Accessibility links

د.به‌شیر: به‌موسته‌حیلی ده‌بینم عێراق له‌و بارودۆخه‌دا ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێت هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدات به‌بێ گزی و ساخته‌كاری


د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق

د.به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" به‌ موسته‌حیلی ده‌بینم عێراق له‌و بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌ كه‌ ئێستا تێیداین ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدات به‌بێ گزی و ساخته‌كاری له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ باڵی سه‌ربازیان هه‌یه‌ یان میلیشیای چه‌كداریان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ باردۆخی ئه‌منی به‌ئاراسته‌یه‌كدا ببه‌ن كه‌هه‌ندێك پشێوی و توندو تیژی دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك هه‌ڵبژاردنی له‌ بیربچێته‌وه‌،ده‌رباره‌ی بۆچونی لایه‌نه‌كانیش ده‌ڵێت" كورد له‌هه‌ڵبژاردندا كورسیه‌كانی خۆی ئه‌گه‌ر زیادنه‌كات كه‌م ناكات، به‌ڵام لایه‌نی سوننه‌ و لایه‌نی شیعه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانیان و جه‌ماوه‌ره‌كانیان زۆر لێیان توڕه‌ن زۆر لێیان بێزارن، چاوه‌ڕوان ناكرێت كه‌ هه‌مان كورسیه‌كانی خۆیان بهێننه‌وه‌، لایه‌نه‌ شیعیه‌كان ده‌زانن كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه‌ ناشتوانن به‌ئاشكرا بڵێن كه‌هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ داواكاری شه‌قامه‌ بۆیه‌ له‌ڕووكه‌ش و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێش وه‌خته‌داین به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕێگری دروست بكه‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درێت."

"ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ له‌لایه‌ن كازمیه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ڵێنێكی خۆی به‌جێگه‌یاندبێت "

له‌سه‌ره‌تای وتوووێژه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ له‌عیراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ وتی" هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ یه‌كێكه‌ له‌ داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌رانی تشرینی یه‌كه‌م 2019 ، بۆیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ش كه‌ دامه‌زرا به‌ئامانجی ئه‌وه‌ دامه‌زرا كه‌ یه‌كه‌م كاری ئه‌وه‌ بێت زه‌مینه‌ سازبكات بۆ هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌م كاره‌ بكات چونكه‌ له‌به‌رنامه‌ی كاری خۆشیدا كه‌ پێشكه‌شی كرد بۆ په‌رله‌مان له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی ، یه‌ك له‌ ئامانجه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ كاتیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌، كه‌واته‌ به‌م ڕاگه‌یاندنه‌ به‌ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ وه‌كو به‌ڵێنێكی خۆی به‌جێگه‌یاندووه‌ به‌شه‌قامی وت ئه‌وا من ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ دابووم به‌شێكم جێبه‌جێكرد به‌وه‌ی كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنم ده‌ستنیشانكرد."

" به‌ موسته‌حیلی ده‌بینم عێراق له‌و بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌ كه‌ ئێستا تێیداین ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێت ، هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد و پاك ئه‌نجام بدات به‌بێ گزی و ساخته‌كاری"

به‌بڕوای د.به‌شیر حه‌داد هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام نادرێت له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" پێم وانییه‌ هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ له‌م واده‌یه‌دا ئه‌نجام بدرێت چونكه‌ له‌مپه‌ر و ڕێگری زۆر له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌ وه‌كو له‌مپه‌ر و ڕێگری سیاسی، ئه‌منی، ڕێگری دارایی ، هه‌روه‌ها هونه‌ریش، هه‌یه‌، جارێ یاسای هه‌ڵبژاردن ته‌واو نه‌بووه‌ له‌په‌رله‌مان ئه‌و لیسته‌ی ماوه‌ كه‌ لیسته‌كه‌ هاوپێچه‌ به‌یاساكه‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تێدا نیشانه‌ده‌كرێت بۆ ئه‌مه‌ش پێكهاتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م لیسته‌ ئاسان نییه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێت به‌بۆچوونی من، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، عێراق ئێستا به‌بارودۆخێكی خراپ تێده‌په‌ڕێت، دابینكردنی بودجه‌یه‌كی باش بۆ هه‌ڵبژاردن ئاسان نییه‌ دیسان پێویسته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، دادگای فیدڕاڵی په‌سه‌ندنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكات دادگای فیدڕاڵیش ئێستا ڕێژه‌ یاساییه‌كه‌ی ته‌واو نییه‌ چونكه‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامه‌كانی خانه‌نشینبوو ، پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌ندامێكی بۆ زیاد بكرێت یان یاساكه‌ی هه‌موار بكرێته‌وه‌ خاڵێكی تر له‌ ڕێگرییه‌كان بارودۆخی ئه‌منییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكی زۆر گرنگه‌ من به‌ موسته‌حیلی ده‌بینم عێراق له‌و بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌ كه‌ ئێستا تێیداین ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێت ، هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد و پاك ئه‌نجام بدات به‌بێ گزی و ساخته‌كاری چونكه‌ ئێستا چه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ لای میلیشیاكانه‌ گروپه‌چه‌كداره‌كان دیسان ده‌توانن زاڵ بن به‌سه‌ر بنكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ به‌كه‌یفی خۆیان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌لاڕێداببه‌ن، بۆیه‌ ئه‌م ڕێگریانه‌ كه‌ هه‌یه‌ ئێستا لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌یان پێ باش نییه‌ وه‌ پێ خۆش نییه‌."

