Accessibility links

د.دارا ڕه‌شید:هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نێین ڕێكبكه‌وین له‌گه‌ڵ به‌غداد،له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد به‌دیلی ڕێكه‌وتن هه‌ر ڕێكه‌وتنه‌


د.دارا ڕه‌شید وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.دارا ڕه‌شید وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی ده‌ڵێت" هه‌رله‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارماندا كه‌ نیه‌تمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد پێكبێین به‌ڵام هێشتا گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌ جارێ نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕه‌شنوسی كۆتایی، ده‌بێت ڕێكبكه‌وین چونكه‌ قه‌ده‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد به‌یه‌كه‌وه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانیش ده‌ڵێت " ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت گه‌شبین بین وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مادام له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ژین و ده‌ستور دانی ناوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی باش چونكه‌ له‌كۆتایدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌بێت، ئێمه‌ دوامان كردووه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكرێت وه‌كو به‌شێك له‌ عێراق، واته‌ له‌هه‌موو ئه‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ی هه‌یه‌تی پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك بێت له‌و ئیمتیازاتانه‌، "

"گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌، جارێ نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕه‌شنوسی كۆتایی "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی به‌دواین پێشهاته‌كان سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ڕایگه‌یاند" گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌، جارێ نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕه‌شنوسی كۆتایی ئێمه‌ له‌ ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ پێكهێنانی نوێی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستمان به‌ گفتوگۆكان كرد دواین " درافتی" ڕه‌شنوسی كۆتایی له‌مانگی 12 ی 2019 بوو كه‌ ڕێكه‌وتنێكی كۆتایی بێت كه‌ ده‌بوو بچێته‌ ناو یاسای بودجه‌ی 2020 به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و دۆخانه‌ی كه‌ هاته‌ پێش له‌ عێراق و خۆپیشاندان و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدول مه‌هدی وای كرد كه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ یان ئه‌و گفتوگۆیانه‌ دوابكه‌وێت و بگاته‌ ئه‌و كاته‌ی ئێستا."

"شتێكی ڕوون و ڕاشكاوانه‌ نیه‌ كه‌ خاڵی ناكۆكی بێت "

ده‌رباره‌ی خاڵی ناكۆكی له‌دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد-دا، د.دارا ڕه‌شید وتی" شتێكی ڕوون و ڕاشكاوانه‌ نیه‌ كه‌ ناكۆكی بێت به‌ڵام كه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان پێكرد ڕێكه‌وتنه‌كه‌ وابوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی عێراق بكات ، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراقی 900 ملیار مانگانه‌ بداته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخانه‌ی كه‌ هاته‌ پێش له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی و یاسای بودجه‌ی 2020 نه‌چووه‌ په‌رله‌مان ئه‌م كێشه‌یه‌ی لێ دروست بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقی گفتوگۆكان به‌رده‌وامن هیچ ڕه‌شنوسێكی كۆتایی نیه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وه‌ك كورده‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ دانوستانه‌كاندا كابینه‌ی پێشوو نه‌رمترن و زیاتر گوێ بۆ لایه‌نی كوردی ده‌گرن یا ئه‌م كابینه‌یه‌؟ له‌وه‌ڵامدا د.دارا ڕه‌شید ده‌ڵێت" ئێمه‌ وه‌كو وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامانه‌وێت كه‌س گوێڕایه‌ڵمان بێت ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌ستور و به‌ یاسا بكرێت به‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كه‌ ده‌ستور دانی پێداناوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌ستور بكرێت یان به‌ یاسای بودجه‌ بكرێت یاخود به‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی بكرێت، ئه‌وه‌ داواكاری ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی ناوه‌ندی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكات وه‌كو هه‌رێمی كوردستان وه‌كو له‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی پێكراوه‌ ، وه‌كو هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌ ئه‌و مافه‌ ده‌ستوریانه‌مان پێبدرێت نه‌ زیاد و نه‌ كه‌م، هه‌رچه‌نده‌ پێشبینی ناكه‌م یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 په‌سه‌ندبكرێت له‌ په‌رله‌مانی عێراق."

