Accessibility links

فەرەیدون جاف مەنسوری: لە دنیادا حکومەتێکی ئەوەندە بێ پلانم نەدیوە


لە هەرێمی کوردستان ئێستا سات و گەرمەی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ و نیشان دەدرێت، مایەی نیگەرانییە، زۆرێک لە جوتیاران، زیادبوونی بەرهەمەکانیان دڵخۆشی نەکردوون. زۆرێکیان بەرهەمەکانیان لێ ناکەنەوە، یاخود خەساری دەکەن، هۆکارەکەش کەمی نرخ و نەبوونی بازاڕی ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانیانە.

شارەزای بواری کشتوکاڵ و سەرۆکی تۆڕی رێکخراوە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، فەرەیدون جاف مەنسوری دەڵێت "جوتیاری کوردستان لە خراپ ترین بارودۆخدان".

ئەم شارەزایە باس لەوە دەکات، ئێستا کاتی بەربوومی تەماتەیە، ئەی چی لەبەهەمەکانی تر بکەین، بەرهەمی خیارو نۆک و بەرهەمەکانی دانەوێڵە هەمووی هاوشیوەی تەماتەیە، گرفتی گەورە، بێ پلانی حکومەتە.

ئەو نموونەی داخستنی ئەو کارگە بچوکانەش دەهێنێتەوە کە لە هەرێمەکە هەن، دەشڵێت "پەکخستنی کارخانەکان، دروست نەکردنی بازاڕی دەرەوە بۆ ساخ کردنەوەی بەروبومەکانیان، لە ناوخۆشدا هاوردەکردن نەوەستاوە، ئەوانە هۆکاری ئەوەن کە ئەمڕۆ دەیبینیت."

لەهیچ شوینێکی دنیا بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ بەکاربەری رۆژانەی نیوخۆ بەتەنها بەکار نایەت، بەڵکو کشتوکاڵ و بەروبوومەکانی هاوردە دەکرێت بۆ دەرەوە، یاخود دەکرێتە پیشەسازی، بەڵام لە کوردستان هێشتا لە نێو خۆدا دەیانەوێ ئەو هەموو بەروبوومە ساخ بکرێتەوە.

فەرەیدون جاف لای وایە ئەو هەموو پارەیەی کە لە 2003 ەوە رووی لەو هەرێمە کردبوو، دەکرا کەرتی کشتوکاڵی زۆر باش پێ ببوژێنرێتەوە، دەشڵیت "بەروبوومی نێوخۆی هەرێم کواڵەتییەکی زۆر باشی هەیە، ئەگەر حکومەت پلانی هەبوایە، بەروبوومەکانمان زۆر بە نرخی هەرزانتر لە چاو ئەردەن و تورکیا و وڵاتانی تر هاوردە دەکران، لە رابردوو تەنها بازاڕی شارەکانی تری عێڕاق هەبوو، ئەوەشیان لەبەر بەرژەوەندی هەندێک بازرگانی سیاسی تێکدا، دەنا رۆشتنی بەروبوومی کشتوکاڵی لە هەرێمەوە بۆ شارەکانی تری عێڕاق دەروازەیەکی باش بوو."

لە دنیادا کشتوکاڵ دەکرێتە پیشەسازی، بۆچی لە کوردستان کارگە دروست نەکراوەو یان ئەگەر هەش بێت بۆ ناخرێنەوە گەڕ، یان کشتوکاڵ بۆچی نەبێتە بەشیک لە ئابووری هەرێمەکە؟ لە کاتێکدا کشتوکاڵ یەکێکە لە بوارە ئابورییەکانی دنیا.

لەو بارەیەوە فەرەیدون جاف دەڵێت "هەندێک کارگەهەن کە رێکخراوەکان بەخێری خۆیان بۆیان دروستیان کردوین، بۆچی کاری پێ ناکرێ؟ ببینە کارگەی دۆشاوی تەماتەی سیروان، یان ئەوەی حەریر یاخود کارگەی رۆن لە عەربەت، کەس تێ ناگات، ئایا خەتای بەرپرسە سیاسییەکانە، یان وڵاتانی ئیقلیم رێگە نادەن، کەس تێ ناگات بۆ ناخرێنەوە گەڕ".

ئەم شارەزایە کە خۆشی، زەویو زارێکی کشتوکاڵی زۆر بەڕێوە دەبات پێی وایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردەکردن نابێت، ئەگەر حکومەتێکی باشی هەبێت و پاڵپشتی بکات، دەشڵیت " ئەو هەموو غازە سروشتییەمان هەیە، حکومەت دەتوانێت پشتگیری جوتیار بکات و گازیان پێ بدات تاوەکو لە زستاندا لە رێگەی ماڵی پلاستیکییەوە بەرهەمی هاوینەمان هەبێت، کار زۆر هەیە بکرێت، گەر نەخشەو پلانت بۆی هەبێت."

لەبەشیکی تری وتوێژەکە باسی ئەوەش دەکات جوتیاریش هەڵەیان زۆرە لە رووی بەرهەمەکانیان و خوو گرتن بەیەک جۆر بەرهەمەوە دەشڵیت "کردنی سەد دۆنم بە تەماتە و یەک کارگەت نەبێت و یەک بازاڕی دەرەوەشت نەبێت، هەڵەیەکی کوشندەیە، پاشان لە دنیادا تۆوی ئەو تەماتەیەی بۆ پیشەسازی دۆشاو دەبێت، جیاوازە لە چاو ئەو تۆوەی کوردستان، پێویستە جوتیاریش چاو کراوە بێت و بەرهەمەکانی لە رووی چەندایەتی وچۆنایەتی گۆڕانکاری بەسەردا بهێنن"

لە کۆتایی وتوێژەکە گلەیی زۆریش لەو هونەرمەندو کەناڵە تەلەفزیۆنیانە دەکات بەردەوام خەریکی ریکلامی خواردەمەنییە بیانییەکانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:04 0:00


XS
SM
MD
LG