Accessibility links

سامان گه‌رمیانی:بۆ ڕێككه‌وتن قسه‌مان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌ ، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامییانین،ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ هاوسه‌نگی هێز زۆر به‌سوده‌


سامان گه‌رمیانی -ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، سامان گه‌رمیانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان ماڵی مام جه‌لال و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بووه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ تا ئێستاش هه‌ر هه‌یه‌ وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش هه‌رهه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆنه‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ هه‌یه‌ له‌كاتێكدا گۆڕان باسی له‌ته‌قه‌كردن له‌ وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و گرده‌كه‌ ده‌كرد، سامان گه‌رمیانی ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ شتی "شه‌خسی" بوو، ئێمه‌ شتی "شه‌خسی" به‌شتی حیزبیه‌وه‌ تێكه‌ڵ ناكه‌ین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌زانێت وه‌ ئاگادارن كه‌ ئه‌وه‌ شتی "شه‌خسی" بووه‌، وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ جۆرێك له‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ و كۆتایی پێهاتووه‌ ئه‌و بابه‌ته‌." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كردووه‌ وه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه‌ وه‌ قسه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ین، قسه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ، چۆن بتوانین له‌گه‌ڵ یه‌ك ڕێك بكه‌وین واته‌ قسه‌كان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیه‌، ئێستاش چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانین، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی زۆر به‌سود ده‌بێت بۆ هاوسه‌نگی هێز له‌كوردستان، ئێمه‌ و گۆڕان له‌هه‌ناوی یه‌ك حیزبدا له‌دایك بوین، ڕێككه‌وتن له‌نێوانمان ئاسانه‌، ده‌بێت ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌كتره‌وه‌ زیاتر نزیك بین وه‌ك له‌ هه‌ر هێزێكی تر ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ئایدۆلۆژی و مه‌بده‌ئه‌وه‌ بێت."

"ئێمه‌ و گۆڕان له‌هه‌ناوی یه‌ك حیزبدا له‌دایك بوین، ڕێككه‌وتن له‌نێوانمان ئاسانه‌"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا له‌باره‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سامان گه‌رمیانی وتی" من بۆ خۆم پێشتر داوام كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی ئاسایی بكرێنه‌وه‌، بێین ئه‌و ڕێككه‌تنه‌ی كه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و گۆڕان كراوه‌ (ڕێككه‌وتننامه‌ی ده‌باشان) به‌رده‌وامی پێبده‌ین، وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌و گرژییه‌ی له‌ ڕابردوو له‌نێوان ئێمه‌ و گۆڕان دروست بووه‌ به‌ته‌واوی نه‌مێنێ."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نشتمانی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" له‌ڕابردوودا وه‌ك یه‌كێتی چه‌ندین جار هه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان دابنیشین ، من له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی خۆمان ڕۆیشتینه‌ لای "كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی" هه‌وڵماندا به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشین و ئه‌و گرژییه‌ بڕه‌وێنینه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان شته‌كه‌یان دواخست و نه‌كرا تا ئێستا، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی پێمان وایه‌ كه‌ ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ناوی یه‌ك حیزبدا له‌دایك بووین وه‌ زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكین به‌رده‌وامیش "ڕه‌فیقین" پێكه‌وه‌ وه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی هاوڕێیه‌تیمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئاسانه‌ ڕێككه‌وتن له‌ نێوانمان به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌یان نه‌كرد، ڕه‌نگه‌ یه‌كێتیش كه‌مته‌رخه‌م بوبێت له‌جێ به‌جێ كردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌دا."

"له‌ ئێستادا داوامان له‌گه‌ڵ گۆڕان كردووه‌ و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی گۆڕانین"

دوێنێ سێ شه‌ممه‌ له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ڕایگه‌یاند" به‌هه‌وڵ و نێوانگیری به‌رهه‌م ساڵح یه‌كێتی و گۆڕان كۆبونه‌وه‌ی نهێنی ئه‌نجام ده‌ده‌ن ده‌یانه‌وێت ڕێكبكه‌ون له‌ژێر (ناوی ڕێككه‌وتنی ده‌باشان)، به‌ڵام گۆڕان داوای كردووه‌ تا دوای پێكهێنانی حكومه‌ت و وه‌رگرتنی پۆسته‌كان دوابخات تا ئه‌و كاته‌ی پۆسته‌كانی له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت چونكه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی "خراپی" پارتی ده‌ترسێت."

لای خۆیه‌وه‌ سامان گه‌رمیانی ئه‌وه‌ی ڕونكرده‌وه‌" له‌ ئێستادا وه‌ك یه‌كێتی داوامان له‌گۆڕان كردووه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامی به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوانمان بده‌ین به‌ڵام چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان-ین هیوادارین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ له‌ ئاستێكی باشدا، ئێمه‌ دوو وه‌فدی دانوستانمان هه‌یه‌ له‌نێوان تا ئێستاش ئه‌و دوو وه‌فده‌ ماون به‌س ئه‌وه‌نده‌یه‌ ڕۆژی كۆبونه‌وه‌ ده‌ست نیشان بكرێت."

