Accessibility links

محەمەد تۆفیق رەحیم: بەتەنھا من کاندیدی فەرمی گۆڕانم بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم، تا ئێستا هه‌ر من سیڤی-م پێشكه‌شكردووه‌


حه‌مه‌ تۆفیق ڕه‌حیم

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم كاندیدی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی پێشووی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن باس له‌چه‌ندین پرسی تایبه‌ت به‌ خۆكاندید كردنی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"دەمەوێت ئەو توانایەی کەهەمە وە ئەو ئەزمونەی کە لەژیانی سیاسیمدا هەمە بیخەمە گەڕ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەیەوێت چی بکات لە سەرۆکایەتی هەرێم کە پێشتریش بەهەمان شێوە خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی" من خۆم کاندید کردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم چونکە دەمەوێت ئەو توانایەی کە هەمە وە ئەو ئەزمونەی کە لەژیانی سیاسیمدا هەمە بیخەمە گەڕ بۆ سەرخستنی هەرێمی کوردستان، وە "عاملێکی ئیجابی" بم لەکاروبارەکانی هەرێمی کوردستاندا."

لەبارەی ئەوەی بەرنامەی تایبەتت چی دەبێت؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم ڕایگەیاند" لەبەرنامەی حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە سیاسیەکاندا باسی ئەوە دەکەن کە چاکسازی بکرێت ئەمە بەلای منەوە "زۆر زۆر گرنگە" چونکە چاکسازی وێنەکەی باش دەبەخشێت بەهەرێمی کوردستان چونکە زۆر لایەن هەن هی دەرەکی و ناوەکی کە پێیان وایە کورد ناتوانێت حکومڕانی خۆی بکات بۆیە زۆر گرنگە ئێمە ئێستا بەهەموو توانامانەوە بەشداربین لەچاکسازی و پێشخستنی شێوازی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستاندا، ئێمە بەرنامەی چاکسازیمان هەیە وە پارتی و یەکێتیش باسی بەرنامەی چاکسازی دەکەن دەمانەوێت ئەمە لەسەر "ئەرزی واقیع" جێ بەجێ بکرێت."

"ماوەی دوو مانگە سیڤیم پێشکەشکردووە و وتومە ئێمە دەبێت ئەو پۆستە وەربگرین"

سەبارەت بەوەی کە چه‌ند کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان-دا؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی" قسە و شت زۆرە بەڵام بەفەرمی هەر من "سیڤی-م" پێشکەشکردووە بۆ ئەو پۆستە."

ئه‌ی مسته‌فای سه‌ید قادر؟ محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" باسی " ئه‌و-یش " دەکرێت بەڵام نازانم ئەو سیڤی پێشکەشکردووە یاخود نا، بەڵام من ماوەی دوو مانگە سیڤیم پێشکەشکردووە و وتومە ئێمە دەبێت ئەو پۆستە وەربگرین بۆ ئەوەی ئەم بەرنامەیە جێ بەجێ بکرێت."

"زۆر کەس هاتوون پێم دەڵێن پێمان خۆشە خۆت کاندید کردووە و بەردەوام بە"

محەمەد تۆفیق ڕەحم ڕەتیکردەوە داوای کشانەوەیان لە خۆ کاندیدکردن لێ کردبێت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وتی" هیچ کەس داوای لێ نەکردووم لە خۆکاندید کردن بکشێمەوە، بەڵام زۆر کەس هاتوون پێم دەڵێن پێمان خۆشە خۆت کاندید کردووە و بەردەوام بە."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كاندید بوونی ڕازییه‌؟ محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ده‌ڵێت"من پێشکەشی گۆڕانم کردووە گۆڕان دەبێت بڕیاری لێ بدات."

" له‌ناو گۆڕاندا كێشه‌ و گرفت هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان "

سەبارەت بەوەی تاچەند گرفت و کێشە هەیە لەناو گۆڕاندا لەسەر پۆستەکان؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی" ئەو گرفتانە هەر هەیە، ئاسایی-شە بۆ پۆستەکانی تر جگە لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم زۆر کەس "سیڤی-ییان" پێشكه‌ش کردووە، بەڵام جڤاتی نیشتمانی ئەوە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام دەبێت لەم 10-12 ڕۆژەدا یەکلایی بكرێته‌وه‌ ئەو پۆستانە لە لایەن جڤاتی گشتی بزونەوەی گۆڕانەوە."

"ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن له‌ خۆكاندید كردن بكشێمه‌وه‌ ده‌بێت بۆم ڕوون بكه‌نه‌وه‌ بۆچی داوام لێده‌كه‌ن؟"

چ شتێک هەیە وا لەتۆ بکات کە لە کاندید بوون بکشێیتەوە؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم لەوەڵامدا ڕایگەیاند" ئەگەر داوام لێبکەن دەبێت پێم بڵێن بۆچی داوام لێدەکەن؟

هەروەها وتیشی" یەکێک لەهۆکارەکانی کشانەوەم لە پۆستە حیزبیەکەم" ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن" جگە لەوەی بۆ ئەوەبوو کە دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر پۆستە حیزبیەکەم و نەمویست زیاتر لەو پۆستە بمێنمەوە هاوکات بۆ ئەوەش بوو کە بەتەواوی خۆم تەرخان بکەم بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:44 0:00

XS
SM
MD
LG