" كورد له‌هه‌ڵبژاردندا كورسیه‌كانی خۆی ئه‌گه‌ر زیادنه‌كات كه‌م ناكات، به‌ڵام لایه‌نی سوننه‌ و لایه‌نی شیعه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانیان و جه‌ماوه‌ره‌كانیان زۆر لێیان توڕه‌ن زۆر لێیان بێزارن، چاوه‌ڕوان ناكرێت كه‌ هه‌مان كورسیه‌كانی خۆیان بهێننه‌وه‌ "

ده‌رباره‌ی بۆچونی هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌نه‌ و پێكهاته‌جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌؟ د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" سه‌باره‌ت به‌كورد پێم وانییه‌ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕووبدات ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئێستا بكرێت یان له‌ كاتی خۆیدابكرێت كورد ده‌توانم بڵێم كورسیه‌كانی خۆی ئه‌گه‌ر زیادنه‌كات كه‌م ناكات، به‌ڵام لایه‌نی سونه‌ و لایه‌نی شیعه‌ به‌ڕاستی له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانیان و جه‌ماوه‌ره‌كانیان زۆر لێیان توڕه‌ن زۆر لێیان بێزارن، چاوه‌ڕوان ناكرێت كه‌ هه‌مان كورسیه‌كانی خۆیان بهێننه‌وه‌، به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌ شیعیه‌كان ده‌زانن كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه‌ ناشتوانن به‌ئاشكرا بڵێن كه‌هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ داواكاری شه‌قامه‌ بۆیه‌ له‌ ڕووكه‌ش و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێش وه‌خته‌داین به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕێگری دروست بكه‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درێت."

"....بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك هه‌ڵبژاردنی له‌ بیربچێته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌بۆچونی په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ عیراق له‌كاتێكدا وه‌ك ئاماژه‌ت كرد چه‌ند به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌؟ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق باسی له‌وه‌كرد" ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌رمانه‌ ده‌یكه‌ین ته‌واو كردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ وه‌هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێژه‌ یاساییه‌كه‌ی ته‌واوبێت چی تریش ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مان له‌سه‌رمانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسی یه‌كان بۆ خۆیان ڕێك بكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌ر سووربێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ باڵی سه‌ربازیان هه‌یه‌ یان میلیشیای چه‌كداریان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ باردۆخی ئه‌منی به‌ ئاراسته‌یه‌كدا ببه‌ن كه‌ هه‌ندێك پشێوی و توندو تیژی دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك هه‌ڵبژاردنی له‌ بیربچێته‌وه‌."

"كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غداد ته‌نها كێشه‌ی مووچه‌ و نه‌وت نییه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد وه‌ هۆكاری ڕێكنه‌كه‌وتنییان تائێستا؟ د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غداد ته‌نها كێشه‌ی مووچه‌ و نه‌وت نییه‌ به‌ڕاستی بیری شۆڤێنی وتاكڕه‌وی، بیری ڕه‌گه‌زپه‌رستی، بیری مه‌ركه‌زی له‌ عێراقدا هه‌ر ماوه‌، ڕاسته‌ ئێستا سیسته‌می سیاسی عێراق گۆڕاوه‌ سییسته‌مێكی به‌ناو دیموكراسی و فره‌یی و هه‌مه‌لایه‌نییه‌، به‌ڵام ئه‌م بیره‌ مه‌ركه‌زی یه‌ سه‌نتڕاڵه‌ لای زۆربه‌ی سیاسی یه‌كانی شیعه‌و سوننه‌ هه‌ر ماوه‌ كه‌ پێویسته‌ عێراق وڵاتێكی مه‌ركه‌زی بێت و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو عێراقدا هه‌بێت به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌."

