Accessibility links

د.به‌شیر حه‌داد:ئەو داهاتەی ئێستا بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناكات


د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق

د.به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌زێت ڕه‌نگه‌ عیراقیش بیر له‌ده‌ستكاری كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بكاته‌وه‌، به‌ڵام زۆر ڕێگه‌ی تر هه‌یه‌ له‌عیراق و هه‌رێم پێش ئه‌وه‌ بگیرێته‌به‌ر، ده‌شڵێت: له‌ئێستادا لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و دارایی له‌كاردان له‌ به‌دواداچوون دان بۆئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ یارمه‌تی دانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری ڕۆژانه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستكاری كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، هه‌ڵوێستی عیراق له‌وڕوه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات."

" ئێستا ئه‌و داهاته‌ی به‌ده‌ست عێراق ده‌گات به‌شی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ناكات "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق وتی" ئه‌م په‌تایه‌ جیهانیه‌، بۆیه‌ بارودۆخی وڵاتانی خراپ كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی چالاكی ئابوری وڵاتان وه‌ستاوه‌، سه‌باره‌ت به‌ عێراق بارودۆخی ئابوری و ئه‌منی ته‌واو نیه‌، وه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ له‌سه‌ر عێراق كه‌مێك قورستر ده‌كه‌وێت به‌تایبه‌تی پاش دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ئێستا ئه‌و داهاته‌ی به‌ده‌ست عێراق ده‌گات به‌شی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ناكات وه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ قه‌رز بكات له‌ هه‌ندێك داموده‌زگا یان له‌ یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی خۆی."

" لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و دارایی له‌كاردان له‌ به‌دواداچوون دان بۆئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ یارمه‌تی دانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری ڕۆژانه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ "


د.به‌شیر حه‌داد وتیشی " سیسته‌می ته‌ندروستی عێراق ، سیسته‌مێكی لاوازه‌، ئێستا داموده‌زگاكان ژێرخانێكی ئه‌وتۆیان نیه‌ كه‌ به‌رگه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ بگرێت، ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانیمان پێكهێناوه‌ بۆ به‌دواداچوون و چاودێری كردنی كاروباره‌كانی حكومه‌ت و كاروباره‌كانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان، لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و دارایی له‌كاردان له‌ به‌دواداچوون دان بۆئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ یارمه‌تی دانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری ڕۆژانه‌یه‌. "

جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌رخانكرا هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" تا ئێستا بودجه‌ی ساڵی 2020 په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، ئێستا عێراق له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2019 ده‌ڕوات به‌ میكانیزمی یه‌ك له‌سه‌ر دوانزه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خۆیان.
ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ هه‌موو عێراقه‌، چونكه‌ ئێستا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ده‌نێردرێت كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی 2019 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و كاری پێ ده‌كرێت، هه‌ر پاره‌ دابه‌شكردنێك له‌ عێراقدا بكرێت، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه‌ بۆ عێراق ده‌كرێن به‌شی هه‌رێمی كوردستانی لێ وه‌ربگیرێت جا چ یارمه‌تی دارایی بێت یان داوده‌رمان یاخود هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر ."


حه‌داد زیاتر ڕونیكرده‌وه‌" ئێمه‌ داوامان كردووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌یان نیه‌ یان كه‌مده‌رامه‌تن، بڕه‌ پاره‌یه‌ك یان موچه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ بدرێت له‌ عێراقدا ئه‌وا هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌ركی حكومه‌ته‌ كه‌ یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ بدات، ئێستا بودجه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ كاربه‌ڕێكه‌ره‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین حكومه‌تێكی هه‌میشه‌یی پێك بهێنرێت كه‌ یه‌كه‌م كاری حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ بودجه‌ بنێرێت بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت."

