Accessibility links

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی: له‌ئێستادا كۆرۆنا ڤایره‌س وه‌كو كاره‌سات نابینم له‌كوردستاندا


د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پزیشكی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی

دکتۆر کامەران قەرەداخی پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆری هەوا، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت " له‌ئێستادا كۆرۆنا ڤایڕه‌س وه‌كو كاره‌سات نابینم له‌ كوردستاندا ، ئه‌مه‌ خه‌ڵك تۆقاندنه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان نایه‌وێت مرۆڤی كورد له‌ ڤایره‌سه‌كه‌ تێبگات، ده‌شڵێت "كوردستان قۆناغێكی زۆر باشی بڕیووه‌. كوردستان نابێت به‌هیچ وڵاتێكی تر، ئێمه‌ تازه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ ئێستا ڕوویداوه‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات بووه‌ هه‌م به‌سیاسی و هه‌م به‌ ته‌ندروستییەوە، هه‌میشه‌ نه‌خۆشی و زانست ده‌توانرێت به‌كار بهێنرێت بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسی،ده‌توانن به‌و په‌ره‌گرافه‌ ئێمه‌ زیندانی بكه‌ن و بمانده‌ن به‌ دادگا
"د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی واده‌ڵێت"

"هۆكاره‌كانی زیادبوونی توشبووانی كۆرۆنا "

سه‌باره‌ت بە زیادبوونی ژماره‌ی توشبوانی په‌تای كۆرۆنا ڤایڕه‌س، له‌ كوردستاندا و‌ به‌تایبه‌تی له ‌سنوری چوارده‌وری سلێمانی، من به‌ "شه‌خصی" خۆم له‌ كۆتایی مانگی چواردا زۆر گه‌شبین بووم به‌وه‌ی، كه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له ‌هه‌فته‌ی یەکەمی مانگی پێنج دا، یان ناوه‌ڕاستی مانگی پێنج شایی بگێڕین، هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌ دروشمه‌كانی من تكایه‌ شایمان لێمه‌كه‌ن به‌ شین، و‌ هه‌میشه‌ ئێمه‌ ته‌قدیری هاوڵاتیانمان كردووه‌، و‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوویدا له ‌دوای ئه‌وه‌وه،‌ به‌تایبه‌تی ڕێكاره‌كان شلكرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، بژێوی، و ئابوری، هه‌روه‌ها به‌پله‌ی یه‌كه‌م حكومه‌ت خۆی وه‌كو حكومه‌ت سه‌ری گه‌وره‌ بكات به‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی چونكه‌ به‌ڕاستی له‌ ڕۆژگارێكی ئاوا كه‌ مرۆڤی كورد توشی ئه‌م نه‌هامه‌تییه‌ بێت، حكومه‌ت چۆن پێشووتر چووه‌ قه‌رزی كردووه،‌ بۆ كۆمه‌ڵێك شتی تر كه‌ زۆربه‌ی هاونیشتمانییان ئاگایان لێی نیه‌ قه‌رزه‌كه‌ بۆچییه‌؟! ده‌بوایه‌ بۆ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك قه‌رزی بكردایه‌، ئه‌وه‌ بوو خه‌ڵكه‌كه‌ تووشی نه‌هامه‌تی بووه‌ و خه‌ڵكییان كردۆته‌ ژووره‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شلیان كرده‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نازانستی "به‌ڕه‌ڵایانكرد"، ئه‌وه‌ بوو له‌ هه‌ندێك شوێندا، دۆكۆمێنت هه‌یه‌ ئێستا ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر سنوره‌كان بوون و قسه‌یان كردووه‌، ده‌لێن سنوره‌كانییان چۆڵ كردووه‌ و هاتوچۆ هه‌بووه‌ و خه‌ڵكییان به‌ قاچاغ هێناوه،‌ له ‌ئێرانه‌وه‌ و له‌ به‌غداوه‌."

ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت" كه‌یسمان هه‌یه‌ ئێستا له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانی عێراقه‌وه‌ خۆیان كردۆته‌وه‌ به‌ كوردستاندا. بۆ ئاگاداریتان له‌م ناوه‌ڕاستی مانگی پێنجه‌ خه‌ڵكێكی زۆر زۆر له‌ به‌غداوه‌ هاتوون و له‌ناو شاره‌كانی كوردستاندا گه‌ڕاون، كه‌واته‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی كۆرۆنا ڤایڕه‌س، هاتوچۆیه‌كی به‌رده‌وام هه‌بووه‌، له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ بۆ ناو ناوچه‌ی ئێمه‌، پێنجوێن شاهێدی حاڵه‌كه‌یه،‌ كه‌ زیاتر له‌ 50 حاڵه‌تی تیا بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ زیاتریش نه‌بوو بێت. هاتوچۆی خه‌ڵكی به‌غدا و شوێنه‌كان و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌. دیسانه‌وه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌مان ڕانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ كۆرۆنا ڤایڕه‌س ته‌واو بووه‌، چونكه‌ كۆرۆنا ڤایڕه‌س له‌ كوردستان ته‌واو نه‌بوو بوو، ژماره‌كان زۆر زۆر كه‌م ببوونه‌وه‌، ژماره‌كان له‌پڕ زیادیكرده‌وه‌ هه‌ر لێره‌شدا دڵنیای ده‌كه‌مه‌وه،‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێی ناوترێت شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ زیاد بوونی ژماره‌كانی كۆرۆنا ڤایڕه‌س ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌ر خۆی هه‌بوون له‌ناو شاره‌كاندا، و ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان وتووه‌ ئه‌گه‌ر 10 كه‌س ده‌ستنیشانكران، ئه‌وا 100 ی تر، یان 50ی تر هه‌یه، ئه‌وه‌ بوو به‌ خێرایی و به‌بێ به‌رنامه‌ شته‌كان تێكچوو، له‌به‌ر ئه‌وه،‌ ئه‌و شته‌ كه‌ ڕوویدا ئێستا پێوه‌ی ده‌ناڵێنین."

"بۆچی ئه‌مجاره‌ نه‌خۆشه‌كان نیشانه‌یان هه‌یه‌ "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌ وه‌ك هه‌ندێك باسی ده‌كه‌ن؟ د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت: "ئه‌م زاراوانه‌ی كه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، مرۆڤ ناتوانێت به‌یه‌كجار له‌ مێشكی خه‌ڵكی به‌رێته‌ ده‌ره‌وه،‌ چونكه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت زۆر قوڵایی زانستت هه‌بێت له‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌، ده‌بێت خه‌ڵكی به‌رامبه‌ره‌كه‌شت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ بزانێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت كه‌ شتێك مه‌ترسیداره‌ و كوشنده‌یه‌. بۆ نموونه‌ كه‌ ده‌ڵێیت مه‌ترسیداره‌، ئێستا ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ بكرێت نیشانه‌كانی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك زیاتره‌، ئێستا خه‌ڵك وای لێهاتووه‌ نایه‌ت خۆی كه‌ره‌نتین بكات، خه‌ڵكه‌كه‌ خۆی له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌بێت و ده‌چێت بۆ لای دكتۆر، ده‌چێت بۆ عه‌یاده‌كان، له‌وێ كانۆلایان بۆ داده‌نێن و چاره‌سه‌ری تریان ده‌كه‌ن، له‌كۆتاییدا وای لێدێت كه‌ هه‌ر خۆی نییه‌، كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌یگرێت، ورده‌ ورده‌ ده‌چێته‌ سییه‌كانییانه‌وه‌ و زیاد ده‌كات و نیشانه‌یان لێ ده‌رده‌كه‌وێت."