" ئه‌م كارانه‌یه‌ وا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات هه‌ست به‌ مه‌غدوری خۆی بكات "

"زۆربه‌ی ئه‌و سیاسیانه‌ به‌ڕاستی پێیان هه‌زم ناكرێت یان قبوڵیان نییه‌ له‌ ناخی خۆیانه‌وه‌ كه‌ دان به‌ هه‌رێمێكی ده‌ستوری بنێن ده‌یانه‌وێت كێشه‌ دروست بكه‌ن و ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ده‌ستور داویه‌تی به‌ هه‌رێم نه‌یده‌ن ئه‌وه‌ ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌یه‌، ناكرێت حكومه‌ت وه‌كو پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوریه‌ وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، ده‌زگای دادوه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ده‌ستوور داویه‌تی به‌هه‌رێم، حكومه‌ت پێی ڕه‌وا ببینێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ جارێك مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕن و نایده‌ن، جارێك داوای هه‌موو نه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌ن جارێك به‌شی ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ناده‌ن له‌و قه‌رزه‌ نێو ده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ عێراق وه‌ری گرتووه‌، زۆر له‌و مافانه‌ بۆ نموونه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌كو به‌شێكی گرنگی سیسته‌می عێراقییه‌ به‌ڵام تا ئێستا پێشمه‌رگه‌ مافی خۆی له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رنه‌گرتووه‌ نه‌ وه‌كو بودجه‌ و موچه‌ و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و نه‌ وه‌كو ڕاهێنان و مه‌شق چه‌ك، هیچ ئه‌وانه‌ی پێ نه‌دراوه‌ به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌ی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی زۆر له‌ سوپا زیاتر گرنگیان پێده‌درێت ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ئه‌و گرنگییه‌ی پێنادرێت ، ئه‌مانه‌یه‌ كه‌ وا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات هه‌ست به‌ مه‌غدوری خۆی بكات." د.به‌شیر حه‌داد وای وت"

"ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غداد كاتی ده‌بێت خۆزگه‌ عێراق و هه‌رێم كاریان بۆ ئه‌وه‌ بكردایه‌ كه‌ ڕێكه‌وتنێكی درێژ مه‌ودا بكرابایه‌ "

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئێستا گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستاندن و گفتوگۆ له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌م گفتوگۆیانه‌ له‌ كۆتایی سه‌رده‌می به‌ڕێز عادل عبدولمه‌هدییه‌ وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ ئه‌و ده‌ستیكرد به‌ڕاگرتنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ تائێستاش ئه‌م گفتوگۆیانه‌ به‌رده‌وامه‌، چه‌ندین جار شاندی هه‌رێمی كوردستان چۆته‌ به‌غداد ، وه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری و پسپۆڕ پێكهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م لیژنانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن ، لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد ڕاسپارده‌كانی خۆیان داوه‌ته‌ حكومه‌تی به‌غداد و حكومه‌تی هه‌رێم ئێستا هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد زۆر نزیكن له‌وه‌ی كه‌بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێك له‌م نزیكانه‌ شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكه‌وتنێك ئیمزا بكه‌ن به‌ڵام ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ڕێكه‌وتنێكی كاتییه‌ چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی "به‌ڕێز موسته‌فا كازمی" حكومه‌تێكی كاتییه‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی نوێ پێكهات له‌ عێراق، دیسان هه‌رێم ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ گفتوگۆی خۆی بكات، خۆزگه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش كاریان بۆ ئه‌وه‌ بكردایه‌ كه‌ ڕێكه‌وتنێكی درێژ مه‌ودا ڕێكه‌وتنێكی كۆنكرێتی بكرابایه‌ كه‌ به‌گۆڕانی حكومه‌ته‌كان گۆڕانكاری تێدا نه‌كرابایه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌بوایه‌ كود یه‌كڕیزی خۆی بپارێزێت واته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كوردستانییه‌كان پێویسته‌ یه‌كڕیزیان له‌ نێواندا هه‌بێت به‌یه‌ك پاكێج وه‌كو كورد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌ن وه‌ له‌دانوستانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غداد ته‌نها بابه‌تی مووچه‌ و نه‌وت نه‌بێت بابه‌تی ته‌عریب و پاراستنی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان كه‌ له‌ناوچه‌كانی داقوق و حه‌مرین و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك عه‌ره‌بی هاورده‌ دێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وی و زار و خاكی كورد بگرن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غداد یه‌كلابكرێته‌وه‌، كاربكرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزی هاوبه‌ش له‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌ سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌."