"نزیكه‌ی ده‌ ڕۆژی تر گه‌ڕێكی تری دانوستانه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد؟ ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندی دانوستانكاری نێوان هه‌رێم و به‌غداد (د.دارا ڕه‌شید) وتی" ڕوژی پێنج شه‌ممه‌ هاتینه‌وه‌ ، وه‌ دانوستانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت ، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو یان ده‌ ڕۆژی داهاتوو گه‌ڕێكی تری دانوستانه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."

"هه‌رێم و به‌غداد ڕێككنه‌كه‌وتوون و ته‌نها ڕامانگه‌یاندووه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن "

ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غداد؟ د.دارا ڕه‌شید ڕه‌تیكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌مان بیست به‌ڵام وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕه‌سمی شتێكی وای ڕانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ درافتی كۆتایی هه‌بێت ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ بڵاومان كردۆته‌وه‌و ئێستاش ڕایده‌گه‌یه‌نیین گفتوگۆكان به‌رده‌وامن و نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕه‌شنوسی كۆتایی."

" پێمان وایه‌ ده‌بێت گه‌شبین بین "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا وه‌ك ئه‌ندامێكی شاندی دانوستانكار گه‌شبینن به‌ ئه‌نجامی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد؟

د.دارا ڕه‌شید وتی" ئێمه‌ دروشمێكمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ دانوستاندا ناتوانرێت گه‌شبین بیت و ناتشتوانرێت ڕه‌شبین بیت، دانوستان هه‌ر وایه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان وه‌ره‌قه‌یه‌كی دانوستان بهێنن و ئێمه‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی دانوستان بهێنیین و له‌ كۆتاییدا له‌وانه‌یه‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی تری لێده‌ربێت كه‌ كۆكراوه‌ی هه‌ردوو لا بێت و شتێكی باشی لێده‌ربچێت به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت گه‌شبین بین وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مادام له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ژین و ده‌ستور دانی ناوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی باش چونكه‌ له‌كۆتایدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌بێت."

" نیه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامی باش هه‌بێت ، ئێمه‌ هه‌میشه‌ گه‌شبینین له‌دانوستان له‌به‌رئه‌وه‌ی پێمان وایه‌ خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی نه‌هامه‌تی زۆریان دیووه‌ پێویسته‌ ئیتر به‌س بێت ناخۆشی و لێكترازان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌ولێر و به‌غداد بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی باش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی عێراقدایه‌." وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان وایوت"

" ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ دوامان كردووه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكرێت وه‌كو به‌شێك له‌ عێراق "

د.دارا ڕه‌شید وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی دایه‌وه‌ ئایا له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی وه‌ك ده‌وترێت عیراق پێییدا تێده‌په‌ڕێت له‌ڕووی ته‌ندروستی و ئابوری و ئه‌منیه‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێكبكه‌وێت و موچه‌ی مانگانه‌ بنێرێت بۆ فه‌رمانبه‌ران؟

د.دارا ڕه‌شید وتی" قه‌یرانی دارایی و قه‌یرانی ته‌ندروستی قه‌یرانێكی جیهانیه‌ به‌ڵام عێراق وڵاتێكه‌ سه‌روه‌ری هه‌یه‌، یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی هه‌یه‌ ده‌توانێت قه‌رز بكات بڕوا ناكه‌م هه‌تا ئه‌و قۆناغه‌ تێده‌په‌ڕێنێت شتێكی زۆر زه‌حمه‌ت بێت چونكه‌ بژارده‌یان زۆر له‌پێشه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ دوامان كردووه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكرێت وه‌كو به‌شێك له‌ عێراق، واته‌ له‌هه‌موو ئه‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ی هه‌یه‌تی پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك بێت له‌و ئیمتیازاتانه‌ له‌ به‌كارهێنانی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی یان قه‌رزی نێو ده‌وڵه‌تییه‌ یاخود قه‌رزی ناوخۆیییه‌ی به‌پێی یاسای قه‌رز له‌په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند كراوه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ به‌شی هه‌بێت."

