Accessibility links

د.هێرش سه‌لیم:ئاماری توشبوان و مردوان بە کۆرۆنا لەسلێمانی لەم چەند ڕۆژەدا ڕوی لەکەمیکردووە، له‌كاره‌سات گه‌ڕاینه‌وه‌ بەرەو سەقامگیری دەڕۆین


د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌م وتووێژه‌دا باس له‌ داكشانی ڕێژه‌ی تووشبووان و گیانله‌ده‌ستدانی كۆرۆنا ده‌كات له‌شاری سلێمانی هه‌روه‌ها دۆخی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵگری ڤایره‌سه‌كه‌ن، له‌دوابه‌شی وتوێژه‌كه‌ش بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن له‌سه‌ر كاریگه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیم و پرسه‌ی شێخ محه‌مه‌دی كه‌سنه‌زان له‌ سه‌ر ته‌ندروستی شاری سلێمانی .

" ئاماری توشبووه‌كان ڕوو له‌ داكشانه‌ ڕوو له‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌ هاوكات ژماره‌ی كۆچككردوو-گیان له‌ده‌ستدان كه‌م بۆته‌وه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت" ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو ئاماره‌كانی تووشبوون به‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ئه‌گه‌ر نه‌شڵێم دابه‌زیووه‌ به‌ڵام له‌ ئاستێكی سه‌قامگیردایه‌ واته‌ به‌رزبوونه‌وه‌ نییه‌ و نزمبوونه‌وه‌یه‌كی واش نییه‌ كه‌ بڵێین ئه‌مه‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌ چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی 10 ڕۆژ بۆ دوو هه‌فته‌ سه‌قامگیریه‌ك به‌ ئاماره‌كانه‌وه‌ ببینینه‌وه‌ ئه‌و دابه‌زینه‌ش كه‌ هه‌یه‌ بیبینین ئینجا ده‌توانیین بڕیاربده‌ین و بڵێین ئاماری توشبووه‌كان ڕوو له‌ داكشانه‌ ڕوو له‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌ هاوكات ژماره‌ی كۆچككردوو-گیان له‌ده‌ستدان كه‌م بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ شتێكی به‌رچاوه‌ و دیاریشه‌ به‌ڵام ژماره‌ی توشبوون ئێستا له‌ ئاستێكی سه‌قامگیردایه‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌هاش نییه‌ بتوانیین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین كێرڤه‌كه‌ ڕوو له‌خواره‌وه‌یه‌."

واته‌ ژماره‌ی توشبووان كه‌میكردووه‌؟ له‌وه‌ڵامدا د.هێرش سه‌ید سه‌لیم وتی" به‌ڵێ ژماره‌ی توشبوون كه‌می كردووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئامارێكی كورته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێن له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا كه‌می كردووه‌ بۆیه‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ده‌بێت كاتێك بڵێین ڕوو له‌ داكشانه‌ كه‌ سه‌قامگیریه‌كی ته‌واو هه‌بێت له‌ دابه‌زینی ژماره‌كان ئینجا ده‌توانیین بڵێن ئاماره‌كان ڕوو له‌خواره‌وه‌یه‌ و به‌ره‌و داكشان دێت."

" نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی باس ده‌كرا سلێمانی له‌به‌رده‌م كاره‌ساتێكی گه‌وره‌دایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا به‌رزبێته‌وه‌؟ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ووتی" ئێمه‌ به‌ڕاستی نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ و له‌كاره‌سات گه‌ڕاینه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌قامگیری ده‌ڕۆین ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ خۆپارێزییه‌ به‌رده‌وام بێت، ڕاسته‌ ژماره‌ی تووشبوون زۆر زیادیكرد 80% بۆ 85% ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی توشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بوون ده‌توانم بڵێم به‌شێوه‌یه‌كی هێواش نه‌خۆشیه‌كه‌یان گرتووه‌ یاخود له‌ بنه‌ڕه‌ته‌دا هه‌ر نیشانه‌شیان نه‌بووه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ وایكرد كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك تووش ببێت ، ئاماره‌كان له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵنه‌كشاوه‌ ئیتر ئایا گۆڕینی كه‌شوهه‌وایه‌ یاخود هه‌رخۆی ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان لاوازتر ده‌ربكه‌وێت، ئێستا ئیتر خه‌ڵك وای لێدێت به‌رگری په‌یدا بكات به‌رامبه‌ر ڤایڕه‌سه‌كه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن (immunize) چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان تووشبوون هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر زۆریش چاك بۆته‌وه‌ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئێستا ئاماره‌كان ڕوو له‌ داكشان بێت كه‌واته‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ باس ده‌كرێت."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندنه‌بن یان كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك بنوێنن له‌ مه‌سه‌له‌ی خۆپارێزی ڕێی تێده‌چێت كه‌ هه‌ڵكشاندن ڕووبداته‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتیان وانه‌كه‌ن كه‌شتێك ڕوو بدات یاخود كه‌مته‌رخه‌می بنوێنن له‌ خۆپارێزی بۆ ئه‌وه‌ی ئاماره‌كان به‌و شێوه‌ سه‌قامگیریه‌ بهێڵینه‌وه‌و ڕوو له‌داكشان بێت."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئه‌و ئامارانه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نرێن ئاماری دروستن یاخود زیاترن؟ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم وتی" به‌ڵێ له‌وانه‌یه‌ زیاتریش بێت ئێستاش هه‌ر تووشبون هه‌یه‌ ، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ڕایناگه‌یه‌نیین، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌یان ناچێته‌ ئاماری ئێمه‌وه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌ڕێگه‌ی هێڵه‌ گه‌رمه‌كانه‌وه‌یه‌ وه‌ له‌ڕێگه‌ی ڕاوێژكردن به‌ پزیشكانه‌وه‌ یان له‌ ڕێگه‌ی كلینكه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌یه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن به‌پێی نیشانه‌كانیان یاخود به‌پێی سیتی سكانه‌كه‌ی بۆیان ده‌گیرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پشكنینی ڤایڕه‌سه‌ی كۆرۆنایان بۆ بكرێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌ست نیشانی ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو نیشانه‌كانی له‌گه‌ڵ ڤایڕه‌سی كۆرۆنایه‌ ده‌ڕوات بۆیه‌ ده‌نێردرێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێن و چاودێری خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری به‌سه‌ر باری ته‌ندروستییان په‌یوه‌ندی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ سه‌نته‌ره‌كانی ئێمه‌وه‌ ئه‌مانه‌ نه‌چوونه‌ته‌ داتا و ئاماره‌كانی ئێمه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرن ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ ئێمه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی خۆمان 15 حاڵه‌ت داخل بكه‌ین به‌دڵنیاییه‌وه ‌80%له‌ماڵه‌وه‌ داخڵ ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ نه‌چنه‌ ناو ئامار و داتاكانی ئێمه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ ئێستا له‌ماڵه‌وه‌یه‌ و ئێمه‌ ناتوانیین ڕایبگه‌یه‌نیین."

" هیچ كام له‌ده‌روێشه‌كان تا ئێستا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانییان نه‌كردووه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ "

ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیم و پرسه‌ی شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زان له‌سلێمانی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ده‌ڵێت" ئێمه‌ هه‌میشه‌ ووتومانه‌ هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و قه‌ڕه‌باڵغیه‌ك ئه‌گه‌ر زیادبوونی ژماره‌كان هه‌یه‌ وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر واشبووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆزێك واقیعی بین ئێران له‌پێش ئێمه‌وه‌ تووشبوو ئێران ده‌مێكه‌ ئه‌و حاڵه‌تی داكشان و هه‌ڵكشانی ڤایڕه‌سه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ هاتووه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی ئێمه‌ی نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بێت یاخود نیشانه‌ی تێدا بێت بۆیه‌ تێبینیمان كردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتووشن پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر تووشبووبن ئێستا چاكبوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر خۆی له‌خۆیدا قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌ی كۆرۆنا ئه‌گه‌ر 10-15 كه‌سی تێدا بێت له‌وانه‌یه‌ ده‌روێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ ئه‌وانه‌ تووش ببن به‌ ڤایڕه‌سه‌ی كۆرۆنا."

"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ ڕێگه‌مان نه‌داوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیم و پرسه‌كه‌"

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك لایه‌نی ته‌ندروستی شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی پرسه‌ و مه‌راسیمه‌كه‌ نه‌بوون، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئێمه‌ ڕێگه‌مان نه‌داوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نه‌بووین زووش ئێمه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌مان ڕاگه‌یاندبوو كه‌ "حه‌زه‌ر" بكه‌ن له‌ مه‌سه‌له‌ی كۆبوونه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌وان خۆیان وتیان ئێمه‌ش ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تی دینی و عه‌قیدییانه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕیان پێیه‌تی وایكردووه‌ هه‌تا لایه‌نی ئه‌منی ئاسایشیش نه‌یتوانی كۆنتڕۆڵی ئه‌وه‌ بكات چ جای ئێمه‌ وه‌كو ته‌ندروستی بتوانیین ڕێوشوێن "ئیجرائات" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بكه‌ین."

