Accessibility links

مه‌حمود محه‌مه‌د: ده‌بێت کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک كاندیدی پارتی و یه‌كێتی بێت


Mahmud
Mahmud

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەدەنگی ئەمریکا، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە لەم چەند ڕۆژەی ئەم مانگەی ماوە پێش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان لە (1/7) کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبێت و لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت، دەشڵێت"سەرۆکی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕەنگە تێبینی لەسەر کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان هەبێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت چونکە دەیەوێت کابینەیەکی سەرکەوتووی هەبێت، دوای سەردانەکانی شاندەکەی پارتی بۆ لای لایەنەکان ڕەنگە چەند ڕۆژێکی تر بەدەستەوە بمێنێ بۆیە لەوانەیە ئەگەر لایەنێک وەزیرێک یا دوانی پێ ساغ نەبوبێتەو یا هێشتا بڕیاری نەدابێت باشترین ڕێگا ئەوەیە کە کابینە پێکبێت وە دواتریش کە پۆستە بەتاڵەکان مایەوە پڕبکرێتەوە من وای بۆ دەچم نەگاتە ئەو ئاستەش، سەبارەت بەداواکاری و مەرجی یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک، وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" (کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک) دەبێت کاندیدی هەردولامان بێت واتە ئەمە وای لێ نەیەت کە یەکێتی بڵێت ئەم کاندیدە دەبێت هی من بێت و من داینێم، ئەگەر کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هی یەکێتی بوایە و بۆی دابنرایە من دڵنیام (ئەو قسەیە ڕەنگە برادەرانی یەکیتی پێیان ناخۆش بێت) بەس دڵنیاین ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوستان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بکەن بە پارێزگاری کەرکوک، ئێمە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی وە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی وە ئەو ڕێککەوتننامانەی کە هەمانە لەگەڵییان بە دڵنیایی دەیکەین، هه‌روه‌ها وتی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ڕێككه‌وتوین هه‌رسێ پاكێجی به‌غداد و كوردستان و كه‌ركوك جیاواز بێت. "

" ڕەنگە سەرۆکی ڕاسپێردراو تێبینی هەبێت لەسەر ئەو کاندیدەی دیاریکراو تا گونجاندن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئەو کارەی بۆی دیاریکراوە."

لەسەرەتای وتوێژەکەدا وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" ئێمە پێشتر ڕێککەوتنمان کردووە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنانە کاندیدی ڕاسپێراو بۆ سەرۆکی حکومەت "بەڕێز کاک مەسرور بارزانی" سەردانی ئەو لایەنانە دەکات بۆ ئەوەی ناوی ئەو وەزیرانەی کە ئەوان پێیان باشە لەکابینەی نوێ ببنە وەزیر و بەشداری دەکەن بیاندرێتێ وە سیڤیەکانیش وەک دەزانرێت بۆ ئەوەیە کە دەبێت پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، وە هەروەها بۆ پێداچونەوەیە لەسەر جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە وە لەکابینەکانی پێشوش ئەم سەردانانە کراوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە مافی ئەوەی هەیە کە تێبینی لەسەر کاندیدی پۆستەکانی لایەنەکانی تر هەبێت؟

مەحمود محەمەد وتی" هەرکەسێک کەسەرۆکایەتی کابینەیەک وەردەگرێت دەیەوێت سەرکەوتوو بێت لەجێ بەجێ کردنی بەرنامەکەی وەک کارنامەی حکومەت کەلەگەڵ لایەنەکان ڕێک دەکەون دەیەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بۆ ئەو مەبەستە پێویست بەو کەسانە هەیە کەشارەزایی و توانای کارەکانیان هەبێت دەکرێت هەر بۆ نمونە کەسێک بۆ کارێکی ئەندازیاری دانرابێت بەڵام هیچ شارەزایی لە ئەندازیاری نەبێت، بۆیە ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە بکرێت بەڵام ئەو حیزبانە خۆیان بەرپرسیارن لە دیاری کردنی کاندیدەکانیان بەڵام دەبێت ئەو مافەش بەسەرۆکی کابینەی داهاتوو بدرێت کەدەیەوێت کابینەکەی کار بکات و ئەو بەرنامەیەی کە هەیەتی جێ بەجێی بکات و خزمەتی خەڵکی پێبکات، بۆیە ڕەنگە سەرۆکی ڕاسپێردراو تێبینی هەبێت لەسەر ئەو کاندیدەی دیاریکراو تا گونجاندن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئەو کارەی بۆی دیاریکراوە."

