Accessibility links

د.نزار عیسمه‌ت: دۆخی ته‌ندروستی دهۆك باشتره‌ و تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ مه‌ترسی نیه


د.نزار عیسمه‌ت -به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك

د.نزار عیسمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت" دۆخی ته‌ندروستی دهۆك پاش زیادبوونی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ كۆرۆنا ڤایره‌س به‌ڵام تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌، ده‌شڵێت"به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌و شێوه‌ خێرایه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وام بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ بارودۆخی دهۆك-یش خراپ ده‌بێت و ئه‌وكاته‌ پێوستمان به‌ پشتیوانی زیاتر ده‌بێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ته‌ندروستی دهۆك." هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نێت"وەکو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک، پێمان وایە که هەموو کەس دەبێت ماسک بپۆشیت هه‌م بۆ پاراستنی خۆی وه‌ هه‌م بۆ پاراستنی كه‌سی به‌رامبه‌ر وه‌ بێگومان ئێمە پێشنیار دەکەین کە بەستنی ماسک ببێتە حاڵەتێکی سەرانسەری و گشتگیر هەتا ببێتە ئیجباری بۆ خەڵک دژ بەو نەخۆشییە."

"دۆخی ته‌ندروستی دهۆك باشتره‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ مه‌ترسی نیه "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ئاماژه‌ی به‌دۆخی ته‌ندروستی دهۆك كرد و ڕایگه‌یاند" بێگومان دۆخی ته‌ندروستی له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان و عێراق خراپه‌، رۆژ به‌رۆژحاڵه‌تی كۆرۆنا له‌ زیادبووندایه‌، زۆر زۆر ته‌شه‌نه‌ ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ یه‌كجار زیاتر بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ پارێزگای دهۆك دۆخی ته‌ندروستی به‌راورد بكه‌ین به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، دۆخی ته‌ندروستی باشتره‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ مه‌ترسی نیه‌ له‌ پارێزگای دهۆك ، نه‌خێر مه‌ترسیش له‌ پارێزگای دهۆك یه‌كجار زیاتر بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك . هۆكارێكی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی دوروبه‌ری پارێزگای دهۆك بكه‌ین، حاڵه‌ته‌كان یه‌كجار زۆر بوون به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ولێر بارودۆخ زۆر خراپ بووه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین حاڵه‌ت تۆمار ده‌كرێت هه‌روه‌ها حاڵه‌تی مردنیش هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ سلێمانیش، وه‌ له‌ توركیا و موسڵ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌ترسی ده‌وروبه‌ری دهۆك یه‌كجار زۆره‌."

د.نزار عیسمه‌ت له‌باره‌ی هۆكاری زیادبوونی ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌" قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش له‌نێوان پارێزگاكان له‌ سه‌دا سه‌د نه‌بووه‌ ، هێشتا بۆ چه‌ندین حاڵه‌ت هاتوچۆ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ بازرگانی و چه‌ندین حاڵه‌تی تایبه‌ت له‌نێوان پارێزگای دهۆك و پارێزگاكانی هه‌رێم و عێراق هه‌ر هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌راوردی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كانمان بكه‌ین له‌ پارێزگای دهۆك له‌ مانگی ڕابردوودا و هه‌تا ئه‌م مانگه ‌33 حاڵه‌ت هه‌بوون به‌ڵام ئه‌م مانگه‌ ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان زۆر زیادی كرد بوو به‌ 141 حاڵه‌ت ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ یه‌كجار زۆر تربووه‌ له‌ پارێزگای دهۆك."

" چه‌ندین جار داوامان كردووه‌ كه‌ زیاتر سنوری پارێزگای دهۆك كۆنترۆڵ بكرێت له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم و پارێزگاكانی عێراق "

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی بۆچی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆو له‌ شاری دهۆك ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌؟ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك وتی" ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان هه‌یه‌ له‌ پارێزگای دهۆك ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن بێگومان بۆچونی ته‌ندروستی سه‌ره‌كییه‌ به‌رده‌وام بۆچونی ته‌ندروستی ڕه‌چاو ده‌كرێت له‌ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان "جه‌نابی پارێزگار" و قائمقام و داموده‌زگای ئه‌منی و داموده‌زگای په‌یوه‌ندیدار هه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان بۆچوونی خۆیانیان هه‌یه‌ بۆ چاودێری كردنی نه‌خۆشی كۆرۆنایه‌، پێش ئه‌وه‌ی بڕیاربده‌ین خه‌ڵك له‌ماڵه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نیین ده‌بێت زیاتر هه‌ڵسه‌نگاندنێك بكه‌ین بزانیین پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ ڕابگه‌ینین یان بارودۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌ و پێویست ناكات ، باڵانسێك ڕابگرین، ئه‌م بابه‌تانه‌ هه‌مووی "دیراسه‌ ده‌كرێت له‌ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان پاشان بڕیار ده‌ده‌ن."

"ئێمه‌ وه‌كو ته‌ندروستی چه‌ندین جار داوامان كردووه‌ كه‌ زیاتر سنوری پارێزگای ئێمه‌ كۆنترۆڵ بكرێت له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم و پارێزگاكانی عێراق، كه‌س نه‌هێڵن بێت ئه‌گه‌ر پشكنینی بۆ نه‌كرێت، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی له‌ پارێزگاكانی عێراقه‌وه‌ دێن كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌، وه‌ هه‌روه‌ها داوامان كردووه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ قه‌ڵه‌باڵغن دابخرێن و ڕێكاری ته‌ندروستی جێ به‌جێ بكرێت، وه‌ لیژنه‌ی به‌دواداچوون هه‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ له‌هه‌ر قه‌زایه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی قایمقام سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی ڕێنمایی ته‌ندروستی ده‌كه‌ن زیاتر بكرێن و زیاتر ڕێكاره‌كان جێ به‌جێ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ باشتر تێبپه‌ڕێنیین چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو سبه‌ینێ زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد ئه‌وكاته‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانیین ڕێگری له‌ خه‌ڵكی بكه‌ین كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵك كه‌ زۆر مایه‌وه‌ له‌ماڵ، موحتاج ده‌بێت له‌وه‌ زیاتر ته‌حه‌مول ناكات و ڕێكاره‌كان جێبه‌جێ ناكات، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك بێت پێش و دیار بێت كه‌نه‌خۆشیه‌كه‌ زیاتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ندێك ڕێكاری توندتر ده‌گیرێته‌به‌ر. "د.نزار عیسمه‌ت وای وت"

" تائێستا دۆخی ته‌ندروستی شاری دهۆك له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌ "

د.نزار عیسمه‌ت ئه‌وه‌شی وت" تائێستا دۆخی ته‌ندروستی شاری دهۆك له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌، ڕۆژانه‌ پشكنینه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ خه‌ڵكی دهۆك ئه‌گه‌ر له‌شوێنێك پشكنینێك پۆزه‌تیف ده‌رچوو ئه‌وا ئه‌و خه‌ڵكه‌ كواره‌نتین ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌و شێوه‌ خێرایه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وام بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ بارودۆخی دهۆك-یش خراپ ده‌بێت و ئه‌وكاته‌ پێوستمان به‌ پشتیوانی زیاتر ده‌بێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ته‌ندروستی دهۆك."

"ژماره‌ی توشبووان له‌دهۆك و پێداویستی و ده‌رمان"

سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا ڤایره‌س له‌ دهۆك؟ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ده‌ڵێت" هه‌تا ئه‌مڕۆ 144 نه‌خۆش هه‌یه‌ له‌دهۆك ،35 نه‌خۆش ماونه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌گشتی بارودۆخیان باشه‌ بێجگه‌ له‌ 3 نه‌خۆش كه‌ بارودۆخیان به‌ره‌و دژواری و سه‌خت بوون ده‌چن، خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا كه‌س له‌ دهۆك گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ڕێكو پێكو ته‌ندروستیانه‌ چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشه‌كان كراوه‌."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی ده‌رمانیش هه‌ر ده‌رمانێكیش پێویست بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن له‌ دهۆك هه‌یه‌ هه‌تا ئێستا ده‌رمانمان دابین كردووه‌ ، كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ خۆپارێزیمان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ ماسك و ده‌ستكێش و یان "شێڵد" بۆ دكتۆر كارمه‌نده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن."

"پێشبینی بۆ ئاینده‌ی دۆخی ته‌ندروستی\ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا - له‌ دهۆك "

ده‌رباره‌ی پێشبینی بۆ ئاینده‌ی دۆخی ته‌ندروستی له‌ڕووی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌شاره‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك وتی" ئه‌گه‌ر سنوره‌كان باش كۆنتڕۆڵ بكرێن وه‌ ژماره‌ی پشكنینه‌كان زیاد بكرێن نه‌خۆش زووتر ده‌ستنیشان ده‌كرێت باشتر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت وه‌ بارودۆخه‌كه‌ش كۆنترۆڵ ده‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك زیاتر پێداگری بكات له‌ پابه‌ندبوون به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌ به‌ستنی ده‌مامك و ده‌ستكێش و نه‌چوونه‌ ناو شوێنی قه‌ره‌باڵغی له‌و حاڵه‌ته‌ بارودۆخه‌كه‌ خۆی كۆنتڕۆڵ ده‌بێت، وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سنوره‌كان كۆنتڕۆڵ نه‌كرێن وه‌ هاتوچۆ زیاتر بێت له‌نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق له‌گه‌ڵ دهۆك، وه‌ ژماره‌ی پشكنینه‌كان وه‌ك پێویست نه‌كرێت و خه‌ڵك پابه‌ند نه‌بێت ئه‌وا نه‌خۆشیه‌كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ و بارودۆخی ته‌ندروستی دهۆكیش وه‌كو هه‌ولێر و سلێمانی لێدێت ئه‌گه‌ر ڕێكاری ته‌ندروستی جێبه‌جێنه‌كرێت."

