Accessibility links

"نەمن نە‌هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی واژۆكه‌یان كردووه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی-یان نه‌كرد، نەشمبیستوە واژۆكه‌یان كشاندبێته‌وه"


عه‌باس فه‌تاح په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان

عه‌باس فه‌تاح، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: " كۆبوونه‌وه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی، من به‌شداریم نه‌كردووه‌ و هیچ گوێم له‌ قسه‌یه‌ك نه‌بووه‌ و نه‌شم بیستووه،‌ كه‌ هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی واژۆیان كردووه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردبێت و واژۆكه‌یان كشاندبێته‌وه‌. من كه‌ واژۆم كردووه‌ بۆ قه‌ناعه‌تێك واژۆم كردووه‌، له‌وانه‌یه‌ سبه‌ینی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌وه‌بێت من ئه‌و ئیمزایه‌ بكشێنمه‌وه‌، ئه‌ویشیان به‌ قسه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌م. من نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م. به‌شدارینه‌كردنی من له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی، هۆكاری ته‌ندروستی خێزانیم هه‌بوو، حاڵه‌تێكی تایبه‌تی بوو كه‌ پێویست بوو، ڕوخسه‌تم وه‌رگرتبوو كه‌ به‌شداری نه‌كه‌م. ده‌شڵێت: "پرساندنه‌كه‌ له ‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت‌ و ‌وه‌زیری داراییه‌وه‌ نییه،‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بارودۆخێكی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و پەیوەندی بە کار و دەسەڵاتی ئەم شوێنانە هەبیت، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ببێته‌ مه‌سه‌له‌ی حیزبی و گوایە‌ ئه‌مه‌ یه‌كێتی و پارتی و گۆڕانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رسێكیان بێن و ئامادەبن."

"هیچ گوشارێكی سیاسیم نه‌دیووه،‌ له‌ خودی خۆم بكرێت و هیچ گوشارێكیشم قبوڵ نییه‌ له‌سه‌ر واژۆكه‌م "

له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا عه‌باس فه‌تاح وتی: "من وه‌كو خۆم وه‌كو عه‌باس به‌ ئه‌وپه‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕم به‌كاری په‌رله‌مانی و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌یه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ قۆناغی سیاسی و كاری په‌رله‌مانی له‌ هه‌رێمی كوردستان جیاوازتربێت له ‌زۆر شوێنی دنیادا. ئه‌و یاداشته‌ی واژۆمان كردووه‌ بۆ پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ئه‌وه‌ ده‌گاته‌ ده‌ستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، بۆئه‌وه‌ی نوسراوی پێبكات بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی دیاریكراو و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌بن له‌په‌رله‌مانی كوردستان. ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ واژۆیان كردووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ، له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یان له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، گوشار له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كرێت، من پێموایه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌یه، تا نەچێتە ژێر ئەم گوشارەوە‌."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت: " من به‌ش به‌حاڵی خۆم وه‌كو "عه‌باس" قسه‌ ده‌كه‌م، من هیچ گوشارێكی سیاسیم نه‌دیووه‌ له‌ خودی خۆم بكرێت و هیچ گوشارێكیشم قبوڵ نییه‌، له‌سه‌ر واژۆكه‌م، چونكه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كه‌س ناتوانێت گوشارم لێ بكات كه‌س ناتوانێت پله‌ و پایه‌كه‌م لێبسه‌نێته‌وه‌، باوەڕ و قەناعەتی خۆم بڕیاردەدات، ئەگەر گوشارم لێبکرێت، یان پلە و متمانەی پەرلەمانیشم لێبسەنرێتەوە، هەر ئەوەدەکەم کە باوەڕم پییەتی. بەڵام لەوانەیە برادەرێک لەوانەی واژۆیان کردوە، جا لە هەر حزب و فراکسیۆنێک بن و پێیا وابێ بارودۆخی کوردستان گونجاو نییە و شڵەژان دروست دەبێت، وەک ئەوەی کە ئێستا ناڕێکییەک هەیە، ئاساییە ئەو کەسە واژۆکەی خۆی بکێشێتەوە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی زیاتر دروست نەبێت"

عه‌باس فه‌تاح ده‌شڵێت: " من هه‌تا ئێستا نه‌مبیستووه‌ و گوێم لێنه‌بووه‌ كه‌ كه‌س واژۆكه‌ی خۆی له‌سه‌ر یاداشتی په‌رله‌مانتاران بۆ "پرساندنی" سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی كشاندبێته‌وه‌."

"نه‌شم بیستووه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی واژۆیان كردووه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردبێت و واژۆكه‌یان كشاندبێته‌وه‌ "

ده‌رباره‌ی كۆبونه‌وه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (بافڵ تاڵه‌بانی) له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه ‌به‌پێی میدیا لۆكاڵییه‌كان به‌مه‌به‌ستی داواكردن بووه‌ له ‌په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی بۆ كشانه‌وه‌ی واژۆكانییان، عه‌باس فه‌تاح وتی: " ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ من به‌شداریم نه‌كردووه‌ و هیچ گوێم له‌ قسه‌یه‌ك نه‌بووه‌ و نه‌شم بیستووه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك له‌ وانه‌ی واژۆیان كردووه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردبێت و واژۆكه‌یان كشاندبێته‌وه‌."

واته‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی یه‌كێتی كه ‌واژۆیان كردبوو به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی-نیشتمانی كوردستانییان نه‌كرد؟ له‌وه‌ڵامدا عه‌باس فه‌تاح ده‌ڵێت: " نه‌خێر به‌شداریان نه‌كردووه‌."