ئایا تێبینی کاندیدی ڕاسپێردراو لەسەر کاندیدی لایەنەکان (ئیستشاریە یا ئیلزامی)؟

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەڵامدا دەڵێت" من وای بۆ دەچم بەشێک لەوانە، لەوانەیە هەندێک یاسا و ڕێنمایی هەبن لەسەر ئەوەی کە کێ دەبێتە وەزیر ئەوی تریش ڕێک وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەوەی کەدەبێت ئەو کابینەیە سەرکەوتوو بێت وە بەهەموومان پێکەوە دەبێت تێکڕا ئەم ئیش و کارە بکەین لەم قۆناغە سەختەدا بۆیە پێویستمان بە مرۆڤی واهەیە کە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا بن."

"هەوڵی پارتی ئەوەیە پێش 1/7 کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت"

مەحمود محەمەد ئەوەشی وت" خودی "بەڕێز کاک مەسرور بارزانی" سی ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بەڵام "ئیشکالێکی قانونی" ئێستا هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە 1/7وە پەرلەمان دەچێتە پشووی هاوینەیەوە یا دەبێت لەدوای ئەو بەروارەوە پەرلەمان تەمەنی وەرزی یاسادانانی درێژ بکاتەوە یا دەبێت کۆبونەوەی نا ئاسایی ئەنجام بدات کە ئەمە هەردوکی باش نیە بکرێت هیچ شتێک نەماوە بکرێت ئێمە ڕێککەوتنەکانمان لەسەر پۆستی وەزارەتەکان کردووە وە ماوەیەکی درێژییان لەبەردەم بووە وە ئێستا تا کۆتایی ئەم مانگە واتە لەماوە ئەم 12 ڕۆژەدا ناوی کاندیدەکانیان یەکلایی بکەنەوە تا پیش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان حکومەت پێکبهێنرێت چونکە ئەم قۆناغە وادەخوازێت کە بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت چونکە زۆریش دواکەوتوین."

ئەگەر لایەنەکان کاندیدەکانیان ئامادەنەبوو پارتی وەک لایەنی پێکهێنەری حکومەت، حکومەت پێکدە‌نێت وهاوشێوەی عیراق پۆستی وەزارەتەکان بەبەتاڵی بەجێ بهێڵێت یا چاوەڕوان دەکات؟

مەحمود محەمەد لەوەڵامدا وتی" ئەوەش ڕێگایەکە، سێ لایەنی سەرەکی کەبەشداری حکومەتن، پارتی کێشەی یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی نیە، گۆڕان-یش دوێنێ کۆبونەوەیان هەبوە لەسەر یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانیان وە یەکێتیش بەم نزیکانە کۆبونەوەی چڕ و پڕییان هەبووە، وە دوای سەردانەکانیش کە دەکرێت ڕەنگە چەند ڕۆژێکی تر بەدەستەوە بمێنێ بۆیە لەوانەیە ئەگەر لایەنێک وەزیرێک یا دوانی پێ ساغ نەبوبێتەو یا هێشتا بڕیاری نەدابێت باشترین ڕێگا ئەوەیە کە کابینە پێکبێت وە دواتریش کە پۆستە بەتاڵەکان مایەوە پڕبکرێتەوە من وای بۆ دەچم نەگاتە ئەو ئاستەش."

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد" هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە لەم چەند ڕۆژەی ئەم مانگەی ماوە پێش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان تا "قسە و قسەڵۆکی" لێ پەیدا نەبێت چونکە ئەمە کارێکی سەرەکیە دەبێت لە وەرزی یاساداناندا دەنگ بەکابینەی نوێی حکومەت بدرێت."

"ناوی کاندیدەکانی پارتی ئامادەیە"

دەربارەی یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی خۆی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە؟ مەحمود محەمەد ڕایگەیاند" لای ئێمەوە هیچ کێشەیەک نیە هەرکات دەسکرا بەوەی کە ناوی کاندیدەکانمان ڕادەستی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت بکەین ئەوا ناوی کاندیدەکانمان ئامادەیە."

وتیشی" دیارکردنی کاندیدەکانمان لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی لەپێش هەر شتێکەوە، ئێمە کەسی بەتوانامان زۆرە بەڵام کاتێک کەسێک دیاری دەکەین مانای ئەوەنیە که‌سی ترمان نیە بەڵکو کەسی بەتوانامان زۆرە بەلام بۆ پۆستی هەر وەزارەتێک پێویستمان بەیەک کاندیدە، وە ڕەنگە لەسەر بنەمای جوگرافیاش وەک ئەوەی حیزبێکی سەرتاسەری کوردستانین ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە کاندید لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکانی کوردستان دیاری بکەین."

