Accessibility links

كاردۆ محه‌مه‌د: هیچ فشارێكمان له‌هیچ په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان نه‌كردووه‌ بۆ كشاندنه‌وه‌ی واژۆكه‌ی


كاردۆ محه‌مه‌د ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند" ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن فشارێكی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانیان كه‌نابێت ئه‌مجاره‌ واژۆی بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بۆ په‌رله‌مان بكه‌نه‌وه‌، كاردۆ محه‌مه‌د ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت" كه‌س ناتوانێت فشار له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار بكات په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری میلله‌ته‌ و به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كردووه‌ و ده‌توانم بڵێم گربه‌ستێكی ئه‌خلاقی –سیاسی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ ئێمه‌ هیچ فشارێكمان نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر هیچ په‌رله‌مانتارێك بۆ كشانه‌وه‌ی واژۆكه‌ی به‌ڵام وتومانه‌ هه‌ر كارێك بكرێت ده‌مانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی له‌ده‌ست بزوتنه‌وه‌كه‌ خۆی بێت. "

"ئێمه‌ هیچ فشارێكمان نه‌كردووه‌ به‌ڵام وتومانه‌ هه‌ر كارێك بكرێت ده‌مانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی له‌ده‌ست بزوتنه‌وه‌كه‌ خۆی بێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌دیاریكردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌كه‌یان كرد له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فراكسیۆن له‌م ماوه‌یه‌ په‌یڕه‌وێكی تایبه‌ت به‌ كاركردن و دابه‌شكردن و ئاڵوگۆڕی ئیش وكاره‌كانی به‌شێوازی كاركردنی سه‌رۆكایه‌تی ، په‌یڕه‌وێكی په‌سه‌ندكردووه‌ به‌هۆی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌وه‌ ئیتر پێویسته‌ ئیش و كاره‌كانی خۆیان دابه‌ش بكه‌نه‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆن-یش ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌ بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌ بكرێت به‌ڵام ژووری هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌په‌یڕه‌وه‌كه‌یان دیاریكراوه‌ ده‌بێت نوێنه‌ر ئاماده‌كاری بكات ئه‌و نوسراوێكی كرد ئاماده‌نه‌بوون به‌هۆی هه‌ندێك گیروگرفتی به‌شدارنه‌بوونی ئه‌ندامێكی فراكسیۆن بۆیه‌ دواخرا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆن، ئه‌گه‌رنا هیچ گیروگرفتێكی وا گه‌وره‌ نییه‌."

كاردۆ محه‌مه‌د ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ فشارێكییان له‌ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌یان كردبێت بۆ كشانه‌وه‌ی واژۆكانیان سه‌باره‌ت به‌بانگهێشتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بۆ په‌رله‌مان، له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت" كه‌س ناتوانێت فشار له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار بكات په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری میلله‌ته‌ و به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كردووه‌ و ده‌توانم بڵێم گربه‌ستێكی ئه‌خلاقی –سیاسی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ ، واته‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كات فشار له‌كه‌س نه‌كراوه‌ به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌ی په‌رله‌مانتار خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌."

ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕه‌تیكرده‌وه‌ هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان كه‌وه‌ك باسده‌كرا فشاركردن بوبێت لێی بۆ كشانه‌وه‌ی واژۆكه‌ی له‌و ڕوه‌وه‌ كاردۆ محه‌مه‌د وتی" هیچ فشارێك له‌ هیچ په‌رله‌مانتارێك نه‌كراوه‌. هۆكاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك فراكسیۆنیش له‌خۆی بپرسن."

كاردۆ محه‌مه‌د ڕونیكرده‌وه‌" ئێمه‌ هیچ فشارێكمان نه‌كردووه‌ به‌ڵام وتومانه‌ هه‌ر كارێك بكرێت ده‌مانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی له‌ده‌ست بزوتنه‌وه‌كه‌ خۆی بێت، واته‌ بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بانگهێشتی حكومه‌ت بكه‌ین پێمان خۆشه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان فراكسۆنه‌كه‌ی خۆی ئه‌مه‌ بكات. هه‌ماهه‌نگی جیاوازه‌ له‌وه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌ ده‌ستی خۆت نه‌بێت."

ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" میكانیزمه‌كانی لێپرسینه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان براده‌رانی ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامی كردوویانه‌ چ له‌یاداشت و پرسیار و ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگر و ئه‌وانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیدارن به‌و كێشانه‌ تا ئاماده‌ی ڕوونكردنه‌وه‌بن."

"ئێمه‌ "زه‌واجی كاسۆلیك-یمان" له‌گه‌ڵ هیچ هێزێكی سیاسی نییه‌... "

ده‌رباره‌ی پرسی مانه‌وه‌ یاخود كشانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌حكومه‌ت كه‌ هه‌ندێك باسی لێوه‌ده‌كه‌ن؟ كاردۆ محه‌مه‌د وتی" ئێمه‌ هێزێكی سیاسین، له‌قۆناغێك له‌گه‌ڵ هێزێكی سیاسی تر ڕێكه‌وتنێكمان هه‌یه‌، ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رنامه‌ی هه‌بووه‌ ئێمه‌ له‌پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خه‌ڵكی كوردستان ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له‌سیسته‌می سیاسی كوردستان بكرێت. ئێمه‌ "زه‌واجی كاسۆلیك-یمان" له‌گه‌ڵ هیچ هێزێكی سیاسی نییه‌، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ له‌سه‌ری ڕێكه‌وتووین له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو كاتێك ئه‌و گفتوگۆیه‌ له‌لای ئێمه‌ هه‌یه‌، بیروڕا هه‌یه‌ چۆن ده‌توانرێت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگریت ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كه‌یت، كاتێك ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت له‌كاتێكدا به‌رپرسیارێتیت هه‌یه‌ ئاماده‌ی هاوكاربیت بۆ ئه‌و ئامانج و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ڕه‌نگ ڕێژكراوه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌، خه‌ڵك چۆن گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌یه‌ چوار ساڵی ده‌نگدان ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ڕێكه‌وتنمان كردووه‌ به‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌هه‌مانه‌، بۆیه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ له‌ناو ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بێت."

" پێمان وایه‌ هێزی سیاسی پێویسته‌ ڕاشكا و ڕاستگو بێت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی "

كاردۆ محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ پێمان وایه‌ هێزی سیاسی پێویسته‌ ڕاشكاو و ڕاستگو بێت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌ هه‌موو ڕێكه‌وتنه‌كانی كه‌ ڕێكه‌وتن ده‌كات، پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ری، له‌كاتی جێبه‌جێنه‌كردنی یان هه‌ندێك جار ئێمه‌ ده‌رفه‌تمان داوه‌ به‌ڵام هه‌ندێك دیارده‌ی نوێ دێته‌ پێش، بۆ نموونه‌ په‌تای كۆرۆنا ، دابه‌زینی نه‌وت، كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ گۆڕانكاری ده‌بێت له‌شوێنێك بێت سه‌قامگیری تێدابێت، به‌ڕاستی له‌كوردستان ئێستا "ئیستقرار " نیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ قه‌یرانێكی زۆر هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسان نییه‌ كاتێك چاكسازی ئاسان نه‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ لای خه‌ڵك دروست ده‌بێت. "

ڕاشیگه‌یاند: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دیراسه‌یه‌كی ورده‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌یه‌كی ورد بكه‌ن له‌سه‌ر دۆخی كوردستان له‌سه‌رقه‌یرانه‌كانی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕیارێك كه‌ به‌قازانجی هاوڵاتی و به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ی بێت. "

" هیچ هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن به‌ئه‌ندازه‌ی گۆڕان قسه‌ی له‌سه‌ركێشه‌و ئه‌زمه‌كانی كوردستان و گه‌نده‌ڵی و چینی گه‌نده‌ڵ نه‌كردووه‌ "

كاردۆ محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت " هیچ هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن به‌ئه‌ندازه‌ی گۆڕان قسه‌ی له‌سه‌ركێشه‌ و ئه‌زمه‌كانی كوردستان و گه‌نده‌ڵی و چینی گه‌نده‌ڵ له‌ باج بێت له‌ گومرگ بێت یاخود له‌سنوره‌كان بێت، قسه‌ی نه‌كردووه‌ له‌كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ قسه‌مان كردووه‌ قسه‌كه‌مان هه‌ر قسه‌نیه‌ به‌ڵكو بۆ گۆڕانكارییه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێن ئه‌م كێشه‌یه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین كام میكانیزم چاره‌سه‌ری ده‌كات؟ ئێمه‌ پێمان وابوو له‌م هه‌لومه‌رجه‌ به‌ڕێكه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانیین گۆڕانكاری بكه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر گه‌یشتینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ناكرێت ئه‌و كاته‌ هه‌ڵوێستێكی ڕاشكاو به‌خه‌ڵكی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نیین."