"ئه‌نجامه‌كه‌ی ناتوانم بڵێم چیه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌زانن "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی هه‌موو په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی واژۆییان نه‌كرد له ‌كاتێكدا خۆتان ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی به‌ بژێوی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و داواكارییه‌تان؟ له‌ وه‌ڵامدا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی وتی:" بارودۆخی یه‌كێتی و په‌روه‌رده‌ی یه‌كێتی و جه‌نابی مام جه‌لال ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ باوه‌ڕی به‌ دیموكراسی و ئازادی بۆ ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دروستكردووه‌، هه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو كادیر و تێكۆشه‌ران و په‌له‌مانتاران و وه‌زیره‌كان هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ مه‌به‌ستێكی تر نییه‌. باوه‌ڕمان بەو دیموكراسی و ئازادیخوازییەیە،‌ كه ‌مام جه‌لال باسیكردووه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌و بڕوایه‌دان سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بێنه‌ په‌رله‌مان، بۆ لێپرسینه‌وه‌؟ عه‌باس فه‌تاح به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه ‌"ئه‌مه‌ كاری په‌یڕه‌وییه‌ و كاری په‌یڕه‌وی جێبه‌جێده‌كه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌یه‌نه‌ په‌رله‌مانیش، په‌رله‌مان كاری خۆی جێبه‌جێده‌كات."

له‌ باره‌ی ئه‌نجامی "پرساندنه‌كه‌" له‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی چوونه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان؟ عه‌باس فه‌تاح وتی:" ئه‌نجامه‌كه‌ی ناتوانم بڵێم چیه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌زانن، له‌وانه‌یه‌ ڕوونكردنه‌وه‌كانییان جێگه‌ی قه‌ناعه‌تی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بێت، ئیتر من ناتوانم پێش وه‌خته‌ قسه‌ بكه‌م."

هه‌روه‌ها وتی: " من ناتوانم لێره‌وه‌ له‌ جیاتی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان قسه‌ بكه‌م، كه ‌ده‌توانیین متمانه‌یان لێوه‌رگرینه‌وه‌ یان نا؟ من نازانم چه‌ند كه‌س قه‌ناعه‌تی هه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ گفتوگۆ بكرێت پرسیاركردن بكرێت، وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری بكرێت، ده‌كرێت دوای ئه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌."

" له ‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ نیه‌ و په‌وه‌ندی به‌ وه‌زیری داراییشه‌وه‌ نییه‌"

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت: " پرساندنه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ نیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زیری داراییشه‌وه‌ نییه،‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بارودۆخێكی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ببێته‌ مه‌سه‌له‌ی حیزبی و كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێتی و پارتی و گۆڕانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رسێكیان بێن و به‌ هه‌رسێكیان بتوانن به‌ هاوبه‌شی هاوكار و پشتیوانی یه‌كتری بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان. بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌ و بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی داراییه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌، ئه‌گه‌ر توانییان قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بهێنن كارێكی باشییان كردووه‌ و ده‌ستییان خۆش بێت، ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌می ده‌نگده‌رانی په‌رله‌مانتارانی كوردستان كه ‌نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن."

"لێپرسراویه‌تی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌بێت پرسیار له‌ كه‌سی یه‌كه‌م بكرێت، كه‌ واژۆی له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كردووه‌، به‌پێی په‌یڕه‌و كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێشكه‌شكردووه‌، ئینجا دواتر ئه‌ندامه‌كانی تر."عه‌باس فه‌تاح وایوت"

" سبه‌ینی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌وه‌بێت كه‌ من ئه‌و ئیمزایه‌ بكشێنمه‌وه‌ ، ئه‌ویشییان به‌ قسه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌م "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئاماده‌یت هه‌یه‌ واژۆكه‌ت بكشێنیته‌وه‌؟ عه‌باس فه‌تاح وتی:" من وه‌كو خۆم وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه،‌ له ‌جیاتی كه‌سێكی تر وه‌ڵام ناده‌مه‌وه‌ من كه‌ واژۆم كردووه‌ بۆ قه‌ناعه‌تێك واژۆم كردووه‌، له‌وانه‌یه‌ كه‌ سبه‌ینێ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌وه‌بێت كه‌ من ئه‌و ئیمزایه‌ بكشێنمه‌وه‌ ئه‌ویشییان به‌قسه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌م. من نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م به‌شداری نه‌كردنی من له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی، هۆكاری ته‌ندروستی خێزانیم هه‌بوو، حاڵه‌تێكی تایبه‌تی بوو كه‌ پێویست بوو، ڕوخسه‌تم وه‌رگرتبوو‌ به‌شداری نه‌كه‌م. بۆیه‌ داوای لێبوردن ده‌كه‌م ناتوانم هه‌موو شته‌كان له‌ ڕاگه‌یاندن باس بكه‌م ده‌نا ئاماده‌ده‌بم هه‌ركاتێك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یان مه‌كته‌بی سیاسی، ده‌توانم بچم مانای ئه‌وه‌ نییه‌ من به ‌قسه‌یان ده‌كه‌م یان ڕایه‌كه‌م پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، قه‌ناعه‌تی خۆم باس ده‌كه‌م و ڕاگۆڕینه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێت واژۆكه‌م ده‌كشێنمه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت واژۆكه‌م ناكشێنمه‌وه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:54 0:00


XS
SM
MD
LG