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیکردەوە پارتی مەرجی ئەوەی هەبوبێت کە وەزیرەکانی پێشوو کاندید بکرێنەوە؟ لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێمە هیچ کات مەرجی ئەوەمان نەبوە کەنابێت کەوەزیرەکانی ئەم کابینەیە کاندید بکرێنەوە ئەگەر کەسێکیش وای وتبێت ئەوە بۆچونی خۆی بووە، قسەی ئێمە ئەوەیە کەدەبێت کەسی شارەزا و بەتوانا کاندید بکرێت، شارەزابونیش بە ئەزمونکردنی ئیشەکان دەبێت، واتە کاتێک باسی تەکنۆکرات دەکەین ئەوەیە کە لە ئەنجامی چەند ساڵ کارکردن و ئەنجامی ئەوەی کە چەندین ساڵ یاسا و ڕێنماییەکانی جێ بەجێ کردووە کە لەمەدوا دەتوانێت بە"موسەیتری" کارەکانی خۆی بکات بۆیە خەڵکی تەکنۆکرات ڕەنگە زیاتر لەپێشەوە بن وەک لەکەسێکی تازە کە دەهێنی بۆ وەزارەتێک کە شەش مانگ بۆ ساڵێکی دەوێت تا یاسا و ڕێنماییەکان فێر دەبێت بۆیە مەسەلە گۆڕینی دەموچاو نیە "چونکە خۆ ئێمە ڕقمان لەدەموچاو نیە" بەڵکو گۆڕینەکە لەسەر بنەمای لێهاتووی و شارەزایی و دڵسۆزی و چۆنیەتی جێ بەجێ کردنی کارەکانە."

"بەشێکی زۆری سیڤی کاندیدەکانی پارتی خانمی بە توانان "

دەربارەی ڕەچاوکردنی ڕێژەی خانمان لەکاندیدەکانی خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان؟

مەحمود محەمەد ڕایگه‌یاند" من ئەوەنده‌ی ئاگادارم لەو سیڤیانەی کۆکرایەوە لەناو پارتی کە دواکرا بۆ ئەوانەی توانایان هەیە و مەرجەکانیان تێدایە بەشێکی زۆریان لە خانمانن لە ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەتا بەشێکی زۆرییش لەدەرەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی سیڤییان هێناوە بۆ ئەوەی وەک پیاوان هەڵسەنگاندییان بۆ بکرێت، بەڵام بەدڵنیایی بابەتی توانا و لێهاتووی لەبەر چاو دەگیرێت وە لەناو ئێمەدا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان خانمی زۆر بەتوانا هەن کەدەتوانن پۆستە وەزارییەکان و ئیدارییەکان بەشیوەیەکی لێهاتووی لە ئەستۆ بگرن."

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" بەشێک لەخەڵکی دەرەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی سیڤی-ییان بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکەش کردووە وە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوامان وایە لەدەرەوەی پارتی و حیزبەکان خەڵکی دڵسۆز و پێشکەوتنخواز هەیە کەدەتوانێت خزمەت بکات بەڵام وەک لایەنی حیزبایەتی( تەحەزوبی نەبێت" بۆیە بڕوامان وایە دەتوانین سود لەوانە ببینرێت."

"یەکێتی ڕێککەوتنی لەگەڵ کردین کە بابەتی بەغداد و کەرکوک و کوردستان سێ پاکێجی جیاوازن و ڕێگا چارەسەرییان جیاوازە"

دەربارەی مەرج و داواکاری یەكێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئەوەی بەشداری لەحکومەتدا بکەن؟

