Accessibility links

هێڤیدار: یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ناڕازییه‌ له ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ با ئه‌و ملیۆنان دۆلاره‌ی ڕۆژانه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بیخه‌نه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت


 هێڤیدار ئه‌حمه‌د
هێڤیدار ئه‌حمه‌د

هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ناڕەزایەتیـیەکان بۆ کەمکردنەوەی موچە لەنێویشیاندا ناڕەزایەتیـیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قسەکانی ئاراس شێخ جەنگی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت" با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو ڕۆژێک بە ملیۆن دۆلار پارە دەبەن لەوێ ئەو پارەیە بهێننە خەزێنەی حکومەت بۆ ئەوەی پارەی خەڵکی پاشەکەوت نەکەین پارەی ئەو نەوتە بهێنن ئەوەی کە لە کەرکوک دەیفرۆشن بە دزی و تاڵانی با بهێننە خەزێنەی حکومەت، داهاتەکەی دەدەینە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان. زۆرترین موچەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە، ئەگەرچی جێگری سەرۆکی حکومەت لە یەکێتیە بەڵام ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادیش ئێمە باش لەوە تێدەگەین."

"ئێستاش ئەو قسەیە دەخوات کە یەکێتیەکان بۆ بەغدادیان کرد."

لە سەرەتای وتووێژەکەدا هێڤیدار ئەحمەد وتی" لە هەرێمی کوردستان واقعێک هەیە ئێمە هەموو کاتێک کە باسی موچە دەکەین، باسی هۆکارەکە دەکەین کە بڕینی موچە و بودجەی کوردستان بوو لە ساڵی 2014 لە عێراق لەسەر داوای ئەندامێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو کە چوو لە مالیکی پاڕایەوە و وتی توخوا موچەی کوردستان ببڕن بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕێت, بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناو بچێت، ئەمە قسەی ئێمە نییە، قسەی "بەڕێز شێخ جەعفەرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، خۆی باسی کرد, خۆی هاتە سەر تەلەفزیۆن وتی بەڵێ ئێمە خۆمان ئەو داوایەمان کردووە, یەکێک لە کادێرەکانی ئێمە کە وەفاتی کردووە عادل موراد بوو. ئیتر ئەمە بوو بە سەرچاوەی کێشە لە هەرێمی کوردستان، شەڕی داعش هات، ئاوارە هات، نەوت دابەزی ئەمانە بوونەتە هۆکار کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بدات." هەروەها دەڵێت" ئێستاش لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ، واتە لە2018 لە مانگی 4 وە هەتا کۆتایی 2019 ، هەموو مانگێک موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دراوە جێگرییەکی موچەپێدان هەبوو لە هەرێمی کوردستان، ئەم دۆخی دابەزینی نرخی نەوت هات، بەغداد دیسانەوە موچەی هەرێمی کوردستانی بڕی و دوایخست و نەیدا، کێشە دروست بوو ئەم کۆرۆنایە هات ئابوری هەڵوەشایەوە تا ڕادەیەکی زۆر دیسان ئەو بابەتە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و ناتوانێت پارەی خۆی چاپ بکات ، ناتوانێت سیاسەتی ئابوری خۆی دابڕێژێت یەدەگی نییە لە بانکی مەرکەزی، ئەو یەدەگەی کە بەشی هەرێمی کوردستانە لە بانکی مەرکەزی عێراق، عێراق بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت و بەشی هەرێمی کوردستان نادات لەبەر ئەوەی دەوڵەت نیە ناتوانێت قەرز بکات ئیتر کۆمەڵێک هۆکار هەن لە دەوڵەت بووندا دەتوانیت لەم قەیرانانەدا ڕزگار ببیت کە ئێمە نیمانە ئەم کێشەیە دروست دەکات، وە ئێستاش ئەو قسەیە دەخوات کە یەکێتیەکان بۆ بەغدادیان کرد ئەگەر موچە نەدەیت یان دوای بخەیت خەڵکەکە دژی حکومەت هەڵدەستێت."

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات" ئێمە و یەکێتی شەریکی یەکترین لە دوای ساڵی 1991 وە هەتا ئێستا بە خراپی و باشیەکانی ئەم هەرێمە. من ئەم قسەیەی یەکێتی ناکەم با لەسەر من ماڵ نەبێت ، من نەموتووە یەکێتی چۆتە بەغداد موچەی بڕیووە خودی یەکێتی لەسەر شاشە دانیان پێدانا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت کێ وتویەتی و کێ هۆکارە ئێمە نەمان وتوە و ناشیڵێن بەڵام قسەیەک هەیە بە عەرەبی دەڵێت" وشهد شاهد من أهلها " واتە شایەتی دانەکە لەناو خۆیاندا بووە، ئەمە قسەی خۆیانە و کەسیش ڕەتی نەکردەوە ، بۆیان چۆتەسەر کە خۆیان ئەم ئیشەیان کردووە."

