Accessibility links

د.دیندار زێباری: نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری داعش له‌هه‌رێمی كوردستان حوكمدراون، به‌شێكیش له‌وانه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان


Dindar Zebari

له‌ وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی ده‌ستگیركراوان و حكومدراوانی چه‌كدارانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" له‌سه‌ره‌تای 2014ه‌وه‌ تا ساڵی 2017 ژماره‌ی ده‌ستگیركراوانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان(3400) ده‌ستگیركراوی تێپه‌ڕاند، به‌شێكی زۆرییان ئازاد كران به‌شێكیشیان ده‌توانم بڵێم هێشتا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان، به‌شێكیشیان حكومدراون به‌وشێوه‌یه‌، وه‌ زیاتر له‌ 1400 كه‌س له‌وانه‌ ڕاده‌ستی به‌غداد كراونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان بوون و ئه‌وانه‌ی مه‌ترسییان له‌سه‌ر نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ژماره‌یه‌شی كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان زیندانین ده‌توانم بڵێم له‌نێوان 1000 زیندانیه‌ كه‌به‌شێك له‌وانه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ حكومدراون به‌شێكیش له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان و چاوه‌ڕێیی حكومی دادگان."

سزای له‌سێداره‌دان

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌كاتێكدا سزای له‌سێداره‌دان له‌هه‌رێمی كوردستان جێ به‌جێ ناكرێت ئایا ئه‌و زیندانیانه‌ی داعش گرفتی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌كردووه‌؟ دیندار زێباری ڕایگه‌یاند" بەڵێ یاساکە ماوە بەڵام حکومی لەسێدارە دانەکە جێ بەجێ ناکرێت، ئەمە پەیوەندی بە حکومەتەوە نیە، ئەوە پەیوەندی بە پەرلەمانتار و دەسەڵاتی دادوه‌رى هەیە، کە دەکرێت ئەوان بەیاساکەدا بچنەوە."

زێباری ئەوەشی وت" مانەوەی ئەم زیندانیانە ئێستا گرفتیان دروست کردووە هەم لەڕووی ماددی بێت یاخود بەڕێوەبردنی ئیش و کارەکان بەڵام ئەوە واقیعێکە حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاساکانی مرۆڤ و بنەما نێودەوڵەتیەکان کە بڕیاری لەسێدارەدان جێ بەجێ ناکات، وە هەوڵیش دراوە بەشی هەرەزۆری ئەوانە کەخەڵکی عەرەب نشینن ڕادەستی حکومەتی عیراق بکرێتەوە."

" ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش "

له‌به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌دا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌ كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش كرد و وتی" له‌سه‌ره‌تای 2014ه‌وه‌ تا ساڵی 2017 نزیکەی 90 كه‌س هه‌بوو لەکوردستان کە لەژن و مێردمنداڵی داعش بوون ئەو مێردمنداڵانە تەمەنیان لەدەوری (12--16) ساڵی بووە ئێمە ئەوانەمان لەگەڵ زیندانیەکانی تر دانه‌نابوو بەڵکو لەبەشی چاکسازی گه‌وران لەهەولێر داماننابوون، ئێستا نزیكه‌ی 20 ژن و مێردمنداڵ ماون چاوه‌ڕێن ئازادبكرێن مامەڵەیەکی تایبەتمان لەگەڵیان كراوه‌، لەگەڵ یوئێن خەریکین کە بابەتی خوێندن و شتی وایان بۆ ڕێکبخرێت سەردانی کەسوکارییان بەردەوامە پارێزەری تایبەت بەخۆیان هەیە بەشێک لەم 90 کەسە ئازاد کراون گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان هەندێکی تریان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان سزاکانیشیان بەڕاستی زۆر کەم بووە ناگات بە 2 ساڵ ئەوەش هەر بۆ ئەوە بووە بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگا بەمەرجێک ئەوانە کاری تیرۆریستیان ئەنجام نەدابێت هەوڵ دەدرێت ئەوانە بگەڕێنەوە کۆمەڵگا وە حکومەتی هەرێم لەوبارەیەوە دانوستانی لەگەڵ بەغداد کردووە ئامادەشین بەڵگەی تەواویان پێبدەین کە لەهەرێمی کوردستان دادگایی کراون و حکومی خۆیان وەرگرتووە، وە لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵ کراوە تا جارێکی تر دادگایی نەکڕینەوە."

ناسنامه‌ی منداڵانی خانمانی ئێزیدی

سەبارەت بەو منداڵانەی کە له‌ خانمانی ئیزیدی بوون بەهۆی دەستدڕێژی چەکدارانی داعش بۆ سەریان؟ د.دیندار زێباری وتی" ئەوانە دۆخێکی ترن، ئەوانە هاوڵاتی عیراقن لەهەرێمی کوردستان ئەوانە لایەنی ڕۆحی یەزیدییەکان لێبوردنی گشتی بۆ دەرکردوون، حکومەتی هەرێم پشتگیرییان لێدەکات بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان ئەوانە گوناهبار نین هەوڵدراوە لەگەڵ هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی وەک ئەڵمانیا کە چارەسەری دەرونیان بۆ بکات ئەوانە بحەوێنەوە لەناو کەسوکاری خۆیان."

هه‌روه‌ها دەربارەی ناسنامەی ئەو منداڵانە بەتایبەت کە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە وەک منداڵی (لقیط) ئەژمار بکرێن؟ زێباری دەڵێت" ئەوە پەیوەندی بەلایەنی حکومەتی عیراقی وە لایەنی ڕۆحی یەزیدییەکانەوە هەیە، بەڵام حکومەتی هه‌رێم لەچوارچێوەی عیراقە هەوڵدەدات چی لەبەرژەوەندی ئەو منداڵانەیە بیکات چونکە بەشیکی سەر بە پارێزگای موسڵە کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە، وە شەنگالیش حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی عیراقدا هەوڵی جدییان بۆ دەدات."

XS
SM
MD
LG