"ئه‌گه‌ر عێراق نه‌توانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات ئیتر چۆن ده‌توانێت موچه‌ی هه‌رێمی كوردستانش بدات؟ ئێمه‌ له‌ خه‌یاڵدا ناژین، هه‌رێم پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌ پرس به‌ به‌غدا بكات بۆ ده‌ستكاری كردنی موچه‌ "


د.به‌شیر حه‌داد له‌باره‌ی ده‌ستكاری كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ڵێت" تا ئێستا به‌فه‌رمی باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌ستكاری موچه‌ بكرێت نه‌ له‌ عێراق وه‌ نه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئێمه‌ له‌ خه‌یاڵدا ناژین بارودۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌، باره‌كه‌ قورسه‌ ، ئه‌گه‌ر نه‌وت ئاوا نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت و درێژه‌ بكێشێت زۆربه‌ی وڵاتانی به‌رهه‌م هێنی نه‌وت زیان ده‌كه‌ن وه‌ له‌ناویاندا عێراق له‌هه‌موویان زیاتر زیان ده‌كات، ئه‌گه‌ر عێراق نه‌توانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات ئیتر چۆن ده‌توانێت موچه‌ی هه‌رێمی كوردستانش بدات؟ هیوادارم بارودۆخی كۆرۆنا و جیهان به‌ره‌و باشتر بڕوات و نرخی نه‌وت به‌رز ببێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوریه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ڕاپه‌ڕاندن و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌یه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌ پرس به‌ به‌غدا بكات بۆ ده‌ستكاری كردنی موچه‌، ئه‌گه‌ر گه‌یشته‌ حاڵ و بارودۆخێكی ئاوه‌ها كه‌ به‌غداد موچه‌ی نه‌نارد و نه‌وتیش ئه‌وه‌نده‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زی، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند ڕێكارێك بگیرێته‌به‌ر ."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد ده‌ستكاری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بكات، له‌كاتێكدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌به‌غداده‌وه‌ دێت؟

د.به‌شیر حه‌داد له‌وه‌ڵامدا وتی" به‌ڵێ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به‌بێ به‌غداد ڕێوشوێنی گونجاو بگرێته‌به‌ر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخی خۆی، من هیوای ئه‌وه‌ ناخوازم كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستكاری موچه‌ بكات، به‌ڵام ئێستا داهاتی هه‌رێمی كوردستان نزیك بۆته‌وه‌ له‌ سفر، داهات نیه‌ كه‌ داهاتیش نه‌بێ چۆن ده‌توانرێت موچه‌ دابین بكرێت؟ دوور نیه‌ كه‌ حكومه‌ت هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك یان میكانیزمێك بگرێته‌به‌ر له‌وانه‌شه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌رز له‌ كۆمپانیاكانی ناوخۆ بكات."

" به‌داهاتی نه‌وت عێراق ناتوانێت موچه‌ی خۆی دابین بكات "


كه‌واته‌ بۆچی وڵاتان له‌م كاته‌دا هاوكاری خه‌ڵك و موچه‌ خۆرانیان ده‌كه‌ن به‌ڵام عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ ده‌كرێت ده‌ستكاری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بكات؟

له‌وه‌ڵامدا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" وڵاتان پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی یه‌ده‌گی خۆیان هه‌یه‌، به‌داهاتی نه‌وت عێراق ناتوانێت موچه‌ی خۆی دابین بكات چونكه‌ ئێستا داهاتی نه‌وتی عێراق 2 ملیار دۆلاره‌، یه‌ك ملیار ده‌ڕوات بۆ كرێی كۆمپانیاكان، وه‌ یه‌ك ملیار ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ عێراق."


ڕونیشیكرده‌وه‌" عێراق به‌ ده‌یان ملیار دۆلار یه‌ده‌گی هه‌یه‌ وه‌ به‌ ده‌یان ته‌ن زێڕی یه‌ده‌گی هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌ست بردن بۆ یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی شتێكی باش نیه‌، له‌وانه‌یه‌ عێراق بتوانێت بۆ ماوه‌ی دوو مانگ قه‌رز له‌ یه‌ده‌گی خۆی بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گی دارایی هه‌ر وڵاتێك كه‌م بووه‌وه‌، ئه‌وا نرخی دراوه‌كه‌ی نامێنێت واته‌ ئه‌وكاته‌ به‌های دیناری عێراقی زۆر داده‌به‌زێت و هیچ به‌هایه‌كی نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌."

" پێش ده‌ست بردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زۆر ڕێگه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بگیرێته‌ به‌ر."


