Accessibility links

سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات قابیلی قبوڵ نیه‌


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

له‌ووتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌ ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌كانی وه‌فدی هه‌رێم و به‌غداد له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، هه‌روه‌ها چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و گروپه‌ نوێیه‌ چه‌كداره‌ ده‌مامكداره‌كه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كورداستانه‌وه‌ خۆیان ڕاگه‌یاند.


ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش"

" په‌كه‌كه‌ بونه‌ته‌ ده‌رده‌سه‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بابه‌تی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا له‌ناو خاكی عیراق چه‌نده‌ ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌ی شاندی عیراقی و كوردی بووه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ به‌غداد، دزه‌یی ده‌ڵێت" به‌پێی زانیارییه‌كانی من له‌ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوو سه‌ردانێكی له‌وجۆره‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ بۆ عیراق نه‌كراوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر كه‌می كات نه‌یانتوانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆیه‌ داوایان كردبوو كه‌وه‌فدی هه‌رێم له‌ به‌غداد ببینن، سه‌باره‌ت به‌ بۆردومانه‌كان به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ر هه‌بووه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی دواتردا ڕووی له‌زیادوببون كردووه‌ ئه‌ویش به‌هۆی جموجۆڵی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌ سنورییه‌كان كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ زیاتر خۆیان له‌كاروباری هه‌رێم هه‌ڵقورتێنن له‌هه‌ندێك شوێن وه‌ك "به‌دیل" ڕه‌فتار بكه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌ شه‌نگال و خانه‌قین و هه‌ندێك ناوچه‌ی گه‌رمیان، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون گروپێكی چه‌كداری ده‌مامكدارییان دروست كردووه‌، له‌ڕاستیدا هه‌بونی ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ هه‌شتاكانی ساڵانی ڕابردووه‌وه‌ مایه‌ی ده‌رده‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌بوون، بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌دان گوند ئاوه‌دان نه‌كرێنه‌وه‌ له‌كاتێكدا خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت گونده‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵكی تر به‌هۆی ئه‌و چه‌كدارانه‌ بۆردومانیان بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و كارانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات به‌هیچ جۆرێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵی كوردستان نیه‌."

" سه‌رۆكی هه‌رێم باسی بونی په‌كه‌كه‌ی بۆ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرد"

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌كرد" له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌هۆی كه‌می كات و زۆری ئاماده‌بووان كه‌هه‌ریه‌كه‌ی پرسیاری خۆی خسته‌ڕوو، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم له‌وتاره‌كه‌یدا له‌ تابلۆ گشتیه‌كه‌ی باس دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئاواره‌كان باسی له‌وه‌كرد كه‌ بونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌شه‌نگال یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شه‌نگال، ئه‌وانیش نیگه‌رانی ئه‌و دۆخه‌ بوون سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ سوپاسگوزاری هه‌رێمی كوردستان بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌یان له‌خۆ گرتووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌ركه‌ زۆره‌."

" ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات نه‌ لۆژیك، نه‌ ویژدان قبوڵی ناكات"

دزه‌یی ئه‌وه‌شی وت" هیچ لۆژیك نیه‌ وڵاتێك خاوه‌ن سه‌روه‌ری بێت ڕێگا بدات كه‌ هێزی چه‌كداری وڵاتێكی تر به‌كاربهێنن بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ،دوای ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ڕۆژی دواتر له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چوون هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر فڵانه‌ شوێن و ئه‌وه‌نده‌ زیانیان له‌و وڵاته‌ی تر داوه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ لۆژیك نیه‌، هیچ وڵاتێك ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات بۆ هه‌رێمی كوردستان "مه‌وقیفێكی" زۆر زه‌حمه‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ڕابردوو گوێرایه‌ڵ بوون وه‌ موڕاعاتی دۆخی هه‌رێمی كوردستانیان كرد به‌ڵام ئه‌وانیش له‌م دواییه‌ به‌هه‌ندێك كاری ناڕه‌وا هه‌ڵسان و هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاكی ئێران ئه‌وه‌ش قابیلی قبوڵ نیه‌، جا په‌كه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر پێی وابێت ئه‌و كرده‌وانه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی كورده‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت چونكه‌ زیانی به‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یاندووه‌، حكومه‌تی عیراقی هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی كردارییه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت كه‌ هیچ هه‌نگاوێك بنێت، ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكه‌ن قابیلی قبوڵ نیه‌ وه‌ نه‌ لۆژیك، نه‌ ویژدان قبوڵی ناكات."