"به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕازی نه‌بووین من خۆم به‌ "شه‌خسی" په‌یوه‌ندیم به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ كرد و پێم وتوون "حه‌زه‌ر" بكه‌ن له‌و مه‌سه‌له‌ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان "دكتۆری به‌ڕێز" و ناوداری تێدایه‌ كه‌ زۆر له‌ ئێمه‌ خه‌مخۆرتر بووه‌ وه‌ هه‌وڵیشی داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕوونه‌دات به‌ڵام دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیشی تیا نه‌بووه‌، ئه‌مانه‌ باوه‌ڕیان به‌ شتێكه‌ هه‌ر ده‌بووایه‌ بیكه‌ن و كردیشیان." د.هێرش سه‌یدسه‌لیم -جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وای وت"

"له‌ماوه‌ی 10 ڕۆژدا شوێنه‌واره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت "

ده‌رباره‌ی پێشبینییه‌كان كه‌ده‌وترێت له‌ 2-3 هه‌فته‌ شوێنه‌واره‌كانی هاتنی ده‌روێشه‌كان بۆ سلێمانی ده‌رده‌كه‌وێت؟ د.هێرش سه‌لیم وتی" خۆی له‌ماوه‌ی 10 ڕۆژدا ده‌بێت شوێنه‌واره‌كانی ده‌ربكه‌وێت ئه‌گه‌ر ئاماره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ زیادیكردبێت و ده‌ریشكه‌وت كه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ڕێی ته‌كیه‌كه‌وه‌ تووش بوون، له‌ڕێی پرسه‌كه‌وه‌ تووشبوون ئه‌وكاته‌ ده‌توانیین بڵێن به‌ڵێ مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت."

" بابه‌ته‌كه‌ شتی تره‌ باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س خۆی بدات له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و شتانه‌ "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چ ڕێوشوێنێك ده‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و پرسه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بووه‌ هۆی زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا؟ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی" چیمان كردووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ پێشووتركراوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان پێده‌كرێت ئه‌ركی ئێمه‌ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییه‌ واته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ بتوانیین خه‌ڵك موحاسه‌به‌ بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ژووری ئۆپراسێون و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌ دادگاش ئیشی خۆی ده‌كات به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ شتی تره‌ باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س خۆی بدات له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و شتانه‌ له‌ كوردستان ژیاون ده‌زانن ئه‌م شتانه‌ كه‌ ده‌گاته‌ سنورێك هه‌مووی گوێی خۆی لێ كه‌ڕ ده‌كات."

"ئه‌مجاره‌ش هه‌ر هاوڵاتیان خۆیانن كه‌ ده‌توانن بارودۆخه‌كه‌ وا لێبكه‌ن كه‌ئاماری هه‌ڵكشانه‌كان به‌ره‌و خواره‌وه‌ بێننه‌وه‌ "

له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا د.هێرش سه‌یدسه‌لیم وتی" وه‌كو له‌جاری پێشوودا خه‌ڵك هاوكاری ئێمه‌بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خۆپاراستن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌خه‌تی یه‌كه‌می كۆرۆنا ئه‌مجاره‌ش هه‌ر هاوڵاتیان خۆیانن كه‌ ده‌توانن بارودۆخه‌كه‌ وا لێبكه‌ن كه‌ئاماری هه‌ڵكشانه‌كان به‌ره‌و خواره‌وه‌ بێننه‌وه‌ و خه‌ڵك پارێزراوبێت و خه‌ڵك زیاتر ده‌چێته‌وه‌ كه‌نارێكی ئارامه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌مه‌سه‌له‌ی تاك پارێزی و خۆپارێزی چڕتر بكرێته‌وه‌ بۆیه‌ ئێستاش داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خۆپارێزی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌و ئاسته‌دا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی خۆماندا بێت و چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی ئاسانتر و دوور له‌مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ یاخود ته‌شه‌نه‌سه‌ندن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌خت و گیان له‌ده‌ستدانی خه‌ڵك."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:38 0:00


XS
SM
MD
LG