Accessibility links

ئارێز عه‌بدوڵا: له‌هه‌ڵوێستی پارتی تێناگه‌ین بێ سه‌روبه‌ری و جیاوازی زۆر له‌بۆچوونی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی پارتی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی


ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌پێشتر فازڵ میرانی له‌به‌شی كوردی ڕایگه‌یاندبوو، ده‌ڵێت"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ڵوێستی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی تێناگه‌ین "یه‌عنی بێسه‌رو به‌رییه‌كی زۆر له‌ بۆچوونه‌كانیان هه‌یه‌ له‌بۆچونی سه‌ركرده‌كانیان هه‌یه‌، جیاوازێكی زۆر له‌نێوان هه‌ر دوو باڵ و ئاراسته‌ی ناو پارتی دیموكراتی هه‌ست پێ ده‌كرێت، هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بۆچونی خۆی ده‌رده‌بڕێت وه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ وای كردووه‌ سه‌ر له‌ كادیره‌كانیشیان بشێوێت، كاتێك یه‌كیان توند ده‌ه‌بێت به‌رامبه‌رمان ئه‌وی تر خاو ده‌بێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئێستا یه‌كێتی وای لێهاتووه‌ نازانێت له‌گه‌ڵ كام ئاڕاسته‌یه‌ی پارتی كۆببێته‌وه‌ و كامیان ته‌مسیلی پارتی ده‌كه‌ن، له‌باره‌ی تۆمه‌تباركردنیان به‌به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كانی دهۆك، ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بڕیار بده‌ین خۆپیشاندان بكه‌ین،ئه‌وا به‌ بڕیارێك له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌، وه‌ له‌ پایته‌ختی هه‌ولێر خۆپیشاندان ده‌ست پێده‌كه‌ین نه‌ك له‌ دهۆك، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌خت و تاراجی ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌روخێنێت له‌هه‌ولێره‌وه‌."هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"پارتی ده‌یه‌وێت وای نیشان بدات جیاوازی ده‌كه‌ن له‌نێوان هاوسه‌رۆكه‌كان په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌هاوسه‌رۆكێكیانه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ركامیان كۆببنه‌وه‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌رده‌بڕێت،ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكی زۆر زۆر نه‌زۆكه‌ لێی تێگه‌ین ئێمه‌."

"بڕوامان به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن و خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌هه‌یه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كانی شاری دهۆك ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" یه‌كه‌م ئێمه‌ بڕوامان به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن و خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسادا، وه‌ خۆمان وه‌كو یه‌كێتی له‌ ڕابردوو خه‌باتمان له‌ پێناویدا كردووه‌، كاتی خۆی مام جه‌لال له‌ناو پاركی ئازادی، سه‌كۆی ئازادی بۆ ڕه‌خنه‌ گرتن و خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت جینێودانیش كرده‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و بێ ده‌سه‌ڵات، وه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ خۆپیشاندان كارێكی زۆر شارستانیه‌، كارێكی زۆر گونجاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگه‌گرتن له‌خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت و لایه‌نه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، خاڵێكی تر هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی دهۆك كه‌ خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی، له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌، له‌ ڕوانگه‌یه‌ك یاسا و ده‌ستور ڕێگه‌یان به‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ داوه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕێز له‌و مافه‌ ده‌ستوری و یاساییانه‌ بگرێت، له‌لایه‌كی تریش ، ناشاردرێته‌وه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیووه‌ موچه‌ بدات كه‌ نه‌یتوانیووه‌ موچه‌ بدات ده‌بێت فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر خه‌ڵك یان ده‌بێت فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك دابین بكات و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كاروباره‌كانی خۆیدا بێته‌وه‌."

" ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵێكی ئێمه‌ یان كادیرێكی ئێمه‌ به‌شداری له‌و خۆپیشاندانانه‌ی دهۆك كردبێت، من وه‌كو خۆم ده‌ڵێم ده‌ستی خۆش بێت "