"ده‌بێت ڕێكبكه‌وین چونكه‌ قه‌ده‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد به‌یه‌كه‌وه‌یه‌."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌حاڵه‌تی ڕێككنه‌كه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد وه‌ك وه‌زیری پلاندانان، پلانتان چیه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ڕووی داراییه‌وه‌؟ د.دارا ڕه‌شید وتی" ئێمه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نێین كه‌ ڕێكبكه‌وین له‌گه‌ڵ به‌غداد چونكه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌دیلی ڕێكه‌وتن هه‌ر ڕێكه‌وتنه‌، بیر له‌وه‌ ناكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕێكنه‌كه‌وین، هه‌موو ئاراسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ڕێكبكه‌وین چونكه‌ قه‌ده‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد به‌یه‌كه‌وه‌یه‌."

" ئه‌وانه‌ ده‌نگی نه‌شازن"

ده‌رباره‌ی لێدوانی هه‌ندێك په‌رله‌مانتار كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن چوونی وه‌فده‌ كوردییه‌كه‌ بۆ به‌غداد كاتكوشتنه‌ و ناگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن؟

د.دارا ڕه‌شید ده‌ڵێت" له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ئاگایان له‌ ورده‌كاری دانوستان نییه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت و له‌ به‌غداد ده‌یبینیین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌كمان گه‌شبینیین به‌ڵام چه‌ند به‌دڵی ئێمه‌ ده‌بێت و چه‌ند به‌دڵی به‌غداد ده‌بێت ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆگه‌ڕه‌كانی تری دانوستان كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا ده‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌ختی لێده‌كه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان پێمان وایه‌ به‌دیلی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ر ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌وانیش ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕێكبكه‌وین یه‌ڵام خه‌ڵكی ڕه‌شبینمان هه‌یه‌، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ ده‌نگی نه‌شازن له‌ناو هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مانی عێراقی بێت یان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بێت."

وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێم ڕونیشیكرده‌وه‌" ده‌نگی نه‌شاز هه‌یه‌، باسی ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ ده‌كات، پێم وانیه‌ ئه‌وه‌ بۆچوونی گشتی په‌رله‌مانی كوردستان بێت كه‌ ده‌ڵێن كات كوشتنه‌ به‌ڵكو له‌وانه‌یه‌ ده‌نگه‌ نه‌شازه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان بێت زۆر ئاساییه‌ ئه‌و قسانه‌ بكه‌ن چونكه‌ ئه‌وانه‌ ده‌نگی نه‌شازن."

" نیه‌تمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد پێكبێین "

وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێم ده‌شڵێت" له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارماندا كه‌ نیه‌تمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد پێكبێین، ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ڕۆژی دووه‌م وه‌فدێكی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی "كاك مه‌سرور بارزانی و كاك قوباد تاڵه‌بانی" سه‌ردانی به‌غدادیان كرد، ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی ئێمه‌ درێژه‌ پێده‌ری ئه‌و نیه‌ته‌ و ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ كابینه‌ی نوێ."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا به‌غداد نیازی هه‌یه‌ ئه‌م مانگه‌ش بڕه‌ بودجه‌یه‌ك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت دوای ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ی دوایی كه‌ ئه‌وه‌ داواكاری و پرسیاری موچه‌خۆرانه‌؟

د.دارا ڕه‌شید وتی" ئه‌وه‌ داواكاری ئێمه‌یه‌ كه‌ بابه‌تی موچه‌ و ئیستحقاقاتی فه‌رمانبه‌ران په‌یوه‌ست نه‌كرێت به‌ دانوستان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد چاوه‌ڕێین بزانیین وه‌ڵامی به‌غداد چییه‌ به‌رامبه‌ر به‌و داواكارییه‌ی ئێمه‌ گه‌شبینیین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:23 0:00



XS
SM
MD
LG