Accessibility links

سۆران عومەر: بەغدا هەردوو پاڵاوگەی هەرێم بەکاردەهێنێت


ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە خوولی پێشووی پەرلەماندا چەندین راپۆرتیان سەبارەت بە گەندەڵی داوەتە دەستەی دەستپاکی، بەڵام ئەوانەی بەرپرسی باڵان لە لایەن دادگاوە دۆسیەکانییان داخراوە و بەدواداچوونیان بۆ نەکراوە.

بەپێی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٧٠ دۆسیەی گەندەڵی لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. لەم بارەیەوە، سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان لە گوتووێژێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێت: "بەشێکی ئەو کەیسانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی کراون، بەشێکی دیکەش لە داواکاری گشتی و چاودێری داراییەوە بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسێیانەی پەیوەندی بە گەندەڵییەوە ھەبووە".

سۆران عومەر دەشڵێ: "پەرلەمانی کوردستان وەکو لیژنەکانی، کاری خۆی ئەنجامداوە و لەسەر یەکێک لەو دۆسیانەی گەندەڵی کە پەیوەست بە سامانە سروشتییەکان بووە، تا ڕادەی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان رۆیشت، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتە سەرۆکی حکوومەت رێگرییکرد کە وەزیرەکەی بێتە پەرلەمان بۆ سەندنەوەی متمانە لەسەر ئەم دۆسیەیە، ئەو دۆسیانە کە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵا لە ئاستی وەزیرەوە ھەیە لە جێگای خۆی وەستاوە و ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە".

لەبارەی یەکێک لە دۆسیەکانی گەندەڵی کە ناوبراو لە خوولی پێشووتری پەرلەماندا وەکو پەرلەمانتارێک بەدواداچوونی بۆیکردووە و دەڵێت: "وەزیری سامانە سرووشتییەکان رەزامەندی بۆ کارگەیەکی قیڕ دەربڕیوە لە رێگای کۆمپانییایەکەوە بەناوی زیپۆ، دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت کە ئەم کارگەیە زۆرترین نەوتی رەشی بە نرخی دەعمکراوی حکوومەت وەرگرتووە کە نرخەکەی لەگەڵ بازاڕدا دوو ھێندە جیاوازی ھەبووە، واتا ھەر تۆنێکی نەوتی رەش کە بە ١٣٠ دۆلار یان بە ١٧٠ دۆلار وەریگرتووە، ئەوا بە دوو ھێندە لە بازاڕ فرۆشتوویەتی و نەیبردووە بۆ کارگەی قیڕ، کارگەی قیڕەکە وەھمی بووە و بوونی نەبووە، کۆمپانیاکە وەھمی بووە تەنیا ناوەکەی تۆمارکراوە و، خێزانی پێشووی ئاشتی ھەورامی وەریگرتووە و ئاشتی ھەورامی رەزامەندی پێداوە و مانگانە پێنج تا شەش ملیۆن دۆلاریان لەخۆڕا وەرگرتووە، ئەم دۆسیەیە چووە دادگا و داوای سەندنەوەی متمانەمان لە وەزیری سامانەسرووشتییەکان کرد بەڵام سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پێی راگەیاندین کە دادگا ئەم دۆسیەی داخستووە".

سەبارەت بە ژمارەی پاڵاوگەکان و چۆنیەتی پێدانی نەوتی رەش و بنەما و رێنماییەکان، سۆران عومەر دەڵێت: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو پاڵاوگەی ھەیە، پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی کەڵەک، کە ھەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان بەڕێوەی دەبەن، کاتێک کە حکومەتی ھەرێم لە رابردوودا نەوتی پێداون، ئەمانە بەنزین و غاز و کۆمەڵێک پێکھاتەی دیکەیان لێ دەرھێناوە و بەشێک لەوەی ماوەتەوە نەوتی رەش بووە، حکوومەتی ھەرێم لە رێگای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە و بە واژووی وەزیر ئەم نەوتە رەشە دراوە بە کارگەکانی قیڕ، شیش، ئاسن، نانەواخانەکان بۆ ئەوەی ئەم کارگانە نرخی ھەرزان بێت لەسەر خەڵک و بازاڕ، بەڵام بەداخەوە لەناو ئەو کۆمپانیا و کارگانەی کە ئەم نەوتە رەشەیان وەرگرتووە بە حسابی کارگەی قیڕ، ئەوا کارگەی زیپۆ وەھمی بووە".

لەبارەی ئاگاداربوونی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان لە مامەڵەی فرۆشتنی نەوت و داهات و داتاکان، سۆران عومەر دەڵێت: "ئاگاداری ھیچ وردەکارییەکی پڕۆسەی نەوت نین لە ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی زۆر ناشەفافە و نیوەی ئەو داھاتە حکوومەت خۆی رایدەگەیەنێت کە مانگانە لە نەوت دەستی دەکەوێت".

سۆران عومەر دەشڵێ: "ھەرێمی کوردستان نایەوێت نەوت بدات بە بەغدا و بە سۆمۆ، راستە بەغدا لە رابردوو بەشە بوودجەی ئێمەی بڕیووە و مافی ئێمەی خواردووە بەڵام ھەرێم ھۆکار بووە و بەھانەی داوە بەدەستەوە بۆ ئەوەی بەغدا وامان بەرامبەر بکات، لە ئێستاشدا ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە پێشەکی و پێشووتر فرۆشتووە و، بۆیە ناتوانێت نەوتەکە بدات بە بەغدا و پڕۆسەکەش زۆر ناشەفافە".

ناوبراو رەخنە لە حکوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەگرێت بەوەی دوو پاڵاوگە حکوومەییەکەیان پشتگوێخستووە و لە ئێستادا حکوومەتی عێراق ئەم دوو پاڵاوگەیەی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و گازوایل و لەمبارەیەوە سۆران عومەر دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان دوو پاڵاوگەی ھەیە، پاڵاوگەی فەرمیین و پارەیەکی زۆری تێچووە و ئەم پاڵاوگانە دەتوانن بەشی زۆری نەوت و بەنزین و پێکھاتەکانی دیکە بۆ بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکەن بەڵام ھەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە ئەم دوو پاڵاوگەی واز لێھێناوە یەک بەرمیل نەوتیان پێ نادات بۆیە لەم کاتەدا کە پێویستمان بە بەرھەمەکەیەتی لە بەنزین و گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەداخەوە هەرێم دەستبەرداریان بووە و، حکوومەتی عێراق ئەم دوو پاڵاوگەیەی بازیان و کەڵەک بەکاردەھێنێت کە دواتر بەنزینەکەی بەرھەم دەھێنێت و دەیباتەوە لە باشوور و ناوەراستی عێراق بە نرخی ٤٥٠ دینار دەیدات بە بەنزینخانەکان، گازوایلەکەش دەبات بۆ بەسڕە بۆ وێستەگاکانی کارەبا و، ھە رێمی کوردستان ئەم کێشانەی ھەیە پاڵاوگەکانی خۆی فەرامۆشکردووە و ئامادەنییە نەوتیان پێبدات، بۆیەش ئەم قەیرانە دروستبووە.

تەواوی گوتوێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:46 0:00

XS
SM
MD
LG