Accessibility links

ده‌شتی جه‌مال: په‌نابه‌ران، چ له‌ پێش كۆرۆنا و ئێستاش له‌ ده‌ورە‌ی كۆرۆنایه،‌ قوربانی ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ن


Dashti Jamal

سبه‌ینێ ڕۆژی جیهانی په‌نابه‌رانه‌، ده‌شتی جه‌مال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، له‌م وتووێژه‌دا باس له‌دۆخی په‌نابه‌رانی كورد، له‌ وڵاتان ده‌كات، له‌م دۆخه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌جیهاندا.

"وڵاتانی ئه‌وروپا سنوره‌كانی خۆیان به‌ڕووی په‌نابه‌ران داخست "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا، سكرتێری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عیراق وتی: "به‌داخه‌وه‌ دۆخێك ئه‌مساڵ كه‌ ڕۆژی په‌نابه‌رانی تێدا ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ دۆخێكی یه‌كجار جیاوازه‌، له ‌دۆخێكدایه‌ كه‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بۆته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تییه‌وه،‌ كه‌ به‌ میلۆنان مرۆڤ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان توشی ئه‌م په‌تایه‌بووه‌. دیاره‌ قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابوری، په‌ره‌سه‌ندنی پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ژاری و بێكاری و نه‌داری، كه‌مكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان، هه‌تا به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تاوان و توندوتیژی هه‌لومه‌رجێكه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی داگرتووه‌. له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یربكه‌ین، بارودۆخی په‌نابه‌ریش خه‌ڵكێكی دانه‌بڕاو نییه‌ له‌نێو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، به‌ڵكو هه‌ر له‌نێو ئه‌م دۆخه‌دا كه‌ په‌تای كۆرۆنا هه‌موو دنیای داگرتووه‌، په‌نابه‌ران، چ له‌ پێش كۆرۆنا و ئێستاش له‌ ده‌ورە‌ی كۆرۆنایه،‌ قوربانی ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ بوون كه‌ ڕووبه‌ڕووی دنیا بۆته‌وه‌، هەر ‌وه‌كو ده‌بینین له‌سه‌ره‌تای ئه‌م قه‌یرانه‌دا، زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا سنوره‌كانی خۆیان به‌ڕووی په‌نابه‌ران داخست، له‌ژێر ناوی پاراستنی خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا، په‌نابه‌رانییان ڕاگرت، ته‌نانه‌ت داواشیان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كرد كه‌ په‌یڕه‌وی له ‌هه‌مان سیاسه‌ت بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌م وڵاتانه‌ به‌سه‌دان په‌نابه‌ریان ڕه‌تكردبوویه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رییان كردبوو. "

"كاتێك ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌مپه‌ په‌ناهینده‌كانیشی گرته‌وه،‌ و‌ سه‌رباری مه‌حرومكردنی ئه‌و مرۆڤانه‌ له‌‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ خۆپارێزی له‌ په‌تای كۆرۆنا "

ده‌شتی جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" هه‌لومه‌رجی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی په‌تای كۆرۆنادا، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ كه‌سانێكی زۆرمان هه‌بوو كه‌ له‌ناو گرتووخانه‌ ده‌ست به‌سه‌ره‌كاندا ڕاگیرابوون، بۆیه‌ ئێمه‌ هاوشانی ڕێكخراوه‌ په‌نابه‌رییه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا فشارمان كرد كه‌ ئه‌مانه‌ پێویسته‌ له‌ نێو زیندان و گرتوخانه‌كاندا نه‌مێننه‌وه‌ فشارمان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ هێناوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌ڵامی په‌نابه‌رییان وه‌رگرتووه‌ و شوێنی حەوانەوەی كاتییان هەبووه،‌ له‌ ئێستادا له‌م دۆخی په‌تای كورۆنایه‌ شوێنه‌كانییان لێ وه‌رنه‌گرنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ده‌یان په‌نابه‌ر مابوون له‌ سنوره‌كانی به‌ڵقان وتا یۆنان و توركیا و ته‌نانه‌ت جه‌نگه‌ڵه‌كانی فه‌ڕه‌نسا ده‌بینین، كه‌ له‌ دۆخێكی یه‌كجار خراپدا بوون، كاتێك ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌مپه‌ په‌ناهینده‌كانیشی گرته‌وه،‌ ئه‌مه‌ وایكرد كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ سیاسه‌تی كه‌ره‌نتینه‌كردنی ده‌سته‌جه‌معی له‌و شوێنانه‌دا به‌ره‌و پێش به‌رن، و‌ سه‌رباری مه‌حرومكردنی ئه‌و مرۆڤانه‌ له‌‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ خۆپارێزی له‌ په‌تای كۆرۆنا به‌داخه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یان ڕاگرت، كه‌ وه‌ڵامی په‌نابه‌رییان پێدرابوو، كه‌ پێویست بوو ئه‌وانه‌ بنێردرێن بۆ وڵاتی سێیه‌م. "

" له‌ ده‌وره‌ی كۆرنابوو جارێكی تر مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ری بوو به‌كارتێكی سیاسی به‌ده‌ستی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌، "

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" هه‌موو سیاسه‌ته‌ دژ به‌مرۆڤانه‌یانەی وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا هه‌ر له‌ ده‌وره‌ی كۆرۆنایه‌ چووه‌ پێشه‌وه‌ و‌ هه‌ر له‌ ده‌وره‌ی كۆرنابوو جارێكی تر مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ری بوو به‌كارتێكی سیاسی به‌ده‌ستی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌، كه‌ 142 هه‌زار له‌ خه‌ڵكی په‌نابه‌ری سوری و په‌نابه‌ری دیکەیان له‌ توركیا هاندا ته‌نانه‌ت خۆیان پاس-یان بۆ ده‌گرتن به‌ڕێیانكردن، بۆ سنوره‌كانی نێوان توركیا و یۆنان. له‌وێ بینیمان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار دڕندانه‌ به‌ پشتیوانی حكومه‌ته‌كانی ئه‌وروپا، حكومه‌تی یۆنان ده‌ستییان كرد به‌ ته‌قه‌كردن و به‌كارهێنانی بۆمبی ده‌نگی فرمێسك ڕێژ به‌رامبه‌ر به‌ په‌نابه‌ران. به‌ ده‌یان ژن و مناڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌ كه‌وتنه‌ هه‌لومه‌رجێكی یه‌كجار ترسناكه‌وه‌ له‌و سنورانه‌ی نێوان توركیا و یۆناندا. ئه‌مانه‌ به‌گشتی ئه‌و دۆخه‌ بوون كه‌ ڕووبه‌ڕووی په‌نابه‌ران بوونه‌وه. "

"ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی به‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا گیانییان له‌ده‌ست داوه‌، لێره‌ نێژراون، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ و وه‌ستانی گه‌شتی ئاسمانییه‌وه‌ به‌ناچاری ته‌رمه‌كانییان لێره‌ نێژراون"

" ته‌نانه‌ت من خۆم یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وته‌ی په‌تای كۆرۆنا بووم"