مەحمود محەمەد وتی" ئێمە سێ ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، وە پاشکۆی ڕێککەوتنێکیش لەبارەی کەرکوکەوە دەقەکەیمان بڵاوکردەوە، هەریەکە لە"بەڕێزان کاک نێچیرڤان بارزانی" جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان و وە "کاک کۆسرەت" جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان واژۆیان لەسەر کردووە کە بابەتی یەکلایکردنەوە و ڕێککەوتن لەسەر پارێزگارێک دراوەتە دەست" سەرۆک بارزانی و کاک کۆسرەت ڕەسوڵ" ڕێککەوتنەکەش واکراوە لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەم پڕۆسەیەش دەست پێدەکات کەواتە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی پارتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دراوەتە ئەم دوو کەسە( بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ) کە ئەوان ڕێککەوتنی لەسەر بکەن، ئێمە پەشیمان نین لەو ڕێککەوتنەی کردومانە ئومێد دەکەین برادەرانی یەکێتیش بەهەمان شێوە، وە لەسەرەتای گفتوگۆکان کە ئێمە کردومانە یەکێتی پێیان وتین پاکێجی بەغداد،کەرکوک،کوردستان هەرسێکی یەکێکە، بەڵام ئێمە پێمان وتن هەرسێکیان لەیەکتر جیاوازن ئەم جیاوازیەش واتای هەریەکە چارەسەری خۆی هەیە بۆیە با وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکەین نەک تێکەڵاوییان بکەین و بیانکەینە بەدیل و قوربانی یەکتریش بۆیە ئەوانیش ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئێمە کرد هەم لەسەر ئەوەی بەغداد کە "تەقریبی" بەبابەتی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم چارەسەرێکی بۆ دانراوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کەرکوک کە پەیوەندی هەیە وە پێشنیاریش هەیە وە پێشتر لەسەر کەسێک ڕێککەوتن کرابوو بەڵام دیارە برادەرانی مەکتەبی سیاسی یەكێتی پێی ڕازی نەبوون ئێستاش ئەو بابەتە هەر لە ئارادایە وە ئەوان دەسەڵاتیان پێی دراوە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن باشتریشە هەر لەنێوان ئەم دوو کەسە( بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ) چارەسەر بکرێت نەک بۆچونی ئەو هەموو مەکتەب سیاسیەی پارتی و یەکێتی بێنە ئاراوە."

"ئێمە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكیتی وە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی وە ئەو ڕێککەوتننامانەی کە هەمانە لەگەڵییان بە دڵنیایی دەیکەین"

ئایا پارتی ڕەزامەندی دەنوێنێت لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حكومه‌ت ناوی کاندیدەکەی یەکیتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک پەسەند بکات؟

مەحمود محەمەد وتی" باشتەکە وا لێبکەین کاندیدەکە (کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک) دەبێت کاندیدی هەردولامان بێت واتە ئەمە وای لێ نەیەت کە یەکێتی بڵێت ئەم کاندیدە دەبێت هی من بێت و من داینێم، ئەگەر کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هی یەکێتی بوایە و بۆی دابنرایە من دڵنیام (ئەو قسەیە ڕەنگە برادەرانی یەکیتی پێیان ناخۆش بێت) بەس دڵنیاین ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوستان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بکەن بە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئێستا کەدەڵێن دەبێت لەگەڵ پارتی پێکەوە داینێین بەوە چارەسەر دەبێت کێشەکە تازە دەبێت بە ڕێککەوتنی هەردولا پێکەوە بێت وە ئێمە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكیتی وە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی وە ئەو ڕێککەوتننامانەی کە هەمانە لەگەڵییان بە دڵنیایی دەیکەین، بەڵام با بەو زمانە قسە بکەین کە کاندیدی پارێزگاری کەرکوک کاندیدی "تەوافوقی" ئێمە و یەكیتی و هەتا لایەنەکانی تریش و پێکهاتەکانیش بێت تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕیت کاریگەری هەبێت وە پشتگیری بکرێت، جگە لەوەی لەم بابەتەدا ئێمە بەتەنها نین بەڵکو پەیوەندی بە بەغدادیشەوە هەیە چونکە دەبێت فرمانی بون بە پارێزگاریشی لەبەغداوە بۆ دەربچێت ئەمەش کێشەیەکە کەدەبێت زەمینەسازی بۆ بکەین تا بتوانین ئەوەش بکەین. "

واتە مەبەستت لەوەچیە کەدەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بێت؟

مەحمود محەمەد لەوەڵامدا وتی" بۆ نمونە کاک فەرەیدون عەبدولقادر کاندیدی هەردولامان بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو بەڵام کاتێک بە کاک مەسعودییان وت، وتی" مرۆڤێکی نیشتمانی و تێکۆشەرە وە دەتوانێت لەگەڵ بەغداد و پێکهاتەکان هەڵبکات، هەم شارەزایە لەوێ لەدایک بوە وە لەوێ گەورە بووە، وە بەرپرسی هەرە زۆری ئەو ئەندام مەکتەب سیاسیانەی ئێستای ناو یەكێتی نیشتمانی کوردستانیش بووە، بەڵام یەکێتی پەشیمان بوەوە لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنمان لەسەر کرد، بۆیە مەبەستمان لە ڕێککەوتن ئەوەیە نەک "تموحی" کادیرێک لە شوێنێکەوە کە پێی خۆش بێت ببێتە پارێزگار کە هەموو ئەو خاڵانەی تێدا نەبێت کە پێویستە لە پارێزگارێکدا هەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:18:08 0:00

XS
SM
MD
LG