ئارێز عه‌بدوڵڵا ڕه‌تیكرده‌وه‌ یه‌كێتی وه‌ك حیزب هانده‌ر و به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی دهۆك-ی كردبێت، له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت" من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوا ناكه‌م ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ لایه‌نگر و هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ش تێیدا به‌شدار بن چونكه‌ ئێمه‌ له‌ سلێمانی ڕێگری له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی خۆمان ناكه‌ین تا له‌ دهۆك ڕێگری له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی خۆمان بكه‌ین به‌شدار بن له‌ خۆپیشاندانێكی له‌وجۆره‌، وه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ بۆ یه‌كێتی دروست ده‌كرێت، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر شوێنێك خۆپیشاندان نه‌بێت، گردبوونه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بێت واته‌ دیكتاتۆریه‌ت هه‌یه‌، واته‌ ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێنه‌ر هه‌یه‌، ئه‌و براده‌رانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر توشی هیستریا بوون كه‌ تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتی دروست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بڕیار بده‌ین خۆپیشاندان بكه‌ین،ئه‌وا به‌ بڕیارێك له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌، وه‌ له‌ پایته‌ختی هه‌ولێر خۆپیشاندان ده‌ست پێده‌كه‌ین نه‌ك له‌ دهۆك، واته‌ هه‌ر ڕۆژێك كه‌ یه‌كێتی به‌رنامه‌ی هه‌بێت بۆ خۆپیشاندان یاخود خۆپیشاندان بكرێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌خت و تاراجی ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌روخێنێت له‌هه‌ولێره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵێكی ئێمه‌ یان كادیرێكی ئێمه‌ به‌شداری له‌و خۆپیشاندانانه‌ی دهۆك كردبێت، من وه‌كو خۆم ده‌ڵێم ده‌ستی خۆش بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ خه‌ڵك داوای مافه‌ ڕه‌واكانی خۆی بكات وه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆی بگونجێت."

وتیشی" ئه‌وانه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ دروست ده‌كه‌ن ، ئه‌وان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن حكومه‌ته‌كه‌ نه‌یتوانیووه‌ پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك دابین بكات وه‌ نه‌یتوانیووه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، وه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێت به‌داخه‌وه‌ توندوتیژ له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان جوڵاینه‌وه‌، تۆمه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ پاڵ یه‌كێتی و یه‌كگرتوو و لایه‌نه‌كانی تریش، ڕاستی ئه‌وه‌ یه‌ك شت ده‌گه‌یه‌نێت، واته‌ ئاماده‌ نیین چاكسازی بكه‌ن ، ئاماده‌نیین به‌ به‌رنامه‌دا بێنه‌وه‌."

"قسه‌كانی پارێزگاری دهۆك به‌قسه‌ی پارتی وه‌رده‌گرین "

سه‌باره‌ت به‌ناوهێنانی حیزبه‌كه‌ی له‌لایه‌ن پارێزگاری دهۆكه‌وه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌و حیزبانه‌ی به‌وته‌ی پارێزگاری دهۆك ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی دهۆك له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕبابردوو، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" پارێزگار كه‌م نیه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆی، بێگومان پارتی یه‌، وه‌ بێگومان ئێمه‌ قسه‌ی پارێزگار به‌ قسه‌ی پارتی وه‌رده‌گرین،به‌ قسه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرین ئێمه‌ خۆمان له‌ ده‌سه‌ڵاتیین، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان له‌ دهۆك له‌ دژی سیاسه‌تی حكومه‌ت بكرێت، خۆ یه‌كێتی-ش به‌شێكه‌ له‌و حكومه‌ته‌ نازانم ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بۆ ده‌بێت ئاراسته‌ی یه‌كێتی بكرێت، ئه‌وه‌ خۆ دزینه‌وه‌یه‌ له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیان وه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و سیاسته‌ هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر."

"كاك لاهوڕ سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووه‌ دیاره‌ لای هه‌ندێك لایه‌ن قبوڵ ناكرێت"

ئارێز عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌ ناوهێنانی یه‌كێك له‌ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی (لاهوڕ شێخ جه‌نگی) كرد وه‌ك یه‌كێك له‌هانده‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی دهۆك، وتی" كاك لاهور سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌نجی یه‌كێتی یه‌، وه‌ كاك لاهور هه‌ڵكه‌وتووه‌، ئه‌و هه‌ڵكه‌وتنه‌ی كاك لاهور چ له‌ناو یه‌كێتی و چ له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان دیاره‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن قبوڵ ناكرێت ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ بكه‌نه‌ پاساوێك بۆ زیاتر گرژ كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌لایه‌ك وه‌ دروستكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی- ش. ئه‌وانه‌ هه‌موو ئاماژه‌ن بۆ دروستكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان باشتر كۆنتڕۆڵ بكه‌ن من وای ده‌خوێنمه‌وه‌."

" بێسه‌روبه‌رییه‌كی زۆر له‌هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی هه‌یه‌ "

ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند" هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین" چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئه‌و لێدوانه‌ی میرانی میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان قسه‌كانی فه‌رهاد ئه‌تروشی پارێزگاری دهۆك بڵاوكرده‌وه‌ كه‌تێیدا یه‌كێك له‌و هاوسه‌رۆكانه‌ی یه‌كێتی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی ده‌ستی له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی دهۆك-دا هه‌بووه‌."