"گۆڕانكاری ته‌نها به‌هێزێكی سیاسی ناكرێت."

هه‌روه‌ها وتیشی " ئێمه‌ ئێستا له‌و پرۆسه‌ین، ئێمه‌ ژووری توێژینه‌وه‌مان هه‌یه‌ ، سه‌رچاوه‌ی مرۆییمان هه‌یه‌ ئۆرگانه‌كانمان هه‌یه‌ دیراسه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ده‌كه‌ن و كاتێك ده‌یانه‌وێت به‌شێوازێك له‌ شێوازه‌كان كه‌په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ده‌ستوری گۆڕان بڕیاری خۆی وه‌رده‌گرێت له‌پرۆسه‌ی بڕیاری ناو ئۆرگانه‌كان."

به‌ڵام خۆ وه‌زاره‌تی دارایی لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ وه‌ك خۆت ده‌ڵێی زۆرترین قسه‌تان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی خاڵه‌سنورییه‌كان كردووه‌ له‌وه‌ڵامدا ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت" هه‌موومان ئاگادارین له‌په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجییه‌كان یاسایه‌ك ده‌رچوو كه‌ یاسای چاكسازی بوو قسه‌ له‌سه‌ر كاری دامه‌زراوه‌ییه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان وه‌كو هێزێكی چاودێری چاودێربێت به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌قۆناغه‌كانی تری كه‌رتی ووزه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی به‌سنوره‌كان هه‌یه‌ به‌شێكی زۆریان ڕێنماییان بۆ ده‌رچووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ كوردستان ئێمه‌ بتوانین داواكاری گشتی ڕۆڵی خۆی ببینێت په‌رله‌مان ڕۆڵی خۆی وه‌كو هێزێكی چاودێری ببینێت ، ده‌زگای نه‌زاهه‌ ڕۆڵی خۆی ببینێت ، واته‌ كۆمسیۆنێكی به‌هێزمان هه‌بێت بۆهه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌، هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ ڕۆڵیان ده‌بێت له‌ شێوازی فشار بۆ جێبه‌جكردن خۆ هه‌ركاری هێزێكی سیاسی نییه‌ ، ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی هه‌یه‌ هێزه‌ چاودێرییه‌كانی تر ڕۆڵی خۆیان هه‌یه‌ ، ڕێكخراوی مه‌ده‌نی ڕۆڵی خۆی هه‌یه‌، فشاری جه‌ماوه‌ری ڕۆڵی خۆی هه‌یه‌ فشاری نێوده‌وڵه‌تی كه‌كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه‌ ئێستا له‌ناوچه‌كه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتن هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكاری، گۆڕانكاری ته‌نها به‌هێزێكی سیاسی ناكرێت."

" ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌مان توانی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ خه‌ڵكمان دابوو حه‌قه‌ خه‌ڵكی كوردستان سزامان بدات له‌ پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن، پێمان وایه‌ گۆڕان هێزێكه‌ ڕاستگۆیه‌ كاتی له‌به‌رده‌م ماوه‌ "

سه‌باره‌ت به‌مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌گه‌ری كاریگه‌ری له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، كاردۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ماوه‌ی به‌شداری كردنمان له‌ حكومه‌ت دا كه‌ڕێز بۆ ڕای خه‌ڵك بۆ ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵك بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ی خه‌ڵك به‌و ئومێده‌ی خه‌ڵك به‌هێزێكی وه‌ك گۆڕان -ی هه‌بووه‌، وه‌ هه‌ر له‌و خۆشه‌ویستیه‌شه‌وه‌ بۆگۆڕان ئێستا ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌مان توانی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ خه‌ڵكمان دابوو حه‌قه‌ خه‌ڵكی كوردستان سزامان بدات له‌ پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن."