د.كامه‌ران ئه‌وه‌شی وت" یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م جاره‌یان بۆچی به‌ نیشانه‌وه‌ دێن، چونكه‌ به‌ڕاستی خه‌ڵك نایه‌ت. من له‌گه‌ڵ دكتۆری ڤایڕه‌سه‌كان قسه‌م كردووه‌، ده‌ڵێن خه‌ڵكێكی زۆر نایه‌ن پشكنینه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانیشی لێ ده‌ربكه‌وێت نایه‌ت، له‌ناو كه‌سوكاره‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ورده‌ ورده ژماره‌ی ‌ڤایڕه‌سه‌كه‌ زۆر زیاد ده‌كات له‌له‌شی هه‌ڵگره‌كه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ نیشانه‌وه‌ دێن، ئێستا وه‌كو ئه‌وسا نه‌ماوه‌. هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ نیشانه‌وه‌ دێن، نه‌ك هۆكاری ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌مه‌ ڤایڕه‌سێكی تره‌ و "چی و چی". ئێمه‌ تا ئێستا نازانیین چ ڤایڕه‌سێك له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ تا بزانیین ئه‌مه‌ جۆرێكی تره‌ له‌ ڤایڕه‌س."

هه‌روه‌ها وتی" به‌ڵام بۆچی نیشانه‌یان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر زۆر ده‌ستنیشانده‌كرێت، ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی له ‌ماڵه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ نایه‌ت و فه‌رامۆشی ده‌كات و چوارده‌وره‌كه‌ی ده‌یگرێت، هه‌موو كه‌سێك كه‌ ئێستا به‌ نیشانه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌ند كه‌سێكی به‌ چوارده‌وری خۆی توشكردووه‌، ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ باس ده‌كرێت، كه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌قڵی خه‌ڵك به‌رانبه‌ر ڤایڕه‌سه‌كه‌ گۆڕاوه‌، بۆ نموونه‌ 51 كه‌س كه‌ له‌ پێنجوێن بووه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكییان پێویستی به‌ ئۆكسجین بووه‌ ئه‌وانی ترییان نیشانه‌ی نه‌بووه،‌ یان نیشانه‌یه‌كی ساده‌ی هه‌بووه‌، كه‌ له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا ئه‌مانه‌ هه‌ر داخلی نه‌خۆشخانه‌ نابن، ده‌یخه‌نه‌وه‌ ماڵه‌كانییانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌وه‌ بێت كه ‌" دووری كۆمه‌ڵایه‌تی social distance- " دروست بێت، ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ من پێموابوو ده‌بێت ئاوابكرێت، خه‌ڵك به‌ "گێل" سه‌یر نه‌كه‌یت، خه‌ڵكه‌كه‌ بنێره‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش خۆی ئۆتۆماتیكی قه‌ڕه‌باڵغی دروست ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زیادبوونی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامی نه‌خۆشییه‌كه‌."

" له‌ئێستادا كۆرۆنا ڤایڕه‌س وه‌كو كاره‌سات نابینم، ئه‌وه‌ ترساندنی خه‌ڵكه‌ "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌وترێت كۆرۆنا كاره‌سات له ‌كوردستان دروست ده‌كات؟ د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی وتی: "كاره‌سات بوونی نیه‌، مێژووی كورد به‌ ئه‌نفالدا ڕۆیشت، به‌ شه‌ڕی ناوخۆدا ڕۆیشتووه، مێژووی كورد له‌ژێر ده‌ستی سه‌دام حسێن و شای ئێران و ئێستای خومه‌ینی و ئه‌ردۆغان و سوریا و ئه‌وه‌تا سوریا كیانی خۆیانییان هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ ترساندنی خه‌ڵكه‌، بڕۆ سه‌یری ئه‌مریكا بكه‌ن 100 هه‌زار كه‌س مردووه‌. له‌ سوید و نه‌رویج و دانیمارك ژماره‌ی مردووه‌كانییان چه‌ند سه‌دێكه‌، ئه‌مانه‌ پێشكه‌وتوترین سیسته‌می ته‌ندروستیی جیهانییان هه‌یه‌. له‌ ئیسپانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئیتاڵیا، ئه‌وانه‌ سه‌ریان به‌رزه‌ چونكه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ خۆی سه‌ری به‌رزه‌، شانازی به‌ سه‌ركرده‌كانییانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، باسی كاره‌سات نه‌كراوه. له‌ سوید و نه‌رویج خه‌ڵكه‌كه‌ چونه‌ته‌وه‌ سه‌ر شه‌قام و ئیشی خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌سیش باسی كاره‌سات ناكات، له‌ هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا كه‌س باسی كاره‌سات ناكات، به‌س لێره‌یه‌. ئێمه‌‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كین به‌ تراژیدیا ده‌ژین، نه‌ته‌وه‌یه‌كن خه‌ڵك بتۆقێنین، هه‌ركاتێك خه‌ڵك ترسێنرا و تۆقێنرا ئیتر كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت. "