"داوای کۆبوونەوەیەکمان کردووە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئابوری ئەنجومەنی وەزیران "

سەبارەت بە هەڵوێستییان لەسەر بڕینی ڕێژەیەک لە مووچەی فەرمانبەران هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت "ئێمە لە لیژنەی دارایی نووسراوێکی ڕەسمیمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بداتە پەرلەمان و لیژنەی دارایی کە ئەم کارە چۆن کراوە و گەرەنتی چیە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە؟ وە داوای کۆبوونەوەیەکمان کردووە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئابوری ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەم بابەتانە." "یاسای چاکسازیمان دەرکردووە بۆ ئەوەی بیانوو بە کەس نەهێڵین ، بە هاوبەشی دەنگمان بەو یاسایە داوە، لە مانگی حەوت یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەموومان پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئەو یاسا دەکەین، بڕینی ئەم ڕێژەیە لە موچە تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت ، وەکو حکومەت ڕایگەیاندووە لە مانگی داهاتوو یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بندیوار و ئەوانەی کە دامەزراون و تا ئێستا پارەی فول وەردەگرن حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی ئەوانە دەبڕێت وە موچەکە بەشی ئەوە دەکات کە موچەی خەڵکی تری پێ بدەین."هێڤیدار ئەحمەد وای وت. "

" حکومەت ڕونکردنەوەیدا کەسیش لە لیژنەی دارایی قسەی نەکرد یا بڵێت گومانم هەیە "

پێشتر ئاراس شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم پارەی بۆ دێت لە بەغدادەوە بەڵام نایداتە فەرمانبەران نمونەی چوارسەد ملیارەکە کە لەژێر ناوی جیاجیا بەناوی قەرزەوە دایانە کۆمپانیاکانی نزیک لەخۆیان و نەیاندا بەفەرمانبەران." بەڵام جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی هەرێم دەڵێت" خۆمان وەکو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، خۆم وەکو جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئەندامانی دیکەی لیژنەی دارایی داوای ڕوونکردنەوەمان لە حکومەت کردووە، حکومەت ڕوونکردنەوەی داوەکە ئەم 388 ملیارە چۆن هاتووە و چی لێهاتووە، بە هەندێک قەرزی داوە کە بۆ مانگی پێشتر موچەیان پێدابوو، باقیەکەی تری ماوە ئێستا لەگەڵ ئەو مانگە ، لەگەڵ فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و گومرگ ئێستا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە کە لە شەممە و یەک شەممە دەستپێدەکاتەوە." ناوبراو ئەوەشی وت ڕوونکردنەوەکەی حکومەت بۆ لیژنەی دارایی ئەندامانی لیژنەی دارایی بڕوایان پێهێناوە لەو ڕوەوە وتی" ئەو ڕوونکردنەوەی حکومەت بۆ ئێمەی هێنا، قەناعەتمان پێی هێناوە، کەس قسەی نەکردووە یاخود بڵێت گومانم هەیە لەو بابەتە. حکومەتیش حکومەتی شەراکەتە، هەمووی دەزانێت پارەکە چۆن هاتووە و چۆن خەرجکراوە."

"هەوڵیاندا هەرێم-یش وەک کەرکوک تەسلیم بکەن بەڵام بۆیان نەچووە سەر "

ئاراس شێخ جەنگی لە قسەکانیدا ئەوەشی وت" ئەم حکومەتە بدرە دەست چوار پیاوی عاقڵ کە لە بەغداد یا بەسرەوە لە بازاڕی دۆلارەکە کاربکەن باشتر ئەم حکومەتە بەڕێوەدەبەن."

