Accessibility links

نیاز عەبدوڵا: دادگاکان بەکاردەهێنرێن بۆ تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنووسان


بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە پاشەکشێدایە بە تایبەتی لەو وڵات و هەرێمانەدا کە بە وڵاتانی سەرکوتکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری ناوبانگیان هەیە.

لە هەرێمی کوردستانیش سەرباری کەرەنتین و ڕەوشی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام لەو ماوەیەی رابردوودا کۆمەڵێک پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و ئازادی ڕادەربڕین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجامدراوە.

بەپێی رێکخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێسنوور بنکە لە فەڕەنسا و ڕێکخراوی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان بنکە لە ئەمەریکا باس لە دووجار دەستگیرکردنی رۆژنامەوان هێمن مامەند و دەستگیرکردن و لێدان و سووکایەتیپـێکردن بە ڕۆژنامەوان و چالاکوان عەدنان ڕەشیدی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ڕۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا دەڵێت "هەر کەسێک ڕەخنەی لە حکومەت و داواکاری گشتی گرتبێت یان دەستگیرکراوە یان فشارخراوەتە سەری. "

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاگاهی دەدات کە 10 ساڵی داهاتوو، قورس دەبێت بۆ ئازادی ڕاگەیاندن، هاوکاتی ئەوەی ئەم قەیرانە تەندروستیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کێشە و ئاڵۆزییە ئابوری سیاسییەکان زیاتر دەکات.

کیستۆڤ دۆڵوار، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، ئەم پەتایە دەرفەتێکە بۆ ئەو وڵاتانەی خراپترینن لە پۆلێن کردنیاندا وەک وڵاتی سەرکوتکاری ئازادی ڕاگەیاندن.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕاپۆرتی ساڵی 2020 بڵاو دەکاتەوە کە وڵاتانی جیهان لەسەر بنچینەی ئازادی ڕاگەیاندن تیایدا پۆلێن کراون.

سەبارەت بەو ڕەوشە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمەریکا وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ رۆژنامەوان و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ نیاز عەبدوڵا دا سازکردووە.

دەشڵێت ئێستاکە هەرێمی کوردستان "لە قۆناغێکی زۆر ڕەش و مەترسیداری سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرییدایە."

نیاز عەبدوڵا کۆمەڵێک ڕەخنە دەگرێت لە دادگاکان و پەرلەمان و داواکاری گشتی، دەڵێت "ئێستا دادگاکان بەکاردەهێنرێن بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنووسان." هاوکات "پەرلەمانی کوردستانیش هیچ ڕۆڵێکی نەماوە لە ڕووی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەرامبەر رۆژنامەوانان. "

باس لە ڕاپۆرتی رێکخراوە نێودوڵەتیەکان دەکات سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەوگەری، دەڵێت "ڕێکخراوە نێودوڵەتییەکان یەک لە دوای یەک ڕاپۆرت لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکەنەوە."

نیاز عەبدوڵا باس لە دوو پێشێلکاریی زۆر دیار دەکات کە لە ڕاپۆرتە جیهانییەکانیشدا بڵاوکراونەتەوە، دەڵێت "پێنج کەسی دەمامکدار بەناوی هێزی ئاسایش خۆیان ناساندووە لە پێنجوێن هەڵدەکەوتنە سەر عەدنان ڕەشیدی و دەستگیری دەکەن و هەردوو باسکیشیان شکاندووە بە بەرچاوی منداڵە سێ ساڵانەکەیانەوە و هاوژینەکەشیان ڕووتکردۆتەوە و بە ڤیدیۆ وێنەیان گرتووە، هاوکات هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە هەر کاتێک سکاڵا تۆمار بکات وێنەی رووتی هاوسەرەکەی بڵاودەکەنەوە."

سەبارەت بە هێمن مامەندیش نیاز دەڵێت "چوار بۆ پێنج جار هێمن مامەند دەستگیرکراوە."

نیاز عەبدوڵا کە سەردانی دایکی هێمن مامەندی کردووە، دەڵێت"لە کاتی دەستگیرکردنی هێمن مامەنددا پاڵیان بە دایکییەوە ناوە و باسکی عەزێتی پێگەیشتووە."

سەبارەت بە دۆسییەکانی کوشتنی رۆژنامەوانان، نیاز عەبدوڵا دەڵێت "ئەگەرچی دۆسێی کوشتنی ڕۆژنامەوانان لە دادگاکان داخراون بەڵام ئەو دۆسێیانە هەر بە زیندووی ماونەتەوە، چونکە تا ئێستا هیچ کام لەو کەیسانە یەکلایی نەبوونەتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:19 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG