Accessibility links

ڕیفراندۆم لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، کە هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى 25/9/2017 ئەنجامیدا، بەڵام هێشتا مشت‌ومڕەکان لەسەر ئەنجامەکانى ئەو پرۆسەیە بەردەوامن.

20 ڕۆژ دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و لە ڕۆژى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، هێزە عێراقیەکان پەلامارى ناوچە کێشە لەسەرەکانیان دا و زۆربەى ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.

پارتى دیموکراتى کوردستان، لەدەستدانى ناوچە کێشەلەسەرەکان دەبەستێتەوە بە"خیانەتى" گروپێکى نێو یەکێتیەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانى یەکێتى، لەدەستدانى ئەو ناوچانە، بۆ دەرئەنجامى ئەو گەلەکۆمەیە دەگێڕنەوە، کە بەهۆى ریفراندۆمەوە لەسەر هەرێم دروستبوو.

شێرکۆ میروەیس ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى و پەرلەمانتارى عێراق، بەدروستى نازانێت دۆخى ئێستاى ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە ریفراندۆم و 16 ى ئۆکتۆبەرەوە ببەسترێتەوە.

شێرکۆ میروەیس، ئاماژەى بەوەکرد فەزاى سیاسى لە عێراق بە جۆرێکە هەزاران کەس لە چاویلکەى سەدام حسێنەوە لە بوونى کورد دەڕوانن، لە کاتێکدا سەرکردایەتى کورد نەیتوانیووە ڕووبەڕووى پلانى نەیارەکانى ببێتەوە، وتى"سەرکردایەتى کورد دەبێت تەجاوزى کێشمەکێشەکانى هەرێم بکات، چونکە داهاتووى قەوارەى هەرێم و ئەزموونى حوکمڕانى کوردى لە مەترسیدایە."

ناوبراو وتى"هێزە گەورەکانى عێراق بەدواى دەرفەتدا دەگەڕێن، بۆ تەعدیلاتى دەستورى و کەم کردنەوەى دەسەڵاتى هەرێم."

لایەنە سیاسیەکانى هەرێم، گەر هەندێکیان ڕۆڵیان نەبووبێت لە بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆمدا، بەڵام زۆربەیان بەشدارى پرۆسەکەیان کرد و دەنگیان بە "بەڵێ" دا.

بە کەمتر لە مانگێک دواى هێرشەکانى سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، یەکدەنگى لایەنە کوردیەکان تێکچوو، هەرزوو کەوتنە تۆمەتبارکردنى یەکترى بە هۆکارى تێکچوونى دۆخەکە.

هەرچەندە لەئێستادا کورد ناوچە کێشەلەسەرەکانى لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسانى پارتى پێیانوایە، ئەنجامدانى ریفراندۆم سودى بۆ داهاتووى ئەو ناوچانە دەبێت.

عەدنان کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، پێیوایە ریفراندۆم ئامانجەکانى خۆى پێکاوە و کوردستانیبوونى ناوچە کێشەلەسەرەکانى سەلماندووە.

عەدنان کەرکوکى ، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"بۆ دونیا سەلمێنرا، خەڵکى ناوچە کێشەلەسەرەکان گەر دەرفەتیان پێبدرێت، گوزارشت لە ڕاى خۆیان بکەن، ئەوا دێنە پاڵ کوردستان."

وتیشى"ریفراندۆم، پەیامێک بوو بە دونیا، کە سیاسەتى بەعەرەب کردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان شکستى هێناوە."

هەرچەندە ریفراندۆم، سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى بەدوادا نەهات، بەڵام پشتگیریکارانى ریفراندۆم، پێیانوایە ئەو پرۆسەیە کارتێکى زیندووە بەدەست کوردەوە و ڕۆژێک دێت، سودى لێ ببینرێت و بەکارى بهێنرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:35 0:00


XS
SM
MD
LG