Accessibility links

جەبار یاوەر: هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشت گواستنەوەکانی ناو وەزارەتی پـێشمەرگەوە نیـیە


لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە ھەبوو کارمەندان و ئەفسەرانی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە جیاکراونەتەوە و ژمارەیەک کارمەندی وەزارەتیش گەڕێندراونەتەوە بۆ سلێمانی.

لە بارەی ڕاستی ئەم ھەواڵە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی:

ئەم ھەواڵانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، ھیچ سەرچاوەیەکی فەرمیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە وە ھەموو ئەو ژمارانەی کە بڵاوکراونەتەوە ھەڵەن، لەبەر ئەوەی بابەتی گواستنەوە کارێکی رۆژانەی وەزارەتە و بەردەوام ئەفسەر و پلەدار لە لایەن ھێزەکانی حەفتا و ھێزەکانی ھەشتاوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە دەگوێزرێنەوە و بە ھەمان شێوەش ئەفسەر و پلەدار لە وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەگەر بێ کار بن دەگوێزرێنەوە بۆ سەر ھێزەکانی ٧٠ و ھێزەکانی ٨٠ و لەوێوە کاریان پێدەدرێ و وە ئەمە کارێکی ئاساییە لەنێوان ئەم دوو ھێزە و وەزارەتی پێشمەرگەوە و ھیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوە نییە.

ھەر لەم گوتووێژەی دەنگی ئەمەریکادا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ھاوپەیمانەکانەوە دەدوێ دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو مەشق و راھێنانەکانیان بە ھێزەکانی پێشمەرگە راگرت و دەڵێ:

بە پێی سۆراخکردنمان لە بەڕێوبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە یەکشەممەی رابردووەوە مەشقەکان لە لایەن مەشقپێکارانی وڵاتانی ھاوپەیمانان بە شێوازێکی کاتی راگیرابوو، بەڵام لەم یەکشەمەیەوە دووبارە مەشقپێکاران چوونەتەوە بنکەکانی مەشقەوە و دەستیان بە مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە.

جەبار یاوەر لە بارەی دەنگۆی ئەوەی کە چەند گروپێکی چەکدار دزەیان کردبێتە ناو ھەرێمی کوردستان و ھەر بەو ھۆیەوە ھێزە ئەمنییەکان لە حاڵەتی ئامادە باشیدابن گوتی:

ئەمە شتێکی ئاساییە و ئێمە لە پێشووتردا روونمان کردووەتەوە کە داعش ھێشتا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ھەتاوەکو ئێستا ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە دەشڵێ: داعش وەک دەوڵەتێکی خەلافەتی شام و عێراق کۆتایی ھاتووە، بەڵام وەک گروپێکی چەکداری ھەم لە رووی فکرییەوە و ھەم لە رووی چەکدارییەوە ھێشتا ماوە و شانەی نووستووی ھەیە و بەردەوام ئەو شانە نووستووانەیان دەستگیر دەکرێن، وە دوو ھەفتە پێش ئێستا چەند ئەندامێکی ئەو رێکخراوە لە سلێمانی و ھەولێر دەستگیرکران.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:27 0:00

XS
SM
MD
LG