" ته‌ندروستی ته‌نها لایه‌نی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ری كۆرۆنا نییه‌ به‌ڵكو له‌به‌رچاو گرتنی لایه‌نی ده‌رونی خه‌ڵك ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت "

د.نزار عیسمه‌ت جگه‌ له‌پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك پسپۆڕییه‌كه‌ی پزیشكی ده‌رونیه‌، ئه‌و له‌و وتووێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی كۆرۆنا ڤایره‌س كرد له‌سه‌ر ده‌روونی تاكه‌كان؟ له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین قه‌یران یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌كوردستاندا بووه‌، قه‌یرانی نه‌خۆشی و چ ئه‌منی و شه‌ڕ و چ قه‌یرانی ئابوری وه‌ هه‌روه‌ها ترسان له‌نه‌خۆشی كورۆنا چونكه‌ پێشتر نه‌بووه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان زۆر زۆر باسیان كردووه‌، هه‌ندێك جاریش زۆر خراپ باسیان كردووه‌، وه‌ له‌ هه‌موو ماڵێك زیاتر باس ده‌كرێت و ده‌چێته‌ ناو هزری منداڵه‌كان و ئه‌مانه‌ هه‌مووی وا ده‌كات ئاڵۆزی یه‌كجار زیاتر ببێت له‌ناو هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان بۆیه‌ ده‌ڵێم ته‌ندروستی ته‌نها لایه‌نی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ری كۆرۆنا نییه‌ به‌ڵكو له‌به‌رچاو گرتنی لایه‌نی ده‌رونی خه‌ڵك ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و زیاتر گرنگی پێ بدرێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر ئاڵۆزی ده‌رونی هه‌بێت به‌رگری له‌ش-یش وه‌كو پێویست كارناكات."

هه‌روه‌ها وتیشی" بێگومان چه‌ند لایه‌نێك هه‌ن خه‌ڵك ده‌بێت پێداگری له‌سه‌ر بكات یان گرنگی پێ بدات یه‌ك له‌وانه‌ وه‌رزشه‌، خواردن ، نوستن، هه‌روه‌ها خۆگونجاندنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌ڕووی ده‌رونیه‌وه‌، وه‌ هه‌روه‌ها پشتیوانی ده‌روونی ده‌وروبه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی به‌رگری له‌ش باش بێت كاتێك توشی نه‌خۆشی كۆرۆنا ده‌بێت."

"وەکو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک، پێمان وایە که هەموو کەس دەبێت ماسک بپۆشیت "

د.نزار عیسمه‌ت ئه‌وه‌شی وت" ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک، پێمان وایە که هەموو کەس دەبێت ماسک بپۆشیت چونکە پۆشینی ماسک دەبێتە پاراستنی هەردوو لا هەم کەسه‌کە خۆی وه‌ هەم کەسی بەرامبەر ، وە دەبێتە ئەوەی کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسەکە زۆر کەم بێتەوە جا چ میكانیزمێك بگیرێتەبەر بۆئەوەی خەڵک ماسک بکات چ بە غەرامە کردن بێت یان داوا له خەڵک بکرێت یان دەمامک دابین بکرێت بۆ خەڵکی هەتا بیبەستن گرنگه بۆ ئێمە وەک تەندروستی کە خەڵک هەمووی دەمامک بکەن چونکە هەتا ڤاکسینی ئەم ڤایڕەسه پەیدا نەبێت لەگەڵ ڤایڕەسەکە دەژین و باشترین خۆپارێزیش بەستی ماسکه بۆ ئەوەی یەکتری بپارێزین."

"پێشنیار ده‌كه‌ین به‌ستنی ماسك ببێته‌ حاڵه‌تێكی سه‌رانسه‌ری له‌كوردستان هه‌تا ببێته‌ ئیجباری "


"بێگومان ئێمە پێشنیار دەکەین کە بەستنی ماسک ببێتە حاڵەتێکی سەرانسەری و گشتگیر هەتا ببێتە ئیجباری بۆ خەڵک دژ بەو نەخۆشییە." به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك واده‌ڵێت"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان وه‌ك هه‌ندێك له‌وڵاتانی جیهان بڕێك له‌ غه‌رامه‌ دیاریبكرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌شوێنی گشتیدا ماسك ناپۆشن له‌كوردستان له‌حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی كرایه‌ ئیجباری؟ د.نزار عیسمه‌ت وتی" نازانم ڕەنگە وەرگرتنی غەرامە تۆزێک زەحمەت بێت بەڵام چ میكانیزمێك دەگیرێتەبەر ئەوە لایەنی پەیوەندیدار دەبێت دراسەی بکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:33 0:00


XS
SM
MD
LG