" ئه‌مه‌ خه‌ڵك تۆقاندنه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان نایه‌وێت مرۆڤی كورد له‌ ڤایره‌سه‌كه‌ تێبگات"

د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی جه‌ختیكرده‌وه‌ باسكردن له ‌ڕوودانی كاره‌سات به‌هۆی كۆرۆناوه‌ له ‌كوردستان "بۆ خه‌ڵك تۆقاندنه‌، ئه‌گه‌ر زانستی كۆرۆنا ڤایڕه‌س وه‌كو خۆی باس بكرێت، به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا، بۆیان باس بكرێت لێره‌ چۆنه‌ و له‌وێ چۆنه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی كردووه‌، خه‌ڵك له‌ ڤایره‌سه‌كه‌ تێده‌گات. ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان نایه‌وێت مرۆڤی كورد له‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ تێبگات. یه‌ك كه‌س كه‌ ده‌مرێت خه‌ڵكه‌كه‌ توشی شۆك و زه‌نده‌ق ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بترسێت و به‌ ئاره‌زووی خۆیان كۆنتڕۆڵییان بكه‌ن، باشترین هۆكار بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مرۆڤ ترس و تۆقاندنه‌. ئه‌گه‌ر بێیت به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی باسی كۆرۆنا ڤایڕه‌س بكه‌یت، خه‌ڵكه‌كه‌ تێبگه‌یه‌نرێت كه‌ كۆرۆنا ڤایڕه‌س ئه‌مه‌یه‌، تێده‌گات كۆرۆنا ڤایڕه‌س ڕێژه‌ی مردنی له‌ جیهاندا چه‌نده‌، له‌ باشترین وڵاتانی ئیسكەنده‌ناڤیا و ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا وئیتاڵیا و ئیسپانیا چۆن ڕۆیشتووه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ چۆن مردن و چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و ئێستا خه‌ریكی چین. ئه‌م شێوه‌یه‌ دەبێت پیشانی خه‌ڵك بدرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و واقعی. من وه‌كو شه‌خصی كامه‌ران هه‌رگیز كۆرۆنا ڤایڕه‌س وه‌كو كاره‌سات نابینم."

" سیسته‌می نه‌خۆشییه‌كه‌ وایه‌ "

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئێستا كوردستان له‌به‌رده‌م زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆنا ڤایڕه‌س دایه.‌ من ناڵێم بۆچی له‌م شار كه‌متره‌ له‌و شاره‌ زیاترە، هه‌موومان ده‌زانیین بۆچی؟ له‌هه‌ر شوێنێكدا تۆ هاتی له‌سه‌رخۆ و به‌ڕێكوپێكی و به‌ سیسته‌م ڕێكاره‌كانی ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌ڵیده‌گریت و شتێكی تر له‌شوێنی داده‌نێیت و به‌دواداچونی جوان ده‌كرێت و له‌ ئێرانه‌وه‌ نایه‌ڵیت خه‌ڵك بێت و نایه‌ڵیت قاچاغچی بێت، ئه‌مانه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ئێمه‌ زۆر كه‌م كرایه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین ئێستا كوردستان له‌به‌رده‌م زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆنا ڤایڕه‌س دایه‌. نه‌خۆشمان بۆ دێت كه‌ له‌مه‌ودوا نیشانه‌یان زۆرتره‌، هه‌ندێكیان پێویستییان به‌ ده‌زگای هه‌ناسه‌دانه، ئه‌مه‌ سیسته‌می نه‌خۆشییه‌كه‌ وایه‌."