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت" نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ڵوێستی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی تێناگه‌ین "یه‌عنی بێسه‌رو به‌رییه‌كی زۆر له‌ بۆچوونه‌كانیان هه‌یه‌ له‌بۆچونی سه‌ركرده‌كانیان هه‌یه‌، جیاوازێكی زۆر له‌نێوان هه‌ر دوو ئاراسته‌ی ناو پارتی دیموكراتی هه‌ست پێ ده‌كرێت، هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بۆچونی خۆی ده‌رده‌بڕێت وه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ وای كردووه‌ سه‌ر له‌ كادیره‌كانیشیان بشێوێت، هه‌ندێك جار هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌ بكات، واته‌ ململانێ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی وای كردووه‌ سه‌ر له‌ كادیره‌كانی خۆشیان بشێوێنن، هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌ ده‌كات."

"نازانین له‌گه‌ڵ كام باڵه‌ی پارتی كۆببینه‌وه‌ "

ئارێز عه‌بدوڵا ڕاشیگه‌یاند" هه‌ر ڕێك ئه‌وه‌مان هه‌یه‌، نازانیین ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كامیان كۆببینه‌وه‌ له‌ناو پارتی، یه‌كیان زۆر تونده‌ و یه‌كیان خاوه‌، یه‌كیان خاوی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وی تریان توندی ده‌كاته‌وه‌، وه‌ ئه‌و باڵ باڵێنه‌ و ئه‌و سیاسه‌ته‌ نه‌ك هه‌ر بۆ یه‌كێتی بۆ عێراقیش هه‌مان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌، بۆ ڕۆژئاواش بۆ باكوریش."

هه‌روه‌ها وتی" هه‌موو باڵه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان دیارن، باڵه‌كانی هه‌ردوو "جه‌نابی سه‌رۆك-هه‌ردوو سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌رێم" ئێمه‌ كێشه‌مان نیه‌ كه‌ كێ نه‌رمه‌ و كێ نه‌رم نیه‌، به‌ڵام كه‌ بالێكیان نه‌رم ده‌بێت لایه‌نه‌كه‌ی تری توندی ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینیین."

" پارتی دوو باڵه‌ كاتێك باڵێكیان توندی ده‌كات به‌رامبه‌ر یه‌كێتی ئه‌وی تریان شلی ده‌كات بۆ بابه‌تی به‌غداد و ڕۆژئاوا و كوردانی باكور-یش ئه‌و دو باڵه‌ بۆچونیان جیاوازه‌"

ئارێز عه‌بدوڵا ده‌شڵێت" بێگومان پارتی دوو باڵه‌ هیچ گومانی تێیدانیه‌ كه‌ دوو باڵ و دوو ئاراسته‌ی زۆر زۆر جیاوازه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پارتی وه‌كو پارتی ده‌بینین، به‌ڕاستی ئێستاش خۆمان نازانیین چۆن مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، نازانیین كامه‌یان زیاتر "ته‌مسیلی" پارتی ده‌كات، به‌لای ئێمه‌وه‌ پارتی، پارتییه‌، سه‌رۆكی پارتی لای ئێمه‌ سه‌رۆكی پارتی یه‌، به‌ڵام دروست بوونی ئه‌و جیاوازییه‌ ئێمه‌ ناتوانیین بڵێن ئه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ نزیكه‌، هه‌موو پارتی بۆ ئێمه‌ یه‌ك ئه‌ندازه‌یه‌ دوور و نزیكییان، ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین به‌یه‌ك "مه‌سافه‌" مامه‌ڵه‌ بكه‌ین."

"یه‌ك قسه‌ی تریشم هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌. یه‌كێتی سیاسه‌تی خۆی داده‌ڕێژێ، یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی دیاری ده‌كات، واته‌ ئێمه‌ قبوڵمان نیه‌ هیچ حیزبێك شتێك بسه‌پێنێت به‌سه‌ر یه‌كێتی ، ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فلان كه‌س ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ فلان كه‌س ناكه‌ین ، ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ نوێیه‌ هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی یه‌كێتین، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌، له‌ڕێگه‌ی هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ بێت، كه‌سێكیش بیه‌وێت په‌یوه‌ندی نه‌كات، ده‌بێت بزانێت، یه‌كێتی یه‌ك ده‌نگه‌، یه‌ك هه‌ڵوێسته‌، یه‌ك سه‌ركردایه‌تیه‌ ، وه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ هه‌ڤاڵانی خۆمان ، له‌ هاوسه‌رۆكه‌كان كاتێك قسه‌ ده‌كات یان بۆچوون ده‌رده‌بڕێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گوزارشت له‌ هه‌موو سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌كات."ئارێز عه‌بدوڵا وای وت"

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند"من ناتوانم لێره‌وه‌ هه‌موو قسه‌یه‌ك بكه‌م. بێگومان ئێمه‌ جیاوازی ده‌بینین له‌ هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌و په‌یامه‌كانی كادیره‌كانی پارتی، به‌ڕاستی ئێمه‌ ئه‌و ده‌خوێنینه‌وه‌، هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی پارتی ده‌یانه‌وێت دوو ئیداره‌یی دروست بكه‌نه‌وه‌."