"هه‌رێم و به‌غداد له‌ڕێكه‌وتن نزیكن به‌وه‌ی كه‌ به‌غداد بوجه‌یه‌ك بنێرێت بۆ مووچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش به‌نده‌ به‌چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداد كه‌بچن ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ته‌واو بكه‌ن ئینجا پاره‌كه‌ش پاش ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ده‌گات "

ده‌رباره‌ی نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌؟ د.به‌شیر حه‌داد ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ له‌بودجه‌ی ساڵی 2019 ئه‌وه‌مان كرد كه‌ مووچه‌ ده‌ربهێنین له‌ ململانێ سیاسیه‌كان، وه‌ مووچه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌بوو به‌درێژای 2019 و له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 یش مووچه‌ به‌به‌رده‌وامی هات بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆتایی سه‌رده‌می به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی، وه‌ له‌سه‌رده‌می "به‌ڕێز موسته‌فا كازمی" دیسان كێشه‌كه‌ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ و ئه‌و مووچه‌ ڕاگیرا . ئێستا وابزانم گفتوگۆكان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجامێكی باش، وه‌ له‌ڕێكه‌وتن نزیكن به‌وه‌ی كه‌ به‌غداد بوجه‌یه‌ك بنێرێت بۆ مووچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش به‌نده‌ به‌چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداد كه‌بچن ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ته‌واو بكه‌ن ئینجا پاره‌كه‌ش پاش ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ده‌گات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌غداد ده‌توانێت به‌شه‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت له‌كاتێكدا عیراق یاسای بودجه‌ی بۆ ساڵی 2020 نیه‌؟ د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" به‌ڵێ ده‌توانێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر ساڵێك ئه‌گه‌ر بودجه‌ دواكه‌وت یان بودجه‌ نه‌بوو، له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی ساڵی پێشووتر 1/12ده‌درێت به‌ شاره‌كان و به‌ هه‌رێمه‌كان، بۆیه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ ئێستا ده‌توانێت ئه‌و به‌شه‌ی له‌ بودجه‌ی ساڵی 2019 ده‌یدا مانگانه‌ هه‌ر ئه‌و به‌شه‌ بدات به‌ هه‌رێمی كوردستان."

"نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ پێشێلكردنی یاسایه‌ "

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌واته‌ نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێچه‌وانه‌ی یاسای بودجه‌یه‌ كه‌خۆت باست لێوه‌كرد؟ د.به‌شیر حه‌داد وتی" بێگومان ئه‌مه‌ پێشێلكردنی یاسایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌عێراق ده‌گوزه‌رێت مه‌سه‌له‌ی یاسا نییه‌، ده‌ستور و یاسا پێشێلكراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان پێشێلكراوه‌ به‌رامبه‌ر عێراقیش پێشێلكراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌كارده‌كات میلیشیاتی چه‌كدارین، وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كارده‌كه‌ن ده‌نا ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ده‌ستور و یاسا بێت نابێت وابێت ، هاوڵاتی عێراقی پێویسته‌ ژیانێكی پڕ كه‌رامه‌ت و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ دابین بكرێت به‌ڵام وانییه‌ قسه‌ له‌حكومه‌ت كراوه‌ و به‌دواداچوونمان بۆ كردووه‌ نوسراومان كردووه‌ و پێمان وتوون كه‌ ئه‌مه‌ بێ یاساییه‌ و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسی و چه‌كدارانه‌ی كه‌ زاڵن به‌سه‌ر حكومه‌تدا ئه‌وان كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڕاستی حكومه‌ت ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی ده‌وڵه‌تدا ناگات."

"حكومه‌ت له‌ عێراقدا موسته‌فا كازمی بێت یان كه‌سێكی دیكه‌ بێت، ئابڵوقه‌ دراوه‌ و ده‌وره‌ دراوه‌به‌حكومه‌تێكی دیكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌ كه‌ نادیاره‌ "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان گه‌شبین بوون به‌ مسته‌فا كازمی و پشتیوانی بێ مه‌رجییان لێكرد بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی؟ د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" له‌وانه‌یه‌ كه‌سی موسته‌فا كازمی جێگه‌ی متمانه‌ بێت و جێگه‌ی گه‌شبینی بێت بۆ ئێمه‌ و بۆ عێراقیه‌كان به‌ڵام حكومه‌ت له‌ عێراقدا موسته‌فا كازمی بێت یان كه‌سێكی دیكه‌ بێت ئابڵوقه‌ دراوه‌ و ده‌وره‌ دراوه‌ به‌حكومه‌تێكی دیكه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌ كه‌نادیاره‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی دووه‌م كه‌ ئه‌و كاره‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌بات ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ زۆر شت ئه‌وان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، زۆر شت به‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌سه‌پێنن ئه‌وانن كه‌ناهێڵن هه‌ندێك شت بكرێت، بۆیه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كان ته‌نها به‌ده‌ست موسته‌فا كازمی بێت وانابێت و په‌یوه‌ندیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش به‌و شێوه‌یه‌ نابێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ موسته‌فا كازمی-یش كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری هه‌ندێك ئه‌و لایه‌ن و میلیشیا چه‌كدارانه‌وه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:11 0:00


XS
SM
MD
LG