Accessibility links

د.هادی:سلێمانی وه‌كو كۆتایی مانگی 6و سه‌ره‌تای مانگی 7ی لێهاتووه‌،له‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك شوێنمان نییه‌ دڵنیام دۆخه‌كه‌ له‌هه‌ولێر خراپتره‌


د. هادی محه‌مه‌د پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و بۆری هه‌وا

د. هادی محه‌مه‌د پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و بۆری هه‌وا كه‌وه‌ك خۆی ده‌ڵێت یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ له‌عیراق و ناوچه‌كه‌ وه‌ به‌شێكی زۆر له‌وڵاتانی تر چاره‌سه‌ری پلازمای بۆ تووشبووانی كۆرۆنا به‌كارهێناوه‌ باس له‌چاره‌سه‌ره‌كه‌ و قسه‌كانی سه‌رۆك ترامپ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ له‌سه‌ر دواین پێشهاتی كۆرۆنا له‌شاری سلێمانی و هه‌ولێر و كوردستان به‌گشتی ده‌دوێت، هه‌روه‌ها قسه‌ش ده‌رباره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر پێكوته‌ دژی كۆرۆنا ده‌كات. "

"نه‌خۆشێك كه‌ زۆر هیلاك بێت، سوود له‌ پلازما نابینێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی قسه‌كانی سه‌رۆك ترامپ سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری پلازما بۆ تووشبووانی كۆرۆنا د.هادی محه‌مه‌د ده‌ڵێت " مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ری پلازما چاره‌سه‌رێكی دوور و درێژه‌ و ماوه‌یه‌كی زۆر به‌كارهاتووه‌ هه‌ر له‌ئه‌نفلۆنزای ئیسپانییه‌وه‌ له‌ساڵی 1918 وه‌ به‌كارهاتووه‌ بۆ زۆر نه‌خۆشی، بۆ ئه‌نفلۆنزای به‌راز و ئیبۆلا و بۆ زۆر نه‌خۆشی به‌كارهاتووه‌، دواترینیان ئه‌م نه‌خۆشی كۆڤید 19بوو كه‌ له‌كۆتایی 2019 دا سه‌ری هه‌ڵدا، ئێمه‌ له‌مانگی 3 كه‌ چه‌ند نه‌خۆشێكمان هه‌بوون و هیلاك بوون سوودیان له‌ چاره‌سه‌ره‌كان وه‌رنه‌گرت، بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌بۆچی پلازما به‌كارنه‌هێنین له‌و نه‌خۆشانه‌دا، دوو نه‌خۆش-مان هه‌بوو ، بارودۆخیان باش نه‌بوو جێگیرنه‌بوون، داوامان له‌ دوو نه‌خۆشی تر كرد كه‌ پێشتر چاك بووبونه‌وه‌ پلازما-كه‌مان بده‌نێ بۆ ئه‌و دوو نه‌خۆشه‌ی تر به‌كاری بهێنیین، له‌كۆتایی مانگی 3 دا كه‌ پلازما-مان به‌كارهێنا، نه‌ك هه‌ر له‌ عێراقدا له‌ هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ئێمه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووین هه‌تا له‌ هیندستان و له‌ ئێران و توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌درابوو له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی-شی تا ئه‌وكاته‌ زۆربه‌ی هه‌وڵ نه‌درابوو ، ئێمه‌ پلازما-مان له‌ دوو نه‌خۆشی خۆمان به‌كارهێنا وه‌ڵامدانه‌وه‌شیان زۆر باش بوو ، له‌دوای 10-20 ڕۆژ چوونه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و دوایش ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ به‌شێوه‌ی وتارێكی زانستی له‌ گۆڤارێكی نێوده‌وڵه‌تیدا بڵاو كرایه‌وه‌."

" مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ ئێستا كه‌سێكی وه‌كو تڕه‌مپ ده‌ڵێت ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ وه‌ ڕێژه‌ی مردن له‌ تووشبووان به‌كۆرۆنا كه‌م ده‌كاته‌وه‌"

هه‌روه‌ها وتیشی" مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ ئێستا كه‌سێكی وه‌كو تڕه‌مپ ده‌ڵێت ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ وه‌ ڕێژه‌ی مردن له‌ تووشبووان به‌كۆرۆنا كه‌م ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌ویش مه‌رجی خۆی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌رچی كه‌ كۆرۆنای هه‌بێت، خێرا پلازمای بدرێتێ، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ ده‌گوزه‌رێت ئه‌مه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی به‌حاڵ تووشی كۆرۆنا ده‌بێت جا هیلاك بێت یاخود نا، حاڵه‌ته‌كه‌ی جێگیر یان سوك و مام ناوه‌ند یان توند بێت هه‌ر پلازمای تێده‌كه‌ن، نه‌خۆشێك كه‌ زۆر هیلاك بێت، سوود له‌ پلازما نابینێت، ده‌بێت زۆر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بێت پێش ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌ربچێت، پلازماكه‌ به‌كاربهێنرێت."

ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و بۆری هه‌وا ئاماژه‌ی به‌مه‌رجه‌كانی به‌كارهێنانی پلازما بۆ نه‌خۆش كرد و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تایدا بێت، پێش ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست ده‌رچوو بێت و باردۆخی خراپ بوو بێت،به‌تایبه‌تی له‌ پێنج ڕۆژی یه‌كه‌مدا بێت زۆر باشه‌ هه‌تا ده‌ ڕۆژیش به‌ڵام به‌ڕاستی هه‌تا زووتر بكرێت كاریگه‌ری باشتره‌ ، هه‌تا نه‌خۆشه‌كه‌ هیلاك تربێت كاریگه‌ری كه‌متره‌، واته‌ ئه‌گه‌ر زوو بدرێت پلازماكه‌ ڕێ له‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر بڕوات و هێواشی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ زوو تێده‌په‌ڕێنێت."

" هه‌موو نه‌خۆشێك ده‌بێت دكتۆره‌كه‌ی بڕیار بدات پێویستی به‌ پلازمایه‌ یان نا "

سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی چاره‌سه‌ری پلازما له‌شاری سلێمانی؟ د.هادی محه‌مه‌د وتی" ئێمه‌ هه‌تا ئێستا نه‌مان توانیووه‌ كه‌توێژینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین و بزانیین كه‌ ڕێژه‌كه‌ چۆنه‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ 300 پلازما-مان به‌ نه‌خۆش داوه‌، داتاكانمان كۆ كردۆته‌وه‌ و توێژینه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ له‌سه‌ری ئایا چه‌ند بووه‌ و چۆن بووه‌ و دراوه‌ به‌كێ چونكه‌ تۆزێك ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌، ئێمه‌ چه‌ند نه‌خۆش پلازمامان داوه‌تێ و چه‌ند نه‌مان داوه‌تێ، ده‌بێت بێین به‌راوردی بكه‌ین وه‌ ده‌بێت ته‌مه‌نی نه‌خۆشه‌كان له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیك بێت و نیشانه‌كانیان و باری ته‌ندروستیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بێت ئایا سوك، ناوه‌ند یاخود توند بووه‌ ئینجا ده‌توانیین ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بكه‌ین، من به‌ ئه‌زموونی خۆم ده‌ڵێم ئه‌و نه‌خۆشه‌ ئه‌گه‌ر زوو بی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زۆر باش ده‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ر دره‌نگ بیدرێتێ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ زیانی پێ بگه‌یه‌نێت."

د.هادی ئه‌وه‌شی وت" هه‌موو نه‌خۆشێك ده‌بێت دكتۆره‌كه‌ی بڕیار بدات پێویستی به‌ پلازمایه‌ یان نا، دووه‌میش ده‌بێت گروپی خوێنه‌كه‌ی و هه‌موو شته‌كه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ بێت، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كێك هه‌بێت و كۆرۆنای گرتبێت و دۆكیومێنت كرابێت كه‌ ئه‌مه‌ كۆرۆنای گرتووه‌ و چاك بۆته‌وه‌، به‌و بانگه‌وازه‌ش بێت زۆر باشه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێكی وه‌رناگرین ، ئه‌و كه‌سه‌ی دێت پشكنینه‌كانی بۆ ده‌كرێت و ده‌بێت به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ كۆرۆنای هه‌بووه‌ و چاك بۆته‌وه‌ و دژه‌ ته‌نی هه‌یه‌ و ئینجا وه‌ری ده‌گرین و ده‌یده‌ین به‌ نه‌خۆشه‌كه‌ و نه‌خۆشه‌كه‌ش ده‌بێت پشكنینه‌كانی بۆ كرابێت و هاوشێوه‌ بێت."

" ئێستا ده‌توانم بڵێم سلێمانی وه‌كو كۆتایی مانگی 6 و سه‌ره‌تای مانگی 7 ی لێ هاتووه‌، له‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به‌ڕاستی شوێنمان نییه‌ "

ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای شاری سلێمانی له‌ڕووی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا-وه‌، د.هادی محه‌مه‌د وتی" پێشتر مانگی 6 و 7 سلێمانی به‌ دۆخێكی زۆر زۆر خراپدا ڕۆیشت، دۆخێكی مه‌ترسیدار بوو مردن- مان زۆر بوو، جێگه‌ی نه‌خۆش نه‌بوو، له‌ كۆتایی مانگی 7 دا تۆزێك ئارام بویه‌وه‌ و باشتر بوو "كێرڤه‌كه‌" ته‌ختبوو، ورده‌ ورده‌ هاته‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام له‌ ڕۆژی عه‌ره‌فه‌ و جه‌ژندا كه‌ قه‌ڕه‌باڵغی دروست بوویه‌وه‌ ، ئێستا ده‌توانم بڵێم سلێمانی وه‌كو كۆتایی مانگی 6 و سه‌ره‌تای مانگی 7 ی لێ هاتووه‌، له‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به‌ڕاستی شوێنمان نییه‌, دوێنی و پێرێ و هه‌فته‌ی ڕابردوو نه‌خوش ده‌بوایه‌ بمردایه‌ ئینجا ده‌مانتوانی نه‌خۆشی تر وه‌ر بگرین له‌ نه‌خۆشخانه‌ی "شه‌هید د.ئاسۆ. "