هێڤیدار ئەحمەد لە وەڵامدا دەڵێت" ئێرە هەرێمی کوردستانە قەوارەی خۆی هەیە ، حکومەتی خۆی هەیە، ئەو دەیەوێت کوردستان وەک کەرکوک چۆن ڕادەستی (ڕاکان جبوری) کرد ئاواش ئێرە ڕادەستی بەسڕە و حەشدی شەعبی بکات، پێشتریش هەوڵیان دا ئێرەش وەکو کەرکوک تەسلیم بکەن بەڵام بۆیان نەچووە سەر، پارتی نەیهێشت ئەم هەرێمە تەسلیمی ئەوان ببێت زۆر پێیان ناخۆش بوو ئاراس و ئەوانەی کە لەگەڵی بوون ئەویش وەکو حکومەتی عێراق پێی ناخۆش بوو کە ئێرە تەسلیم نەبوو. بەڕاستی کێشەیەک هەیە لەگەڵ یەکێتی چوار پێنج یەکێتی هەیە، یەکێتی ماڵی مام جەلال هەیە، یەکێتی حکومەت هەیە ، یەکێتی ماڵی شێخ جەنگی هەیە، یەکێتی پەرلەمان هەیە ، یەکێتی مەکتەبی سیاسی هەیە. من لە حیزبی خۆمدا، ئەوەی من لێی تێگەیشتووم تەنها ماڵی مام جەلال بە وارسی شەرعی مام جەلال و یەکێتی دەناسێت." هەروەها وتی" ئێمە ڕێکەوتن لەگەڵ ئاراس ناکەین و نایناسین ئێمە لەگەڵ یەکێتی ڕێکەوتنمان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی بەدڵی خۆی ڕازی بووە و داوای پۆستی کردووە و حەقی خۆی زیاتریشی پێ دراوە، 36% حکومەتی لەدەست دایە. بە ڕەزامەندی خۆی هاتۆتە حکومەتەوە، خۆ تفەنگمان نەخستۆتە سەر سەری زۆر پێمان خۆشە پارتی و یەکێتی شەریکی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی ئەم کوردستانەن."

" با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو ڕۆژێک بە ملیۆن دولار پارە دەبەن لەوێ "

بەڵام هۆکاری نیگەرانی قسەکانی ئاراسی شێخ جەنگی خۆی ئاماژەی پێکرد کە لەبەر موچەی خەڵک و فەرمانبەرانە کە حکومەت موچەی فەرمانبەرانی کەمکردۆتەوە؟ لە وەڵامدا هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت" ئەو برادە پەیوەندی چییە بە هەرێمی کوردستانەوە قسەی لەسەر دەکات؟ دەی با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو ڕۆژێک بە ملیۆن دۆلار پارە دەبەن لەوێ ئەو پارەیە بهێننە خەزێنەی حکومەت بۆ ئەوەی پارەی خەڵکی پاشەکەوت نەکەین پارەی ئەو نەوتە بهێنن ئەوەی کە لە کەرکوک دەیفرۆشن بەدزی و تاڵانی با بهێننە خەزێنەی حکومەت، داهاتەکەی دەدەینە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆرترین موچەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە، سلێمانی بە ئیدارەی هەڵەبجەوە داهاتەکەی مانگی 80 ملیۆن دۆلاری هەیە تەنها بۆ موچە 374 ملیۆن دۆلار دەڕوات هەموو مانگێک سلێمانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە پارەکە هەیە بەڵام کەسی وەکو ئاراس و ئەوان دەیبەن با بێت ئەو پارەیە تەسلیم بکات کە پارەکە کۆبوویەوە هەموو موچە دەدرێت."

"ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادی-ش "

ئەی بۆچی لە جێگری سەرۆکی حکومەت ناپرسن لەسەر ئەو پارانەی کە خۆت دەڵێی ڕۆژانە بە ملیۆن دۆلار دەبەن و نایدەنە حکومەت؟ لە وەڵامدا هێڤیدار ئەحمەد وتی" بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەزانێت دەوڵەتداری بکات ، وە ئەزموونێکی باشی هەیە ، وە لەبەر لێهاتووی ئەو پارتی زۆری پێخۆش بوو بمێنێتەوە وەکو جێگر سەرۆکی حکومەت ئێمە پشتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەگرین ئێستا کە لە گفتوگۆکانە چۆتە بەغداد، ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادیش، تا مام جەلال زیندوو بوو ئەوانە بۆیان نەبوو قسە بکەن و بێنە پێش، ئەوە پارتی نییە و یەکێتی‌یە دڵسۆزەکان نیین کە هەرێمی کوردستان تەنازول بۆ بەغداد بکەن و هەرێمی کوردستان تەسلیمی بەغدادی بکەن. خوا ماڵی ئەوانە خراپ بکات کە بوونە هۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر کە ئاراسی شێخ جەنگی یەکێکە لەوانە."

XS
SM
MD
LG