"په‌یوه‌ندی لابه‌لامان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی-دوژمنی پارتی نین...ئه‌و سیاسه‌ته‌ زۆر زۆر نه‌زۆكه‌ ده‌یانه‌وێت..."

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌كردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ، ئه‌وه‌تا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌كێتی یه‌و ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ كاك مه‌سرور بارزانی یه‌كتری ده‌بینن و كار ده‌كه‌ن وه‌ په‌یوه‌ندی لابه‌لامان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، خۆ ئێمه‌ دوژمنی پارتی نین ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌ت، ئێمه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی به‌ یه‌كه‌وه‌ین له‌ به‌غداد به‌یه‌كه‌وه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن له‌گه‌ل فلان و فلان، ئه‌و سیاسه‌ته‌ زۆر زۆر نه‌زۆكه‌ قه‌ت ناتوانن سود له‌و سیاسه‌ته‌ ببینن. بڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فلان كه‌س له‌ناو یه‌كێێتی داده‌نیشین و له‌گه‌ل فلان كه‌س دانانیشین."

"پارتی ده‌یه‌وێت وای نیشان بدات جیاوازی ده‌كه‌ن له‌نێوان هاوسه‌رۆكه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ركامیان كۆببنه‌وه‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌رده‌بڕێت "

ئارێز عه‌بدوڵا ڕونیكرده‌وه‌" ده‌یانه‌وێت وای نیشان بده‌ن كه‌ ئه‌وان جیاوازی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌كاتێكدا لای ئێمه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ نیه‌ ، به‌دڵنیایشه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی به‌گشتی سیاسه‌ت و ستراتیجیه‌تێكی هه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی داڕشتووه‌، وه‌ هه‌موومان جێبه‌جێی ده‌كه‌ین."

" پارتی ده‌یانه‌وێت جیاوازی دروست بكه‌ن له‌ناو یه‌كێتیدا، شتێكی وا نیشان بدات گوایه‌ ئه‌وان فلان كه‌س ده‌خوێننه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا به‌ڵام فلان كه‌س ناخوێننه‌وه‌، ئه‌وه‌تا له‌ ڕاگه‌یاندن وا نیشان ده‌درێت ئه‌گینا ئه‌گه‌ر كاك باڤڵ ببینن یان كاك لاهور ببینن بۆ ئێمه‌ هیچ جیاوازی نیه‌، هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵیان دابنیشێت، سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌رده‌بڕێت و سیاسه‌ت و بڕیاره‌كانی یه‌كێتیان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و دوو هاوسه‌رۆكه‌شمان، له‌نێوان خۆیاندا ته‌بان، كۆكن وه‌ هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌ك له‌ بۆچوونه‌كانیان له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی نییه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌."ئارێز عه‌بدوڵا واده‌ڵێت"

"ئێستاش كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ڕه‌تناكه‌ینه‌وه‌"

سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئارێز عه‌بدوڵا وتی" پێشتر بڕیاربوو كۆببینه‌وه‌ له‌دوای لێدوانه‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌كانمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، وه‌ ئێستاش ڕه‌تی ناكه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان، هه‌موو كاتێك ئاماده‌ین ،نه‌ مه‌رج داده‌نێین و نه‌ مه‌رج قبوڵ ده‌كه‌ین."

ده‌شڵێت." ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان به‌ په‌رۆشین دابنیشین، به‌ڵام كاتێك ئه‌وان هه‌نگاوی وا ده‌نێنن ، ڕۆژێك جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌لاماری یه‌كێتی ده‌دا و ڕۆژێك پارێزگار په‌لاماری یه‌كێتی ده‌دا، ئه‌وانه‌ هه‌موو دانیشتنه‌كان دوور ده‌خاته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی قسه‌كانی پارێزگاری دهۆك چه‌نده‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر جارێكی تر داخستنی كۆبونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی؟
ئارێز عه‌بدوڵا وتی"خۆ ئێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌ له‌ گۆڕێ نییه‌. په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ تا دوای جه‌ژن ناكرێت ئیتر ئه‌و كاته‌ قسه‌ له‌سه‌ر لێدوانه‌كانی پارێزگاری دهۆكیش ده‌كه‌ین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:24 0:00


XS
SM
MD
LG