"هه‌میشه‌ نه‌خۆشی و زانست ده‌توانرێت به‌كار بهێنرێت بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسی "

د.كامه‌ران وتیشی: " گۆڕه‌پانه‌كه‌ خۆی وا ده‌ڵێت. ئێستا كه‌ ناكۆكی فیكری و سیاسی دروستبووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئابوری وئیداره‌ی سیاسی كوردستان كۆمه‌ڵێك به‌رئه‌نجامی دروستكردووه‌. ئه‌مه‌ قسه‌ی منه‌ قسه‌ی بیرمه‌ندی حیزبه‌كانی تره‌، هادی عه‌لی و شاسوار عه‌بدولواحید و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانییان و هه‌موویان وا ده‌ڵێن، كه‌واته‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستێكی باڵای سیاسی ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌كو زانست من ده‌ڵێم هه‌میشه‌ نه‌خۆشی و زانست ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسی ئه‌مه‌ له‌ دنیا ڕوونه‌. له‌ كوردستان 29/5 سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكیداوه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌، بۆ نیشتیمان، كه‌چی له‌ناو په‌یامه‌كه‌دا لایه‌نێكی سیاسی تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ كۆرۆنا ڤایڕه‌س به‌كارده‌هێنێت بۆ خۆی، ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌. كه‌واته‌ من بڵێم وانیه‌ قسه‌كه‌م هه‌ڵه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌تا سه‌رۆك وه‌زیران خۆی وا ده‌ڵێت! ئه‌وه‌تا یه‌كێك له‌ ڕووماڵه‌ گه‌وره‌كان یه‌كێك وتارێكی نوسیووه‌ ده‌ڵێت ئیتاڵیا و كوردستان وه‌كو یه‌ك وایه‌."

" كوردستان نابێت به‌هیچ وڵاتێكی تر، ئێمه‌ تازه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م "

" كوردستان نابێت به‌هیچ وڵاتێكی تر، كوردستان هه‌روه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر 2000 حاڵه‌تی تریشمان ببێت، كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ئیتاڵیا و به‌ڕازیل پرسه‌ و مزگه‌وت وشایی و خه‌نه‌به‌ندان و ئه‌م شتانه‌ نییه،‌ ئه‌گه‌ر ئێستا پیشانی خه‌ڵكی كوردستانی بده‌یت كه‌ چه‌ند كه‌س له‌ پرسه‌ و له‌ مزگه‌وت وله‌سه‌ر قه‌بران و له‌م شتانه‌وه‌ تووش بوون، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت 35% و 40% ی هه‌موو كه‌یسه‌كانی كوردستان له‌وانه‌وه‌ تووش بوون، كه‌ ئه‌مه‌ له‌جیهاندا بوونی نیه‌. دووه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌رچییه‌كی به‌سه‌ر هاتبێت، بۆ نموونه‌ ئیتاڵیا هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر زۆر گه‌وره‌ی كرد كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌مانكرد، ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌. ئێمه‌ تازه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م. ئێستا تێگه‌یشتووین كه‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ چۆنه‌و چۆن مامه‌ڵه‌ده‌كات، به‌ڵام ئیتاڵیا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كردووه‌، ئێمه‌ خه‌ریكه‌ ده‌یكه‌ین. مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك هه‌یه‌ هیچ نیشانه‌یه‌كی نییه‌، هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌یه‌، یان نیشانه‌یه‌كی كه‌می هه‌یه‌ و دێن نه‌خۆشخانه‌كانی پێ پڕ بكه‌ن و قه‌ڵه‌باڵغی بكه‌یت و، ئینجا بچیت خه‌ڵك به‌ریت بۆ هۆتێله‌كان، ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئیتاڵیا بڕۆین و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ داخلی نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ین، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ نه‌خۆشخانه‌كان پڕ ده‌كه‌ین و ناتوانیین جێیان بكه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كوردستان نابێت به‌ ئیتاڵیا به‌ڵام ده‌كرێت بڵێیت بۆ نموونه‌ له‌و خاڵه‌دا له‌و ده‌چێت و له‌خاڵه‌دا له‌و ناچێت."