د.به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" من پێم وایه‌ پێش ده‌ست بردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زۆر ڕێگه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بگیرێته‌ به‌ر، بۆ نموونه‌ یه‌كه‌م ئه‌و پارانه‌ی كه‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ پڕۆژه‌كان بوه‌ستێنرێت، دووه‌م دامه‌زراندن ڕابگیرێت، بار قورسی سه‌ر بودجه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌، سێیه‌م ده‌وڵه‌ت موڵكی هه‌یه‌ خانوو و زه‌وی و زاری هه‌یه‌، ده‌كرێت ئه‌مانه‌ بفرۆشێت، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت هه‌رێم ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی بیفرۆشێت وه‌ خه‌رجیه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌ ئه‌مانه‌ چه‌ند ڕێكارێكن ده‌كرێت بگیرێته‌به‌ر، وه‌ تاك-یش ده‌توانێت خه‌رجی خۆی كه‌م بكاته‌وه‌."

" سه‌باره‌ت به‌دوو موچه‌كه‌ی به‌غداد ؟"

پێشتر د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو" له‌مانگی سێ-دا عیراق دووجار موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌."

له‌وه‌ڵامدا د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" ئه‌و دوو موچه‌یه‌ی كه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان هی مانگی 2 و3 یه‌، دووجار له‌یه‌ك مانگدا موچه‌ نه‌هاتووه‌ عیراق خواخوایه‌تی بتوانێت موچه‌ی مانگانه‌ دابین بكات بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ هه‌موو پارێزگاكانی تری عیراق چۆن له‌یه‌ك مانگدا دوو موچه‌ ده‌دات ئه‌مه‌ به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ مانگی دوو موچه‌ دواكه‌وت له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی كۆرۆنا و له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و ئه‌وانه‌ چونكه‌ ده‌وام له‌وه‌زاره‌ته‌كان نه‌بوو كه‌وته‌ سه‌ره‌تای مانگی سێ، وه‌ موچه‌ی مانگی سێ-ش دیسان له‌ 17و18 ی سێ-دا هات كه‌چی ئه‌وان ده‌ڵێن دوو موچه‌ له‌یه‌ك مانگدا هاتووه‌ ئێ ڕاسته‌ ئه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و دوو موچه‌یه‌ هی دوو مانگه‌ وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و "به‌ڕێزانه‌" ده‌یانه‌وێت وا به‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پیشان بده‌ن و بڵێن كه‌ به‌غداد له‌یه‌ك مانگدا دوو موچه‌ی ناردووه‌ ئه‌مه‌ش كه‌ وانیه‌، ئه‌مه‌ چۆن عه‌قڵ قبوڵی ده‌كات، عیراق ئێستا پێی ناخۆشه‌ كه‌ موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یاسایه‌ ده‌ینێرێت ئێمه‌ به‌زه‌حمه‌تی و به‌هاندان هه‌موو مانگ موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌عیراق وه‌رده‌گرین ئیتر چۆن عه‌قڵ قبوڵی ده‌كات كه‌ دوو موچه‌ له‌یه‌ك مانگ بنێرێت، هه‌ر لایه‌نه‌ شیعیه‌كانیش قبوڵی ناكه‌ن كه‌بڵێن تۆ دوو موچه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێریت له‌مانگێكدا به‌ڵام خه‌ڵكی خۆت له‌برسدا بمرێت ."

د.به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی وت" ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ زیاتر له‌ 10 جار شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ وانیه‌، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانی عه‌ره‌ب بۆیان شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ هی مانگی پێشوتر بووه‌ كه‌ دواكه‌وتووه‌ و دوو موچه‌ نیه‌ له‌یه‌ك مانگدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ "ئه‌و به‌ڕێزانه‌" واده‌زانن ئۆپۆزسیۆن بوون واتای ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هان بده‌یت له‌هه‌موو بابه‌تێكدا دژی هه‌رێمه‌كه‌ی خۆت، له‌كاتێكدا ده‌بوو له‌م كاتی قه‌یران و نه‌خۆشیه‌دا هه‌موو لایه‌ك به‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یه‌ك بوینایه‌ وه‌ك وڵاتانی تر دژ به‌م قه‌یرانه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:28 0:00


XS
SM
MD
LG