ده‌شتی جه‌مال ده‌شڵێت: "سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ خودی وڵاتانی ئه‌وروپاش له‌پێش كۆرۆنا و له‌ ده‌وره‌ی كۆرۆنادا خه‌ڵكێكی زۆر ڕووی كردبووه‌ ئه‌م وڵاتانه،‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی یه‌كجار خراپدا بڕیاریاندا سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌م وڵاتانه‌دا هیچ بیمه‌یه‌كی ته‌ندروستییان نه‌بوو، هیچ شتێكی خزمه‌تگوزارییان نه‌بوو، په‌نایه‌كییان نه‌بوو تیایدا‌ بژین به‌ شێوه‌‌ی ده‌سته‌ جه‌معی یان له‌ ڕێگه‌ی هاوڕێكانییانه‌وه‌ جێگه‌ی ئه‌مانه‌ كرابوونه‌وه‌ یان له‌ ڕێگه‌ی كه‌سوكار و خزم و خه‌ڵك و ڕێكخراوە مرۆڤدۆستییەکانە‌وه‌ ئه‌مانه‌ داڵده‌ درابوون. ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌ بوونه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ناو ئه‌مانه‌ ته‌شه‌نه‌یسه‌ند، و‌ به‌شێكیش له‌و ئاماری قوربانییانه‌ په‌نابه‌رانیشن، له‌ ڕیزی ئه‌و داتای قوربانییانه‌ی گرتنی ڤایڕه‌سی كۆرۆنایه‌ بوون، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ژماره‌یه‌كی ئه‌و تۆمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام دیاره‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌م وڵاتانه‌دا ، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا گیانییان له‌ده‌ست داوه‌، لێره‌ نێژراون، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ و وه‌ستانی گه‌شتی ئاسمانییه‌وه‌ به‌ناچاری ته‌رمه‌كانییان لێره‌ نێژراون، ته‌نانه‌ت من خۆم یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وته‌ی په‌تای كۆرۆنا بووم، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌تایه‌ بوویه‌وه‌. هه‌تا ئێستاش بۆ هاوكاریكردنی ئه‌م كه‌سانه‌ له‌سه‌ره‌تای كارمان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان بۆ به‌ هاناوه‌چوونی په‌تای كۆرۆنا دروست كرد، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك دكتۆری خۆبه‌خش، خه‌ڵكانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست، له‌م وڵاتانه‌ی كه‌ هه‌ین بۆ به‌هاناچوونی هاوڵاتیانێك كه‌ به‌زمانی دایكی خۆیان قسه‌ ده‌كه‌ن و بێبه‌شبوون بوون له‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌ پێویست بوو بدرێت به‌مانه‌، ئێمه‌ ده‌ست به‌كار بووین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێنموونی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین و ئه‌م دكتۆرانه‌ به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن".

"په‌نابه‌ران له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی په‌تای كۆرۆنا-دان "

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی په‌نابه‌رانیش له‌توركیا ده‌شتی جه‌مال ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ له‌ بارودۆخێكی یه‌كجار خراپدان و‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی توركیا بڕیاری لابردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ده‌ركرد جارێكی تر ده‌بینین شه‌پۆلی به‌لێشاوی په‌نابه‌ران ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و‌ جۆرێك ڕیسككردن، به ‌ژیانی خۆیانه‌وه‌ له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا خه‌ڵكێكی زۆر ڕوویان كردۆته‌وه‌ به‌كارهێنانی چوپ، بۆ خۆگه‌یاندنه‌ سنوره‌كانی یۆنان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا ده‌بینین كه‌ حكومه‌تی یۆنان له‌ درێژه‌ی سیاسه‌تی پێشویاندا سیاسه‌تی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان گرتۆته‌به‌ر و‌ ده‌بینین له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ و چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌نابه‌ران ده‌ستگیركراون، و ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی یۆنانییه‌وه‌، به‌ زۆره‌ ملێ دیپۆرتی سنوره‌كانی توركیا كراونه‌ته‌وه.‌ ئێستا له‌وێ ده‌ستگیركراون و له‌نێو زیندانه‌كان له‌ بارودۆخێكی ئێجگار خراپدان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئه‌وانیش به‌ده‌ر‌نین له‌ خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی ئه‌م په‌تایه‌دایه‌، دیاره‌ په‌نابه‌رانیش له‌به‌رده‌م مه‌ترسی ئه‌م په‌تایه‌دان، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێوه‌ی ده‌سته‌جه‌معی زیندانیده‌كرێن و ناچاركراون له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ ژیان به‌سه‌ربه‌رن، و‌ به‌شێك له‌وانه‌ تا ئێستاش له‌نێو سنوری ئه‌و وڵاتانه‌ گیریانكردووه‌، یاخود له‌ نێو گرتوخانه‌ و كامپ و خانووه‌ پلاستكیه‌كاندا ڕاگیراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:41 0:00



XS
SM
MD
LG