی ئێستادا هیچ به‌رنامه‌یه‌كی وامان نییه‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و دۆخه‌ ته‌ندروستیه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت وه‌ ئایا له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، له‌ڕووی ته‌ندروستی جیهانیه‌وه‌ ئایا چاره‌سه‌ر یان ڤاكسین ده‌گاته‌ چ ئاستێك؟ چ كاتێك ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ست بۆ به‌كارهێنان؟ چ كاتێك ده‌گاته‌ عێراق ؟وه‌ چ كاتێك ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان؟ ئه‌وانه‌ هه‌مووی ئه‌گه‌رن و له‌ماوه‌ی داهاتوودا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" رۆژانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕاوێژ ده‌كه‌ن و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كان و جیهانی ده‌ره‌وه‌ش له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی و ته‌ندروستی جیهانی به‌رده‌وام له‌سه‌رخه‌تن كه‌ ئایا به‌چ شێوه‌یه‌ك بتوانیین خۆمان بپارێزین؟ ئایا ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت و كاریگه‌ریه‌كانی چۆن ده‌بێت به‌ڵام هیچ پێشنیارێك بۆ ئێمه‌ نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ش وه‌كو ئیداره‌ جه‌ختی لێده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌هاوڵاتیان ڕێكاری خۆپارێزی بگرنه‌به‌ر نه‌چنه‌ شوێنی فه‌ڵه‌باڵغ مه‌گه‌ر كارێكی گرنگیان نه‌بێت، ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌كار بهێنن پاكو خاوێنی خۆیان بپارێزن له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت قه‌ڵه‌باڵغی دروست نه‌كه‌ن تاوه‌كو ئێستا هۆڵه‌كانی بۆنه‌ی ئاینی به‌داخراوی ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌قه‌ڕه‌باڵغی لێیه‌ داخراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاشه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن وه‌كو پێویست نه‌كراونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌پۆلی 12 ئه‌وه‌ش به‌ ڕێكاری خۆپارێزییه‌."

XS
SM
MD
LG