Accessibility links

هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان


پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵبژارد، سەرەڕای بەشداری نەکردنی هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نەوەی نوێ.

ئەمڕۆ سێشەممە و لە دانیشتنێکی پەرلەمانی هەرێم بە بەشداری 81 پەرلەمانتار لە کۆی 111 پەرلەمانتار، پـرۆسەی دەنگدان بۆ پـۆستی سەرۆکی هەرێم بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا نێچیرڤان بارزانی کە لە نێو پـێنج کاندیدا بوو 68 دەنگی بەدەستهێنا.

هەردوو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و بەرەی ئیسلاح و پەرلەمانتاری لیستی ئازادی کە هەرچەند بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کردبوو، بەڵام دەنگیان بە هیچ کاندیدێک نەدا.

موحێدین حسن یوسف قادر، پەرلەمانتاری لیستی ئازادی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی لەسەر بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەی (حزبی شیوعی) دەنگی نەداوە. دەڵێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن حزبەکەیان بڕیاری داوە ببێتە ئۆپـۆزسیۆنێکی چەپی دیموکراتی نیشتمانی، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ئەوان دەنگ بە هیچ کاندیدێک لە کاندیدەکانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێم نادەن.

جگە لە فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێ، شیرین ئەمین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، ئەویش بەشداری لە دانیشتنەکەدا نەکرد.

یەکێتی نیشتمانی لە ڕاگەیاندنێکدا هۆکاری بەشداری نەکردنی پەرلەمانتارەکانی ئاشکراکرد، دەڵێت"پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی نەبووە و هەموو جارێ گرفتی بۆ پرسی دانانی پارێزگای کەرکوک لە پشکی یەکێتی وەک ڕێککەوتبوون لەسەری دروست دەکات."

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا قوباد تاڵەبانی لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە پـیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد.

پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتیان "یاساى سەرۆکایەتى هەرێم خزمەتى دیموکراسی و سیستمى پەرلەمانى ناکات، وە ئەو پرنسیپانەى کە پێویستە لە یاساکەدا هەبن ڕەچاو نەکراون و تێپەڕێن نراون، هەربۆیە بەشداری لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەماندا ناکەن."

فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە زاری عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنەکە ڕایگەیاند بزوتنەوەکەیان پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی و حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بۆیە بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کردووە. گوتیشی فراکسیۆنەکەیان پابەندە لە ڕێکەوتننامەی نێوان گۆڕان و پارتی و بەپـێی ئەو ڕێکەوتنە هەنگاو دەنێن.

جێی ئاماژەیە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 19 ی ئەم مانگی پـێنجە ناوی پـێنج کاندیدی بۆ پـۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە بریتی بوون لە (نێچیرڤان بارزانی، ڕێبوار خۆشناو، ئومێد عەبدولسەلام، محەمەد حەمە ساڵح، هیوا عەبدوڵڵا).

XS
SM
MD
LG