" كوردستان قۆناغێكی زۆر باشی بڕیووه‌ "

قه‌ره‌داغی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "من پێموایه‌ كه‌ كوردستان قۆناغێكی زۆر باشی بڕیوه‌. من دوێنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بووم خه‌ڵكێكی زۆر ماسكی پێ بوو، سێ ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ كه‌س ماسكی پێ نه‌بوو. خه‌ڵك فێربووه‌ ئێستا خۆی ده‌پارێزێت. هه‌ولێر و دهۆك ڕێژه‌كه‌یان زۆر باشه‌، ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌م ناوچه‌ی سلێمانییه‌ له‌گه‌ڵ پێنجوێن دا. پێنجوێن ڕوونه‌ كه‌ بۆچی وای لێهاتووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر مه‌رزی باشماخ و‌ هه‌روه‌ها له‌به‌ر قاچاغچی، كه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو شاره‌كانه‌وه‌، و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ خۆیان زۆر زۆر باش ده‌زانن. "

"ده‌بێت به‌ڕاشكاوی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بوترێت كه‌ بۆچی وامان لێهات "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر تۆ وه‌زیری ناوخۆ، وەزیری ته‌ندروستی، سه‌رۆكی حكومه‌ت، پارێزگار هه‌ركام له‌وانه‌بویتایه‌ چیت ده‌كرد؟ د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت: " بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆم نه‌ده‌دا، به‌ڵام شتێكی ترم ده‌كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانرێت له‌ كوردستاندا سزای ماددی خه‌ڵك بدرێت، خه‌ڵك پاره‌ی پێ نییه‌ تا سزای بده‌یت، له‌ ئیمارات و قه‌ته‌ر و ئیتاڵیا، قانوون ده‌رچوو، سزای ماددی خه‌ڵكییان ده‌دا. له‌ ئیتاڵیا سزاكه‌ ئه‌وه‌بوو له‌ 300 یۆرۆوه‌ تا سێ مانگ زیندانی بوو، له‌ ئیمارات 3000 درهه‌م بوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا بارودۆخێكی ئابوری ئه‌وه‌نده‌ شڕ هه‌یه‌ كه‌ نه‌ده‌توانرێت زیندانی بكه‌یت و‌ نه‌ده‌توانرێت سزای پاره‌ی بده‌یت، كه‌واته‌ هه‌رچی یاسایه‌ك ده‌رده‌كرێت له‌ كوردستاندا دژی خه‌ڵك شكست ده‌هێنێت، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وێرانه‌، برینداره‌ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر من بم قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاناگه‌یه‌نم به‌ڵام ده‌بێت به‌ڕاشكاوی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بوترێت كه‌ بۆچی وامان لێهات؟ له‌ناوچه‌ی سلێمانی چی ڕوویدا؟ ئێستا یه‌ك كۆمه‌ڵ كه‌یسمان هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌غداوه‌ هاتوون. له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتوون. كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌مانه‌ بێنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزێون و بڵێن، ئێمه‌ دان ده‌نێین به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌ڵانه‌ ڕوویداوه،‌ لێپرسراوی ئه‌منی و شاره‌وانی و ته‌ندروستی شاره‌كانی كوردستان واته‌ له‌هه‌ر شارێكدا حاڵه‌ت زۆر زۆره‌، ده‌بێت پرسیار له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ئه‌و شاره‌ بكرێت،‌ هه‌روه‌ها شایه‌ت هه‌یه‌ له‌ هه‌موو كوردستاندا كه‌ چۆن سنوره‌كانییان چۆڵكردووه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مڕۆ ته‌ندروستی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك ده‌یانه‌وێت ئه‌م شتانه‌ ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌."

" ناتوانرێت له‌ ئه‌زمه‌یه‌كی نه‌خۆشیدا به‌ خه‌ڵك بڵێیت خۆت به‌رپرسیت "