گه‌رمیانی وتی" ئومێد ده‌كه‌م ئه‌مجاره‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌جدی بێنه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش به‌جدی بڕواته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ی نێوانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین."

هه‌روه‌ها وتی" ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گرنگه‌ ده‌بێت وه‌ك یه‌كێتی دۆخێك دروست بكه‌ین كه‌ ڕێكبكه‌وین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و یه‌كێتی نێو ماڵی كوردی."

"ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان بۆ هاوسه‌نگی هێز زۆر سودی ده‌بێت"

له‌ قسه‌كانیدا عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ئه‌وه‌شی بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتبوو" كه‌ مه‌به‌ستی یه‌كێتی له‌ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ ئه‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ دورخستنه‌وه‌ی له‌ پارتی هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوسه‌نگی هێز به‌رامبه‌ر پارتی بپارێزێت هه‌روه‌ك سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ."

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (سامان گه‌رمیانی) به‌هه‌مان شێوه‌ پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز به‌سوده‌ و وتی" ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بۆ هاوسه‌نگی هێز زۆر سودی ده‌بێت، وه‌ جۆرێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و ته‌نانه‌ت بازرگانی سودی ده‌بێت."

"په‌یوه‌ندی نێوان ماڵی مام جه‌لال و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌"

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتووێژه‌كه‌ عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك باسی له‌به‌شداری كردنی ماڵی تاڵه‌بانی كردبوو له‌پرسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بونی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندی هه‌روه‌ها هه‌وڵی "ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر" له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتی."

لای خۆیه‌وه‌ سامان گه‌رمیانی ده‌ڵێت" ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان ماڵی مام جه‌لال و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بووه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ تا ئێستاش هه‌ر هه‌یه‌ وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش هه‌رهه‌یه‌."

"گۆڕان ته‌قه‌كردن له‌ گرده‌كه‌ و وێنه‌ی كاك نه‌وشیروان-یان به‌ شتی شه‌خسی وه‌رگرتووه‌"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چۆنه‌ په‌یوه‌ندی وه‌ك خۆت ده‌ڵێی له‌نێوان یه‌كێتی به‌تایبه‌ت ماڵی مام جه‌لال و گۆڕان به‌رده‌وام بووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام یه‌كێتی-یان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌ ته‌قه‌كردن له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی گۆڕان و وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا؟

له‌وه‌ڵامدا سامان گه‌رمیانی ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ شتی "شه‌خسی" بوو، ئێمه‌ شتی "شه‌خسی" به‌شتی حیزبیه‌وه‌ تێكه‌ڵ ناكه‌ین."

واته‌ گۆڕان قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ته‌قه‌كردن له‌ وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا "شه‌خسی" بووه‌؟

گه‌رمیانی ده‌ڵێت" به‌ڵێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌زانێت وه‌ ئاگادارن كه‌ ئه‌وه‌ شتی "شه‌خسی" بووه‌."

"بابه‌ت له‌سه‌ر داوای لێبوردن نه‌ماوه‌ و جۆرێك ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌"

ئه‌گه‌ر گۆڕان مه‌رجی ئه‌وه‌ دانێت له‌سه‌ر یه‌كێتی كه‌ داوای لێبوردن بكات لێی ئایا یه‌كێتی ئاماده‌ی داوای لێبوردنه‌ له‌گۆڕان؟

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی" ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ جۆرێك له‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ و كۆتایی پێهاتووه‌ ئه‌و بابه‌ته‌، ئێستا دۆخێكی تر هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دۆخی ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان و یاسا."

ئایا یه‌كێتی ده‌یه‌وێت گۆڕان به‌لای خۆیدا ڕابكێشێت و له‌پارتی دوور بخاته‌وه‌؟

یه‌كێتی تاچه‌نده‌ ده‌یه‌وێت گۆڕان به‌لای خۆیدا ڕابكێشێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ پارتیه‌وه‌ نزیك بێت؟

سامان گه‌رمیانی ده‌ڵێت" هه‌م بۆ گۆڕان وه‌ هه‌م بۆ یه‌كێتی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێكبكه‌وین چونكه‌ ئه‌م هێزانه‌ پێكه‌وه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دان، وه‌ ده‌بێت ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌كتره‌وه‌ زیاتر نزیك بین وه‌ك له‌ هه‌ر هێزێكی تر ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ئایدۆلۆژی و مه‌بده‌ئه‌وه‌ بێت."

"قسه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان كردووه‌ بۆ ڕێككه‌وتن"

ده‌رباره‌ی بونی گفتو گۆی نهێنی له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان بۆ ڕێككه‌وتن؟

سامان گه‌رمیانی وتی" ئێمه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كردووه‌ وه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه‌ وه‌ قسه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ین، قسه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانین له‌گه‌ڵ یه‌ك دابنیشین، چۆن بتوانین له‌گه‌ڵ یه‌ك ڕێك بكه‌وین واته‌ قسه‌كان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:19 0:00

XS
SM
MD
LG