"پێمان وایه‌ گۆڕان هێزێكه‌ ڕاستگۆیه‌ كاتی له‌به‌رده‌م ماوه‌. هه‌ركاتێك دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه‌ناتوانێت ئه‌و به‌ڵێنه‌ی داوه‌ هه‌ڵوێستی ڕاشكاوی خۆی به‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێت."كاردۆ محه‌مه‌د وای وت"

"ئێمه‌ خه‌ڵكمان له‌ بادینان گیرا بوو "

كاردۆ محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم كرد و وتی" ئێمه‌ پێمان وایه‌ خۆپیشاندان مافێكی ڕه‌وای هه‌موو هاوڵاتیه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ قه‌یران و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بۆته‌وه‌ خۆم باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌زموونی عێراق و لوبنان بكرێت پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌ سیاسیه‌كان بۆ مه‌رامی سیاسی هه‌لًبژاردنه‌كان خۆپیشاندانه‌كان نه‌قۆزنه‌وه‌ زۆر پێویسته‌ چۆن له‌ عێراق به‌م خۆپیشاندانانه‌ توانرا چونكه‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ هێزی سیاسی نه‌بوون هێزی نه‌وه‌یه‌كی نوێ بوون ، داوای چاكسازیان له‌ سیسته‌مه‌كان ده‌كرێت له‌لوبنایش و عێراق توانیان سه‌رۆكایه‌تیه‌كان بگۆڕن به‌ فشارێك كه‌ نایانه‌وێت ببنه‌ به‌دیلی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ به‌ڵكو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن چاكسازی بكرێت له‌م ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌م ئه‌زموونانه‌ ئه‌زموونی گرنگن له‌خه‌باتی ناڕه‌زای ده‌ربڕین په‌یڕه‌وی بكه‌ین، وه‌ به‌ڕای خۆشم پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان مامه‌ڵه‌یه‌كی یاسایی ڕه‌چاوكردنی مافی مرۆڤ له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵكێك بكات چ له‌ زیندان بێت چ له‌ خۆپیشاندان بێت ئه‌گه‌ر له‌ڕووی مرۆڤێك تاوانی كردبێت به‌ڵام ده‌بێت په‌یڕه‌وی مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا بكه‌ین."

سه‌باره‌ت به‌به‌شداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و خۆپیشاندانانه‌ ڕێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ خه‌ڵكمان له‌ بادینان گیرا بوو وه‌ پێمان ئاساییه‌ خه‌ڵكی گۆڕانیش جه‌ماوه‌ره‌ به‌شداره‌."

به‌ڵام بۆچی وه‌ك پێشتر په‌رله‌مانتار و به‌رپرسه‌كانی گۆڕان به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كان ناكه‌ن؟ له‌وه‌ڵامدا كاردۆ محه‌مه‌د وتی" من تابتوانم له‌ په‌رله‌مان ده‌نگم هه‌ڵبڕم و فشاربكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ی خه‌ڵك هه‌یه‌ بیگه‌یه‌نم نوێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ بتوانن ئه‌وه‌ داوایه‌ی خه‌ڵك له‌ شه‌قام ده‌یه‌وێت به‌یاداشتێك بیدات له‌ناو حكومه‌ت گفتوگۆی بكه‌ن ، پێم وایه‌ زه‌روره‌ته‌ ئامانجه‌كه‌ گۆڕانكاری ده‌بێت به‌هه‌ر ڕێگایه‌ك ده‌توانێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بێت له‌شه‌قام بێت یان له‌ په‌رله‌مان بێت یان نوێنه‌رایه‌تی له‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك بكات."


هه‌روه‌ها وتی" ئێمه‌ ڕێگه‌مان له‌ شێوازه‌كانی تری خه‌باتی مه‌ده‌نی نه‌گرتووه‌ له‌كوردستاندا چ ڕاگه‌یاندنه‌ چ خۆپیشاندانی خه‌ڵكه‌ له‌سه‌ر مافه‌كانیان شوێنێكی تریش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌میش هه‌ر له‌ خزمه‌تی مافه‌كانی خه‌ڵكه‌ له‌ په‌رله‌مان قسه‌ ده‌كات ، له‌حكومه‌ت قسه‌ ده‌كات به‌ كرداره‌كانی له‌ڕه‌فتاره‌كانی به‌ فیعلی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات له‌سه‌ر مافی خه‌ڵك به‌ جواب بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:43 0:00


XS
SM
MD
LG