سه‌باره‌ت به‌ په‌یامه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی ڕابردووی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوڵاتییانی هه‌رێمی به‌رپرس كردبوو له‌ دۆخی ته‌ندروستی، د. كامه‌ران ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێكدا وه‌كو تاك، هاوڵاتی مانای خێزان نییه‌، هاوڵاتی مانای تاكێكه‌ تۆ به‌رپرسیارێتی ده‌ده‌یتێ، ئه‌گه‌ر مرۆڤێك فێرنه‌بووبێت تاك مانای چی، چۆن لێپرسراوێتی ده‌ده‌یتێ. له‌ كوردستاندا شتێك نییه‌ به‌ناوی هاوڵاتیبوون، كه‌واته‌ هاوڵاتی هه‌ر به‌رپرسیاریه‌تێكی ده‌ده‌یتی ئه‌و هه‌ر چاوی له‌ حكومه‌ته‌، هه‌ر زاراوه‌كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ڵه هاوڵاتیبوون ، تاك بوون ، فێربوون، ئه‌مانه‌ هه‌مووی پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی قورسه‌، پرۆسه‌یه‌كی ئابوری، كۆمه‌ڵناسی، فیكری، فه‌لسه‌فییه‌ ناتوانرێت له‌ ئه‌زمه‌یه‌كی نه‌خۆشیدا به‌ خه‌ڵك بڵێیت خۆت به‌رپرسیت! له‌چ حاڵه‌تێكدا پێیده‌ڵیت به‌رپرسیاره،‌ كه‌ پێیبڵێیت من گیرفانت پڕ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بچیت نان بكڕیت، كه‌ من خواردن و نان و ئاو و هه‌موو شتێكم بۆ ئاماده‌كردی، ئه‌و كاته‌ خۆت به‌رپرسی له‌ ته‌ندروستی خۆت، به‌ڵام هیچ شتێك بۆ هاوڵاتی ئاماده‌نه‌كراوه‌، ئێستا مانگی شه‌شه‌ و مووچه‌ی مانگی دوویان وه‌رنه‌گرتووه‌. "

"كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمیستی حیزبی هه‌ن ده‌یانه‌وێت تاوانه‌كه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر دكتۆره‌كان و بڵێن خه‌تای دكتۆره‌كان بووه،‌ ئه‌گینا ئێمه‌ بارودۆخمان زۆر باش بوو "

قه‌ره‌داغی درێژه‌ی به ‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌گه‌ر تۆ وه‌زیر و حكومه‌ت بویتایه‌ چیت ده‌كرد له‌م دۆخه‌دا و ده‌ڵێت: "وه‌كو ئه‌وروپا ده‌كه‌م، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت واقعی بیت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌، ڕێگه‌ بده‌یت كه‌ خه‌ڵكی زانستی قسه‌ بكات، نه‌ك كۆیله‌كانی حیزب و ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌قڵی فاشییان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمیستی حیزبی هه‌ن ده‌یانه‌وێت تاوانه‌كه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر دكتۆره‌كان و بڵێن خه‌تای دكتۆره‌كان بووه،‌ ئه‌گینا ئێمه‌ بارودۆخمان زۆر باش بوو، ده‌یانه‌وێت ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت بخه‌نه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بۆیه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا په‌ره‌گرافێكی تێدایه‌ ده‌یانه‌وێت به‌زۆركۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بگرن و بڵێن خه‌تای ئێوه‌ بووه‌. سۆشیال میدیای حیزبه‌كان چه‌پڵه‌ ڕێزانییان ده‌ستپێكرد، له‌سه‌ر ته‌له‌فزێونه‌كان خه‌ڵاتییان دابه‌شكرد به‌سه‌ر خه‌ڵكدا كه‌ كۆنتڕۆڵی كۆرۆنا ڤایڕه‌سییان كردووه‌، ئێمه‌ هاوارمانكرد و وتمان تكاتان لێده‌كه‌ین شایمان لێ مه‌كه‌ن به‌ شین. ئێستا هه‌ر ئه‌و كادیرانه‌ی حیزب ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر تاوانبار بكه‌ن. به‌ڵام له‌ كۆتاییشدا خۆیان دانیان پێدانا، له‌ نامه‌كه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی ڕوویداوه‌ ئه‌و مانگرتنه‌ هه‌مووی ڕوونه‌، كه‌ لایه‌نی سیاسی له‌ پشتییانه‌، ئه‌وه‌تا دوێنێ یه‌كێتی له‌ سلێمانی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ پشتگیری ده‌كه‌ین، گۆڕان پشتگیری خۆپیشاندان ده‌كات. گۆڕان و یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ و ئیسلامییه‌كان هه‌موو ناوچه‌ی سه‌وز، هه‌مووی له‌گه‌ڵ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆكه‌دانیه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌."

