Accessibility links

مه‌حمود محه‌مه‌د: له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا شاندێكی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ پرسی پارێزگاری كه‌ركوك سه‌ردانی به‌غداد ده‌كه‌ن


Mahmud

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان باس له‌ ڕای فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات له‌باره‌ی كه‌ركوك و هه‌وڵی ئه‌و حیزبه‌ بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ردولامان هاوهه‌ڵوێست بوین "

له‌سه‌ره‌تای وتوێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌سه‌ردانی شاندی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد بۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆبونه‌وه‌یان، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو یاسایه‌ك ده‌رچوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ پڕیه‌تی له‌ كێشه‌ بۆ كه‌ركوك و موسڵ و ناوچه‌كانی كه‌ مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ خه‌مخۆری كه‌ركوكن و ده‌یانه‌وێت به‌خراپ ڕه‌نگ نه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك و دۆخی كه‌ركوك له‌وه‌ زیاتر كه‌هه‌یه‌ خراپتر نه‌كرێت پێویستمان به‌یه‌ك ده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانین چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكه‌ین وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ توشی كێشه‌ نه‌بین وه‌ خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ی ده‌رچووه‌ چه‌ند له‌به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌كانی ناو كه‌ركوكه‌ بۆ ئه‌وه‌ پێویستمان به‌ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچونه‌كانی و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر هه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و چه‌ند مه‌به‌ستێكی تر گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد، له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێكی تر."

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت" له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ردولامان هاوهه‌ڵوێست بوین كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌گرنگ له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌ وه‌ هه‌ردولاشمان به‌په‌رۆشه‌وه‌ین كه‌له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر ئه‌م بابه‌ته‌ تاووتوێ بكه‌ین وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت."

"پێمان باشه‌ له‌ "ئه‌جوائی" پشك پشكێنه‌ بچینه‌ ده‌رو ته‌واو بكرێت"

له‌باره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی تا ئێستا گۆڕان له‌حكومه‌ت وه‌رینه‌گرتوون به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی؟ مه‌حمود محه‌مه‌د وتی" ئێمه‌ش پێمان باشه‌ هه‌رسێ لایه‌نی (پارتی-یه‌كێتی هه‌روه‌ها گۆڕان) كه‌لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تن له‌ "ئه‌جوائی" پشك پشكێنه‌ی كه‌ باسمان كردووه‌ پێشتر و ڕێككه‌وتنمان كردووه‌ له‌سه‌ری بچینه‌ ده‌رو ته‌واو بكرێت دوای ته‌واوكردنی له‌بری ئه‌وه‌ی له‌كۆبونه‌وه‌كاندا باس له‌ پشكه‌كان بكه‌ین باشتره‌ باس له‌ چاره‌نوسی ئه‌و بابه‌ته‌تانه‌ بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی-مان وه‌ك كه‌ركوك یا ئه‌وه‌ی له‌به‌غداد چۆن سه‌یری كورد ده‌كه‌ن وه‌ مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ و كه‌ركوك و بودجه‌ و جێ به‌جێ كردنی مادده‌ی 140، ئێمه‌ش په‌له‌ی ئه‌وه‌مانه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌واو بێت كه‌ ئێستا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهاتووه‌ ئه‌و پشكانه‌ی هی لایه‌نه‌كانی ترن ئه‌وانه‌ش ده‌درێت."

"یه‌كێتی پێی باشبوو كه‌ چه‌ند ڕۆژێك كۆبونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر كۆده‌بینه‌وه‌ "

وته‌بێژه‌ فه‌رمیه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" پێش دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ باسكردووه‌، وه‌ له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌م بابه‌ته‌ (كه‌ركوك) باسمان كرد و هه‌ر له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌شمان باسكرد كه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی دێنه‌ پێش، وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتیدا له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو قسه‌مان كرد كه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت دیاره‌ ئه‌وان (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) پێیان باشبوو كه‌ چه‌ند ڕۆژێك كۆبونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان-یش هاوهه‌ڵوێستن له‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك، وه‌ پرسی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌ جیابكرێته‌وه‌ له‌هه‌ندێك كێشه‌ی كه‌ له‌كوردستان هه‌ن یا هه‌ندێك جیاوازی تێڕوانین كه‌هه‌مانه‌ له‌كوردستان جیابكرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری بۆ دابنرێت و هاوهه‌ڵوێست بین ."

هه‌روه‌ها وتی" له‌سه‌ر بابه‌تی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر كۆده‌بینه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین پێكه‌وه‌ بیروبۆچونه‌كان تاووتوێ بكه‌ین و بڕیاری هاوبه‌ش بده‌ین."

" هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ین كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌كه‌ركوك هاوهه‌ڵوێست بین ئه‌گه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك-مان كرد پێكه‌وه‌ به‌شدار بین ئه‌گه‌ریش به‌شدار نه‌بین ئه‌وا هه‌ر پێكه‌وه‌ بڕیار بده‌ین"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌ك لیست له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌شدار بن؟

مه‌حمود محه‌مه‌د ده‌ڵێت" له‌ڕاستیدا هه‌ربڕیارێك ده‌ده‌ین پێویسته‌ پێكه‌وه‌ بیده‌ین به‌یه‌ك لیستی بێت یا لیستی جیا جیا بێت وه‌ زیان و قازانجی هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌مانه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆیانه‌ی ده‌یانكه‌ین له‌نێوان حیزبه‌كان به‌هه‌رسێ حیزبی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كانیش، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆنیش به‌شێك له‌به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وایه‌تییان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان به‌رامبه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌شێك نیه‌ له‌و تێڕوانینه‌ی به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یانه‌، وه‌ به‌خه‌می ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكین، له‌م كاته‌ی كه‌ قسه‌ی تێدا ده‌كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی هه‌یه‌ له‌یه‌كێتی زیاتره‌ وه‌ له‌لایه‌نه‌كانی تریش زیاتره‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ له‌خه‌می ئه‌وه‌ین كه‌ ده‌بێت هه‌رچی زوتره‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش ده‌كرێت به‌جۆرێك نه‌بێت كه‌ له‌زیانی كورد و خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ نه‌شكێته‌وه‌."

وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕونیكرده‌وه‌" ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ین كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌كه‌ركوك هاوهه‌ڵوێست بین ئه‌گه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك-مان كرد پێكه‌وه‌ به‌شدار بین ئه‌گه‌ریش به‌شدار نه‌بین ئه‌وا هه‌ر پێكه‌وه‌ بڕیار بده‌ین، به‌ڵام سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك مادده‌ی زۆر خراپ خراوه‌ته‌ ناو یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ سه‌باره‌ت به‌ كورد زیانی زۆر ده‌دا كه‌ هه‌وڵبده‌ین له‌ په‌رله‌مان هه‌مواری ئه‌و بڕگانه‌ بكرێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرا ئێمه‌ پێمان باشه‌ پێكه‌وه‌ بین به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین یا نا كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین پێكه‌وه‌ بیكه‌ین ئه‌گه‌ر بایكۆتسمان كرد پێكه‌وه‌ بیكه‌ین."

" ئه‌و كاندیده‌ "به‌ڕێزه‌ی" كه‌ ئێستا هه‌یه‌ كاندیدی لیستی برایه‌تی-یه‌، نه‌ك به‌ته‌نها هی یه‌كێتی"

ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد كه‌ ئێوه‌ زۆرترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك-تان هه‌یه‌ وه‌ك پارتی ئه‌ی چۆن پشكی پارێزگارتان دا به‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان؟ له‌وه‌ڵامدا مه‌حمود محه‌مه‌د وتی" ئێمه‌ پشكی پارێزگاری كه‌ركوك-مان نه‌داوه‌ به‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌و كاندیده‌ "به‌ڕێزه‌ی" كه‌هه‌یه‌ كاندیدی لیستی برایه‌تی-یه‌ كه‌ له‌هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوكه، وه‌ هه‌ندێك له‌توركمان و عه‌ره‌بیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌خێر ئه‌و كاندیده‌ی ئێستای پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كاندیدی یه‌كێتی نیه‌ به‌ڵكو هی لیستی برایه‌تیه‌ و ئه‌و لیسته‌ ده‌توانێت پارێزگار بۆ پۆسته‌كه‌ی دیاری بكات."

سه‌باره‌ت به‌ كاتی ده‌سبه‌كاربونی كاندیدی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پۆسته‌كه‌یدا؟

مه‌حمود محه‌مه‌د وتی" به‌بۆچونی ئێمه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌كانی تریش بۆچونیان وه‌ربگیرێت وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردولامان (پارتی و یه‌كێتی) له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا سه‌ردانی به‌غداد ده‌كه‌ن تا له‌وێ نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمان ببینن تا ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ری هه‌بێت چونكه‌ ئه‌م پارێزگاره‌ هی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك ده‌بێت، ئه‌و بابه‌ته‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت وه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:16 0:00

XS
SM
MD
LG