"دڵنیام ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌هه‌ولێر خراپتره‌ "

د.هادی ده‌شڵێت" دڵنیام له‌ ئێستادا له‌ هه‌ولێر خراپتره‌ . ئێمه‌ناتوانیین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئیسراحه‌ت بكه‌ین، ناتوانیین شوێن چۆڵ بكه‌ین ، نه‌خۆش هه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بگوازینه‌وه‌ بۆ ناو شار ناتوانیین بیگوازینه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی جێگه‌ نییه‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ و ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ و كۆیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر وایه‌، نه‌خۆشی زۆر هیلاك هه‌یه‌، به‌ بۆچوونی من ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كۆتایی نایه‌ت تۆزێك بێده‌نگ ده‌بێت و كێرڤه‌كه‌ داده‌به‌زێت قه‌ڕه‌باڵغیه‌ك ببێت ژماره‌كان زیاد ده‌كاته‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ڤاكسینێك یان چاره‌سه‌رێكی بنه‌بڕ په‌یدا ده‌بێت، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. "

"سی دی سی " ئه‌مریكی ده‌ڵێت كۆرۆنا 9 شه‌پۆلی هه‌یه‌ "

"قسه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر شه‌پۆلی یه‌كه‌م و شه‌پۆلی دووه‌م و شه‌پۆلی سێیه‌م "سی دی سی " ئه‌مریكی ده‌ڵێت كۆرۆنا 9 شه‌پۆلی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ خوێندوومه‌ته‌وه‌ به‌شه‌پۆلی دووه‌م ناوزه‌ند ده‌كرێت به‌ڕاستی شه‌پۆلێكی زۆر زۆر خراپ بوو بۆ ئێمه‌، وای بۆده‌چم ئه‌گه‌ر له‌ مانگی 11و10 و12دیسانه‌وه‌ كۆڤید بێته‌وه‌ و شه‌پۆلی دووه‌م بێت به‌ڕاستی زۆر خراپ ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نفلۆنزاش تێكه‌ڵ بێت. ئه‌نفۆنزای ئاسایی و ئه‌نفلۆنزای به‌رز بێت و كۆڤید بێت به‌سه‌ریه‌كه‌ به‌ڕاستی له‌ توانا ده‌رده‌چێت و وای بۆده‌چم مه‌ترسیدار بێت " ئینشه‌ڵا واش نابێت "به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر گرتویه‌تی هه‌ندێك به‌رگری دروست ببێت ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ش ڕاست بێت چونكه‌ تائێستاش به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆڤید به‌رگری دروست ده‌كات یاخود نا؟ "د.هادی محه‌مه‌د وای وت"

" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگری گشتی له‌ عێراقدا دروست نه‌بووه‌ و دروستیش نابێت "

ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌ به‌رگری گشتی دژ به‌نه‌خۆشی كۆرۆنا دروست بوبێت، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگری گشتی له‌ عێراقدا دروست نه‌بووه‌ و دروستیش نابێت به‌ئاسانی ده‌بێت به‌لانی كه‌ 70% بۆ 90% خه‌ڵك ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بگرێت ئینجا له‌وانه‌یه‌ به‌رگری گشتی دروست ببێت كه‌ من وای بۆده‌چم له‌سلێمانی نه‌گه‌یشتۆته‌ 20% بۆ 30% ڕێژه‌ی تووشبوون، تائێستاش به‌ڵگه‌ی به‌هێزنییه‌ كه‌ ئایا ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌رگری دروست ده‌كات یاخود ئه‌وه‌ی ئایا كه‌ به‌رگری دروست ده‌كات چه‌ندێك ده‌مێنێته‌وه‌ درێژ خایه‌نه‌ یان كورتخایه‌نه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانین ئه‌و پێشبینیه‌ به‌ڕاست بزانیین."

" وای بۆناچم بۆ 2020 ڤاكسین بگاته‌ ده‌ستی هیچ كه‌سێك "

مه‌سه‌له‌ی ڤاكسین به‌شێكی زانستی یه‌و به‌شێكی سیاسی یه‌ ، به‌شێكی پڕوپاگه‌نده‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌ ، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تا ئێستا چه‌ند هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌ به‌ریتانیا و له‌ڕوسیا و ئه‌مریكا. ئێمه‌ نازانیین ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین له‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه‌ به‌ڵام دڵنیام هه‌وڵی جددی هه‌یه‌ ئیتر ئایا شه‌ش مانگ یاخود ساڵێكی پێ ده‌چێت نازانیین چۆنه‌. پێشبینی ده‌كه‌م ساڵ زیاتری پێبچێت بۆ 2020 وای بۆناچم ڤاكسین بگاته‌ ده‌ستی هیچ كه‌سێك."د.هادی محه‌مه‌د له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ڤاكسین دژی كۆرۆنا وای وت "

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:27 0:00


XS
SM
MD
LG