Accessibility links

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی پێشكه‌شی كردووه‌ بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك


فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" هه‌ندێك "كۆنتاكت"ی تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ردولادا (یه‌كێتی و پارتی) هه‌بوو كارێكی وایكرد یه‌كێتی هه‌ڵوێستێكی نه‌رمتر له‌وباره‌یه‌وه‌ بنوێنێت هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌نجامه‌كانیان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ به‌ڵام ئومێد هه‌یه‌ هه‌ردولا بگه‌نه‌ فۆڕمێك كه‌ بۆ هه‌ردولا گونجاو بێت هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان گرتۆته‌ ئه‌ستۆی خۆیان، ده‌بێت حساب بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ له‌ناو خۆی یه‌كێتی هه‌ندێك گروپ هه‌ن كه‌كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی چاك بكه‌نه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ناو پارتیش ئه‌و گروپانه‌ هه‌یه‌ وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی-ش ئه‌و گروپ و كه‌سایه‌تیانه‌ هه‌ن." ده‌شڵێت"پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی داوێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ڵام بێ ئومێد نه‌بوین له‌وه‌ی كه‌ بگه‌ین به‌ ناوێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌و ناوانه‌ی پێشكه‌شمان كردوون هه‌موویان به‌شایسته‌ ده‌زانین به‌ڵام هه‌وڵمان داوه‌ كه‌سێك هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌دڵی هه‌ردولا بێت دواجاریش دوو ناومان پێشكه‌ش به‌ پارتی كردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال-ئه‌گه‌ر ڕێكیش بكه‌وین له‌گه‌ڵ پارتی هه‌ر له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دوو ناوه‌ ڕێكده‌كه‌وین، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیار و ڕێكه‌وتنی به‌شداری كردنمان له‌حكومه‌تدا هه‌یه‌ به‌ڵام كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ناوخۆی كوردستان و كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت ده‌بێت ڕه‌نگه‌ نه‌توانین به‌شداربین له‌حكومه‌ت."

"له‌سه‌ر كه‌ركوك و به‌غدایه‌ شتێك له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوه‌تی گه‌ڵاڵه‌ نه‌بووه‌."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا له‌باره‌ی به‌شداری كردنی یه‌كێتی له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رم و ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌سه‌سه‌رد وتی" هه‌ندێك "كۆنتاكت"ی تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌بوو به‌تایبه‌تی له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی پارتی و مه‌كته‌بی سیاسی كارێكی وایكرد كه‌ یه‌كێتی هه‌ڵوێستێكی نه‌رمتر له‌وباره‌یه‌وه‌ بنوێنێت هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌نجامه‌كانیان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ به‌ڵام ئومێد هه‌یه‌ هه‌ردولا بگه‌نه‌ فۆڕمێك كه‌ بۆ هه‌ردولا گونجاو بێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئومێده‌ له‌ سه‌دا سه‌د نیه‌ به‌ڵام ئومێد هه‌یه‌ كه‌له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ كێشه‌كانی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌به‌نه‌ ناو كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌وێش ده‌بێت."

وتیشی" بابه‌تی به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت بڕاوه‌ته‌وه‌ دوو ڕێكه‌وتن هه‌یه‌ هه‌ردوكی واژۆ كراوه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ هه‌بێت ئه‌وا له‌سه‌ر كه‌ركوك و به‌غدایه‌ شتێك له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوه‌تی گه‌ڵاڵه‌ نه‌بووه‌."

"هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ناوخۆیی هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ"

ئه‌و شته‌ چیه‌ كه‌ له‌ ئارادایه‌؟

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت" هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان گرتۆته‌ ئه‌ستۆی خۆیان، شتێك له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌ به‌ڵام هێشتا به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌هه‌ردولا ده‌یانه‌وێت، وه‌ ده‌بێت حساب بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ له‌ناو خۆی یه‌كێتی هه‌ندێك گروپ هه‌ن كه‌كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی چاك بكه‌نه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ناو پارتیش ئه‌و گروپانه‌ هه‌یه‌ وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی-ش ئه‌و گروپ و كه‌سایه‌تیانه‌ هه‌ن."

ئایا له‌كوردستان كه‌سایه‌تی له‌وجۆره‌ هه‌یه‌ كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی له‌یه‌ك كاتدا هه‌بێت؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌وه‌ڵامدا وتی" مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر په‌یوه‌ندی به‌كاریگه‌ری ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بۆچونی پارتی و یه‌كێتیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌،واته‌ تێڕوانینی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وانه‌ جێی متمانه‌ی هه‌ردولان بۆیه‌ ده‌توانن ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕن له‌به‌ر ئه‌وه‌شی خۆیان نه‌یانویستووه‌ ناویان بێته‌ ناو ناوانه‌وه‌ بۆیه‌ من نامه‌وێت ناوییان بهێنم."

"ئومێدمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركوك و به‌غداد"

باشه‌ ده‌نگدانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ دوێنێدا هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌و هه‌وڵانه‌وه‌ هه‌یه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌وه‌ڵامدا وتی" په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ وه‌ په‌یوه‌ندی نیه‌، چونكه‌ خۆی له‌ناوه‌ڕۆكدا پڕۆسه‌كه‌ دوو پڕۆسه‌یه‌، پڕۆسه‌ی یه‌كه‌میان ناوخۆی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌ پڕۆسه‌ی دووه‌میان ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڵام هه‌ردوكیشیان له‌هه‌مانكاتدا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ به‌نیازی ئه‌وه‌ بوین مه‌سه‌له‌ی به‌غداد، كه‌ركوك وه‌ هه‌رێم به‌هاوته‌ریبی چاره‌سه‌ر بكرێن به‌ڵام ئێستا بابه‌ته‌كه‌ دوو پڕۆسه‌یه‌ پڕۆسه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌ پڕۆسه‌ی ناوخۆی هه‌رێم ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كرێت پڕۆسه‌یه‌ك له‌كۆڵ بكه‌ینه‌وه‌ و خه‌می پڕۆسه‌كه‌ی ترمان بێت."

له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی باسی ده‌كه‌ی پارتی به‌ڵێنی داوه‌ به‌یه‌كێتی كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری مه‌راسیمه‌كان و ده‌نگدانی كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت بكات پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی یه‌كلای ده‌كاته‌وه‌؟

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت" به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ نا به‌ڵام ئومێدمان هه‌یه‌ بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌."

هه‌روه‌ها وتی" خۆی ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ (پارتی و یه‌كێتی) ململانێیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بوایه‌ من پێم وایه‌ بابه‌ته‌كه‌ زۆر قورس ده‌بێت، یه‌كێتی به‌دڵنیایی ئه‌م پۆسته‌(پارێزگاری)ی كه‌ركوكی ده‌وێت چونكه‌ یه‌كێتی شه‌ش ئه‌ندامی كه‌ركوكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی هه‌یه‌ له‌كاتێكدا له‌ناو پارتیدا هیچ كه‌س ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی كه‌ركوك بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عیراق نوێنه‌رایه‌تی كه‌ركوك ده‌كات یه‌كێتیه‌كانن، وه‌ پارتی ناتوانێت داوای پۆستی پارێزگار بكات ئه‌مه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ئێمه‌ داوای پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تمان نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌مان بۆ حیزبی زۆرینه‌ جێهێشتووه‌،له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ر به‌وجۆره‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌كه‌مان كردووه‌ كه‌پێویسته‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ زۆرینه‌ بێت ئه‌مه‌ ململانێ نیه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی، پارتی به‌داخه‌وه‌ نایه‌وێت بۆ یه‌كێتی بێ كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئومێده‌وارین كه‌ دوای ئه‌م پڕۆسانه‌ كه‌شێكی باشتر بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ پارتی "نه‌ختێك له‌ تێڕوانینه‌كانی" پێشووی واز لێ بێنێت و كارێكی وابكه‌ین كه‌ پێكه‌وه‌ كه‌سێكی دیاریكراو له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی ده‌ست نیشان بكه‌ین بۆ ئه‌م پۆسته‌(پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك)."

"پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی پێی داوه‌ بۆ پۆستی پارێزگار"

ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی وتی" پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی داوێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ڵام بێ ئومێد نه‌بوین له‌وه‌ی كه‌ بگه‌ین به‌ ناوێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌و ناوانه‌ی پێشكه‌شمان كردوون هه‌موویان به‌شایسته‌ ده‌زانین به‌ڵام هه‌وڵمان داوه‌ كه‌سێك هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌دڵی هه‌ردولا بێت."

سه‌باره‌ت به‌و ناوانه‌ی كه‌ له‌دواجاردا یه‌كێتی داوێتی به‌ پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال ئه‌و دوو ناوه‌ن كه‌ له‌كۆتا جاردا داومانن به‌ پارتی ئه‌گه‌ر ڕێكیش بكه‌وین له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دوو ناوه‌ ڕێك ده‌كه‌وین، پێش ئه‌وه‌ش سێ ناومان دابوو، پێش ئه‌وه‌ش چه‌ند ناوێكی ترمان دابوو كه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بوون."

"ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی به‌و ڕاده‌یه‌ بێت نه‌توانین به‌رده‌وام بین له‌حكومه‌ت"

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌مجاره‌ش به‌و ناوانه‌ ڕازی نه‌بوو یه‌ه‌تی چی ده‌كات ئه‌و ئه‌گه‌ره‌تان له‌به‌رچاو گرتووه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" خۆی ده‌بێت ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ بناغه‌یه‌ك دانانێ بۆ هاوكاری هه‌ردولا له‌به‌غداد به‌رده‌وام بونی بابه‌تی به‌غداد و كه‌ركوك كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌میش."

ئه‌سه‌سه‌رد كاریگه‌ریه‌كه‌ی ڕونكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت" كاریگه‌رییه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت له‌ناوخۆی هه‌رێم و وه‌ له‌ناو كابینه‌ی نۆیه‌م هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌، به‌ڵام به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ین."

هه‌تا ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كه‌ركوك-یش چاره‌سه‌ر نه‌كرا؟

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتی" ماوه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌مه‌ بۆ ڕێككه‌وتن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین به‌دڵنیایی كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ نه‌توانین به‌رده‌وام بین له‌حكومه‌ت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:43 0:00

XS
SM
MD
LG