" كارێكیان پێكردبووین، كه‌ خه‌ریكه‌ زانست بوونی نامێنێت و زانست به‌ درۆ كه‌وتۆته‌وه‌، هه‌رخۆی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆكه‌ هه‌ڵه‌بوو "

د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی سه‌باره‌ت به‌دواین بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری ئه‌وه‌ی وت: " ئاخر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كه‌ هه‌ڵه‌ بوو. ئه‌وه‌ی پێویست ده‌كرد، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ نه‌مانوێرا بێینه‌ سه‌ر ته‌له‌فزێون بۆیه‌ كارێكیان پێكردبووین، كه‌ خه‌ریكه‌ زانست بوونی نامێنێت و زانست به‌ درۆ كه‌وتۆته‌وه‌. واته‌ ئه‌وان وایان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌یاندووه‌ كه‌ زانست درۆیه‌ كه‌س نازانێت كێ ڕاسته‌. خه‌ڵك هه‌یه‌ ئه‌كادیمییه‌ ، ده‌ڵێت با دوعا و نزا بكه‌ین، وتم مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ "مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك و مه‌لا هه‌ڵۆ" بهێنینه‌وه‌ سه‌ر ته‌له‌فزێون جارێكی تر. كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قه‌وسێكی بچووكدا دكتۆر و ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمیست، ئێستا ده‌ڵێن دوعا بكه‌ین و نزا بكه‌ین، واته‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ زانستییان به ‌درۆ خسته‌وه،. ئه‌مان زانستیان به‌درۆ خسته‌وه‌ ئه‌گینا زانست ڕاستییه‌. "

" ده‌توانێت به‌و په‌راگرافه‌ ئێمه‌ زیندانی بكات و بمدات به‌ دادگا "

"من ئێستا له‌ نامه‌كه‌مدا وتومه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ وێرانكردنی عه‌قڵ و زانسته‌ له‌ كوردستاندا، من چۆن ده‌توانم بێمه‌ سه‌ر ته‌له‌فزێون و قسه‌ بكه‌م، باسی جۆرێك له‌ خۆپاراستن ده‌كه‌م باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ وڵاتان وایه‌، كه‌واته‌ ده‌توانێت به‌و په‌راگرافه‌ ئێمه‌ زیندانی بكه‌ن و بمده‌ن به‌ دادگا. له‌ سلێمانی ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌، به‌رهه‌ڵستییه‌كی گشتی خه‌ڵكه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ زانسته‌وه‌ نییه‌، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی، ڕاپه‌ڕینێكی "عه‌شوائی" خه‌ڵكه‌، ڕاپه‌ڕینێك نییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانست ومه‌عریفه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ بێت یان له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌عریفه‌یه‌كی زانسییانه‌ بێت، ئه‌مه‌ خه‌ڵكه‌ ته‌حه‌مول ناكات، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وا تێگه‌یشتووه‌ یان وایان تێگه‌یاندووه‌ بڕوای به‌ ڤایره‌سه‌كه‌ نه‌ماوه‌ و وه‌كو یارییه‌كی سسیاسی سه‌یری ده‌كات".د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی وای وت"

"ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ ئێستا ڕوویداوه‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات بووه‌ هه‌م به‌سیاسی و هه‌م به‌ ته‌ندروستی"

د. كامه‌ران قه‌ره‌داغی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند " من ناڵێم له‌به‌ر ده‌م مه‌ترسیدا نین، ‌من ده‌ڵێم كوردستان له‌به‌رده‌م كاره‌ساتی مرۆڤایه‌تیدا نیه‌. واته‌ له‌به‌رده‌م كاره‌ساتی گه‌وره‌دا نییه‌. ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ ئێستا ڕوویداوه‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات بووه‌، هه‌م به ‌سیاسی و هه‌م به‌ ته‌ندروستییه‌وه‌، و‌ ئه‌مه‌ ته‌نها و ته‌نها زیادبوونی ژماره‌كانی كۆرۆنا ڤایڕه‌سه"

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:54 0:00



XS
SM
MD
LG