" پێویسته‌ ڕای گشتی چ له‌ناوخۆ چ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، كرده‌وه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ڕێگری كردن له‌خه‌ڵك هیچ جیاوازییه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ڕابردووی عیراق( به‌عس) "

قابیلی قبوڵ نیه‌ واتا هه‌رێمی كوردستان چی ده‌كات به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌؟

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ڵامدا وتی" خۆی له‌ نه‌وه‌ده‌كان ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی توند له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و په‌كه‌كه‌ ڕویدا به‌ڵام ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ڕای گشتی چ له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان چ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، لێره‌ باسی به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ سیاسیه‌كان نیه‌، به‌ڵكو باسی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ر و ماڵ و ئارامی خه‌ڵكه‌ هیچ كه‌س بۆی نیه‌ ڕێگری له‌خه‌ڵك بكات بچێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و زار و ماڵی خۆی جا ئه‌گه‌ر ڕێگر بن ئه‌وكاته‌ هیچ جیاوازییه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ڕابردووی عیراق( به‌عس) كه‌ ڕێگه‌یان به‌خه‌ڵك نه‌ده‌دا بچنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و كوردستانیان ته‌عریب ده‌كرد، واته‌ هه‌مان سیاسه‌تیان په‌یڕه‌و ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی خۆی و حكومه‌تی خۆی هه‌یه‌ ناكرێت وه‌ مه‌یدانی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ یا هه‌ر هێزێكی تر هه‌رێمی كوردستان نیه‌ به‌ڵكو شوێنی تره‌ ناكرێت هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ بێت كه‌ بۆ ئامڕازێك دروستكرابێت بێته‌ هه‌رێمی كوردستان موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی هه‌رێمدا بكات كه‌، حه‌فتا ساڵ، په‌نجا-چل، سی، ساڵ خه‌باتیان هه‌یه‌، مه‌یدانی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان نیه‌ شوێنی تره‌."

دزه‌یی وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌كان له‌به‌یاننامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌به‌یاننامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌خه‌ڵكه‌وه‌ باس ده‌كرا؟

سه‌فین دزه‌یی وتی" ئه‌وه‌ واقیعێكه‌، ئه‌وكاته‌ی شه‌ڕی ئێران- عیراق هه‌بوو له‌هه‌شتاكاندا، حكومه‌تی عیراقی ڕێگه‌ی دا به‌توركیا كه‌ به‌ قوڵایی بیست كیلۆمه‌تر بێته‌ خاكی عیراقه‌وه‌ بۆ لێدان له‌ په‌كه‌كه‌، بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی و ڕێگا خۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ستوه‌ردان له‌ناو هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ ڕێگای گفتوگۆ و ئاشتیانه‌ بگرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان."

"پێویست ناكات ده‌مامك بكه‌ن، به‌ڕوون و ئاشكرا دیاره‌ سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌-ن"

ده‌رباره‌ی ئه‌و گروپه‌ ده‌مامكداره‌ی خۆیان به‌ناوی هێزی پاراستنی گه‌ل له‌باشور ڕاگه‌یاند؟ سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت" پێویست ناكات ده‌مامك بكه‌ن زۆر به‌ ڕوون و ئاشكرایی دیاره‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌ كێییان له‌ پشته‌، دیاره‌ كه‌ په‌كه‌كه‌یان له‌پشته‌، دوای ئه‌وه‌ به‌ناوی هێزی پاراستنی باشور، نازانم باشور له‌كێ ده‌پارێزن؟ كه‌هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێك و په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌یه‌ به‌سه‌دان قات دیموكراتی تر له‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراسیه‌ت ده‌كات، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وانه‌ی واز له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌هێنن سه‌رییان ده‌بڕن،جا باسی دیموكراسیه‌ت بۆ كێ ده‌كه‌ن؟ خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌رده‌می شێخ مه‌حموده‌وه‌ خه‌بات و شۆڕش ده‌كه‌ن مافی په‌كه‌كه‌ نیه‌ بێن هه‌رێمی كوردستان فێری دیموكراسی و شۆڕش بكه‌ن،ئیتر ئه‌و ده‌مامكدارانه‌ دیاره‌ كێ دروستی كردوون هه‌ركرده‌وه‌یه‌ك بكه‌ن په‌كه‌كه‌ لێی به‌رپرسه‌."

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌" هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی خۆماڵی، یا بیانی ، دیبلۆماسی ، نه‌ك ته‌نها هی توركیا هی هه‌ر وڵاتێكی تر له‌هه‌رێمی كوردستان بن حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنیان و وه‌ نه‌ك ئێستا هه‌موو كات پارێزگاری ئاسایشیان ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:00 0:00

XS
SM
MD
LG