Accessibility links

كۆبوونەوەی ستافی حكومەت بە ئۆنلاین و بڕیاردان لەسەر دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە هەفتەدا كاردانەوەی لێكەوتەوە


بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زاری وتەبێژەكەیەوە سەبارەت بە پابەندبوونی فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە هەفتەدا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەران پێیان وایە حكومەت بە ئۆنلاین كۆبوونەوە دەكات بەڵام داوا لە فەرمانبەران دەكات دەوام بكەن و پابەندبن لە ڕۆژی یەكشەممە تا پێنجشەممە، ئەمەش لە ئێستادا بەریەككەوتن و قەرەباڵغی دروست دەكات و دواجار زیانی تەندروستی لێدەکەوێتەوە بەهۆی ئەو پەتایە كە بەرۆکی جیهان و ناوچەكەی گرتووە و ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن و هەندێکیشیان گیان لەدەست دەدەن

سەبارەت بە هەڵویستی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەمەڕ بریاری حكومەت و كاردانەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان

هەلز بۆتانی پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت" هەڵویستیان وەكو پەرلەمان داوای وەڵامدانەوەیان كردووە كە سەرۆك وەزیران بێتە پەرلەمان و لەوانەیە بۆ ڕای گشتیش ئاشكرا بێت كە كام پەرلەمانتار بەرگری لە خەڵك دەكات و كامەیان بووەتە پارێزەری بریارەكانی حكومەت و باشترین رێگا ئەوەیە كە داوا لە خاوەن بریارەكان بكرێت بێنە ناو پەرلەمان و بۆ خەڵك روون بكەنەوە و كاریش دەكەين بۆ بانگهێشتكردنیان بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، كەی شایستەی فەرمانبەران و مامۆستایان و دكتۆران و كارمەندانی تەندروستیان درا ئینجا با ئەو مەرجانە بدەن بەشێوەیەك حوكم لە خەڵك دەكەن وەكو ئەوە وایە خەڵك قەرزاریان بێت نەك ئەوان قەرزداری خەڵك بن، بریارەكانی ئێستاش بە شەو دەدرێن و بەڕۆژ هەڵدەوەشێنرێنەوە".

ئەرشەد شوانی مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین بۆ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند: كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئۆنلاین كرا لەکاتێکدا ستافی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمترە لە سی كەس بە ئۆنلاین كۆبوونەوەكان دەكات بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڵام بریارێكی داوە فەرمانبەران و موچەخۆران كە ملیۆنێك و دوسەد هەزار كەسن بچن بۆ دەوام لەوانەیە ڕۆژانە بەریەككەوتن لە نێوان سەد بۆ دووسەد كەس بە تایبەتی لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان ڕووبدات و ڕۆژانە فەرمانبەران هەشت كاتژمێر دەوام بكەن كەچی تا پەنجا ڕۆژ 79% موچەكانیان وەربگرن، ئەگەر وا دابنێین هەر ماڵێك فەرمانبەرێكی هەیە ئەوە مەترسی تووشبوونی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە كۆرۆنا هەیە و نەخۆشخانەكانیش شوێنی مانەوەیان نییە بۆیە بریارێكی هەڵەیە.

ئەنوەر سەباح فەرمانبەرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە دەنگی ئەمەریكای گووت " ئەو بڕیارە بێ دیراسەكردن دەرکراوە، ڕۆژانە ژمارەیەک خەڵك بە كۆرۆنا گیان لەدەست دەدات، ئەم بڕیارە لەم کاتەدا زۆر زۆر خراپە لە ڕووی تەندروستی و ئابوریەوە، موچە نەبێت و دەوامیش بە خەڵك بكرێت، تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران ئامادەنیە لە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران كۆببێتەوە بە چ مافێك داوا لە خەڵك دەكرێت لە هەفتەیەك پێنج ڕۆژ دەوام بكەن كەی حكومەت بە ئاشكرا كۆبوونەوەی كرد و موچەی بە شێوازێکی تەندروست دابەشكرد ئەوكات با داوا لە خەڵك بكەن بڕۆن دەوام بكەن بەشێوەیەكی رێكوپێك".

لە ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتدا هاتووە پێویستە لەكاتی دەوامدا فەرمانبەران پابەندبن بە گشت رێنمایی و رێكارە تەندروستییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن و پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەت و دامەزراوەكانیان لە دەستپێكی دەوامی فەرمی لە ڕۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوام لە ڕۆژانی پێنجشەمە و لە كاتژمێر هەشتی بەیانی تا سێی دوای نیوەڕۆ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00


XS
SM
MD
LG