Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد


Nechirvan Barzani
Nechirvan Barzani

نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بەمەش بووە یەکەم سەرۆکی هەرێم کە لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت.

مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە جگە لەئامادەبوونی بەرپرسانی عیراقی و هەرێمی کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک وڵات هەموو فراکسیۆنەکان جگە لەنەوەی نوێ بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە کە پێشتر بەشداری دەنگدانی سەرۆکی هەرێمی نەکرد بەشداری کرد، بەپێی وتەی ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بۆ دەنگی ئەمریکا" هۆکاری بەشداری کردنی یەکێتی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بابه‌تی سوێند خواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ست نه‌كرێت به‌م كێشه‌یه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ شتێكی پڕۆتۆكۆلیه‌ ناكرێت شتێكی پڕۆتۆكۆلی په‌یوه‌ست بكرێت به‌ چاره‌نوسی كه‌ركوكه‌وه‌."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی 30 ی مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە، بەهۆی ئامادەبوونی میوانان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان لەبری هۆڵی پەرلەمان لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری هەولێر( هۆڵی سەعد عەبدوڵا) بەڕێوەدەچێت.

نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی 3/12 لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کاندیدی ئەو حزبە بۆ پـۆستی سەرۆکی هەریم دیاریکرا. لە هەمان کۆبوونەوە ڕاگەیەندرا مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی هەرێمی کوردستان لە 30/9ی ساڵی ڕابردو زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی هێنا، توانی 45 کورسی لە کۆی 111کورسیەکەی پەرلەمانی هەرێمەکە بەدەست بهێنێت.

ڕۆژی 19/5 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناوی پێنج کەسی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە نێچیرڤان بارزانی، رێبوار خۆشناو، ئومێد عەبدولسەلام، محەمەد حەمەساڵح هەروەها هیوا عەبدوڵا، ئەمەش پاش پەسەندکردنی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی هات کە پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند، دەرگای خۆپاڵاوتنی بە ڕووی ئەو کەسانەدا کردۆتەوە بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاساکە مەرجەکانیان بۆ ئەو پۆستە تێدایە.

پێشتر بەپێی هەمان یاسا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەناو خەڵکەوە بەدەنگدانی ڕاستەخۆ هەڵدەبژێردرا، بەڵام پاش هەمواری سێیەمی یاساکە و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕۆژی 8/5 شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کرا بە هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمانەوە .

ڕۆژی 6/11/2017 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بەپێی یاسایەکی سڕکرد و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دابەش کرد بەسەر دامەزراوەکانی (سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکایەتی حکومەت).

سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم لە پاش دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان هات.

جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ لایەنێکی سیاسی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە نەبوو، چوار کاندیدەکەی تر وەک کەسی سەربەخۆ بانگەشەی خۆ کاندیدییان دەکرد.

ڕۆژی 28 ی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی (68) لە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان لە کۆی 81 ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەکە متمانەی بەخشی بە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، بەپێی یاسا-ش سەرۆکی هەرێم پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتارانە کە لەکۆی 111 ئەندامەکە، دەکاتە 56 دەنگ.

XS
SM
MD
LG